بە ئامادەبوونی ئەندامان و بەرپرسانی جەماعەت، کوڕی گشتیی ساڵانەی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ڕەشەممەی ئەمساڵ لە پاوە بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی ئیسلاح وێب، لەو کۆڕەدا "حاجی حەیدەر زیایی" لە ئەندامانی دێرین و لەمێژینەی جەماعەت، لە میانەی وتارێکدا باری بەرپرسایەتی بەندایەتی و ئەندامبوونی لە جەماعەت بە مایەی شانازی بۆ خۆی ئەندامەکانی تر وەسف کرد و گوتی: "بە بەردەوامی دەبێت لە هەوڵی بەدەستهێنانی مەعنەوییەت و زانستدا بین و بە چالاکییەکانمان دەستکەوتەکانی ئەم بەرهەمە ئاراستەی کۆمەڵگا بکەین".
بەڕێز زیایی بە یادکردنەوەی پێشەنگانی دەعوت لە ناوچەدا، کە یەکیان "مامۆستا ناسر سوبحانی" بوو، وێڕای پاڕانەوە بۆ بەرزبووبوونەی پلە و پایەیان لە دەرگای خوداوەندی میری مەزن، داوای لە ئەندامان کرد ڕێگە و ڕێبازیان بگرنە بەر و جەختی کردەوە، بۆ ئاگاداری لە کار و کۆششەکانیان هەوڵ بدەن و دەستکەوت و بەرهەمەکانیان بپارێزن. زیایی هەروەها بۆ سڵامەتی مامۆستا "ئەکڕەم سادقی" کە ئێستاکە نەخۆشە دوعای کرد و داوای لە ئامادەبووان کرد بۆ سڵامەتی و خۆشبوونەوەی ئەو بەڕێزە بپاڕێنەوە.
لەو کوڕەدا "جەهانگیر ئەمینی" بەرپرسی لێژنەی جێبەجێکاری شاری پاوە لە ڕاپۆڕتێکدا، ئاماژەی بە چالاکییەکانی ساڵی ١٣٩٧ی لێژنە کرد و کارکۆی هەرکام لە بریکارەکانی ئەم لێژنەیەی خستە بەرباس.
ئەمینی لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەو هەوڵ و تێکۆشانانەی ئەندامانی جەماعەت کە لە مەدوای ساڵدا بۆ یارمەتی ماددی و مەعنەوی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان خستیانە گەڕ و ئەم هەوڵ و هیمەتانەی بەرز نرخاند و سپاسی کردن، هەروەها بە هۆی هەندێک کەمکاری لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانەی بە لێژنەی جێبەجێکار سپێردراوە داوای لێبوردنی کرد و لە ئەندامانی خواست بۆ بەڕێوەبردنی باشتری کارەکان دوعای خێریان بۆ بکەن.
ئەمینی لە بەشێکی تری قسەکانیدا جەختی کردەوە کە پێویستە ئەندامانی جەماعەت پێبەندی کار و ئەخلاقی ڕێکخراوەیی بن و داوای کرد کە بەپێی ئامانجەکانی جەماعەت هەڵوێست بگرن و لە ناوخۆ و دەرەوی جەماعەت لە بواری چالاکیی کۆمەڵایەتی و خزمەتکردن بە کۆمەڵگا، چالاکانە بەشداری بکەن.
ئەمینی هەروەها گوتی: چاوەڕوان دەکرێ ئەندامانی جەماعەت بە چروپڕی لە مزگەوتەکان ئامادە بن و لە بەرپاکردنی نوێژە فەڕزەکان بە جەماعەت چالاکانە بەشداری بکەن و بەردەوام بۆ زیادکردنی ئاستی زانست و مەعنەویت لە هەوڵدا بن. پاشان سەبارەت بە گرینگیی ڕۆڵی ئەندامان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان دوا و گوتی: پێویستە بە مەبەستی بەشداری منداڵەکانمان لە بەرنامە و وانە پەروەردەییەکانی جەماعەت، هانیان بدەین و بۆ ئەم گرینگە ڕێنوێنیان بکەین.
لەو کۆڕەدا، "خاتوو عادلە مەولوودی"، بریکاری خوشکان ڤەماعەت لە پاوە، پاش خوێندنەوەی "نزای پێوەندی(ذکر رابطە)" و بیرهێنانەوەی ئەرکە قورسەکانی ئەندامان و بەرپرسان سەبارەت بە کۆمەڵگا، داوای لە ئامادەبووان کرد کە لەسەر ئەنجامدانی ئەرکە ڕێکخراوەیی و چالاکییەکانی جەماعەتسوور بن و هەروەها لە ئاراستەکردنی خزمەتگوزاری گشتی و کۆمەڵایەتی بە چالاکانە بەشداری بکەن.
لەو کوڕەدا هەروەها، مامۆستا عەبدوڕەحمان ئەحمەدی "بریکاری زانایانی جەماعەتی پاوە"، وێڕای شیکاریی ئامانجەکانی کۆڕەکە، چەندین ئامۆژگاری ئایینی-ئەخلاقی سەبارەت بە چالاکیی ئایینی و ڕێکخراوەیی ئاراستەی ئەندامان و ئامادەبووان کرد و وێڕای دوای هاوکاری و دوعای بەخێر بۆ بەرپرسان، ئاماژەی بە چەندها خاڵی گرینگی تر کرد.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، "مامۆستا جەماڵ ئەحمەدی" یەکێکی تر لە ئەندامە دێرینەکانی جەماعەت و ئیمامی جەماعەتی ئاوایی دشە، باسی بەسەرهاتی یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەی کرد و جەختی کردەوە کە پێویستە ئەندامانی جەماعەت بەوەفا و پەیمانڕاگر بن، گوتیشی کە قوڕئان گرینگی بە پەیمانڕاگری و بەوەفابوون داوە و بەسەرهاتی "پێغەمبەر ئیبڕاهیم" وێنەیەکی بەرچاوی ئەم گرینگەیە و ئەمەش نیشانەیەکی دیار و تایبەتمەندی ئاشکرا و بەرچاوی چینی موسڵمان و ئەندامانی جەماعەتە.
شایانی باسە لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێزیان لە شەش کەسایەتی دێرینی جەماعەت گرت کە بریتنی بوون لە: "دادە جەیران عەلیمورادی"، یار و هاوسەری بەڕێزی "مامۆستای شەهید ناسری سوبحانی"، مامۆستا سەید عەبدولقادر عەزیزی، مامۆستا فایەق ئەخگەر، مامۆستا عومەر حەسەنزادە، کاک حەیدەر زیایی و کاک هیدایەت فەخرەدینی.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە لە دوانیوەڕۆدا خاتوونەکان و شەویش پیاوەکان کۆبوونەوە، بەڕێزان "بەسیرە حیکمەتی" و "عیرفان زموڕودی" ئەرکی پێشکەشکاری بەرنامەکانیان لە ئەستۆ گرت. لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا کورتەفیلمێک لە ژیانی مامۆستا سوبحانی و هەروەها شیعرگەلێکی مامۆستا سوبحانی و مامۆستا یەعقووبی و هەڵبەستێکی کاک ئەحمەدی موفتیزادە بە ناوی " چهن جوانه کورسان و دیمهن بههارانی" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
بۆچوونهکان