حه‌شیمه‌تی میلیۆنی کوردی تورکیا له ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له ئامه‌د و ناوچه کوردنشینه‌کانی دیکه‌ی تورکیا گوێبیستی په‌یامی ئاشتی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بوون و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که چه‌ند حه‌وته لهمهوپێش وته‌کانی ئه‌ردۆغان و مه‌سعوود بارزانی و سترانی گۆرانیبێژی حه‌ماسیی کورد، شوان په‌روه‌ریان له هه‌مان شار بیست، چاوی هیوایان بڕیوه‌ته داهاتوو و خوازیاری کۆتایی هاتنی توندوتیژی، نه‌مانی هه‌ڵاواردن و پته‌وکردنی گیانی برایه‌تی و لێبورده‌یی و ئاشتی و دیموکراسین.
کوردپرێس: هه‌واڵی کۆچی دوایی نێلسۆن ماندێلا، پاڵه‌وانی به‌ره‌نگاربونه‌وه و خه‌بات دژی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی و ئاپارتاید له ماوه‌یه‌کی که‌مدا ڕۆژهه‌ڵات تا ڕۆژئاوای جیهانی ته‌نی و هه‌موو گه‌لانی سه‌ر زه‌وی به ده‌ر له ڕه‌گه‌ز، زمان و مهزهبهکهیان که‌وتنه ژێر کاریگه‌ری هه‌واڵه‌که. له زۆربه‌ی که‌ناڵه‌کانی هه‌واڵ و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ڕۆژنامه‌کان، لێکدانه‌وه و شرۆڤه‌ی جۆربه‌جۆر له ژیان، سه‌رده‌م و کارنامه‌ی ماندێلا بڵاو ده‌کرێته‌وه و هه‌ر که‌س له ڕووی ڕوانگه و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی ڕه‌هه‌ند و لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانی ئه‌ندێشه و ئه‌دای ئه‌و دیراسه ده‌کات. خاڵی هاوبه‌ش و میحوه‌ری سه‌ره‌کی باسه‌کان ئه‌وه‌یه که ماندێلا که‌سایه‌تییه‌کی ناوازه و تاقانه‌یه که ئیدی دووپات نابێته‌وه و مرۆڤایه‌تی که‌سێکی دیکه‌ی له‌م شێوه‌یه به‌خۆوه نابینێ، به‌ڵام هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌م تێمه گشتییه‌دا، ده‌کرێت وته‌کان و نووسراوه جۆربه‌جۆره‌کان ببینرێت که خاڵی هاوبه‌شیان ته‌مه‌نا، هیوا و ئاواته بۆ سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی ماندێلایه‌کی دیکه و ژیاندنه‌وه‌ی میراتی سیاسی و ئه‌خلاقی ئه‌و له‌و ناوچانه‌ی که دانیشتوانه‌که‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵاواردن و شه‌ڕ و توندوتیژی ده‌ست به بهرۆکن. ئه‌مڕۆکه گه‌لی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینی عه‌ره‌بی و شوێنگه‌لێک وه‌کوو ئه‌فغانستان و پاکستان له حه‌سره‌ت و خه‌ونی سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی بارودۆخ و کهسایهتیگهلێکن که به‌م ئاواته "له ئێستادا مه‌حاڵ" توانای "وێنا له خه‌یاڵ" ببه‌خشێت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له وڵاتانێک وه‌کوو تورکیا و بێڕمه له یه‌ک دوو ساڵی دواییدا هه‌نگاوگه‌لێک بۆ کۆتایی هێنان به ده‌یان ساڵ شه‌ڕ و هه‌ڵاواردن و توندوتیژی هه‌ڵهێنراوه و ده‌وڵه‌ت و سه‌رکرده‌کانی به‌رهه‌ڵستکاران نیشانیان داوه که لانیکه‌م پوتانسیه‌لی هێنانه‌دی ئه‌م ئاواته و خولقاندنی ئه‌فریقای باشووری دیکه‌یان هه‌یه.
