لە ساڵێكدا چەند مانگێك و لە مانگێكدا چەند ڕۆژێك و لە ڕۆژدا چەند سەعاتێك هەیە كە گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە، تایبەتمەندیەكەشی ئەوەیە كە عیبادەت و پەرستش و كاری خێر و چاكە، پاداشتەكانی چەند قات دووبارە دەبێتەوه‌. بۆنموونە مانگی ڕەمەزان و هەندێ ڕۆژ لە مانگەكانی زیلحه‌ججە و موحەڕڕەم و ڕۆژانی هه‌ینی و كاتی سپێدە و بەرەبەیان و شەوان كاتێ سێیەكی شەو دەڕوات، لەو كاتانە عیبادەتكردن وەكوو كاتەكانی تر ئاسایی نیە و خێر و پاداشتی زۆرترە لە كاتەكانی تر، بێگومان ئەوەش ڕەحمەت و بەرەكەت و سۆز و میهری خوای پەروەردگارە بەرامبەر بەندەكانی، خوای پەروەردگار ساڵانە ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێتەوە بۆ بڕواداران تاكو لەو ساڵەدا چی خراپە و گوناهـ و سەرپێچیيەك كە كردوویانە بە عیبادەت و پەرستش و كاری خێر و بەخشین و هتد… خۆیان پاك بكەنەوە و توێشوویەكی یەك ساڵەش كۆ بكەنەوە، گەورەیی و پیرۆزی ئەو مانگەش دەگەڕێتەوە بۆ گەورەيی و فەزڵی قوڕئان كە خوای پەروەردگار كۆتا پەیامی بۆ كۆتا پێغەمبەر(عليه الصلاة والسلام) دابەزاندووە، وه‌ك دەفەرموێت: «شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ…»

(مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە خوای گەورە قوڕئانی پیرۆزی تیادا ناردە خوارەوە، ئەم قوڕئانە هیدایەتە بۆ هەموو خەڵكی و ڕوونكەرەوەی ئەو هیدایەتەیە و فوڕقانیشه‌، فوڕقانیش ئەوەیه‌ كە جیاكاری دەكاتە نێوان حەق و باتڵ) خوای پەروەردگار دەیەوێ بە هاتنەوەی مانگی ڕەمەزان ئەوە بەبیری مرۆڤایەتی بەگشتی و بەتایبەت ئیمانداران بهێنێتەوە كه‌ من لەو مانگەدا ئەو پەیامە گەورە و پیرۆز و گرنگەم بۆ ناردوون، كە كۆتایيم بە وەحی و پەیامبەری هێناوە و وەعد و پەیمان نوێ بكەنەوە كە ئەم قوڕئانە دەستوور و یاسای ژیانتانە و پێوەی پابەند بن.

بۆئەوەی بەرده‌وام بن لەسەر هیدایەت و ڕێنموونی، پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ئیمان و كار و كردوەكانی خۆتان بكەنەوە و ئیمانتان نوێ بكەنەوە و بەردەوام بن لەسەر ئەو هیدایەت و ڕێنمونیيە و ناسینی پەروەردگار و چۆنیەتی عیبادەت بۆ كردنی و ناسینی خود و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی نزیك و دەورووبەر و و نیعمەتەكانی و هتد ... بۆ ئەوەی تووشی گومڕایی و سەرلێشێواوی نەبن و ئارام و ئاسوودە و سەربەرز بن لە ژیانی دونیا و لە قیامەت و ژیانی هەتاهەتاییش كە پڕە لە ناز و نیعەمەت و خۆشی و ئەو بەهەشتە ڕازاوەی كە بۆتان ئامادە كراوە بەدەستی بێنن.

پێویستی ئەو مانگە پیرۆزە

لەبەر ئەوەی سروشتی ئینسان وایە كە بەردەوام تووشی گوناهـ دەبێ و سەرپێچی فەرمانەكانی خوا دەكا و بێ هەڵە و كەموكوڕی نیيە، خوای گەورە بەڕەحم و میهرەبانی خۆی لە ساڵێكدا چەندان هەلی زێڕین و دەرفەت دەدا بە بەندەكانی بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن و عیبادەت و پەرستش و كاری خێر و چاكی تێدا ئەنجام بدەن و خۆیان لە گوناهـ پاك بكەنەوە، چونكە ڕۆژێكی سەخت و دژوار لەپێش هەموو مرۆڤەكانە و ئەو كار و كردەوانەی لە دونیادا ئەنجامیان داوە بە چاك و خراپ، ئەگەر بەئەندازەو سەنگی گەردیلەیەكیش بێ، دەیبینێته‌وه‌ و لێپرسینەوەى لەگەڵدا دەكرێت، پەروەردگار لە سووڕەتی (الزلزلة) دەفەرموێت:

«فَمَن يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ» (٧)

جا ئه‌وه‌ی به‌قه‌ده‌ر سه‌نگی گه‌ردیله‌یه‌ك خێر و چاکه‌ی ئه‌نجام دابێ ده‌یبینێته‌وه‌.

«وَمَن يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ شَرًّا يَرَهُ» (٨)

ئه‌وه‌ش که به‌قه‌ده‌ر سه‌نگی گه‌ردیله‌یه‌ك شه‌ڕ و خراپه‌ی هه‌بێ، ده‌یبینێته‌وه. ‌

هه‌ربۆیه‌ ئەی خوشك و برای ئیماندارم پێویستە ئەو كاتە زێڕین و گرنگە لەدەست خۆمان نەدەین و توێشوویەكی باش لەو مانگدا كۆبكەینەوە.