مه‌ولوود به‌هرامیان «ڕای من ڕاسته، به‌ڵام ده‌شێت هه‌ڵه بێت، ڕای ئه‌وانی دی هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام ده‌شێت ڕاست بێ» ئیمامی شافیعی زیاتر له ١٥٠ ساڵ له هێرشیی ناپلئۆن بۆ سه‌ر وڵاتی میسر به تایبهتیو وێککه‌وتنی دونیای ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی ڕاده‌بوورێ. ئه‌م هێرشه گه‌رچی له جه‌وهه‌ری خۆێدا هێرشیکی سه‌ربازی و ئیستیعماری بوو به‌ڵام ده‌ره‌نجامگه‌لی زۆری گۆڕانی فه‌رهه‌نگی، سیاسی، نیزامی، خوێندن‌و راهێنانی و ... هتد به‌دواوه بوو. له‌م وێستگه له مێژوویی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست دا دوو جیهان به دوو ئاراسته‌وه وه یه‌ک که‌وتن. جیهانی یه‌که‌م که جیهانی ڕۆژئاوایه زیاتر له دوو سه‌ده بوو که پڕۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌و فره ڕه‌هه‌ندی به ناو مۆدێڕنیته‌ی تێپه‌ڕاندبوو. له به‌رانبه‌ر ئه‌و جیهانه نوێیه دا جیهانێکی دیکه به ناوی ڕۆژهه‌ڵات هه‌بوو که له باری سیاسی، فه‌رهه‌نگی، پیشه‌سازی، ته‌ندروستی، خۆشگوزه‌رانی، ئابووری و خوێندن‌و په‌روه‌رده کردن دا له لووتکه‌ی خه‌وی خۆشی پڕ له بێئاگایی خۆی دا بوو. بێگوومان کوردستانی ئێمه‌ش له هه‌لومه‌رجێکی ناله‌بارتر دا ده‌ژیا. له‌و نووسینه‌دا ده‌مهه‌وێ تێشکێک بخه‌مه سه‌ر بزاڤی ئیسلامی و پۆڵێنبهندێکی ئیجمالی بۆ بکه‌م که به سێ به‌شی سه‌ره‌کی دابه‌ش ده‌بێ: ١. رێفۆرمخوازه ئیسلامییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م له سه‌ده‌ی نۆزده‌ی زایینی دا له ژێر کاریگه‌ری مودێڕنهی غه‌ربی هێنده‌ک بیرمه‌ندی ژیری موسوڵمان که دواتر به رێفۆرمخوازان یا ئیحیاگهرانی ئایینی ناوزه‌د کران، سه‌ریان هه‌ڵدا. دیارترین سیمای ڕیفۆرمخوازی ئه‌و سه‌رده‌مه؛ بیرمه‌ندی ماندویینهناس سه‌ید جه‌ماڵه‌دینی ئه‌فغانییه که سه‌ردانی وڵاتانی ئه‌ورووپایی وه‌کوو فه‌رانسه ده‌کا هه‌ست به دواکهوتووییو داڕزانێکی ئیجگار له راده‌به‌ده‌ری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی وڵاتانی ئیسلامی ده‌کا. سه‌ید جه‌ماڵ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌ردانی باره‌گای شایه‌کانی عوسمانی و ئێرانی کرد، ئه‌و پێی وا بوو که به ئیسلاحو چاکسازی له ئاستی سیاسه‌ت دا ئاڵۆگۆڕیی بنه‌ره‌تی دێته ئاراوه‌و ده‌یگووت خه‌ڵک له سه‌ر ئایینی پاشاکانیانن. سه‌ید جه‌ماڵ له بواری فیکرییه‌وه زۆر له فه‌رهه‌نگی ڕۆژئاوا شوێنی وه‌رگرتبوو و به واتایه‌کی تر زۆر به پێشکه‌وته‌کانی غه‌رب سه‌رسام ببوو‌و له‌لایه‌کیتره‌وه دواکه‌وتوویی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات زۆر ئازاری ده‌دا، بۆیه داوای ئیسلاحی سیاسی نه‌ک له پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و له‌خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه به‌ڵکوو له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه به که‌ڵک وه‌رگرتن له زانستی نوێی غه‌ربی ده‌کرد، سه‌ید جه‌ماڵ هه‌ستی به دژایه‌تی له نێوان زانستی نوێ‌و ئایینی ئیسلام نه‌ده‌کرد؛ ئه‌وه له کاتێک دابوو که سه‌ده‌ی نۆزده قۆناغی زانستگهرایهکی پۆزیتیویستیانهی تۆخ بوو که هه‌موو شتێکی به پێوه‌ری هه‌ست- دیتن و ئه‌زموون(تهجرێبه) مه‌زنده ده‌کردو له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و سه‌رمه‌شقه فیکریه زاڵه‌و چه‌شنه جیهانبینیه‌کی زانستییه ماتریاڵهدا، دین وه‌کوو تریاکو ئه‌فیونێک بۆ گه‌لان ده‌هاته ئه‌ژمار و به دیارده‌یه‌کی ته‌واو متافیزیکی و غه‌یبانی سه‌یری ده‌کرا