یاسای یه‌که‌م: «وَ قُولُوا لِلنَّاسِ حُسنًا» (به‌قه‌ڕه‌: ۸۳) واته: «به قسه‌ی خۆش له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی بدوێ.»

هه‌ر وه‌ک ده‌زانن مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه‌ی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌که له‌گه‌ڵ که‌سانێکی جۆراوجۆر و خاوه‌ن زه‌وق و ئه‌خلاق و ڕوشتی جیاواز ڕووبه‌ڕوو بێته‌وه‌. هه‌م چاکه ببیستێت و هه‌م خراپه‌ و یا شتانێک ببینێت که هه‌ستی ده‌هاروژێنیت. ئه‌و یاسا جوانه‌ی قوڕئان بۆوه‌یه‌ که مرۆڤ بتوانێت گه‌شه‌ به پێوه‌ندی گوتاری خۆی بدات و قوڕئانی پیرۆزیش له‌ زۆر ئایه‌تدا به ڕاشکاوی ئاماژه‌ی پێ کردووه‌. لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند ئایه‌تێک ده‌که‌ین که تا ڕاده‌یه‌ک واتای ئه‌و ئایه‌ته‌ له‌ خۆ ده‌گرن. بۆ نموونه:

«وَ قُل لِّعِبَادِی یَقُولُوا الَّتِی هِیَ أَحسَنُ» (ئیسڕا:۵۳)

واته: «بڵێ به‌ به‌نده‌کانم که باشترین قسه و گوفتار بڵێن.»

له‌ شوێنێکی دیکه‌دا، خوای گه‌وره‌ فه‌رمان به ئیمانداران ده‌کات که له وت‌ووێژ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن کتێبه‌ ئاسمانییه‌کان، به‌ شێوازێکی په‌سند و جوان قسه بکه‌ن که ئه‌وه‌ش له‌ واتای مه‌به‌ستی ئێمه‌ نزیکه‌.

«وَ لَا تُجَادِلُوا أَهلَ الکِتَابِ أِلَّا بِالَّتِی هِیَ أَحسَنُ إِلَّا الَّذِینَ ظَلَمُوا مِنهُم» (عه‌نکه‌بووت: ۴۶)

واته: «گفتوگۆ مه‌که‌ن له‌گه‌ڵ خاوه‌نی کتێبه‌ ئاسمانییه‌کاندا مه‌گه‌ر به‌ جوانترین شێوه‌ نه‌بێت.»

ئه‌و ئایه‌تانه‌ی که له‌ بواری مه‌عناییه‌وه‌ له مه‌به‌ستی ئێمه‌ نیزیکن، زۆرن که له‌ درێژه‌ی بابه‌ته‌که‌مان ئاماژه‌ به‌ هێندێکیان ده‌که‌ین.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج‌ بده‌ین به ئایه‌تی «وَ قُولُوا لِلنَّاسِ حُسنًا»، ده‌بینین که ئه‌و ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر شێوازێک هاتووه که خوای گه‌وره‌ به‌م‌چه‌شنه‌ له‌ سوڕه‌تی به‌قه‌ڕه‌دا له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی ئیسڕائیل دواوه‌. پێش ویش له‌ سوڕه‌تی ئیسڕادا وه‌ک فه‌رمانێکی گشتی ئاماژه‌ی پێ کراوه «وَ قُل لِّعِبَادِی یَقُولُوا الَّتِی هِیَ أَحسَنُ».

بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ پێوه‌ندی‌ گوتاری خۆماندا به‌ره‌و ڕووی بابه‌تی زۆر پته‌و و به‌هێز ده‌بینه‌وه‌ که هیچ به‌شێکی لێ هه‌لناوێردرێت، مه‌گه‌ر له وت‌ووێژ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن کتێبه‌ ئاسمانییه‌کاندا نه‌بێ که پێشتر ئاماژه‌مان پێ کرد. له‌ جوانییه‌کانی ئایه‌تی: «وَ قُولُوا لِلنَّاسِ حُسنًا» ئه‌وه‌یه‌ که خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیش له‌و ئایه‌ته‌ به‌دی ده‌کرێ و ئه‌ویش «وَ قُولُوا لِلنَّاسِ حُسنًا».

