نزیكه‌ی ده‌ڕۆژمان ماوه هاوڕێییه‌تی له‌گه‌ڵ ڕه‌مه‌زان و ڕۆژووگرتندا، ئایا چ دوعایه‌كمان كردووه‌ته ویردی سه‌رزمان و بنی زمانمان!؟، ئایا به ته‌ماهی چین، بۆ چ حه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵێك ده‌گه‌ڕێین، له كوێی مه‌یدانه‌كه‌داین، دۆستایه‌تیمان تا ئاستی كوێیه!؟، پێمبڵێن ئێوه و خۆم تا چه‌نده گه‌رمیمان هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕۆژانه و شه‌وانی ڕه‌مه‌زاندا، مه‌هام و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وین و پێگه‌یشتنی ڕۆژی دیدار له نێت و كرده‌ماندا هه‌یه یان نا!، ئه‌و ڕۆژه‌ی كه داێ هه‌موو مرۆڤایه‌تی له ساحه‌یه‌كی ته‌خت و به‌ختدا كۆده‌كرێنه‌وه، ئیشی ئێمه له كوێی كاركردندایه بۆ گه‌شت نبه ڕۆژی دیدار و سه‌رفرازیی!. نزیكه‌ی ده ڕۆژمان ماوه، ده ڕۆژ، هێنده‌ی سه‌فه‌رێكی كورت بۆ باشووری نیشتمان!، ده ڕۆژ، هێنده‌ی گه‌ڕانی دوو كوچه‌ی هه‌میشه سه‌وزی باكووری وه‌ته‌ن، ده ڕۆژ، هێنده‌ی بینینی سنه‌وبه‌رێكی عاشقی ڕۆژهه‌ڵاتی زێد، ده ڕۆژ، گه‌شتی ئازادیی بۆ ڕۆژئاوای ده‌وڵه‌ت، هه‌ر هێنده‌ی ماوه، وه‌ك فرسه‌ت، یان وه‌ك ده‌ستگرتن به ته‌وێڵی دار هه‌رمێیه‌كی نهوبههارهوه!، هه‌ر هێنده‌ی بیركردنه‌وه له ژوانێكی كورت و تامدار، وه‌ك ڕێكردن به ته‌نیایی، بۆ باخه‌كانی خه‌یاڵ، هه‌ر هێنده‌ی حه‌قیقه‌تی ئاوێنه‌یه‌ك كه سبه‌ینان به ده‌ستی چه‌وری پڕ ڕۆنی بادام و زه‌یتی زه‌یتوونه‌وه قژت ڕه‌ونه‌قدار ده‌كه‌یت و دڕۆیته ده‌ره‌وه بۆ پێاسهیهكی به‌تاسه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌یان ڕۆشتن و ڕێكردن و سه‌فه‌ركردنه بۆ هه‌میشه شوێن و جێی هه‌تاهه‌تای به‌هه‌شتیی!، هه‌ر هێنده‌ی ده دوعای بچووك و ساده ساف و پاكی دڵی عاریفێكمان ماوه، هه‌ر هێنده‌ی ته‌هلیله‌ی ته‌ڕ و پاراوی موریدی مه‌دره‌سه‌یه‌كی عیرفانیمان ماوه، ئه‌و دوعایه‌ی كه خودا ڕازی ده‌كات تا هه‌موو گه‌ردوونت پێشكه‌ش بكات، هه‌ر یه‌ك دوعا كه ده‌تگه‌یه‌نێت به دیداری پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكان و شه‌هیدان و خۆشه‌ویستانت، هه‌ر هێنده‌مان ماوه كه دڵی كۆترێكی ته‌ره‌ی پێ خۆش ده‌كه‌یت، به مشتێ عیشقی دانه‌وێڵه‌ی جوتیارێكی هه‌ژار كه چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌سته‌مۆ ده‌كات، هه‌ر هێنده‌مان ماوه و ته‌واو. ده ڕۆژ، خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت و هێشتا به دڵ دوعایه‌كمان نه‌كردووه، ده ڕۆژ، خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت و هێشتا دڵمان لای ده‌ستهات و خولخواردنی دنیاییه، ده ڕۆژ، خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت و هێشتا تاریكی ده‌روونمان ڕووناك نه‌كردووه‌ته‌وه، ده ڕۆژ، خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت و هێشتا كه‌ناری ئاگرینی نه‌فسمان فێنك نه‌كردووه‌ته‌وه، هه‌ر هێنده‌ی پیاسه‌ی ئه‌وینێكی ماوه و خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت. چ سه‌ودایه‌كه، ئه‌م ده ڕۆژه‌ی ماوه‌ته‌وه، چ مامه‌ڵه‌یه‌كی عادیلانه‌یه ئه‌م ده ڕۆژه‌ی ڕۆژوو كه ماوه‌ته‌وه، چ گرێبه‌ستێكی خوداییه ئه‌م ژوانگرتن و به‌رنه‌دانی دڵدارییه، چ بهختهێنێكه له‌گه‌ڵ خودا شتێك بگۆڕیته‌وه، چ بهختهوهرییهكه له‌گه‌ڵ خودا شتێك ئاڵگۆڕ بكه‌یت، چ سیحرێكی ئاسمانی هه‌یه كه له‌گه‌ڵ خودا ته‌نیا دڵ بده‌یت و ئه‌ویش ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌هه‌شتیت بداتێ، چ ئاسانه دڵبهخیشنهوه و چ سروتێكی گه‌ردوونییه له‌گه‌ڵ خودا ئاشت بێت، چ شۆخییهكه له‌گه‌ڵ خودا، ئه‌و متمانه‌ی پێت هه‌بێت و تۆش جێی متمانه‌ی ئه‌و بێت.
بۆچوونه‌کان