یه‌كێك له كاره نادروسته‌كان، دیارده‌ى ڕه‌خنه‌گرتنى شه‌خسیی و ناوبردنى تاكه‌كه‌سه له په‌یچ و واڵه گشتییه‌كاندا، به‌م بۆنه‌یه‌وه ئه‌م چه‌ند خاڵه ئه‌خه‌مه به‌رده‌ستى هاوڕێیانی بەڕێز:
یه‌كه‌م/ ڕه‌خنه‌گرتن، ئامۆژگاریى، سه‌رنجدان و گله‌ییكردنى بەجێ، نه‌ك ته‌نها به ماف ده‌زانین، به‌ڵكوو به ئه‌ركێكى ئیسلامیی ئه‌زانین. به‌ڵام ڕه‌خنه ده‌بێ بنیاتنه‌ر و ئامانجدار بێت، ئامۆژگاریى ده‌بێ به ئادابى خۆى بێت، سه‌رنجدان و تێبینى وتن ده‌بێ له كات و شوێن و شێوازى خۆى ده‌رنه‌چێت.
دووه‌م/ ئێمه ده‌بێ پابه‌ند بین به ئاداب و ئاكارانێك كه ئیسلام فێرى كردووین، ده‌بێ ڕه‌خنه و ئامۆژگاریى و تێبینیدان ئه‌م مه‌رجانه‌یان تێدا بێت:
١ـ كه‌سى شاره‌زا له بوارێك ڕه‌خنه بگرێت، كه تیایدا شاره‌زاتر بێت لە كه‌سى ڕه‌خنه‌لێگیراو.
٢ـ ڕه‌خنه ــ ته‌نانه‌ت ئامۆژگاریش ــ ده‌بێ ته‌نها به كه‌سى ڕه‌خنه‌لێگیراو بگه‌یه‌نرێت، نابێ له كۆڕى گشتیى و مه‌جلیسدا بێت. پێشه‌وا شافیعى فه‌رموویه‌تى:
تَعَمَّدني بِنُصْحِكَ في انْفِرَادِي
وجَنِّبني النصيحة في الجماعهْ
فَإِنَّ النُّصْحَ بَْينَ النَّاسِ نَوْعٌ
من التوبيخِ لا أرضى استماعه
وإنْ خَالفْتنِي وعَصَْيتَ قَوْلِي
فَلا تَجْزَعْ إذا لمْ تُعْطَ طاعَه
واته: له كاتى ته‌نهاییمدا ئامۆژگاریم بكه، لامده له ئامۆژگاریكردن له ناو خه‌ڵیكدا. چونكه ئامۆژگاریى له ناو کۆڕ و لە ناو خه‌ڵكیدا جۆرێكه له سه‌رزه‌نشتكردن و نامه‌وێ گوێم لێ بێت. خۆ ئه‌گه‌ر به گوێم نه‌كه‌یت و قسه‌م بشكێنیت، ناڕه‌حه‌ت مه‌به ئه‌گه‌ر به‌گوێم نه‌كردیت!
٣ـ كه‌سى ئامۆژگار ده‌بێ خۆى ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ى تێدابێ كه به به‌رامبه‌رى ده‌ڵێت، تا نه‌چێته خانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌لێكراوانى: [كَبُرَ مَقْتًا عِنْدَ اللَّهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لا تَفْعَلُونَ]. لەم بارەیەوە (أبو أسود الدؤلی) جوانى وتووه كه ده‌ڵێت:
لا تَنْهَ عن خُلُقٍ وتأتِي مِثله
عارٌ عليك إذا فَعَلْتَ عظيمُ
إِبدَأ بنفسك وانْهَها عن غيها
فإذا انتهت عنه فأنت حكيمُ
٤ـ ده‌بێ ئامۆژگار هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر ئامۆژگاريكراو نه‌گۆڕێت، ئه‌گه‌ر ئامۆژگارییه‌كه‌ى قبوڵ نه‌كرد. چونكه ئامۆژگاریی نیشانه‌ی دڵسۆزییه، نەک کینە و ناڕەحەتیى، ئه‌بێ تێیدا بێڵێته‌وه بۆ جارانى تر.
٥ـ ده‌بێ شێوازى ڕه‌خنه، یان سه‌رنج، یان ئامۆژگاریى... به نه‌رمیى و له‌سه‌رخۆ بێت، حیكمه‌تى تێدا بێت، دڵسۆزانه بێت، ده‌مارگیریی تێدا نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئامانج ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه و ناته‌واوییه. هه‌ر سه‌رنجبه‌خشین و ڕه‌خنه‌گرتن و ئامۆژگارییه‌ك ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ى تێدا نه‌بوو، ئه‌وا گومان ده‌كه‌وێته سه‌ر نیاز و مه‌به‌ستى ئامۆژگار و كاریگه‌ریشى نابێت.
