یەکەمین کۆبوونەوەی فەرهەنگیی جەماعەت لە پارێزگای کوردستان لەژێر ناونیشانی " کەلێنی نەوەکان(generation gap) لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح"، بە ئامادەبوونی کارناسان و ئەندامانی جەماعەت و بە میوانداری ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەت لە شاری مەریوان بەڕێوە چوو.
بە پێێ هەواڵی هەواڵنێری ئیسلاح وێب لە مەریوان، بە کۆششی ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەت لە پارێزگای کوردستان و بە هاوکاری لێژنەی جێبەجێکاری مەریوان، یەکەمین دانیشتنی فیکری و فەرهەنگی بە مەبەستی تاوتوێی دیاردەی کەلێنی نەوەکان، ڕۆژی پێنشەممە 17ی خەزەڵوەری 1397ی هەتاوی بە ئامادەبوونی کارناسان، بەرپرسان، ئەندامان و کەسایەتیگەلێک لە پارێزگاکانی کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا، بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا عەبدولعەزیز مەولوودی، نووسەر و شارەزای بواری کۆمەڵناسیی سیاسی، سەبارەت بە کەلێنی نەوەکان ڕایگەیاند: دیاردەی کەلینی نەوەکان دەکرێ لە هەر کۆمەڵگایەکدا وەک سەردێڕ و بابەتێک لە ئارادا بێت چونکە شێوازی تێڕوانین بۆ ئەم بابەتە ڕوونی دەکاتەوە کە هەر کۆمەڵگایەک لە چ قۆناغ و ئاستێکی ئەم کەلێنەدا بەسەر دەبات، چ تێگەیشنێکی سەبارەت بەم بابەتەوە هەیە، چ ڕێکارگەلیک بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەگرێتە بەر و بڕیاردان سەبارەت بەم بابەتە لە چ ئاستێکدا هەستیارە و چەندەی گرینگی هەیە؟
دیاردەی کەلێنی نەوەکان کاتێک ڕوو دەدات کە پرسەکە قووڵتر بێتەوە و نێوان و جیاوازییەکان لە بوارگەلی فیکری، فەرهەنگی و شێوەی هەڵسوکەوت بێتە ڕوودان و ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە "قەیران لە پێوەندییەکاندا". بۆ وێنە دایک و باوکەکان ناتوانن منداڵەکان بە قەناعەت بگەیێنن و منداڵەکانیش لە نیگەرانییەکانی دایک و باوک و لە خواست و ویستیان تێناگەن و هەست دەکەن دایک و باوکەکان لە ئاستێکدا نین کە بتوانن وڵامی ویستەکانیان بدەنەوە.
لە ئاوەها دۆخێکدا بنەماڵە تووشی قەیران و داڕمان دەبێت و ئەگەر دایک و باوکەکان و منداڵەکان هەست بەوە نەکەن کە پێویستیان بە ڕاوێژکارێکی جگە لە خۆیان هەیە، لەوانەیە بنەماڵەکە بشێوێ و بگاتە ئاستێک کە دایک و باوکەکان بە توندی لەگەڵ منداڵەکان بجوولێنەوە. منداڵەکانیش بەپێی ناسینی خۆیان و ئەو ڕێزەی کە چاوەڕوانی دەکەن، لەوانە ڕووبەڕووی دایک و باوکیان ڕاوەستن و قەیرانەکە بگاتە ئاستێک کە ئاکارگەلێکی توندوتیژ و لە دەرئەنجامیشدا لێکدابڕان و جودایی لێبکەوێتەوە.
لە کۆمەڵگاشدا دۆخەکە هەر بەم چەشنەیە و ئەگەر پێوەندییەکان گەیشتە ئاستێک کە تاکەکان نەتوانن بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بەیەکەوە قسە بکەن، ئەگەری ڕوودانی قەیرانێک لە ئاستی کەلێنی نەوەکان لە ئارادایە.
مەولوودی هەروەها گوتی: هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە لە ئێران جیاوازی نەوەکان رووی داوە و ئێران لەبەردەم دیاردەی کەلێنی نەوەکاندایە و ئەگەر ئەم دۆخە بەم چەشنە درێژەی هەبێ، جۆرێک لە قەیرانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیش ڕووی تێدەکا.
دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە پێمان دەڵێن کە هەردووک نەوەی نوێ و گەورەساڵان لە بەستێنی خواست و پێبەندبوون بە بۆچوونە ئایینی و بەهاکان خاڵی هاوبەشیان هەبوو بەڵام لە بواری ڕاڤە و لێکدانەوەی ئایین و مەزهەب، کەلێنی نەوەکان خۆی دەردەخا.