بابه‌تی ئه‌م یادداشته پرسیارێکه که له‌م ڕۆژانه‌دا زیاتر له هه‌ر کاتێکی دیکه له کوردستانی تورکیا ده‌بیسترێت و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئایا ڕۆژێک دێت که کوردی تورکیایش خاوه‌نی مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی تورک بێت؟ ئایا هه‌ڵاواردنی ئیتنیکی و زمانی له وڵاتێک که لانیکه‌م 30 له‌سه‌دی ڕووبه‌ره‌که‌ی و حه‌شیمه‌ته‌که‌ی له کوردستان و خه‌ڵکی کورد پێکهاتووه، کۆتایی پێ دێت؟ ئایا چاره‌نووسی ماندێلا و ئه‌زموونی ئاشته‌وایی نیشتیمانی له ئه‌فریقای باشوور، له تورکیا و کوردستانی تورکیا دووپات ده‌بێته‌وه؟ ئایا کورده‌کانی تورکیا که ماندێلا له‌به‌ر پێشێل بوونی مافه‌کانیان ئاماده‌ی قبووڵ کردنی خه‌ڵاتی ئاشتی ئاتاتورک نه‌بوو و ئه‌وانیش چه‌ند ساڵ لهمهوپێش بانگهێشتیان کرد بۆ ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی ئامه‌د، ئاماده‌ن ڕێگا و ئه‌زموونی ئه‌و بکه‌نه سه‌رمه‌شقی خۆیان؟ وه‌ڵامی به‌شێک له کۆمه‌ڵگای کوردی و ته‌نانه‌ت تورکی تورکیا به‌م پرسیاره، ئه‌رێنیه. حه‌شیمه‌تی میلیۆنی کوردی تورکیا که له ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له ئامه‌د و ناوچه کوردنشینه‌کانی دیکه گوێبیستی په‌یامی ئاشتی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بوون و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که چه‌ند حه‌وته لهمهوپێش وته‌کانی ئه‌ردۆغان و مه‌سعوود بارزانی و سترانی گۆڕانیبێژی حه‌ماسیی کورد، شوان په‌روه‌ریان له هه‌مان شار بیست، چاوی هیوایان بڕیوه‌ته داهاتوو و خوازیاری کۆتایی هاتنی توندوتیژی، نه‌مانی هه‌ڵاواردن و پته‌وکردنی گیانی برایه‌تی، لێبورده‌یی، ئاشتی و دیموکراسین.
مه‌سه‌له‌ی کورده‌کان له تورکیادا لانیکه‌م مێژووییه‌کی 500 ساڵه‌ی هه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ڕه‌کان له نێوان عوسمانیه‌کان و سه‌فه‌وییه‌کان. له میانه‌ی ئه‌م ململانێیانه به‌شێکی زۆر له نیشتیمانی کوردستان له ئێران جیا بووه‌وه و مخابن له‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی ئاشتی ئاماسیه له سه‌رده‌می شا ته‌هماسب و قه‌سری شیرین (زه‌هاو) له سه‌رده‌می شا سه‌فی، درایه عوسمانی. هه‌رچه‌ند له سه‌رده‌می عه‌بباس میرزا و دواتر ئه‌میر که‌بیر، هه‌وڵی زۆر درا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان سه‌ره‌تا له ڕێگای سه‌ربازی و دواتر مافه‌وانی، به‌ڵام ئه‌نجامێکی لێ نه‌که‌وته‌وه و به گوێره‌ی په‌یماننامه‌ی ئه‌رزرووم بارودۆخی پێشووتر به تۆزقاڵێک گۆڕانه‌وه، چه‌سپا. به مانهشهوه، زۆربه‌ی کورده‌کانی عوسمانی هه‌رگیز نه‌ڕۆیشتنه ژێر باری بارودۆخی سه‌پێندراوی نوێ و سه‌دان سه‌رهه‌ڵدان له دژی خه‌لیفه‌کانی حوکمڕان ڕووی دا، به‌ڵام له‌به‌ر هێزی سه‌ربازیی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و ڕه‌وایی خه‌لافه‌ت بۆ به‌شێک له پیاوانی ئایینی و سوننه