برایانی ئیماندارم چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می ماوه پێشوازی ده‌كه‌ین له میوانێكی زۆر ئازیز و مانگێكی زۆر گه‌وره‌و پربهرهكهت ده‌كه‌ین و دووری نێوانی ئێمه و ئه‌م میوانه چه‌ند كاتژمێرێكی ماوه، ئه‌م میوانه به‌ڕێزه‌ش مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزه، مانگی هاتنه‌خواره‌وه‌ی قوڕئان، بۆه‌ڕێنمایی وه‌هیدایه‌تی گشت ئاده‌میزاد، مانگی ڕژانی ڕه‌حمه‌تی خودا، مانگی لێخۆشبوونی تاوان و گوناه، مانگێكه ده‌رگاكانی به‌هه‌شت تێیدا ده‌كرێنه‌وه و ده‌رگاكانی دۆزه‌خ داده‌خرێن و شه‌یتانه‌كان تێیدا كۆت و زنجیر ده‌كرێن، مانگێكه شه‌وێكی تێدایه پاداشتی عیباده‌تكردن له‌و شه‌وه‌دا چاكتره له هه‌زار مانگ. برای ئیماندار: ئایا ئه‌زانی پێغه‌مبه‌ری خودا –صلى الله عليه وسلم- چ خۆزگه‌یه‌كی ده‌خواست له‌ژیانی موبارهكیدا؟ به‌ڵێ خۆزگه‌كه‌ی ئه‌وه بوو دوعای ده‌كرد كه خودا ته‌مه‌نی بدات تا بگاته ئه‌و مانگه؟ ئیمامی ئه‌حمه‌د ڕیوایه‌تی كردووه له پێغه‌مبه‌ری خوداوه –صلى الله عليه وسلم- كه فه‌رموویه‌تی: "اللهم بارك لنا في رجب وشعبان وبلغنا رمضان"، واته: «ئه‌ی خودایه مانگی ڕه‌جه‌ب و شهعبانمان به‌ره‌كه‌ت دار بكه و بمان هێڵه‌و بمانگه‌یه‌نه مانگی ڕه‌مه‌زان» و حیكمه‌ت له داواكاری پێغه‌مبه‌ری خودا –صلى الله عليه وسلم- بۆ گه‌یشتن به‌و مانگه ئه‌وه‌یه چونكه مانگی ڕه‌مه‌زان خودای گه‌وره تایبه‌تی كردووه به ده‌ستكه‌وتنی خێر و حه‌سه‌ناتی زۆر گه‌وره و پله‌به‌رز و به‌ڕێزترین مانگی خودایه، جا بابزانین چۆن پێشوازی له میوانه خۆشه‌ویسته ده‌كه‌ین و چیمان بۆ ئاماده كردووه به‌پێی سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خودا؟ يه‌كه‌م جار دوای دوعاكردن بۆ گه‌یشتن به‌و مانگه نازداره وه‌كو باسمان كرد، له‌گه‌ڵ بینینی ئه‌و مانگه پێرۆزهوه به‌ئاسمانه‌وه ئه‌م زیكره بخوێنین كه پێغه‌مبه‌ری خودا –صلى الله عليه وسلم- فه‌رموویه‌تی: «الله أكبر، اللهم أهله علينا باليمن والإيمان، والسلامة والإسلام، ربي وربك الله». (ئيمامي ترموزي ڕيوايه‌تي كردووه). -چاكترین پێشوازی ئه‌و مانگه به‌ڕێزه ئه‌وه‌یه پێشوازی بكه‌ین به ته‌وبه‌ی ڕاسته‌قینه له‌هه‌موو جۆره گوناهێك، چونكه به‌ڕاستی ئه‌و كه‌سه‌ی له‌و مانگه ته‌وبه نه‌كات كه‌ی ته‌وبه ئه‌كات؟! به‌ڵێ پێشوازی به‌وه ده‌بێت زۆرچاكهكردن له كردنی نوێژه فه‌رزه‌كان به جه‌ماعه‌ت له مزگه‌وتدا و خوێندنه‌وه‌ی قورئان و زۆر زیكری خواكردن و داوای لێخۆشبوو‌ن و وهبهخشینی ماڵ له‌رێی خودا و هه‌موو جۆره كارێكی چاكه و خێر. -به‌داخه‌وه به‌شێكی زۆر له موسوڵمانان چه‌ند ڕۆژه خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ مانگی ڕه‌مه‌زان به كڕینی خوارده‌مه‌نییه‌كی زۆر و چێشتخانه ده‌ڕازێننه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زان لای ئه‌وان مانگی خواردن و خواردنه‌وه و نووستن و ته‌مبه‌ڵییه، نه‌گ مانگی عیبادهت و خواپه‌رستی و كۆششكردن بێت. -براكه‌م: هه‌موو كاتێكی ئه‌و مانگه به‌هه‌ل بزانه و بیڕهخسێنه بوكاری خێر و تاعه‌ت، چونكه چه‌ند ڕۆژێكه به خێرایی ده‌ڕوات و له‌ده‌ستی خۆتی مه‌ده. پاشان ڕۆژووه‌كه‌ت بپارێزه له تێكه‌ڵبوونی هه‌موو جۆره گوناه و خراپه‌یه‌ك، هه‌تا ئه‌گه‌ر یه‌كێك جوێن و قسه‌ی ناشیرینی پێ وتی تۆ وه‌ڵامه‌كه‌ت ته‌نها ئه‌مه بێت: «إني صائم، إني صائم» واته بڵێ: "من به‌ڕۆژووم، من به‌ڕۆژووم". ئیمامی بوخاری ڕيوايه‌تي كردووه. - هه‌روه‌ها زۆر دوعاكردن له كاتی ڕۆژووشكاندندا، چونكه پێغه‌مبه‌ری خودا –صلى الله عليه وسلم- ده‌فه‌رموێ: «ثلاثة لا ترد دعوتهم: الصائم حين يفطر، والإمام العادل، ودعوة المظلوم» (ئيمامي ترمزي ڕيوايه‌تي كردووه). واته: "سێ جۆره كه‌س دوعایان ڕه‌ت ناكرێته‌وه: موسوڵمانی به ڕۆژووبوو كاتێ ڕۆژوو ده‌شكێنێت و پێشه‌وای موسوڵمانی دادپه‌روه‌ر و دوعای مرۆڤی زوڵم لێكراو". - و سوننه‌ته كه ڕۆژووت شكاند ئه‌م دوعایه بكه‌یت: «ذهب الظمأ، وابتلت العروق، وثبت الأجر إنشاء الله». ئيمامي ئه‌بووداود و نسائي ڕيوايه‌تيان كردووه. پاشان هه‌ر دوعایه‌كی تر حه‌ز ده‌كه‌یت بیكه بۆخۆت. -هه‌روه‌ها كردنی نوێژی ته‌ڕاویح به جه‌ماعه‌ت هه‌موو شه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ ئیمامی مزگه‌وتدا، چونكه پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان مژده‌ی داوه به موسوڵمانان و فه‌رموویه‌تی: «من قام رمضان إيمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه». ئیمامی بوخاری ڕيوايه‌تي كردووه. واته: "هه‌ر كه‌سێك قیامی ڕه‌مه‌زان -نوێژی ته‌ڕاویح- بكات به‌دڵێكی پر له باوه‌ڕ و مه‌به‌ستی ڕازیبوونی خودا و پاداشتی بێت، ئه‌وا خوا له گوناهه‌كانی پێشووی خۆش ده‌بێت". له‌كۆتاییدا له خودای گه‌وره ده‌پاڕێمه‌وه كه عومرمان درێژ بكات بگه‌ین به‌م مانگه پیرۆزه و چه‌ند جار و چه‌ند جاری تر و یارمه‌تیمان بدات بۆ به‌ڕۆژووبوونی ڕۆژه‌كانی و هه‌ڵسان به‌كردنی شه‌ونوێژ و تهڕاویحهكان و خودای گه‌وره بمانگێڕێت له قهبووڵكراوانی ئه‌م مانگه پیرۆزه و گه‌ردنی خۆمان و دایك و باوكمان و گشت ئیمانداران ئازاد بكات له ئاگری دۆزه‌خ، چونكه هه‌رخۆی لێبوورده و به‌خشنده‌یه. نووسینی: مامۆستا عه‌بدوڵڵا سادق پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز
بۆچوونه‌کان