لە جەماعەتدا کەلێنی فکری زیاترە لە کەڵێنی نەوەکان
جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحیش تاقمێکی دابڕاو لە کۆمەڵگای ئێرانی و جیهانی نییە و کەلێنی نەوەکان لەو ڕێکخراوەیەشدا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕووی داوە. ئەم جۆرە کەلێنە لە جەماعەتدا، تەنیا تایبەت بە نەوەی نوێ و بەساڵاچوودا نییە و بەتەواوی پێوەندی بە تەمەنەوە نییە بەڵکوو لەنێو نەوەی بەساڵاچووشدا کەسانێک هەن کە هەڵگر و خوازیاری گۆڕانی زیاترن و زیاتر تێکەڵی گۆڕانکارییەکان دەبن.
بەپێچەوانە تاقم و دەستەیەک لە چینی لاودا لە جەماعەت دەبیندرێ کە نەیانتوانیوە لەگەڵ گؤۆڕانکارییەکان پێوەندییان هەبێت و لە نێوان ئەو شوناسانەی کە بەشی پەروەردەی جەماعەت پێیانی داوە، چەشنێک لە شوناسی سەلەفییان قبووڵ کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە لە تاقم و چینی نەوەی نوێ دێنە ئەژمار، لە بنەڕەتدا لەگەڵ نموودەکانی دونیای مودێڕندا دژایەتییان هەیە. کەواتە ئەم کەلێنە زیاتر بواری فیکری هەیە. هۆکارگەلێک کە ئەم دۆخەیان لە جەماعەتدا هێناوەتە ئاراوە بە دوو دەستە دەرەکی و نێوخۆیدا دابەش دەکرێن:
گۆڕینی فازی ئاخاوتن لە شۆڕشەوە بۆ چاکسازی لە جەماعەت
لە بەستێنی هۆکارگەلی نێوخۆیی دەکرێ ئاماژە بە سەرچاوە فیکرییەکان بدرێ کە پێوەندی بە بواری فیکری و ئیدۆئۆلۆژییەوە هەیە. نەوەی پێشوو بەپێی ئەو سەرچاوانە ڕاهاتبوون کە دەیهەویست تاکەکان بۆ شۆڕش و گۆڕانێکی بەربڵاو ئامادە بکا.
هەبوونی دوو جەمسەری خوێندکار-مامۆستای ئایینی و کاریگەرییەکەی لەسەر کەلێنی نەوەکان
پرسێکی تر کە جێگەی باسە ئەوەیە کە لە جەماعەتدا چەشنێک لە ڕیزبەندی کۆمەڵایەتی زەقتر کراوەتەوە بە شێوازێک کە دوو چینی زانای ئایینی و خوێندکار لە جەماعەتدا سەبارەت بە چینەکانی تر ڕەنگدانەوەیەکی زیاتریان لەنێو جەماعەتدا هەیە. ئەم جۆرە یارگرتن و هێزکۆکردنەوەیە یا بە ئانقەست ڕووی داوە یا ئەوەی کە جەماعەت توانیوییەتی زیاتر لەگەڵ ئەم دوو چینە پێوەندی هەبێت. ئەمڕۆکە ئەم دوو چینە(زانای ئایینی و خوێندکار) زیاتر لە هەموو چین و ڕیزەکان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان هەڵوێست دەگرن و کاردانەوەیان هەیە.
کاریگەریی هۆکارە دەرکییەکان لەسەر کەلێنی نەوەکان لە جەماعەتدا
مەولوودی هەروەها گوتی: هۆکارە دەرەکییەکان لەسەر کەلێنی نەوەکاندا کاریگەرییان هەبووە؛ بۆ وێنە هاتنەگۆڕێی داعش کە سەرجەم ئەو بەها ئایینییانەی کە وا چاوەڕوانیمان دەکرد ساڵ و زەمانێک لە کۆمەڵگادا ڕەنگدانەوەیان هەبێ بە ناحەزترین و دڵتەزێنترین شێوە ئاوێتەی دەسەڵات کران و بەم شێوەیە شوێنەوارییان لەسەر ڕوانگە خەڵک دانا و بەهاکان کەوتنە ژێر لۆمە و پرسیارەوە.
