ڕۆژی پێنجشەممه، ۲۳ی گوڵان، ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان کۆڕێکی بۆ پەردەلادان لەسەر دیوانی تازە‌لەچاپ‌دراوی مامۆستا مەلا شێخ ئەحمەدی مەردۆخیی کانی‌میران (شەپۆل) بەڕێوە برد. لەم کۆڕەدا جەماوەرێکی زۆری خەڵکی بەئەمەکی مەریوان و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و ئەدیبان و نووسەران و.... ئامادەی کۆڕەکە بوون. لە کۆڕەکەدا ئامادەکارانی دیوانەکە (مامۆستا ئیبراهیمی مەردۆخی و کاک مەحموودی مەحموودی و د.رەئووف ڕەهنموون) چۆنیەتی ئامادەکردنی دیوانەکەمان ڕوون‌کردەوە و پەیامی ئەنجومەنی ئەدەبی و بنەماڵەی مامۆستا خوێندرایەوە و پێشکەشکاری کۆڕەکە و شاعیران چەندین نموونە شیعری ناسکی م. شەپۆلیان خویندەوە و کاک ئەنوەری ڕەوشەن باسێکی سەبارەت بە ڕەهەندە جیاوازەکانی کەسێتیی مامۆستا شەپۆل پێشکەش کرد و لە کۆتاییدا کاک سەلاحی عیلمی‌زادە، کە ئەرکی نەخشەسازی و ڕازاندنەوەی دیوانەکەی لە ئەستۆدا بوو، هەندێک ڕوونکردنەوەی لەو بارەوە پێشکەش کرد و بە شێوەی دیجیتاڵ پەردەی لەسەر دیوانەکە لادا. 

ئامادەبوونی کچەکانی مامۆستا شەپۆل و خوشکە نەوەدساڵەکەی (خاتوو سانیە) چێژێکی تایبەتیان بە کۆڕەکە بەخشیبوو... 

شایانی باسە مامۆستا شەپۆلی جوانەمەرگ (۱۹۳۳تا۱۹۶۴)، کە خەباتکارێکی ماندوونەناسی دژ بە ڕژێمی داپڵۆسێنەری پەهلەوی و بەرپرسی بزووتنەوەی نهێنیی ڕزگاریخوازی کوردی ئەو ڕۆژگارەی ناوچەی مەریوان بوو، خۆی دیوانەکەی بۆ لە‌چاپ‌دان ئامادە کردبوو. بە داخەوە پاش کۆچی دوایی مامۆستا؛ سەیدیانی مەهاباد بەناوی لەچاپ‌دانەوە دیوانەکە دەبات و دەیفەوتێنێت... 

بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە مامۆستا موحەمەدیوسف (کۆچەر) لەو سەردەمەدا نوسخەیەک لە ڕووی دیوانەکە بۆ خۆی دەنووسێتەوە و لە فەوتان ڕزگاری دەکات و بەم پێیە ئاواتی لە مێژینەی هۆگرانی ئەدەبی کوردی و پێشبینییەکەی مامۆستا شەپۆل هاتەدی کە دەفەرمووێت: 

گەلێ پێم‌حەیفە ئەی شاعیر بفەوتێ هەستی شیعری تۆ

بە قەولی من بکەی فیکرت هەموو با سەبتی نامەت بێ

یەقین ڕۆژێ ئەبێ شیعری شەپۆلی ویردی لێوانە

کە گیانی پاکی ئازادی دەرودەشتی قیامەت بێ!