مه‌زه‌به‌کانی کورد له لایه‌که‌وه و ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی ناوخۆیی له ناو کورده‌کاندا، له لایه‌کی دیکه‌وه، هه‌موو ئه‌و شۆڕشانه تووشی نسکۆ هاتن. پاش ڕووخانی عوسمانی له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی به‌پێی په‌یماننامه‌ی سایکس پیکۆ، ڤۆرسای، سێڤێر و له ئه‌نجامدا لۆزان، ناوچه کوردستانییه‌کان له عوسمانی دابه‌ش بوو به سه‌ر سێ به‌شی جیا له یه‌ک و په‌یوه‌ست کرایه سێ وڵاتی تازه دامه‌زراوی تورکیا، عێراق و سووریا و به‌شێکی که‌میش خرایه بنده‌ستی وڵاتی ئه‌رمه‌نستان. کورده‌کانی عوسمانی کاتێک که بینیان عه‌ره‌به‌کان و تورک و ئه‌رمه‌نه‌کان که وه‌کوو ئه‌وان له ڕابردوودا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی‌دا بوون له بارودۆخی پاش شه‌ڕ بوونه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ خۆیان له میراتی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و کورده‌کان له وڵاتانی نوێ‌دا بێبه‌ش کرابوون له سه‌ره‌تایی ترین مافه ئینسانی و فه‌رهه‌نگییه‌کانیان شۆڕ‌شیان کرد، که ئه‌ویش حیکایه‌تێکی تێروته‌سه‌لی هه‌یه و له تاقه‌تی ئه‌م یادداشته‌دا نییه. له نێوان کورده‌کانی عوسمانی پێشووتردا، بارودۆخی کورده‌کان له تورکیا له هه‌مووان خراپتر بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له تورکیای مسته‌فا که‌مال ئاتاتورک، ده‌وڵه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌مای ئیتنیکی تورک و ناسیۆنالیست دامه‌زرا و شوناسی کوردی نکۆڵی لێ کرا و هه‌بوونی کورد له بنه‌مادا نکۆڵی لێ کرا و ئه‌وانیان به تورکی کێوی ناو ده‌برد. له هه‌مان سه‌ره‌تاوه سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕشی زۆر له دژی ڕوویدا که ناسراوهترینیان سه‌رهه‌ڵدانی شێخ سه‌عید پیران بوو، به‌ڵام ئاتاتورک به له سێداره‌دانی ناوبرا و چل که‌س له هه‌ڤاڵانی له ئامه‌د و سه‌رکوتی بزووتنه‌وه‌کانی دواتر و ته‌نانه‌ت کوشتوبڕی به کۆمه‌ڵی ده‌یان هه‌زار که‌س له خه‌ڵکی دێرسیم نیشانی دا که له گه‌ڵ کورد سه‌ری سازشی نییه. ئایدیۆلۆژیای ئاتاتورک پاش مه‌رگی ئه‌و وه‌ک خۆی به‌رده‌وام بوو و کورده‌کان بۆ ساڵه‌های ساڵ قوربانی پاکتاوی ئیتنیکی و ئاسیمیلاسیۆنی که‌لتووری بوون. ئه‌وان بێبه‌ش کران له خوێندن و نووسین و ته‌نانه‌ت قسه‌کردن به زمانی زگماکی خۆیان و ناچار کران که زمانی تورکی فێر ببن و ته‌نیا به‌و زمانه بئاخڤن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت مافی هه‌ڵبژاردنی ناو و پاشناوی کوردیان بۆ منداڵه‌کانیان نه‌بوو. ناوی زۆرێک له شار و گوند و ته‌نانه‌ت مزگه‌وت و قوتابخانه کوردییه‌کان گۆڕدرا و له‌جیاتی ئه‌و ناوانه ناوی تورکی دیاری کرا. ناوهێنان له ده‌سته‌واژه‌گه‌لی کوردی یان ده‌سته‌واژه‌ی کوردستان له شوێنه گشتییه‌کاندا بووبووه تاوانێکی قورس که سزاکه‌ی زیندان و هه‌ندێ جار له سێداره‌دان و گۆڕی به کۆمه‌ڵ بوو. له