هەبوونی ڕێزگەلی جۆراوجۆری فیکری لە جەماعەتدا
مەولوودی سەبارەت بە ئەندامەکانی جەماعەت ڕای دەربڕێ و گوتی: لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحدا ڕیزگەلی جۆراوجۆری فیکری بوونیان هەیە کە لەوانەیە سەبارەت بە دەق و پەیڕەونامە و یاساکانی ئەو ڕێکخراوەیە لەیەک نزیک بن یا لەیەکتر دوور ببنەوە کە ئەمە بابەتێکی ئاساییە. بەڕێوەبەرایەتی جەماعەت دەبێ لەگەڵ ڕیزە جۆراوجۆرەکان هەڵسوکەوتی هەبێ و هەلی دەرخستن و خۆنواندنیان لە جەماعەتدا بۆ بڕەخسێنێ و حەول نەدا کە بۆچوون و ڕوانگەی ڕیز و تاقمێکی تایبەت بەسەر ئەوانی تردا زاڵ بکات. هەروەها نابێ بەمەبەستی گۆڕینی فکر یا چوونەدەرەوە لە جەماعەت، ئەو تاک و تاقمانە بخاتە ژێر گوشارەوە.
کارکەردی ڕیکخراوەکانی مەدەنی-سیاسی، فێرکردنە نەک پەروەردەکردن
مەولوودی هەروەها گوتی: هەموومان باش دەزانین گۆشارگەلی دەرکی هەیە و پێویستە وڵامی ئەو پرسە بنەڕەتییە بدەینەوە کە ئایا جەماعەت سەبارەت بە پەروەردەی تاکەکان بەرپرسیارەتی لە ئەستۆیە یا ئەم گرینگە ئەرکی بنەماڵە و دایک و باوکه؟ ئەمڕۆکە قسە لەسەر ئەوەیە کە بە هۆی فرەڕەنگی و جۆراوجۆریی سەرچاوە پەروەردەییەکان، کاری ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسیییەکان فێرکردنە نەک پەروەردە و ڕاهێنان و پەروەردە دەبێ لە چوارچێوەی بنەماڵە و لەنێو خێزاندا جێبەجێ بکرێ.
فیقهی واقیع لەپێناو ناسینی دۆخی هەنووکەیی گەلێک گرینگە
مەحموود مەحموودی، نووسەر و وەرگێڕی ئاسەوارە ئایینییەکان، وتاربێژی دووهەمی ئەم کۆبونەوەیە بوو. مەحموودی سەبارەت بە کەلێنی نەوەکان گوتی:
زانینی ئەوەی کە ئایا لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحیش دیاردەدی کەلێنی نەوەکان ڕووی داوە یا نا پرس و بابەتێکی سانا نییە.
لە ڕاستیدا جیاوازی نەوەکان زۆر ئاساییە چونکە هەر کەسێک دونیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، ئێمە لەو تەمەنەی کە ئێستاکە تێیدا هەین لەگەڵ چەندها نەوە ژیان بەسەر دەبەین و هەروەها هەر تاکێکمان ئەزموونی ژیان لەگەڵ چەندها نەوەمان هەیە کە هەر کامیان خواستی تایبەت بە خۆی هەیە. هەر چاخ و سەردەم و گۆڕانکارییەکی تایبەت، دەبێتە هۆکاری گەلێک جیاوازی و جودایی.
مەحموودی هەروەها گوتی: جیاوازی نەوەکان بابەتێکی ئاساییە و لە دونیای ئەمڕۆدا کە سێلاوی مۆدێڕنیسم هەموو ولاتێکی داگرتووە، بە هۆی ئەوەی کە خۆمان بۆ ئامادە نەکردووە، بێگومان نەمانتوانیوە لە پیت و بەرهەمەکانی مۆدێڕنیتە کەڵک وەرگرین. گۆڕانکارییەکان زۆر خێرا سەریان هەڵدا و ڕێبازەکانی مودێڕنیتەش گەلێک پەرەیان پێدراوە و بەربڵاو کراون.
دەسەڵاتداری منداڵ و جیاوازی نۆڕم و پێوەرەکان لە جەماعەتدا
مەحموودی گوتی: سەبارەت بە بابەتی پەروەردەش گەلێکمان کێشەوبەرەی گەورە هەیە و ئەمڕۆکە لە هەر دایک و باوکێک پرسیار بکرێ دەڵێن: لەگەڵ منداڵەکان کێشەی ڕاستەقینە و جێمەترسیمان هەیە، نزیکبوونەوە و پێوەندیگرتن لەگەڵیان دژوار بۆتەوە، بەشێک لەم جیاوازییانە ئاساییە. ئەمڕۆکە بەپێچەوانەی ڕابردوو لێکتێگەیشتن سەبارەت بە پێوەر و نۆڕمەکان لە ئاستێکی لاوازدایە و لەگەڵ دیاردەگەلێک وەک دەسەڵاتداری منداڵ ڕووبەڕوو بووینەوە کە پێشتر ئاوەها دیاردەیەک لە ئارادا نەبووە.