و دا ده‌نرا. دیاره ئاکامی هه‌وڵی سیاسی سه‌ید جه‌ماڵ شتێکی وای لێنه‌که‌وته‌وه که ئێستا بشێ باسیی لێوه بکه‌ین. له دوای سه‌ید جه‌ماڵ قوتابی‌و هاوڕێی ئه‌و شێخ محه‌ممه‌دی عه‌بده به شێوازێکی دیکه هه‌وڵه‌کانی چاکسازی خۆی له بوواری فێرکردن‌و راهێنانو له قاعدهیهکی خواره‌وه- سه‌ره‌وه درێژه پێدا، شێخ محه‌ممه‌دی عه‌بده که خۆی موفتی جامیعی ئه‌زهه‌ریش بوو، داوای چاکسازی له بوواری فێرکردن‌و راهێنانی قوتابیانی ئه‌زهه‌ر به که‌ڵک وه‌رگرتن له مێتۆده نوێیه‌کانی فێرکاری کرد. له‌م به‌ستێنه‌دا، کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی دیکه‌ی وه‌کوو محه‌ممه‌د ره‌شید ره‌زا پێشتر له سوریا‌و دواتر له وڵاتی میسر‌و عهبدوررهحمانی که‌واکیبی هه‌ر له سوریا‌و خهیرهدینی تونسی له تونیس، سێرئهحمهدخانو محه‌ممه‌د ئیقبالی لاهووری له هێندستانو عه‌بدولحه‌مید بێنبادیس له جه‌زایرو له ئێرانیش حه‌سه‌نی نائینی ئه‌و هه‌وڵانه‌یان له ئاستی ئیسلاح و چاکسازی وڵاته‌کانی خۆیان پێشکه‌ش کرد. به کورتی هه‌مووی ئه‌وانه به‌تایبه‌ت ره‌شید ره‌زا، داوای گه‌رانه‌وه بۆ ئیسلامیی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌رو خوله‌فای راشیدینیان ده‌کردو پێیان وا بوو که دوورکه‌وتنه‌وه له سه‌رچاوه‌کانی سه‌ره‌کی ئیسلام وه‌کوو قورئان‌و حه‌دیس هۆکاری دواکه‌وتنی موسوڵمانانه. دیاره هیچ دژایهتێکیشیان له نێوان ئیسلام‌و زانستی نوێ دا نه‌ده‌دیت. له دوای ئه‌وه‌ی که مۆدێڕنه‌ی ڕۆژئاوایی هاته ناو وڵاتانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه -که به‌داخه‌وه- تێکه‌ڵ بوو له‌گه‌ڵ کۆلۆنیالیزمێکی داپڵۆسێنه‌ر که ده‌وری گه‌وره‌یان له دواکه‌وتوویی، تاڵان‌و قه‌ڵاچۆی خه‌ڵک هه‌بوو. له‌و نێوه‌دا بارودۆخی کوردستانیش له وڵاتانی دیکه باشتر نه‌بوو؛ چوونکه به دوو جار کۆیله بوو و به دوو قات سته‌میی لێده‌کرا؛ هه‌ر بۆیه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان موسوڵمانن، به‌ڵام له ئاکامی ئه‌و پچڕ پچرهی وه کوردستان که‌وتو بوو به پێنج به‌ش، مودێرنهیهکی سه‌قه‌ت به‌رهه‌م هاتو نه‌یتوانی رۆشنبیرانێکی وه‌کوو سه‌یدجه‌ماڵ به‌رهه‌م بێنێ و ته‌نیا ناسیۆنالیزمێکی سووننیئاژۆی پێشکه‌ش کرد، مخابن ئه‌ویش هه‌ر له‌به‌ر دواکه‌وتوویی فیکری، رواڵه‌تێکی عه‌شایری‌و خێڵه‌کیی به خۆیه‌وه بینی‌و له ئاستی مه‌عریفه‌دا نه‌یتوانی مه‌عریفه‌یه‌کی ئایینی به‌دی بێنێ‌و مامۆستایانی ئایینی زۆر به هاسانیی به بێ هیچ موناقه‌شه‌یه‌کی فیکری – هه‌ڵبه‌ت نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه که به باشی لێکدانه‌وه‌یان له سه‌ر کردبێ‌و به ئه‌رگۆمێنته‌وه شته‌کانیان شیته‌ڵ کردبێ- ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌و هێنده‌ک له که‌ره‌سه‌کانی به‌رهه‌می مۆدێڕنهیان وهرگرتو هه‌ر له‌سه‌ر وه‌ته‌ری بیری زانستیی فیقهی سوننه‌تی خۆیان رۆیشتن‌و هیچ داهێنانێکیان له‌باری مه‌عریفه‌ی ئایینی نه‌بوو جگه له‌وه که کتێبه شه‌رعیه‌کان به باشی له‌به‌ر کهنو یان حاشیه‌ی ده‌قه‌کان بخوێننه‌وه و راڤه‌ی بکهنو دواجار خۆیان له چوارچێوه‌ی زانستی فیقهی ڕێچکه‌یه‌کی تایبهتو ئوسوڵی فیقهێکی که له جه‌وهه‌ری خۆیدا، بنه‌ما و ڕێساگه‌لێکی عه‌قڵییه بۆ هه‌ڵێنجانی حوکمه شه‌رعیه‌کان بۆ سه‌رده‌می کۆکردنه‌وه‌ی خۆی به‌رهه‌م هاتووه، قه‌تیس دا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێ که له زۆربه‌ی کات دا، له‌لایه‌ن توێژێک له‌و مامۆستا ئایینیانه، دژایه‌تی زانستی نوێ‌و قوتابخانه نوێیه‌کانیان ده‌کراو به‌رهه‌می