حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد نیازی، حەوتی گوڵانی ساڵی(۱۳۱۶)ی هەتاوی لە ئاوایی دێبۆکر چاوی بە دونیا هەڵێنا. لە تەمەنی هەشت ساڵی لە خزمەت مامۆستای ئەو کاتی ئاوایی دێبۆکر و کەسێکی تر لە خوێندەوارانی ئەو کات، دەستی بە خوێندنی دەرس کرد. لە ساڵی(۱۳۲۹)ی هەتاوی بە مەبەستی فەقێیەتی و لەسەر پێشنیار و ئیجازەی بابی و مامی خۆشەویستی کە ئەویش مامۆستای ئایینی بوو، ڕووی لە ئاوایی گردکسپیانی پیرانشار کرد و دوای ماوەیەک بەرەو ئاواییەکانی ئەندێزێ و دربکە بارگەی سەفەری تێک نا و لە خزمەت حاجی مامۆستا مەلا عەلی دربکە درێژەی بە خوێندن دا.
سەفەرە نێوخۆیی و کاتییەکانی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد نیازی بە مەبەستی وەرگرتنی ئەزموون و تەجرەبەی زانستی و ئایینی، لە ئاکامدا بە ئاواییەکانی جەڵدیان و دێڵزێ و خورینج کۆتایی پێ هات. دوای ئەوەی لە ئاوایی خورینج لە خزمەت حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی عەزیزی کە یەکێ لە گەورەترین و شارەزاترین مامۆستایانی شارەزای شەریعەت بوو لە ناوچەی لاجان، تەجرەبە و ئەزموونێکی زۆری لە سەر زانستی ئایین وەدەست کەوت، ئەمجارەیان ڕووی لە زینوێی شێخان و قەلەڕەشێ کرد لە کوردستانی عێراق، و دوای ماوەیەکی زۆر گەڕایەوە ئاوایی پەسوێ و لە خزمەت حاجی مامۆستا مەلا ساڵحی پەسوێ سەر لەنوێ بەرپرسایەتی دەروەستی خۆی وەستۆ گرت و لە خزمەت بەڕێزیشیاندا درێژەی بە خوێندن دا… دڵی تامەزرۆی زانستی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد نیازی، ئەمجارەیان ئەوی پەلکێشی ئاوایی شێلمجاڕان کرد و تا کۆتایی دەرسەکەی و وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی کە لە ساڵی(۱۳۴۳)ی هەتاوی بوو لە خزمەت عەللامە حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی بداقی کە لە گەورەترین و شارەزاترین مامۆستایانی کوردستانی عێراق و ئێران و تورکیە و سووریە بوو، لە شێلمجاڕان مایەوە.
دوای وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی گەڕایەوە زێدی خۆی ئاوایی دێبۆکر و بە هۆی نەخۆشی و چوونەسەری تەمەنی دایک و بابی و هەروەها فەوتی برای خۆشەویستی کە نێوی ” موحەممەد ئەمین” بوو، بەرپرسایەتی و بەخێوکردنی سێ برازای خۆشەویستی خۆی بە نێوەکانی ئەبووبەکر و زارا و فاتیمە و هەروەها پێ ڕاگەیشتن بە دایک و بابی، بۆ ماوەی هەشت ساڵ دوای ئیجازە وەرگرتن لە ئاوایی دێبۆکر مایەوە و چونکە دەرەتانی ئەوەی نەبوو کە ئیمامەت و مەلایەتی هیچ شوێنێک وەستۆی خۆی بگرێ، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی دایک و بابی و هەروەها سێ برازا سەغیرەکەی، قۆڵی لە کاری کشت و کاڵ هەڵماڵی.