به‌رانبه‌ردا بۆ ئه‌وانه‌ی شوناسی خۆیان وه‌لاوه نابوو و ده‌بوونه تورک ئیمتیازی زۆر له به‌رچاو ده‌گیرا و دابین ده‌کرا. له ساڵی 1925 تا کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م سه‌دان هه‌زار کورد بوونه قوربانی ئه‌م سیاسه‌ته و ژماره‌یه‌کی زۆر کوردیش له ماڵ و زێدی خۆیان دوور خرانه‌وه و به زۆره‌ملی گوازرانه‌وه بۆ ناوچه‌ی دووره‌ده‌ست و تورک نشین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو حه‌شیمه‌تی تورک‌دا تێکه‌ڵ بن و بتوێنه‌وه. گرووپگه‌لێکی زۆریش له عه‌شیره‌ته تورکه‌کان له شاره کوردنشینه‌کان نیشته‌جێ کران بۆ ئه‌وه‌ی دیموگرافیای کوردی ئه‌و ناوچانه تێک بده‌ن. له بواری ئابووریشدا کورده‌کان بێبه‌ش کرابوون له پێشکه‌وتن و ناوچه کوردییه‌کان بووبوونه دواکه‌وتووترین و هه‌ژارترین ناوچه‌کانی تورکیا. له هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌دا بزاڤی زۆر له دژی ئه‌م سیاسه‌تانه سه‌ری هه‌ڵدا که هه‌رکامه‌یان به هۆکارگه‌لێک سه‌رکوت کران و نوشوستیان هێنا که ناسراوترینیان "پارتیا کارکه‌رێن کوردستان" (پارتی کرێکارانی کوردستان- په‌که‌که) بوو. ئه‌م پارته له کۆتاییه‌کانی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌سه‌ر بنه‌مای بیرۆکه‌ی چه‌پ و به په‌نا بردن بۆ شه‌ڕی چه‌کدارانه، دامه‌زرا و له‌و کاته‌وه تا نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ به دروشمی ستاندنه‌وه‌ی مافی کورده‌کان له شه‌ڕدا بوو له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیادا. له‌م شه‌ڕ کاولکاره، ده‌یان هه‌زار که‌س له هه‌ردوو لایه‌ن کوژران و خه‌ساری زۆر به‌ر خه‌ڵکی بێ تاوان که‌وت و بڵێسه‌کانی ئه‌و ئاگره‌ش په‌لی هاوێشته وڵاتانی دراوسێش که باس له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی تاقه‌تی ئه‌م یادداشته‌یه. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌م پارته نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆ و گرووپگه‌لی سیاسی و کۆمه‌ڵانی دیکه‌ش له کوردستانی تورکیادا له کار و چالاکیدا بوون، به‌ڵام له ئه‌رزی واقیعدا و به کرده‌وه که‌وتبوونه ژێر سێبه‌ری چالاکییه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان و له‌ناو ڕای گشتیدا ئۆجه‌لان بووبووه سه‌مبۆلی خه‌بات و به‌رخۆدانی کورده‌کان له دژی هه‌ڵاواردنی ئیتنیکی و زمانی حاکم له‌سه‌ر وڵاتی تورکیادا. حاکمانی تورکیاش ماوه‌یه‌که که ستراتژییه‌تی نکۆڵی و سه‌رکوتیان که‌م کردۆته‌وه و سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ ناڕه‌زایه‌تی و دژایه‌تی ناوخۆیی، ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ربوونی پرسی کورده‌کان له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لانی 64 ساڵان ده‌بیننه‌وه که 25 ساڵ له خه‌باتی سیاسی و سه‌ربازی و 15 ساڵی دیکه‌ی ته‌مه‌نی خۆی له زیندانی دووڕگه‌ی ئیمرالی بردۆته سه‌ر.