زانستی تهجرێبییان به زانستێکی ئه‌هریمه‌نی دادهناو بۆ هه‌موو شتێکی نوێش چاویان له کتێبه‌کانی شه‌رعی سه‌رده‌می زێڕین ده‌کردو وڵامێکی ئه‌وتۆیان بۆ پرسیاره نوێیه‌کانی سه‌رده‌می نوێ پێ نه‌بوو. ٢. بزووتنه‌وه‌ی ئیخوانولموسلێمین میسر‌و خوێندنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه له دین له ئێران‌و کوردستانی ئێران(ئیسلامیی شۆڕشگێڕانه) دوای ئه‌وه‌ی که ئیمپراتۆری عوسمانی له ساڵی ١٩٢٤ به ده‌ستی که‌مال ئه‌تاتورک رۆخاو ده‌وڵه‌ته نوێیه ده‌سکرده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوڤین دروست بوون‌و شێوازێکی ناشیرنی مودێرنیزاسیۆن له تورکیا پێشکه‌ش کرا و هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی به ناو ئایینی و خه‌لافه‌تی ئیسلامی له سه‌ر وڵاتانی جیهانی ئیسلام نه‌ما، ده‌ره‌نجامی ره‌وتی ئیسلامخوازیو بزاڤی رۆشنبیری ئیسلامی له ژێر کاردانه‌وه‌ی ڕووخانی سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانی‌و ئامووزهکانی محه‌ممه‌د ره‌شید ره‌زا که پتر له هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له سه‌ره‌وه‌دا باسیان کرا، ته‌مای گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می سه‌له‌فی ساڵحیی هه‌بوو، بوو به هه‌وێنی پێکهێنانیی کۆمه‌ڵه‌ی ئیخوانولموسلێمین که له ساڵی ١٩٢٨ دا له شارۆچکه‌ی مه‌حمودیه‌ی میسر به ده‌ستی شێخ حه‌سه‌ن به‌ننا قوتابی شێخ ره‌شید ره‌زا دامه‌زرا، ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه داوای ئیسلاحیی له بواری فه‌ردی، خێزان، کۆمه‌ڵگه و هه‌روه‌ها دروستبوونی دهوهڵهتێکی ئیسلامی نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ژیاندنه‌وه‌ی خیلافه‌تی ئیسلامی‌و ته‌نانه‌ت پێشکه‌شکردنی مامۆستایه‌تی بۆ کۆی مرۆڤایه‌تی ده‌کردو پێشی وا بوو که ئیستبداد‌و تاکڕه‌وی حاکمه‌کان ده‌بێ به گه‌ڕانه‌وه بۆ شووڕا کۆت بکرێ‌و ده‌سه‌ڵات سیستمێکی جه‌معیی شۆڕایی به مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلام وه‌کوو قورئان سوننه‌ت بیبا به‌ڕێوه، دیاره ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ش به ئێستاشه‌وه خۆلیای یۆتۆپیکی گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می خیلافه‌تی راشیدینی له پڕۆژه‌ی خۆی دا هه‌یه. ئاشکرایه دوای ئه‌وه که حوکومه‌تی ناسر له دوایی کۆده‌تای ١٩٥٤هاته سه‌ر کار و نێوانی ناسرو ئه‌فسه‌رانی ئازاد له‌گه‌ڵ ئیخوان تێکچووو جه‌ماڵ که‌وته قه‌ده‌غه‌کردنی کار‌و تێکۆشانی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌و له ئاکامدا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌ندامانی ڕاپێچی زیندانه‌کانی میسری کردن‌و بێحورمهتێکی زۆری پێکردن. له ئاکامی شکه‌نجه‌و ئیهانهتکردنی ئه‌و موسوڵمانانه که زۆربه‌شیان لاو بوون گووتارێکی ئینقلابی له ئیسلام سه‌ری هه‌ڵداو گووتاری ئیسلامی شۆڕشگێڕ که به مانیفێست کردنی بۆچوونه‌کانی خوالیخۆشبوو سه‌ید قوتب به نووسینی کتێبی «فیالظلال القرآ‌ن» و دواتریش له ١٩٦٦«معالم فی الطریق» له زیندان، تیوریزه کرا، به‌دیهات. دیاره هۆکاری سه‌ره‌کی دروست بوونی ئه‌م گووتاره به پله‌ی یه‌که‌م خوودی ده‌وڵه‌تی سۆسیالیستی تۆتالیتاری نامه‌ده‌نی جه‌ماڵ عه‌بدولناسر بوو که به شێوه‌یه‌کی دڕندانه ١٧هه‌زار ئیخوانی له ڕۆژێک دا له زیندانان تووند کرد. له ئێرانیش دا ئه‌و شێوه گووتاره له‌لایه‌ن دیارترین که‌سایه‌تی ڕۆشنبیری ئه‌و سه‌رده‌مه؛ دوکتۆر عه‌لی شهریعهتیوه له ژێر کاریگه‌ری مارکسیزم‌و خوێندنه‌وه‌یه‌کی