شوناسەکان تووشی گۆڕان دەبن
محمود محمودی در ادامه افزود: ما نیز در جماعت دعوت واصلاح پی به وجود این مسائل بردهایم و نسل جدید جماعت دارد از نسل قدیم فاصله میگیرد و دلایل این فاصله هم خود جای بحث و گفتوگو دارد. امّا نباید همهی تقصیرات را گردن نسل جدید گذاشت؛ زیرا ایراد از ما بوده که مسأله به این شکل درآمده است. مسألهی هویّت و اینکه هریک از ما نیز دارای هویّتهای بزرگ و کوچک هستیم مطرح است. واقعیّت این است که هویّتها همواره دستخوش تغییر میشوند. مهمّ این است که این هویّتهای متفاوت نباید به مواجهه و شکاف نسلها دامن برند.
مەحموود مەحموودی لە درێژەدا گوتی: ئێمەش لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحدا هەستمان بەو پرسانە کردووە و نەوەی نوێی جەماعەت خەریکە لە نەوەی پێشوو دوور دەکەوێتەوە وهۆکارەکانی ئەم دوورکەوتنەوەیەش قسە و باسی تایبەت بە خۆی گەرەکە. بەڵام نابێ هەمووی خەتاکان بخرێتە ئەستۆی نەوەی نوێ؛ چونکە ئەوە خەتا و تاوانی ئێمە بۆتە هۆی ئەوەیکە ئەم پرسە لەو شێوازەدا خۆی بنوێنێ. پرسی شوناس و ئەوەیکە هەرکام لە ئێمە خاوەنی شوناسی گەورە و بچووکین لە ئارادایە. لە ڕاستیدا شوناسەکان بە بەردەوامی گۆڕانکارییان بەسەر دادێت. گرینگ ئەوەیە کە ئەم شوناسە جیاوازانە نابێت پەرە بە کەلێنی نەوەکان بدا و زیاتری بکات.
ناسینی بەستێن و سەردەمی خۆمان گەلێک گرینگە
مەحموودی گوتی: فیقهی واقیع بە مەبەستی ناسینی دۆخی هەنووکەیی گەلێک گرینگە و حاشاهەڵنەگرترین ئامێرێکە کە ئەمڕۆکە پێوستمانە. گەلێک جار کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکا کە نەمانتوانیوە سەردەمی خۆمان بناسین و نازانین نەوەی نوێ چ چاوەڕوانییەکی لێمان هەیە. ئەگەر زیاتر حەول بدەین بێگومان دەتوانین پێداویستییەکانی ئەم نەوەیە باشتر بناسین. دەبێ حەول بدەین نێوانی ئەم دوو نەوەیە لەیەک کەم بکەینەوە و لە ڕاستیدا لێکنزیکبوونەوە و هاریکاری نێوان نەوەکانی جەماعەت زەروورەت و پێداویستییەکە کە دەبێ زۆر زوو جێبەجێ بکرێت. هەروەها پێداچوونەوە بۆ سەرچاوەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی جەماعەت گەلێک زەروور و پێویستە.
کەلێنی نەوەکان هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستێکی قەیرانی و تەنگەژەدار
یەکێك لەو پرسانەی کە جێگای ئاماژەیە، دەگەڕێتەوە بۆ فراوانی و بەربڵاوی سەرچاوە و ئاسەوارە ئایینییەکان کە پێشتر لەو ئاستەدا نەبووە. ئەم دیاردەیەش هۆکارێک بووە بۆ گۆڕانکاری. هەروەها چاوەڕوانی خەڵک لە کارکەردی دین زیاتر بووە. بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە بۆ بەرگرتن لەم نێوان و کەلێنانە مایەمان دانەناوە. زێدەڕۆیی و کەمترخەمیش لە بواری ئایینییەوە بۆتە پرس و شوناسە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکان لە سەرهەڵدانی ئەم کێشە و دوورکەوتنەوانە ڕۆڵیان هەیە. سەرەڕای ئەوانەش من هێشتا باوەڕم وایە کە ئەم کەلینە هێشتا زاڵ نەبووە بەڵام دەستی پێکردووە و نیشانەکانی ئاشکرایە.
لەم کۆبوونەوەیەدا پاش بیستنی بیروڕای کارناسان، ئامادەبووانیش بۆچوونەکانی خۆیان دەربڕێ و پرسیارەکانیان خستە بەرباس.
بە وتەی پەرپرسانی پێوەندە گشتییەکان جەماعەت لە پارێزگای کوردستان، بڕیار دراوە کە ئەم کۆبوونەوە و گفتوگۆ فەرهەنگییانە بەردەوام بن و درێژەیان هەبێت.
شایانی باسە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕێزیان گرت لە عەبدولعەزیز مەولوودی و مەحموود مەحموودی، بە خاتری ئەو حەول و چالاکییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییانەی کە ساڵەهایە خستوویانەتە گەڕ و لەم رێگایە خزمەتیان بە خەلک کردووە.
بۆچوونهکان