ڕه‌خنه‌گرتن و ئامۆژگاریكردن بۆ كه‌سێكى دیاریكراو، وه‌ك تیرئه‌ندازیى و نیشانه‌گرتنه‌وه وایه، ئه‌گه‌ر نیشانه‌شكێن ته‌ركیزى له‌سه‌ر نیشانه نه‌بێت و چاوى له‌ملاوله‌ولاو باره‌كه‌ڵڵاى بینه‌ران بێت، نیشانه‌کە ناپێكێت و تیره‌كه‌ى سه‌روخوار ده‌كات. بۆیه ڕه‌خنه‌گر و ئامۆژگاریش نابێ چاوى له ئافه‌رین و چه‌پڵه‌ى ئه‌م‌وئه‌و بێت، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى له پێكانى ئامانج دووریى ده‌خاته‌وه، له بۆچوونى ئیسلامیشدا پێى ده‌گوترێ (ڕیابازیى) و مایه‌ى گوناهبارییه. ئامۆژگار ئه‌بێ ئامانجى دیارى بێت كه ڕاستكردنه‌وه‌یه‌كى هه‌ڵه و له‌هه‌ڵه‌لادانى كه‌سێكه.
٦ـ نابێت ئامانج له ده‌ربڕینى ڕه‌خنه و سه‌رنج، ڕووشاندنى كه‌سییه‌تى و شكاندنى كه‌سى ڕه‌خنه‌لێگیراو بێت، ئه‌وه نه ئامانجى ڕه‌خنه‌گر دێنێته دى، نه هه‌ق و دادگه‌ریشى تێدایه، جۆرێكه له سته‌م و ته‌جاوزى مافى به‌رامبه‌ره‌كان.
٧ـ له بازنه ئیسلامییه‌كه‌ى (ئاداب) و (سلوك)دا هه‌ندێك خاڵى تریش هه‌ن كه ده‌بێت ڕه‌چاو بكرێن، وه‌ك: گه‌وره و بچوكیى، باوك و فه‌رزه‌ندیى، مامۆستا و قوتابییه‌تى.. هتد. دیاره مه‌به‌ست ئه‌وه نیه كه ئه‌مانه ڕێگرن له نه‌سیحه‌ت، یان ڕه‌خنه، نه‌خێر، چونكه پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رموویه‌تى: {ا‌لدین النصیحه} كه لێشیان پرسیوه: لِمَنْ يا رسول الله؟ فه‌رموویه‌تى: (لِلّه، ولِرسولِهِ، ولأئمة‌ِ المسلمينَ وعامّتهم}، كه‌واته ئامۆژگاریى ئه‌ركى سه‌رشانى هه‌موو كه‌س و ئاستێكه، به‌رامبه‌ر هەموو كه‌س و ئاستێك، به‌ڵام به مه‌رجى له به‌رچاوگرتنى ئه‌و خاڵانه و له به‌رچاوگرتنى جیاوازیى له نێوان ئه‌هلى فه‌زڵ و ئه‌وه‌ى ناومان نا گه‌وره و بچوك، یان مامۆستا و قوتابى، كه زیاتر عورفى ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تى ته‌حه‌ككومى تێدا ده‌كات. بۆ نموونه: ئامۆژگاریى قوتابییه‌ك بۆ مامۆستاكه‌ى زۆر جیاوازه له ئامۆژگاریى قوتابییه‌ك بۆ هاوڕێیه‌كى خۆى، یان منداڵێك بۆ باوكى، یان دایكى، بۆ برا و خوشكێكى خۆى، هه‌روه‌ها له‌هه‌ر ناوه‌ندێكى تر‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه عورفى گشتيى دیارى ده‌كات.
سێیه‌م/ بینا له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه، كه‌واته له‌م سه‌رده‌مه‌دا واڵى گشتیى فه‌یسبوك، كه‌ناڵى گشتیى تێلگرام، سایتى گشتیى و تویته‌ر، یوتیوب، ئینستگرام و گروپی واتساب و ڤایبەرو ته‌واوى ڕێگاكانى فه‌زاى مه‌جازیى و سۆشیال میدیا، جێى ڕه‌خنه‌گرتن و ئامۆژگاریكردن نین بۆ كه‌س و لایەنێكى دیاریكراو، هه‌روه‌ها ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و به‌رنامه گشتییه‌كان، مه‌گه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تى گشتیی.
كه‌واته تاكه ڕێگه‌ى دروست، كه‌ناڵى تایبه‌ته، به ته‌له‌فۆنى شەخسیى، یان كورته‌نامه‌ى ته‌له‌فۆنیی، يان نامه‌ى داخراو و گرتەى دەنگیی كه‌ناڵى ئه‌نته‌رنێتیى، یان ڕاسته‌وخۆ و دیدارى تایبه‌ت.
خواى گەورە هاوكارمان بێت بۆ جێبەجێكردنى ئاراسته ئيسلامييەكان.
بۆچوونه‌کان