مارکسیانه بۆ ئیسلامی شیعی به‌رهه‌م هات، شه‌ریعه‌تی، ئیسلامی له دۆخی فه‌رهه‌نگێکی ئێستاتیک بۆ دۆخی ئادیۆلۆژیایه‌کی ئایینی دینامیک گۆڕی‌و نه‌سلێکی شۆڕشگێری به ووتاره پڕ ههستو هه‌ستیاره‌کانی به‌دیهێنا دیاره، شه‌ریعه‌تی به‌رهه‌می خه‌باتی خۆی به چاوان نه‌دی و له مه‌رگێکی کوتوپڕ له ١٩٧٨دا له له‌نده‌ن کۆچیی دوایی کرد. زایه‌ڵه‌ی بانگه‌شه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان دوای ١٨ساڵ، گه‌یشته کوردستانی باشوور‌و سی ساڵ دواتر هاوکات له‌گه‌ڵ شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ١٩٧٩گهیشته کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات؛ دیاره ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له هه‌ر شوێنه‌ی به پێی ههلومهرجیی سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و وڵاته، خۆی له‌گه‌ڵ واقێعهکه ده‌گونجێنێ که له دوایه دا زیاتر دێمه‌وه سه‌ری. له ئاخرو ئۆخری ده‌یه‌ی ٧٠ی زایینی زانای به‌ناوبانگ کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده له ژێر کاریگه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی جیهانی ئیسلامی بهگشتیو هه‌روه‌ها گووتاری شۆڕشگێڕی ئیسلامیی ئه‌و سه‌رده‌مه له ئێران، "مه‌دره‌سه‌ی قورئان"ی - که دواتر به ناوی " مه‌کته‌ب قورئان" ناوزه‌د کرا - پێشتر له مهریوانو دواتر له سنه به هاوکاری چه‌ند که‌س له مامۆستایانی ئیخوانی دامهزراندو داوای ئیسلاحی له بواری فێرکاری‌و راهێنانی دینیدا پێشکه‌ش کرد که وا وێده‌چێ کاک ئه‌حمه‌د ده‌یهه‌ویست له‌و مه‌دره‌سانه دا به‌ره‌یه‌کی شۆڕشگێڕ به تێڕوانینێکی شۆڕشگێڕانه‌ی رادیکاڵ له پڕۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا، به‌رهه‌م بێنێ، چوونکه ئه‌و له دوای لادانی شۆڕش له ئامانجه‌کانی سه‌ره‌کی خۆی ده‌یگووت که ئینقلاب زۆر خێرا به بێ زه‌مینه‌سازێکی درێژخایه‌ن ده‌ستی پێ‌کرد، هه‌ر بۆیه‌ش به لاڕێ‌و ئینحرافدا ڕۆیی. له‌لایه‌کیتره‌وه ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌ی، به‌رنامه‌ی کاک ئه‌حمه‌د، هه‌ر له سه‌ر ئه‌و هێڵه گشتییه ده‌رویشت که رابوونی سه‌له‌فیگه‌ری (گه‌رانه‌وه بۆ ئیسلامه پاکه بێگه‌رده‌که‌ی سه‌ره‌تای ئیسلام‌و خیلافه‌تی راشیده) له سه‌ده‌ی نۆزده‌و بیست دا ته‌رحی کردبوو. له ڕاستیدا گووتاری میللی- مه‌زهه‌بی، کاک ئه‌حمه‌د زۆر قسه ههڵدهگرێو ده‌بێ له باسێکی تایبه‌تدا تاووتۆێ بکرێ، به‌ڵام من لێره‌وه ئاماژه‌یه‌کی کورت، به گرینگ‌ترین خاڵه‌کانی ده‌ده‌م: - زیندوو کردنه‌وه‌ی سیسته‌می شۆرا له ئاستی ده‌سه‌ڵات له خواره‌وه بۆ سه‌روه. - هه‌وڵدان بۆ یه‌کێتی شیعه و سوننی و دوره‌په‌رێزی له ئیختلاف‌و مه‌زهه‌بگه‌رایی. - رەخنه له سه‌ر مارکسیزم به نووسینی په‌ڕاوی دیالکتیکی ئیسلامیی. - ره‌خنه گرتن له دواکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به گشتیی و به‌تایبه‌ت کۆی ئه‌و شێخ و مه‌شایه‌خه که له تهسووفو عیرفان وه‌کوو ئامرازێک له ئایین بۆ گه‌یشتن به ئامانجه شه‌خسی و به‌رژه‌وه‌ندیه ماددیه‌کانیان که‌ڵکیان وهردهگرتو شه‌رمه‌زار کردنی ئه‌و مه‌لایانه‌ی که به باوه‌ڕی کاک ئه‌حمه‌د دینیان به‌و شێوه‌یه‌ی که شیاوه به خه‌ڵک رانه‌گه‌یاندوه‌و چینێکیان به‌دیهێناوه که له ئیسلامی سه‌ره‌تا دا بوونی نه‌بووه و پیاوانێک به ناوی« پیاوی ئایین» نه‌بووه‌و نابێ ببن. (ده‌توانین بڵێین که کاک ئه‌حمه‌د له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا له شهریعهتیو سه‌ید قوتب ته‌ئسیری وه‌رگرتووه) - گرینگ‌ترین