یەکەمین کۆبوونەوەی پێشهنگانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح سهر به پارێزگای کوردستان لە 1 و 2ی جۆزەرداني ١٣٩٥ لە مەریوان بەڕێوەچوو. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیسلاح وێب لە مەریوان، لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری پارێزگای مەریوان وێڕای هاوکاری دەستەی بەڕێوەبەری و جێگری پێوەندييه گشتییهکانی سەوڵاوا، لە یهکهمین کۆبوونەوەی پێشهنگای جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی پارێزگای کوردستان ، موحەممەد ئەحمەدیان «بەرپرسی لێژنهی بهڕێوبهرایهتی جەماعەت لە پارێزگای کوردستان» مەبەست لە پێکهێنانی ئەم کۆبوونەوەی گەورەڕاگرتن و ڕێز گرتن لە پێگەی بەرزی پێشهنگانی ڕاگەیاند و گوتی: قوڕئانی پیرۆز لە پێشهنگان بە وشەی «سابقین» نێو دێنێ و ئێمەش بە ئیلهام وەرگرتن لە چاوگهی سرووشی ئاسمانی، پێگەی ئەم سەرمایانەی کۆمەڵایەتی بەرز و پیرۆز ڕادەگرین.ئەو لە بەشێکیتر لە وتەکانی ڕایگەیاند : ئێمە بەردەوام لە پێشهنگان چاوەڕوانی ڕێنوێنی و دەست گرتنمان لە بواری پیرۆزی دەعوەتدا هەیە و باوەڕمان هەیە کە ئەزموونەکانی بە نرخی ئەوان بۆ بهرهی داهاتووی ئەم جەماعەتە بۆ پێگەیشتن بە ئامانج و ئارمانەکانیان وەک چرایەک وایە. وتاربێژی تایبەتی ئەم دانیشتنە، مامۆستا ئيبراهیم مەردۆخی لە دامهزرێنهرانی جەماعەت لە ئێران و بەرپرسی پێشوووی دەستەی بەڕێوەبەری پارێزگای کوردستان بوو. ئەو وێڕای ئاماژە بە کورتەمێژووی چۆنێتی پێک هێنانی ئەم بزاڤه ئیسلامیيە لە ناوچە، لەسەر چۆنێتی دامەزراندنی ئەو لە سەرەتای شۆڕشی گهلانی ئێران لە 1357ی ھهتاوی قسەی کرد. ئەو لە بەشێکیتر لە وتەکانی ئاماژەی بە پێویستی کۆکردنەوە و نووسینی بەڵگەداری مێژووی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح کرد و گوتی: ئەگەر ئێمە خۆمان بۆ نووسینی وەها مێژوویەک تێنهکۆشین، بێگومان خەڵکیتر ئەو جۆرەی خۆیان پێیان خۆشە تۆماری دەکەن. لە ڕۆژی دووهەمی ئەم کۆبوونەوەدا، مامۆستا ئەحمەدی بەهرامی و دوکتور ئەحمەد نیعمەتی و دوو کەس لە کەسایەتی و پێشهنگانی جەماعەت لە پارێزگای کرماشان تێکەڵ بەم کۆڕە بوون و وێڕای یەکتر بینینیان لە مزگەوتی جامێعای دێهاتی دزلی، له ناوچەی مێژووی ھهورامان گەشتیان کرد. لە دیاردەکانی تایبەتی ئەم ڕووداوە، حزووری هونەرمەند و مامۆستای سیاچەمانەی هەورامان ، عوسمان هەورامی لە کۆڕی پێشهنگانی جەماعەت و هەروەتر دیکلەمە ، خوێندنەوەی سروود ، گۆرانی و خوێندنەوەی چەند پارچە شێعر لە لایەن عوسمان ئەشکاوەند ناسراو بە «جێماو» بوو کە لە لایەن کۆڕەکەوە پێشوازی لێ کرا. لەم کۆ بوونەوەدا، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایهتی شارهکان، وێڕای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ئیش و چالاکییەکانی شارهکانی خۆیان،سهبارهت به ڕووداوی گرنگ و بیرهوهرییهکانی ڕێگای بانگخوازی و کۆمهڵایهتی شارهکانی خۆیان ئاخافتنیان کرد.
بۆچوونهکان