کۆبوونەوەی گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی کرماشان شەوی پێنجشەممە، ٩ی ڕەشەممە بە ئامادەبوونی حەیدەر غوڵامی بەرپرسی لێژنەی جێبەجێکاری ئەو پارێزگایە بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی لێژنەی جێبەجێکاری پارێزگا، لە میانەی وتارێکدا ڕۆڵی گرینگی بنەماڵەی لە ڕسکاندن و چێکردنی کەسایەتی مرۆڤ خستە بەر باس و وتی: خوڵقاندنی بنەماڵەی ئیماندار پەیوەستە بە ڕاهێنانی تاکی ئیماندار و هەڵبژاردنی هاوسەری ئیماندار، هەروەها بەردەوامبوون لە ڕاهێنانی مناڵان لە ئاوەها بەستەر و بنەماڵەیەکدا نیشانە و هێمای بەختەوەرییە. 

هەروەها وتی: لە ئایەتی ٦ی سووڕەتی تەحریمدا هاتووە: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ عَلَيْهَا مَلَائِكَةٌ غِلَاظٌ شِدَادٌ لَّا يَعْصُونَ اللَّـهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ؛ واتە: "ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خۆتان و کەسوکاریشتان لەو ئاگرە بپارێزن کە سووتەنی لە مەردم و لە تەوەنە. فریشتەی بە زەبر و زەنگ و توندوتیژی پێی ڕادەگەن؛ خوا چۆنیان فەرمان پێ بدا، لە فەرمانی دەر ناکەون و ھەرچی بەوانی دەسپێرێ بەجێی دێنن". خوداوەندی مەزن بەم ئایەتە گشتمان بۆ چاوەدێری و ئاگاداری و پاراستن و ڕاهێنانی بنەماڵەکانمان ڕادەسپێڕی و هانمان ئەدات. 

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان پرسیارگەلێکیان ئاراستە کرد و بەرپرسانی پارێزگاش بە سینگی فراوان وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.

دواتر مامۆستا "ساڵح ئیزەدی" لە ئەندامانی دێرینی جەماعەت، لە میانەی وتارێکی کورتدا گوتی: بۆ فەتوادان سەبارەت بە کاروبار و پێداویستەکانی سەردەم و ئێستاکەی کۆمەڵگا، پێویستە موتاڵا و لێکۆڵینەوەی ورد و ژیرانە بکرێ و ناشی وڵامی پرسیارگەلی سەردەمیانە و نوێ بە پەڕاوێزی کتێبە کۆنەکان بدرێتەوە. 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز "سابیر کەریمی" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەو یارمەتییانەی کرد کە لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی جەماعەتەوە بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان، لە خەزەڵوەری ١٣٩٦وە تا سەرماوەزی ئەمساڵ، نێرداروە، پاشان  سپاسنامەی تایبەتیی لێژنەی جێبەجێکاری پارێزگای بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.