هاوکات لەگەڵ کشت و کاڵ، و هاوڕێ لەگەڵ خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا مستەفا قادرپوور ئازەر کە ئەوکات هەم مامۆستای ئایینی دێبۆکر بوو هەم هەواڵی چاخی منداڵی و فەقێیەتی و دەرس خوێندنیشی بوو، ئەرکی ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاوایی دێبۆکریشی وەستۆی خۆی گرت. حاجی مامۆستا مەلاموحەممەد تا ساڵی(۱۳۵۸)ی هەتاوی و بە دوای کۆچی دوایی دایک و بابی و هەروەها پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی بۆ هەرسێک برازاکەی، لەسەر داوای خەڵکی ئاوایی ماسوێ ئەرکی مەلایەتی و ئیمامەتی ئەو دێیەی وەستۆی خۆی گرت و(۲۹) ساڵ لە ئاوایی ماسوێ مایەوە.
حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد بە هۆی نەخۆشی دڵ کە ماوەیەکی زۆر بوو تووشی ببوو، ناچار بوو لە ساڵی(۱۳۸۶)ی هەتاوی و لەسەر ویست و داخوازی خەڵکی کۆسەکەرێز ئاوایی ماسوێ بەجێ بێڵێ و بۆ وەستۆخۆگرتنی ئیمامەت و مەلایەتی بەرەو ئاوایی کۆسەکەرێز کۆچ بکا.بەڕێزیان ماوەی(۹) ساڵ لە کۆسەکەرێز مایەوە و ئەو ئەرکە پیرۆزەی ڕاپەڕاند. تا ئەوەیکە لە ساڵی(۱۳۹۵)ی هەتاوی بە هۆی پەرە ئەستاندنی نەخۆشی قەلبی و گورچیلە و دوای(۳۹ ) ساڵ مەلایەتی، لەسەر ویست و داخوازی خۆی، خۆی خانەنشین کرد و تەواوی کاتی خۆی تەرخان کرد بە خوێندنەوە و ڕاپەڕاندنی کاروباری ئەو خەڵکەی کە دوای خانەنشینیش ڕوویان لێ دەنا بۆ کاروبارە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان.
حاجی مامۆستا مەلاموحەممەد دە ماوەی (۸۳ ) ساڵ تەمەنی خۆی دا دوو جار بەشداری شکۆی پڕ لە مێهر و ئەوینی حەج بووە و دەیان جار بەشداری کۆنفڕانس و هەمایش و کۆبوونەوە ئایینی و زانستییەکانی ناوخۆی وڵات و دەرەوە بووە لە تورکیە و عێراق و سووریە و میسر…. بەڕێزیان خاوەنی هاوسەرێکی فیداکار مێهرەبان و لە خۆبوردوو بوو بە نێوی زێنەب خاتوون کە: دە تەواوی ژیانیدا شان بە شانی حاجی مامۆستا جەور و ئازار و نەهامەتییەکانی ژیانی هاوبەشی کێشا. ئەو دوو هاوسەرە ئەویندارە خاوەنی(۸) منداڵ و(۱۵) نەوەن. سەر ئەنجام لە ڕێکەوتی (۲۰)ی خەزەڵوەری ساڵی (۱۳۹۹)ی هەتاوی، بە هۆی نەخۆشی دڵ کە ماوەی بیست و دوو ساڵ بوو حاجی مامۆستای خستبۆ ژێر زەخت و گوشار، لە نەخۆشخانەی مەهاباد گیانی پاکی تەسلیمی کردگاری بێوێنە کرد و ئەمری خوای مەزنی بە جێ هێنا.
تەرمی پاکی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد دەنێو ئەژمارێکی زۆر و بێوێنە لە هۆگرانی و خەڵکی ئەمەکناس و باوەفا، لەسەر ویست و وەسیەتی خۆی گوێزرایەوە گۆڕستانی ” قەبرە وێڵان” لە زێدی خۆی واتا ئاوایی دێبۆکر و لە پەنا خوالێخۆشبووان دایک و بابی و هاوڕێی خۆشەویستی خۆی مامۆستا مەلامستەفا قادرپوور ئازەر، تەسلیم بە خاک کرا.
بۆچوونهکان