لایه‌نی به‌رنامه‌ی کاک ئه‌حمه‌د، هه‌وڵدانێکی چروپڕی پڕاتیکی ئه‌و بۆ جێگیرکردنی رهوشتو ئه‌خلاقی ئیسلامی له جێگه‌ی ئهخلاقو نه‌ریتی ئه‌شرافی و چینایه‌تی. - دروستکردنی گووتارێکی هاوچه‌شنی شه‌ریعه‌تی به ته‌رحی بیرۆکه‌ی سوننی ئه‌مه‌وه‌ی- سوننی نه‌به‌وی له هاوسه‌نگیی له‌گه‌ڵ ته‌رحی شیعه‌ی سه‌فه‌وی- شیعه‌ی عه‌له‌ویی عه‌لی شه‌ریعه‌تی. - دیدی ره‌خنه‌یی سه‌باره‌ت به مێژوویی ئیسلام‌و ره‌خنه له کرده‌وه‌ی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیش بۆ وێنه ره‌خنه‌ی تووندی کاک ئه‌حمه‌د له موعاویه‌ی کوڕی ئهبووسۆفیان. کاک ئه‌حمه‌د- له ژێر کاریگه‌ری زانای ئیسلامی پاکستانی ئه‌بولئه‌علای مه‌ودودی- پێی وا بوو، ئه‌و خیلافه‌تی کردۆته پاشایه‌تی (ملووکیهت) میراتی. - له ژێر کاریگه‌ریی مارکسیزم، وه‌کوو پارادایمێکی زاڵی سه‌رده‌م، خوێندنه‌وه‌یه‌کی ته‌واو هه‌ژارانه و پڕۆڵتارانهی له ده‌قه ئایینیه‌کان ده‌کردو ده‌یگووت که ئێمه وه‌کوو کورد له دوای شۆرشی ١٣٥٧، سته‌می چینایه‌تی، مه‌زهه‌بی و میللیمان لێده‌کرێ. هه‌ڵبه‌ت به‌شێکی ئه‌و خوێندنه‌وانه چه‌شنه په‌رچه‌کردارێک بوو به‌رانبه‌ر به چه‌په‌کان که مارکسیزمیان به ده‌وای هه‌موو ده‌ردان دهزانێو دینیان به مایه‌ی دواکهوتنو ئامرازێک بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی پڕۆڵتاریا دهزانێو هه‌ر ئاوه‌ها باوهرێکیشیان به چه‌مکگه‌لی نه‌ته‌وایه‌تی، دێمۆکڕاسی، مافی مرۆڤ و... ههبووو پێیان وا بوو که ئه‌م چه‌مکانه بۆ چه‌واشه‌کاری و فریودانی خه‌ڵک ده‌کار دێن‌و وه‌کوو ئامرازگه‌لێک، له پێناو ده‌سته‌به‌ر بوونی به‌رژه‌وه‌ندی، بۆرژوایهکان دان. له کاتی ده‌سپێکردنیی شۆڕشه سه‌رتاسه‌ریه‌که‌ی ١٣٥٧ی گه‌لانی ئێران، ره‌وتی مه‌کته‌ب قورئان که هێشتا له ده‌ورانی رێخستنی(تأسیس) خۆی دا بوو و باش سه‌قامگرتوو(استقرار) نه‌بوبوو، به به‌شداریکردن له‌م شۆڕشه‌دا، مه‌کته‌ب تووشی کێشه‌ی سیاسێکی قووڵ بوو. به‌هه‌ر حاڵ تێکه‌ڵاوبوونی کاک ئه‌حمه‌د له ته‌ک کاری سیاسی، وایکرد که نه‌یتوانی ئه‌م ره‌وته ئیسلاحییه رادیکاڵه‌ی خۆی درێژه پێ‌بدا و له ئاکامدا که‌وته زیندان‌و ماوه‌ی ده ساڵان تێیدا ماویهوهو سه‌ره‌نجام دوای ٦مانگ له ئازادبوونی کۆچیی دوایی کرد‌و مخابن پڕۆژه‌ی فیکریه‌که‌ی کاک ئه‌حمه‌د که ده‌یتوانی له داهاتووی کوردستان، زۆر که‌له‌به‌ر پڕ کاته‌وه‌و دۆخی شۆڕشگێڕی کاتی تێپهڕێنێو ڕه‌وتی سرووشتی گه‌شه‌سه‌ندنی خۆی تێپه‌ڕ کا، له حاڵه‌تی دینامیکی و سهییالیهتهی خۆی که‌وتو لایه‌نێکی ئورتۆدۆکسو ئیستاتیکی پیا کرد‌و که‌وته ژێر کاریگه‌ری ژیانی ناله‌بارو پڕ له ئازاری ته‌نیایی ده ساڵ زیندانی کاک ئهحمهدو له ئاکامدا خۆی له عیرفانێکی کۆیی لهکۆمهڵنهبان(عرفان جمعی جامعهگریز) به‌ده‌ر له هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێکی فیکری، سیاسی، فهرههنگیو ڕۆشنبیری دیته‌وه. ٣. جه‌ماعه‌تی دهعوتو ئیسلاح و گووتارێکی ڕێفۆرمخوازانه وه‌کوو له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا فیکری ئیخوانولموسلمین که به هۆی ئاواره بوونی ده‌یان که‌س له ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه له وڵاتی میسر به هۆی ڕێژیمی تۆتالیتێر‌و چه‌پی جه‌ماڵ عه‌بدولناسرو هه‌ر وه‌ها به هۆی ئه‌و قوتابیانه‌ی که بۆ خوێندنی زانسته شه‌رعیه‌کان ده‌چوونه میسر، بۆ نموونه که‌سانێکی وه‌کوو ئه‌مجه‌د زه‌هاوی و شێخ محه‌ممه‌د سهووافهوه هاته ئێراق و کوردستانی باشوور‌و له‌وێشه‌وه له ڕێگه‌ی چه‌ند فهقییهکی مه‌ریوانی‌و پاوه‌یی که له کۆتایی