ئه‌م خاڵه، ڕوونه که سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ وێکچووییگهلێک، بارودۆخی تورکیا و ئه‌فریقای باشوور له زۆر ڕوو و لایه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کتری جیاوازن، به‌ڵام به ده‌ر له وێک‌چوویی و جیاوازییه‌کان، خاڵی گرینگ ئه‌مه‌یه که ئه‌زموون و میراتی ماندێلا یارمه‌تییه‌کی زۆر ده‌گه‌یێنێ به ڕه‌وتی ئێستای ئاشتی له نێوان هه‌ر دوو لایه‌نی شه‌ڕ له تورکیادا. وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه پێویسته که له‌و سه‌رده‌مه‌دا که ده‌وڵه‌تی ئه‌فریقای باشوور پاش 27 ساڵ زیندانی کردنی ماندێلا له دووڕگه‌ی ڕووبن ئه‌وی گواسته‌وه بۆ ماڵێکی ئه‌من و ئه‌مان و ده‌ستیکرد به دانوستان له‌گه‌ڵیدا، زۆر که‌سان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فریقا ماندێلایان به تیرۆریستێکی ڕه‌ش ناو ده‌برد که به ساڵان خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی کردووه و به تاوانی کاری تێکده‌رانه و خه‌یانه‌ت به وڵات ڕۆیشتۆته زیندان. له‌لایه‌کی دیکه‌وه زۆرێک له ڕه‌ش پێسته‌کان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون که ڕێگای ستاندنه‌وه‌ی مافه‌کانیان ئه‌وه‌یه که تا دوایین هه‌ناسه له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌کان شه‌ڕ بکه‌ن. ئه‌وان ده‌وڵه‌تیان به جێگای متمانه نه‌ده‌زانی و دانوستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تیان به بێ سوود و لادان له ئارمان و بنه‌ماکان و به نیشانه‌ی سازان و ته‌سلیم بوون ده‌زانی. به‌ڵام ماندێلا که به باشی ده‌یزانی چی ده‌وێت به پاراستنی ئارمانگه‌رایی، ڕێگای به ڕووی پراگماتیسم کرده‌وه و به له‌بیرکردنی ڕابردووی دڵته‌زێن، سه‌ره‌نجی خسته سه‌ر ژیان له ئێستادا و ڕوانین به‌ره‌و داهاتوو. مێژوویی ترین ڕووداو ئه‌وه بوو که ئه‌و به وره‌ی به‌رزی که‌وته گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ دوژمنان و ئهشکهنجهکهرانی و زیاتر له‌وه‌ش قه‌ناعه‌تی به لایه‌نگرانی ئاپارتاید هێنا که ئه‌گه‌ر به‌رابه‌ری ڕه‌شپێسته‌کان قبووڵ بکه‌ن ئه‌وانیش براوه و سه‌رکه‌وتوو ده‌بن و ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ی دا که پاش ئازادی، ئاڵای سپی ئاشتی ته‌نانه‌ت بۆ بهندیوانهکانی هه‌ڵ ده‌کات و ڕێگه نادات که هه‌رگیز بێ به‌زه‌ییه‌کانی ڕابردوو دووپات ببێته‌وه. ماندێلا به هێنانه ئارای ستراتژییه‌تی یاری "دوو لایه‌نی دۆڕاو" یان "دوو لایه‌نی براوه"، قه‌ناعه‌تی به دوژمنانی ڕابردوو هێنا که به‌رده‌وامیی دۆخی ئێستا له به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌نێکدا نییه و به‌وانی قبووڵاندا که ته‌نیا ئه‌وکات سپی پێسته‌کان براوه ده‌بن که مافی به‌رابه‌ری ڕه‌شه‌کان قبووڵ بکه‌ن و مل به یاری "براوه - براوه" بده‌ن، له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌و که‌وته گفتوگۆیه‌کی ڕه‌خنه‌یی له گه‌ڵ لایه‌نگرانیدا، ماندێلا بۆ لایه‌نگرانی ڕابه‌رێکی کاریزماتیک و وه‌کوو قدیس وابوو، به‌ڵام هۆشمه‌ندانه له سه‌رۆکایه‌تی کاریزمایی و هه‌یه‌جانی دووری گرت و هه‌وڵی دا به شێوه‌ی ئه‌خلاقی و لۆژیکیانه و به عه‌قڵییه‌ته‌وه سه‌رۆکایه‌تی کۆمه‌ڵگاکه‌ی بکات له ده‌وری به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و دووری بگرێت له ناکۆکی عه‌شیره‌یی و گرووپی و پشکخوازی تاکه‌که‌سی. ئه‌و بۆ هێنانه‌دی ئه‌م ئامانجه خۆی ده‌رباز کرد له چوارچێوگهلی به‌رته‌سکی سیاسی یان حزبی و ئایدیۆلۆژیک و له که‌سایه‌تی سه‌رۆکێکی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌ردمی (به‌و چه‌شنه‌ی که ئه‌فریقاییه‌کان ئه‌ویان به ڕۆڵه‌ی نیشتیمان و باوکی گه‌ل ناو برد) ده‌رکه‌وت و ژیرانه به هاوڕایی و هاوکاری و ڕاوێژ له‌گه‌ڵ گرووپه ڕه‌شپێسته‌کانی دیکه و ته‌نانه‌ت سپی پێسته‌کانی به‌رهه‌ڵستکار و دژبه‌ری هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی، قه‌ناعه‌تی به خه‌ڵک هێنا که کات، کاتی گۆڕاندن و سه‌ره‌وژێرکردنه. ئه‌و، ئه‌وه‌ی به لایه‌نگرانی ناساند که گۆڕانکاری له دونیای ده‌ورووبه‌ر ته‌نیا به گۆڕانکاری له ڕه‌وشه‌کانی پێشوو دێته‌دی و ته‌نیا ڕێگا بۆ ده‌رچوون له گۆشه‌گیری و به‌ده‌ستهێنانی پشتگیریی پیاوانی حکوومه‌ت و ڕای گشتی دونیا، ئه‌وه‌یه که له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا توندوتیژی وه‌لاوه بنین و بیانوو له پیاوانی ده‌وڵه‌ت بگرنه‌وه و ئه‌وکات له که‌شێکی ئارام و ئازاد بابه‌تی خه‌باتی ئاشتیخوازانه واتا "هه‌وڵدانی دیموکراتیک بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردن" بۆ هه‌موو خه‌ڵکی جیهان ڕوون بکاته‌وه. ئه‌و به ڕاشکاوانه ڕایگه‌یاند که شه‌ڕ و چه‌ک، ته‌نیا توندوتیژی و نه‌فره‌ت زیاد ده‌کات و چاره‌سه‌ریی مه‌سه‌له‌کان دژوار ده‌کات و به لایه‌نگرانی وت که چه‌که‌کانیان بخه‌نه ده‌ریاکانه‌وه و ڕێگه نه‌ده‌ن که له سه‌رزه‌مینی په‌لکه‌زێڕینه‌ی ئه‌فریقا، که‌سێک، که‌سێکی دیکه به چه‌ک سه‌رکوت بکات. له به‌رانبه‌ردا داوای له‌وان کرد که ناڕه‌زایه‌تی ئینسانی خۆیان به کۆبوونه‌وه‌ی ئاشتیخوازانه، گفتوگۆ، هونه‌ر، مۆسیقا، سینه‌ما و دیکه‌ی ڕه‌وشه‌کانی عه‌قڵانی و دیموکراتیک بگه‌یێنه گوێی هه‌موو جیهان. ئه‌و