سەرۆكی فەڕانسه هۆشداری دا بە توركیا كە هێرشەكانی دژ بە شەڕڤانە كوردەكان لە باكوری سووریا نابێت ببێت بە بیانویەك بۆ داگیركردنی وڵاتەكە و وتیشی: دەیەوێت ئانکارا لەگەڵ هاپەیمانەکانی هەماهەنگی بکات. هەفتەی ڕابردوو توركیا هێرشێكی ئاسمانی و زەمینی كردە سەر باكووری ڕۆژئاوای سوریا، كە تێیدا شەڕڤانانی یەپەگەی لە كانتۆنی عەفرین كردۆتە ئامانج، ئەمەش بەرەیەكی نوێی لە شەڕی ناوخۆی (7) ساڵەی سوریا دروست كرد و هەروەها پەیوەندییەكانی توركیای لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆدا ئاڵۆز كرد. لە میانەی وتووێژێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (لۆ فیگارۆ)، (ئیمانوێل ماكرۆن) دەڵێت : ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ببێت بە هەر شتێكی زیاتر لە شەڕی دژ بە هەڕەشەی تیرۆرستی لەسەر سنووری توركیا و ببێت بە ئۆپەراسیۆنێك بۆ داگیركردن، ئەو كاتە دەبێتە گرفتێكی گەورە بۆمان. سەرۆك وەزیری توركیا (بیناڵی یەڵدرم) بەرگری لە ئۆپەراسیۆنەكە دەكات و دەڵێت: تەنها بە مەبەستی پاراستنی باری ئاسایشی وڵاتەكەی و پاراستنی، عەرەبەكان، كوردەكان و توركمانەكانە لە ڕێكخراوە تیرۆرستیەكان. لە میانەی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیری لوبنان (سەعد حەریری) لە ئەنقەرە یەڵدرم وتی: ئەگەر فەڕانسه ئەم مەسەلەیە وەكوو ئۆپەراسیۆنێكی داگیركاری لێك دەداتەوە، دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی ئەوان بكەین كە لە سووریا كردویانە. ئەمریكاو فەڕانسه چەكیان داوە بە یەپەگەو هەروەها مەشق و ڕاهێنانیشیان پێیان كردووە بۆ شەڕی دژ بە داعش لە سوریا. ماكرۆن وتوشیەتی، ئەو جارێكی تر لەگەڵ سەرۆكی توركیا (رەجەب تەیب ئەردوغان) باس لەم مەسەلەیە دەكات و دەبێت شێوازی ئۆپەراسیۆنەكە ببێت بە بابەتی وتووێژی نێوان ئەوروپییەكان بە گەشتی و هاوپەیمانان بە تایبەتی.