شه‌سته‌کانی زایینی و هه‌فتاکاندا له‌وێ، ده‌یانخوێند، هاته کوردستانی ئێرانه‌وه، دیاره ئه‌و چه‌ند که‌سه ئیخوانیه که هاتنه‌وه بۆ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تی سه‌رنجڕاکێشی کاک ئه‌حمه‌د ئاشنا دهبنو به پاراستنی شوناسی فیکری خۆیان، هاوڕێ له گه‌ڵ کاک ئه‌حمه‌د ده‌ست به ده‌رس ووتنه‌وه له مه‌دره‌سه‌ی قورئانی مه‌ریوان دا دهکهنو کاک ئه‌حمه‌د ڕێزێکی زۆریان لێدهگرێو ئه‌وانیش کاک ئه‌حمه‌دیان له لا زۆر گه‌وره دهبێو له خزمه‌تی دا ده‌بن. له پاش شۆڕشی ئیسلامی، دوای ئه‌وه که مه‌کته‌بی قورئان له‌گه‌ڵ شۆڕش دهکهوێو دواتر کاک ئه‌حمه‌د به هاوکاری مامۆستا ناسر سوبحانی وه‌ک دیارترین سیمایی ئیخوانی‌و مه‌وله‌وی عه‌بدولعه‌زیز مه‌لازاده‌ی بهلووچو چه‌ندین که‌س له زانایانی ئایینی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانیتری سووننی ئێرانی، شۆڕای ناوه‌ندی سوننه‌ت واته( شمس) بۆ داکۆکی له مافه‌کانی سووننه‌مه‌زهه‌به‌کانی ئێران له ڕێژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوودا دادهمهزرێننو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته کۆنگرهیەک پێک دێنن؛ کۆنگرە له ساڵی ١٣٦٠ له هۆتێلێک له تاران دەگیرێ و ساڵێک دواتر یادێک لە کۆنگرەی یەکەم لە ماڵی کاکە ئەحمەد لە کرماشان بەبەشداری کۆمەڵیک داعی و زانای ئایینی دەکرێتەوە. به هه‌ر حاڵ له ساڵی ١٣٦١لهلایهن کۆماری ئیسلامییه‌وه، بڕیار ده‌درێ که کاک ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ ٢٠٠ که‌س له زانایان ده‌سگیر بکرێن. سه‌ره‌نجام کاک ئه‌حمه‌د له تاران ده‌گیرێ و مامۆستا ناسر که وه‌کوو هاوکار و دۆستی زۆر نیزیکی کاک ئه‌حمه‌د بوو، له مه‌ریوان ده‌بێ، وه‌به‌ر ده‌ست ناکه‌وێ. مامۆستا ناسر له‌و ساته‌وه تا کاتی شه‌هیدبوونی بۆ ماوه‌ی ٨ ساڵ ژیانی نه‌هێنی خۆی ده‌س پێده‌کاو تا کۆتایی ژیانیشی له دیتنی ده‌ڤه‌رو گووندی خۆیان (دوریسان) بێبه‌ش ده‌بێ. سه‌ره‌تا ئیخوانیه‌کان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ مه‌کته‌ب، دووبه‌ره‌کی ساز نه‌بێ، هه‌موویان له خزمه‌تی به‌رنامه‌که‌ی کاک ئه‌حمه‌د دا ده‌بن، هه‌ر بۆیه‌ش زۆرێک له ئه‌ندامانی شووڕای مه‌کته‌ب، دوای گیرانی کاک ئهحمهدو یارانی له ئه‌ندامانی ئیخوان بوون، بۆ وێنه مامۆستا ناسری سوبحانی(به پاراستنی شوناسی جه‌معی خۆی) هه‌زار ڕۆژی ته‌واو سه‌په‌ره‌شتی شووڕای مودیریه‌تی مه‌کته‌ب قورئانی له‌ئه‌ستۆ دابووه. دوای ئه‌وه‌ی که گیر‌و گرفته‌کانی ناوخۆی مه‌کته‌ب ڕه‌هه‌ندێکی ئاڵۆزتریان پیا کرد، مامۆستا ناسرو باقی هاوڕێیانی له شووڕای مه‌کته‌ب قورئان هاتنه ده‌ره‌وه‌و ئیخوانیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له ساڵی١٣٦٤وه به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به ڕێخستنێکی نوێ‌و به ڕێبه‌رایه‌تێکی نوێ، کار‌و تێکۆشانی خۆیان له پێشدا له کوردستان و دواتریش له هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی ئێران که سووننی لێن، درێژه پێدا. ئاشکرایه ئه‌و جه‌ماعه‌ته له سه‌ره‌تاوه‌و له ڕووی مێژوویه‌وه به ناوی ئیخوانولموسلمینی ئێران ئیشیان ده‌کردو مه‌نهه‌جی فیکریانو به‌رنامه‌ی کاریان(سه‌رچاوه‌کانی ده‌رس و شێوازی کار‌و ده‌عوه‌یان) وه‌رگیراو له ئیخوانی کوردستانی باشوور بووه، که دیاره ئه‌وانیش به ئاواره‌یی هاتبوونه ڕۆژههڵاتو ماوه‌ی ده ساڵان له ئێران مانه‌وه‌و ئیشێکی زۆریان له‌م پێناوه دا کرد. سه‌ره‌کیترین که‌سایه‌تی ئیخوانی له ئێران واته مامۆستا ناسر سوبحانی له ڕۆژی ١٩ی