کۆبوونەوەی ئەندامان و لایەنگرانی جەماعت بۆ پشتگیری لە بەربژێرانی پەڕڵەمان ئێران و شارەزایانی ڕێبەرایەتی لە بنکه‌ی ناوه‌ندی جەماعت ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا، ئەندازیار محەمەد ئەعزەم ئەحراری، ئەندامی شۆڕای ناوه‌ندی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بە نوێنەرایەتی ئەندامانی شۆرا، دەقی بەیاننامەکەی جەماعەت سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی خوێندەوە. پاشان، دکتۆر مه‌حموود سادقی، بەربژێری دەھه‌مین خولی ھەڵبژاردنی پەڕڵەمانی شۆرای ئیسلامی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی له‌ بەشداری کردن لە کۆڕی ھاوەڵانی ئیمانی خۆی، ھەڵبژاردنی به‌ لووتکەی بەرزی بەشداری خەڵک لە دابینکردنی داھاتووی سیاسی و کۆمەڵایەتی خه‌ڵک ناو برد و ھاتنەجێی واتای ڕاستەقینەی ھەڵبژاردنی لەوەدا زانی کە ھەموو خەڵکی بەشداری بکەن و ئیمکانی بەشداری ھەموو بیرۆکه‌ و لایەنە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وڵات لە ھەڵبژاردندا فەراھەم بکرێت. ھەروەھا زیادیشی کرد: «ڕوانگەی یاسای بنەڕەتی بۆ مافی ھاووڵاتیان، شێوازێکی مۆدێڕن و ئەڵبەت دامەزراو لەسەر ئامۆژە بەرزەکانی ئیسلامە و مافی ھەموو نەتەوە و ئایینزاکانی بە فەرمی زانییوە». دكتۆر سادقی بەڕاشکاوی ڕایگەیاند: «ئەڵبەت ئێمە لە ھێنانەجێی بنەما پێشکەوتووەکانی یاسای بنەڕەتی ـ بە تایبەت بەشی سێھەمی کە دەرباری مافی نەتەوەیە ـ سەرکەوتوو نەبووین و بەھوی ھەندێ ڕوانگە کە ھاوڕێ لەگەڵ مافی خەڵکیدا نەبوو و دەتوانم بڵێم بەیاساکانی کۆماری ئیسلامیش پێوەندییان نەبوو، ھەندێ سەرنەکەوتوییمان لەم بەشەدا بووە کە نابێ بیشارینەوە و دەبێ دیانی پێدا بنێین». دکتۆر سادقی ھەروەھا جەختی کردە سەر پێداگری بەستێنەکانی ئەمنیەتی بەردەوام لەژێر سێبەری پێکەوە بوون و یەکگرتندا و تێکۆشان بۆ ھاتنەجێی یەکگرتوویی لە عەینی فرەچەشنی نەک یەکڕەنگی و وەلانانی بیر و فیکری جیاواز. لە درێژەی ئەم دانیشتنەدا، دکتۆر محەمەد عەلی وەکیلی، بەربژێری دەھەمین خولی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی ئێران، وڵاتی ئێرانی بە ناوچەی نەتەوەکان زانی و «موداراخوازی» و «ژیانی ئێرانی»، «فرەچەشنی» و «ڕێزنان لە بیروباوەڕی جیاوازی» بە خاڵێک لە خاڵە بەھێزەکانی جیاوازی کەلتووری ئێرانی دانا. ھەروەھا وتی: «بوونی فرەچەشنی لە یاسای بنەڕەتی بە واتای ھاتنەدی تەواوی ئەم یاسایە نییە». دکتۆر وەکیلی وێڕای ئاماژە بە فرەچەشنی لە یاسای بنەڕەتی، ئەو لەمپەرە نادیار و نەنوسراوانەی بە ھۆکاری سەرەکی بۆ نەھاتنەجێی بەشێکی زۆر لە خاڵەکانی یاسای بنەڕەتی زانی. یەکێ لە ئامانجەکانی خۆی بۆ بەربژێری کردن «تێگەیشتنی و لێکحاڵی بوونی نەتەوەیی» بە ئەنگێزەی پاراستنی «ھیوای خەڵکی» و دابینکردنی کەش و ھەوای «گفتوگۆ» بۆ باس لێکردنیان ناو برد. له کۆتاییدا دکتۆر کازم جەلالی، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەڕڵەمانی ئیسلامی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە ئامادەبوونی دوبارەی خۆی لە بنکەی ناوەندی جەماعەت و دیدار و چاوپێکەوتنی لە ھاووڵاتیانی ئەھلی سوننەتی تاران، بوونی فرەچەشنی فیکری – نەتەوەیی لە تەواوی بوارەکان، تەنانەت بەشی بەڕێوبەرایەتی وڵاتی بە خاڵێکی بەھێز بۆ بەرژەوەندی وڵات دانا و وتی: «ئێمە دەتوانین دوو ڕوانگەمان بۆ نەتەوە و ئایینزاکانی وڵات ببێت: ڕوانگەی یەکەم، ڕوانگەیەکی ئەمنیەتییە کە مێژوو و ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەم ڕوانگەیە، ڕوانگەیەکی دروست و سەروکەوتوو نییە، و ڕوانگەی دووەم: ڕوانگەی «ھەل تەوەر (فرصت محور)»ە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ھەموو تواناییەکان بۆ پەرەپێدانی وڵات تێدەکۆشێ و ئەمەش ڕوانگەی پەسندکراوی ئێمەیە. دکتۆر جەلالی وێڕای جەختکردن لەسەر «پەرەپێدانی ھاوسەنگ» لە ھەموو شوێنی ئێران، باسی لە گرنگی و بەرھەمەکانی کرد. ئەم کۆبوونەوە لە لایەن ستادی ھەڵبژاردنی پارێزگای تاران (سەر بە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح) بەڕێوە چووە و ئەندامانی جەماعەت لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بەشداری کۆڕەکەیان کرد.