به بازدان به سه‌ر جیاوازی ڕه‌گه‌زی و ئیتنیکی و مه‌زه‌بی و ڕه‌نگی پێست و... پابه‌ندیی ئه‌وه‌ی دا که بۆ دروستکردنی ئهفریقایهکی نوێ هه‌وڵ بدات. ئه‌فریقایه‌ک که تێیدا جیاوازی له نێوان ڕه‌ش و سپی‌دا نه‌بێ و ئه‌و برینانه‌ی که پێشتر له لایه‌ن سپی و ڕه‌ش پێسته‌کانه‌وه له یه‌ک درابوون، ساڕ‌ێژ بکرێنه‌وه، ماندێلا به‌م ڕۆحه مه‌زنه و وێژدانی به خه‌به‌ر، به عه‌شق و لێبورده‌یی و مرۆڤایه‌تی مانایه‌کی نوێ به‌خشی و بوو به ئیلهام به‌خشی شهفهقیهت و لێبورده‌یی بۆ گه‌له‌کی و فێریانی کرد که له یه‌ک خۆش بن، به‌ڵام ڕابردوو له بیر نه‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ده‌رفه‌تی دووباره بوونه‌وه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسێت، به‌م جۆره بوو که ئه‌و وڵاتێکی نوێ و دونیایه‌کی نوێ ئافراند.
ماندێلا که به چه‌ک، ئیحساس و هه‌یه‌جانه‌وه ڕۆیشته زیندان، پاش سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕانێکی نوێ له زه‌ین و ده‌روون و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی به په‌یامی ئاشتی و به‌رابه‌ری ڕه‌گه‌زه‌کان و ڕه‌نگه‌کان و زمانه‌کان و دادپه‌روه‌ریی ئینسانی بۆ هه‌مووان له زیندان ده‌رهات، بوو به نموونه‌یه‌ک بۆ دووری گرتن له توندوتیژی دیموکراسی و ئازادی، نه ته‌نیا بۆ گه‌لی ئه‌فریقا به‌ڵکوو بۆ هه‌موو جیهانیان.
ئه‌مڕۆکه‌ش چاوی زۆرێک له که‌سان و سیاسییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و جیهان چاوه‌ڕێی دانوستانی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان و ئۆجه‌لان و دیکه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورده‌کانه و هیوایان به‌وه‌یه که ئه‌وان به ئیلهام له ئه‌زموونی ئه‌فریقای باشوور و ده‌رک کردن به گۆڕانی سه‌رده‌م، کۆتایی به شه‌ڕ و توندوتیژی بێنن و نووری ڕوونی ئاشتی و دووری گرتن له توندوتیژی به دیاری بێنن بۆ خه‌ڵکی ئازارچه‌شتوو و ماندوو له شه‌ڕ و نیشانی بده‌ن که هه‌رچه‌ند ماندێلا ماڵئاوایی له دونیا کردووه، به‌ڵام میراته‌که‌ی زیندووه و هێشتاکه ژیان ده‌به‌خشێته خه‌ڵکی ماندوو له شه‌ڕ و توندوتیژی و تینووی ئازادی و یه‌کسانی.
به هیوای ئه‌وه‌ی که ئه‌زموونی ئه‌وان ئیلهام به‌خشی دیکه‌ی ناوچه‌کانی جیهان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین بێت و کۆتایی بێنێ به توندوتیژی قه‌ومی و مه‌زه‌بی و کوشتوبڕی مرۆڤه بێ تاوانه‌کان.
- دوکتۆر ئیسماعیل شهمس، له توێژه‌رانی کورد و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی کوردناسی له ئه‌نسکلۆپیدیای گه‌وره‌ی ئیسلامیه
بۆچوونه‌کان