جۆزەردانی ١٣٦٨ له شاری سنه ده‌سگیر کرا که بوو به هۆی ناره‌زایه‌تی هه‌موو لایه‌نه ئیسلامیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و ناره‌زایه‌تی ناوخۆیی زانایانی ئه‌هلی سووننه‌تی ئێران‌و نووسینی تۆماری ناره‌زایه‌تی که به ئیمزای چل که‌س له زانا به‌ناوبانگه‌کانی سووننه گه‌یشت، به‌ڵام مخابن ئه‌م زانایه له ٢٨ی ڕەشەممەی ١٣٦٨ له ته‌مه‌نی ٣٨ ساڵیدا به بێ هیچ تاوانێکی دیاریکراو، به بێ ئه‌وه‌ی مافی بەرگریی یاسایی له خۆی پێبدرێ، دوای نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ زیندانی ئینفرادی، له شاری سنه له سێداره دراو، کاربه‌ده‌ستان دوای ماوه‌یه‌ک دهستهودهست پێکردن به کهسو کار‌و هاوڕییانی سه‌ره‌نجام، گۆڕێکیان له گۆڕستانی شاری قوروه دیاری کرد‌و پیشانی کهسو کاریان دا. له‌دوای ئه‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه، قۆناغی نه‌هێنی کاری ئیخوان کۆتایی پێهاتو ئیخوان که‌وتنه جمووجۆڵی ئاشکرا له‌لایه‌ن حوکومه‌ته‌وه، گه‌رچی له ده‌ستدانی رێبه‌رێکی بلیمه‌تی وه‌کوو مامۆستا ناسر خه‌سارێکی گه‌وره بوو بۆ گه‌لی کورد به گشتی‌و زه‌برێکی کاریگه‌رو گورچووبڕی له بزووتنه‌وه‌ی ئیخوان و تەنانەت مەکتەب قورئانیش دا؛ به‌ڵام له ئاکامدا بوو به‌هۆکاری بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری ئه‌م زانایه که له ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ی ژیانی نههێنیو نائه‌منیدا ده‌ستی دا بووه راهێنانو په‌روه‌رده‌ی ده‌یان که‌س له مامۆستایانی ئایینی بهتایبهتیو ئه‌ندامانی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه به گشتی و تووانی زیاتر له هه‌زار کاسێت به سێ زمانی کوردی، فارسی‌و عه‌ره‌بی له بواری زانسته شه‌رعییه‌کانی وه‌کوو زانستی حه‌دیس، ته‌فسیرو راڤه‌ی قورئان، ئوسوڵی فێقهه، که‌لامی ئیسلامی، زانستی فێقهه، مه‌سه‌له سیاسیایه‌کان و .... هتد دا تۆمار بکا. بێگوومان، مامۆستا ناسر له‌و که‌سانه‌یه که چه‌شنه دەگمەنایەتێکی تێدا بووه‌و زۆر داهێنانو ئیجتیهادی نوێی له بوارگه‌لی جۆربه‌جۆر، پێشکه‌ش به قوتابخانه‌ی بیری ئیسلامی هاوچه‌رخ کردوه‌و به شایه‌تی زۆرێک له زانا پایه‌به‌رزه‌کان بۆ وێنه دوکتۆر قه‌ره‌زاوی و محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د را‌شد، خاوه‌نی لێهاتوویه‌کی که‌موێنه‌ی ئیجتیهادیی بووه. هه‌ر چه‌ند نایشارمه‌وه که مامۆستا ناسریش له سه‌ره‌تاوه تا راده‌یه‌کی باش له ژێر کاریگه‌ری فیکری سه‌ید ئه‌بولئه‌علا مهودوودیو سه‌ید قوتب به‌تایبه‌ت له بواری عه‌قیده( مصطلحات الأربعة) دا بووه، به‌ڵام ئه‌وه نه‌بووته هۆی ئه‌وه‌ی که خۆی که‌سایه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیی زانستی نهبێو له زۆر بوار دا، له بۆچوونه‌کانی ئه‌وانیش ره‌خنه‌ی گرتووه! له ساڵی ١٣٦٩ی هه‌تاوییه‌وه تێکۆشانی ئیخوانیه‌کان له زیاتر له ١٥ پارێزگای سووننینشین درێژه‌ی پێدرا و له دوای شه‌هیدبوونی مامۆستا ناسر، مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان پیرانی وه‌کوو به‌رپرسی یه‌که‌می جه‌ماعه‌ت دیاری کرا، له‌دوای هاتنه سه‌رکاری ڕێفۆرمخوازانی ناو ڕێژیم به سه‌رۆکایه‌تی سه‌ید محه‌ممه‌د خاته‌می له ٢ی جۆزه‌ردانی ١٣٧٦ که هاوڕێ بوو له‌گه‌ڵ کرانه‌وه‌یه‌کی زیاتری کهشو هه‌وای سیاسی ئێران گه‌ڵاله‌و په‌یره‌و پڕۆگرامی نێوخۆیی جه‌ماعه‌ت پێشکه‌ش به وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران کراو داوای به فه‌رمی بوونی یاسایی‌و تێکۆشانی تابلۆداریان وه‌کوو جه‌ماعه‌تێکی