دووهەمین کۆنگرەی ساڵانەی ناوچەیی فەرهەنگی – ئەدەبی مامۆستا عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە هەژار 23 و 24ی خەزەڵوەری 1397 لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی، هونەری، ئەدەبیی موکریانی مەهاباد لەو شارەدا بەڕێوە چوو. لە کۆنگرەی مامۆستا هەژاردا بەرپرسان و پسپۆڕانی ئامادەبوو وتاریان پێشکەش کرد و پۆستەری تەمری مامۆستا هەژاریش ڕوونوێنیی لێ کرا. لە دوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی هەژاردا ئەدیبان و نووسەران وتاریان پێشکەش کرد و چەند پانێل و ڕێوڕەسمێکی کورت بە ئامادەبوونی مامۆستایانی زانکۆ، شاعیران، توێژەران و لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە هۆڵی وەحدەتی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو. 43 وتاری زانستی بۆ بەشداری، ڕەوانەی دەبیرخانەی کۆنگرە کرا بوون کە لێژنەی داوەرانی کۆنگرە 8 وتاری وەکوو وتاری هەڵبژێردراو دیاری کرد. لە ڕۆژی یەکەمدا چەندین وتار لە بارەی بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار خوێندرانەوە و مامۆستای دەنگخۆش "عەزیز شاڕوخ" پیرەهەڵۆی هەژاری بە ئاواز خوێندەوە . هەروەها یۆنس ڕەزایی شاعیری نوێخواز ڕایگەیاند کە کەسیایەتی هەژار توانیویەتی بەرهەمێکی نۆستالژیک بە ناوی وەک "بەرەو موکریان" بخوڵقێنێ . لە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا ئەم بەڕێزانە وتاری لێکۆڵینەوەییان پێشکەش کرد: ئیبراهیم مورادی بە وتاری کوردی: وشه¬ناسیی زمانی شیعریی چوارینەکانی خەیام. پەنێلی زانستی بە بەشداریی دوکتور ئەحمەد ئەحمەدیان و دوکتور عادڵ محەممەدی. وتاری فارسیی ئەحمەد غولامی بە مانشێتی: "فرهنگ لغات به مثابەی ناخودآگاه سیاسی یک ملت". وتاری یۆنس ڕەزایی لە سەر بەرهەمی شێعریی مامۆستا هەژار (بۆ کوردستان) بە مانشێتی: شاعیرێک لە نێوان دوو کاتدا. ڕۆژی دووهەمیش بە پێشکەشکردنی وتارێک لە مەنیژە میرموکری بە زمانی فارسی بە سەردێڕی واکاوی زبان شناختی با همآوایی در کتاب "چێشتی مجێور"، دەستی پێکرد و لە درێژەدا وتاری لێکدانەوەی سێ پێشەکیی کتێبی بۆ کوردستان، لە نووسینی مامۆستا هەژار لە لایەن جەلال پوورحەسەن خوێندرایەوە. لە درێژەدا پەنێلی زانستی بە ئامادەبوونی دوکتور محەممەد ڕەحیمیان، دوکتور شەهباز موحسنی و عەزیزی ئالی سەبارەت بە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان لە لایەن مامۆستا هەژارەوە بەڕێوە چوو. هەروەها ئەمجەد غوڵامی بە پێشکەشکردنی وتارێک بە سەردێڕی "چێشتی مجێور و سازمان ئوتوریتهی نووسین" و حەسەن محەممەدی بە وتا"ری گێرانهوەناسی له چێشتی مجێور"، بەرهەمەکانی مامۆستا هەژاریان لێکدایەوە. لە بەشی دوانیوەڕۆی دووهەم ڕۆژی کۆنگرەدا وتاری تاوتوێی کۆمەڵناسانەی بەیتی سەرەمەڕی هەژار، لە لایەن سەڵاحەدین خزرنەژاد و وتاری لایەنەکانی کارکردی زمان لە بەرهەمەکانی هەژاردا لە نووسینی عومەر محەممەدی پێشکەش کران. عادڵ نادری مامۆستای دەنگخۆش بە هاوڕێیەتی گرووپی مۆسیقای ئاگرین بە پێشکەشکردنی چەند گۆرانییەک بەشیک لە کۆنگرەکەیان ڕازاندەوە و لە کۆتاییدا پەنێلی داوەران و دەبیری زانستی کۆنگرە بە ئامادەبوونی دوکتۆر یادگار کەریمی، دوکتور مەسعوود بینەندە ودوکتور خالق جەلیل¬نەژاد بە میوانداریی عەبدولقادر نیازی بەڕێوە چوو. خوێندنەوەی دەقی پەیامی لێژنەی داوەران لە لایەن دوکتور بەیان کەریمی و ڕێزگرتن لەوانەی وتاریان پێشکەش کرد و هەروەها بەڕێوبەرانی کۆنگرە بەشی کۆتایی کۆنگرەکە بوو. هەژار پێچەوانەی نازناوەکەی کە بە ئەو پەڕی لێبوردەیی و تەوازوعەوە هەڵیبژاردووە، هونەرمەند، نووسەر، توێژەر، وەرگێڕ و شاعیرێکی لووتکەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی و یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسایەتییە ئەدەبی و هونەری و زانستییەکانی کوردەوارییە. عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە ھەژار (١٩٢٠ - ١٩٩٠) لە گەورەترین نووسەران و شاعیران و وەرگێڕانی کورد بووە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی ئەدەبی پڕ پیتە. هەژار وەکوو ئەندامی کۆڕی زانیاری کورد، توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات. لە دوای بە ئاکام نەگەیشتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا لە شاری کەرەج نیشتە جێ بوو و تا کۆتایی ژیانی لە ساڵی ١٩٩٠ لەوێ مایەوە. ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. دوای مردنی تەرمەکەی بەرەو موکریان برا و له گۆرستانی باغی فیردەوسی شاری مەهاباد ئەسپەردەی خاک کرا.
بۆچوونهکان