زانایان گوتوویانه‌: قسه‌ی (حسن) هه‌م جوانی وشه‌یی له‌ خۆی ده‌گریت و هه‌م واتایی. له‌ وشه‌دا ده‌بێ قسه‌یه‌کی‌ نه‌رم و ئارام و بێ توندوتیژی بێت و له‌ واتاشدا ده‌بێ باشترین و په‌سندترین بێت. چونکه هه‌ر وته‌یه‌کی جوان، باشترینه‌ و هه‌ر وته‌یه‌کی باشتریش جوانه. ئێمه‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆماندا زۆر پێویستیمان به‌و یاسایه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت که به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ چینه‌ جۆراوجۆره‌کانی مرۆڤه‌کان ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه‌. بۆ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ موسوڵمان و ناموسوڵمان، چاکه‌کار و خراپه‌کار، چوک و گه‌وره‌ و هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ نزیکترین که‌سه‌کانی وه‌ک دایک و باب، ژن و مێرد پێکه‌وه‌ و منداڵان و یا هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ژێرده‌ستانی وه‌ک خزمه‌تکار یا هه‌ر که‌س که له‌و بازنه‌یه‌ دابێت زۆرمان پێویستی پێیه‌.


نموونه‌یه‌ک له کرده‌وه‌ به‌و یاسایه‌

ئینسانی موسوڵمان کاتێک کتێبی خوا هه‌ڵده‌داته‌وه‌، شتانێک ده‌بینێت که خوای گه‌وره‌ وه‌ک نموونه‌ی کرداری ئه‌و یاسایه‌ ئاماژه‌یان پێ ده‌کات.

۱ـ سه‌باره‌ت به‌ دایک و باب ده‌فه‌موێت: «وَ لَا تَنهَرهُمَا وَ قُل لَّهُمَا قَولًا کَریمًا» واته‌: «و ئه‌وان له‌ خۆت مه‌تۆرێنه‌ و به‌ نه‌رمی و به ڕێزه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌.»

 

خوای گه‌وره‌ فه‌رمانمان پێ ده‌کات که ئه‌وان له خۆمان نه‌تۆرێنین؛ ئه‌و ئایه‌ته‌ له‌ هه‌مان کاتدا بواری ئه‌رێنی ئه‌و واتایه‌شی مه‌به‌سته‌ و ئه‌ویش فه‌رمان به قسه‌ کردنێکی جوان و بێ توندوتیژییه‌.

 

۲ـ سه‌باره‌ت به‌ قسه‌ کردن له‌گه‌ڵ سواڵکه‌رێکی خاوه‌ن پێداویستی ده‌فه‌رموێت: «وَ أَمَّا السَّائِلَ فَلَا تَنهَر»، «هێندێک له‌ زانایان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که ئه‌و ئایه‌ته‌ سه‌باره‌ت به‌ سواڵکه‌رێکه‌ که یا به‌دوای ماڵدا بێت و یا زانست؛ هێندێکیشیان فه‌رموویانه‌: که‌سێکی که له‌ ده‌رگات ده‌دات و داوای شت ده‌کات، له‌ خۆتی مه‌تۆرێنه و پێی هه‌ڵمه‌شاخێ.‌ به‌ڵکوو یا شتێکی پێ بده و یا به‌ قسه‌یه‌کی نه‌رم و جوان وه‌ڵامی بده‌وه‌.»

 

۳ـ هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بنده‌ی خوای دڵۆڤانیش، له‌ نموونه‌کانی کرداری ئه‌و یاسا قوڕئانییه‌ هه‌ژمار ده‌کرێن: «وَ إِذَا خَاطَبَهُم الجَاهِلُونَ قَالُوا سَلَامًا» واته‌: «و هه‌رکات نه‌فامان به قسه‌ی ناخۆش به‌ره‌نگاریان ده‌بن، له‌ وه‌ڵامدا قسه‌ی چاک و بێ‌وه‌ی ده‌ڵێن.»

 

ئیبنی جه‌ریر سه‌باره‌ت به‌ واتای ئه‌و ئایه‌ته‌ ده‌فه‌رموێت:  هه‌رکات که‌سانێکی له‌ خوا خافڵ و بێ‌ئاگا، قسه‌ی ناجوان و ناپه‌سه‌ند به‌ ئیمانداران بڵێن، ئه‌وه‌ ئیمانداران با به قسه‌ی جوان و په‌سه‌ند وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه‌.

بڕواداران نه‌ک به‌ هۆی سستی و لاوازی، به‌ڵکو به‌ هۆی ڕه‌وشت به‌رزی خۆیان و نه‌ له‌ کاتی لاوازی و بێ‌ده‌سه‌ڵاتیدا، به‌ڵکو له‌ کاتی هێز و ده‌سه‌ڵات ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جوانه‌ له‌ خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌وان نایانهه‌وێت کات و هێزی خۆیان له‌ بابه‌تێکدا به‌ فیرۆ بده‌ن که شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ مرۆڤی به‌ڕێز پێیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بێت، به‌ڵکو ده‌یانهه‌وێت سه‌رقاڵی کاری گه‌وره‌تر و گرینگتر بن.

به‌داخه‌وه‌ زۆر جار ده‌بینین که ئه‌و یاسا جوانه‌ پشت گوێ ده‌خرێ و نه‌ته‌وه‌ی موسوڵمان له‌و بواره‌دا که‌مته‌رخه‌می ده‌که‌ن، بۆ نموونه:

۱ـ گروپه ته‌بشیرییه‌کان که بانگه‌شه‌ بۆ ئایینی مه‌سیحی ده‌که‌ن، ئه‌و یاسایه‌ به‌ته‌واوی ڕه‌چاو ده‌که‌ن، ئه‌وان ده‌یانهه‌وێت خه‌ڵک بۆ لای ئایینی خۆیان که ئایینێکی ڕه‌تکراوه‌یه‌‌ بانگهێشت بکه‌ن. ئایا موسوڵمانان نابێ له به‌ڕێوه‌بردنی کرداری ئه‌و یاسایه‌ پێشه‌نگ بن و بۆ به‌ده‌ست  هێنانی دڵی به‌نده‌کانی خوا و ده‌عوه‌ت بۆ ئایینێک که په‌سه‌ندی خوای گه‌وره‌یه‌ زۆرتر هه‌وڵ بده‌ن؟

۲ـ له‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ دایک و باب.

۳ـ له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی هاوسه‌ران له‌ ژیانی هاوبه‌شیاندا.

۴ـ له‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ منداڵان.

۵ـ له‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ خزمه‌تکار و کرێکار.

خوای گه‌وره‌ له‌ درێژه‌ی ئه‌وئایه‌ته‌ی سوڕه‌تی ئیسرادا باس له‌ ئاکامی که‌مته‌رخه‌می و یا وازهێنان له‌و یاسا نوورانییه‌ ده‌کات: «إِنَّ الشَّیطَانَ یَنزَغُ بَینَهُم» واته: « شه‌یتان نێوانیان تێک ده‌دات.»

که‌سێک که به‌ بیستنی قسه‌ی ناڕه‌وا تاقی ده‌کرێته‌وه‌، ده‌بێ ئه‌سته‌می ئاکامه‌که‌ی به‌ دڵ و گیان بکڕیت و له‌ هه‌مان کاتدا قسه‌ی جوان و ڕه‌وا بکات. له‌ ئاست نه‌فامیدا، لێبوورده‌ و خۆڕاگر بێت؛ چونکه ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، ئه‌وه ‌هه‌موو که‌س ده‌توانێت وه‌ڵامی ناپه‌سه‌ند و نه‌زانانه‌ بداته‌وه‌.

ئیمام مالیک بۆ داوه‌ری له‌ نێوان دوو که‌س له‌ شوعه‌را، فتوایه‌کی ده‌رکرد که یه‌کێکیان پێی دڵگران بوو و ڕازی نه‌بوو، پێی گوت: «ئه‌ی باوکی عه‌بدوڵڵا ئایا گومان ده‌که‌ی ئه‌میر ئاگاداری ئه‌و داوه‌رییه‌ی ئێوه‌ نه‌بووه؟»

 

فه‌رمووی: به‌ڵێ. گوتی: ئێمه‌یان بۆ لای تۆ ناردووه که له نێوانمان ئاشتی و ته‌بایی پێک بێنی. که‌واته‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌که‌ی سوێند به‌ خوا هه‌ڵبه‌سته‌یه‌ک له‌ هۆنراوه‌ی نه‌شیاو سه‌باره‌ت به‌ تۆ ده‌وه‌نمه‌وه‌. ئیمام مالیک فه‌رمووی: به‌م چه‌شنه‌ خۆت به‌ نه‌زانی و په‌ستی ده‌ناسێنی که هه‌موو که‌س ده‌توانێت ئه‌و سیفه‌تانه‌ی هه‌بێت. ڕاسپارده‌ی من بۆ تۆ ئه‌وه‌یه‌ که کارێک بکه‌ی هه‌موو له‌ ئاستی سه‌ر دانوێنن که ئه‌ویش به‌ دوو شێوه‌ پێک دێت: به‌خشین و پیاوه‌تی.