فه‌رهه‌نگی- سیاسی قانوونی له حوکومه‌تی ئیسلاحته‌ڵه‌به‌کان کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا ئه‌م داوایه بێ‌وڵام ماوه‌ته‌وه. ئه‌م جه‌ماعه‌ته له ساڵی ١٣٨٠دا تووانی یه‌که‌مین کۆنگره‌ی خۆی‌و دواجار له خه‌رمانانی ساڵی١٣٨٥ کۆنگره‌ی دووهه‌می خۆی بگرێ. دیاره له هه‌ر چوار کۆنگره دا که جەماعەت تا ئێستا گرتوویەتی، مامۆستا عەبدولڕەحمانی پیرانی وه‌کوو ئه‌مینداری گشتی به کۆی دەنگەکانی ئەندامانی شۆڕای ناوەندیی جەماعەت وەک سکرتێر دیاری کراوە. جێگای ئاماژه‌یه، هه‌ر له کۆنگره‌ی یه‌که‌مدا به تێکڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی کۆنگره، ناوی جه‌ماعه‌ت له ئیخوانولموسلێمینی ئێران بۆ «جه‌ماعه‌تی دهعوهتو ئیسلاحی ئێران» گۆڕدرا. به‌ڵام ئه‌و نێوگۆڕێنه ته‌نیا ڕواڵهتیو مه‌سڵه‌حه‌تی سیاسی نه‌بوو به‌ڵکوو به باوڕی من ئه‌م جه‌ماعه‌ته توانوێتی له ڕواڵه‌تی چهپو ئیسلامی شۆڕشگێڕ که باڵی به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کان به ئیسلامی نائیسلامیه‌وه داکێشابوو، بێته دهرێو به ئاراسته‌یه‌کی سه‌رده‌میانه‌و زانستیدا بکه‌وێ، ئه‌و دگهردیسیهکه له ده ساڵیی رابردوو دا له‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌دا به‌دی ده‌کرێ، ئاماژه‌یه بۆ خۆگونجاندنێکی زێده‌تر له گه‌ڵ واقیعی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی. ئێستاکه ئه‌و جه‌ماعه‌ته خاوه‌نی پڕۆژه‌یه‌کی ئێرانی- کوردستانی تایبه‌تی خۆیهتیو حه‌ول ده‌دا خۆی له‌گه‌ڵ تهعددودیهتو مافی مرۆڤ، دێمۆکڕاسی، ئازادیه گشتیه‌کان و هه‌موو به‌ها سه‌رده‌میه‌کاندا به له‌به‌ر چاو گرتنی بنه‌ما فیکریه ئیسلامیه‌کانی خۆی، بگوونجێنی. ئەندامانی ئه‌و کۆمەڵەیە خۆیان به خزمه‌تکاری هه‌موو گه‌لانی سووننی ئێران دهزاننو له بواره جیاجیاکانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی، ئابوورێ به پێی وزه‌و ڕێژه‌ی ئهندامانو لایه‌نگرانیان خزمه‌ت ده‌که‌ن. ئه‌و جه‌ماعه‌ته زۆر گرنگیی به په‌روه‌رده‌ی ئه‌ندامانی خۆی ده‌دا، ڕێزی هه‌موو حیزب‌و لایه‌نه‌کان، دهگرێو ئاماده‌ی هاوکاری له‌گه‌ڵیانه. خۆی به به‌دیلی کهسو لایه‌نێک نازانێ‌و جێگه‌ش به که‌س ته‌نگ ناکاته‌وه، تا راده‌یه‌کی باش تووانیوێتی ببێته به‌شێک له خه‌ڵك‌و خه‌ڵک به هیی خۆیانی بزانن‌و ڕێز له ئه‌ندامانی بگرن، هه‌رچه‌ند هێشتا زۆری ماوه تا ببێته بزووتنه‌وه‌یه‌کی گشتیی له هه‌موو گووندو شاره‌کانی وڵات. له ئاماژه‌و بڵاوکراوه فه‌رمیه‌کانیاندا، به کورتی بۆچوونیان سه‌باره‌ت به خه‌ڵک، کۆمه‌ڵگه‌و مه‌سه‌له جه‌وهه‌ریه‌کان بریتین له: - خه‌ڵک به موسوڵمان دهزاننو هه‌ر بۆیه‌ش به گشتی خوێنی خه‌ڵک، سامانی خه‌ڵک و شهرهفو که‌رامه‌تی خه‌ڵک لای ئه‌وان پارێزراوه‌و تا بۆیان بکرێ دیفاعی مه‌شرووع له‌م سێ مافه ڕه‌وایه‌ی خه‌ڵک ده‌که‌ن. - ئه‌وان باوڕیان وایه که ڕێژه‌ی پابه‌ندیی خه‌ڵکی موسوڵمان، بۆ ئیسلام وه‌کوو یه‌ک نییه و خه‌ڵک به گشتی وه‌کوو یه‌ک گۆێڕایه‌ڵی یاسا‌و رێساکانی ئیسلام نین. - هه‌وڵیان داوه بۆ پته‌وکردنی ئاستی ئیراده‌ی به‌یه‌که‌وه ژیانی پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه به سوننی شیعه‌وه‌و به ئیسلامی‌و نائیسلامیه‌وه. - هه‌وڵ ده‌ده‌ن به دیدێکی ئیسلاحی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه دا بجووڵێنهوهو به پێوه‌ری عه‌قیده‌و بیر‌و باوه‌ڕ خه‌ڵک پۆڵێن نهکهنو ره‌قابه‌تی عه‌قیده‌تیان له‌گه‌ڵ که‌س نییه، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر رهقابهتێکیشیان هه‌بێ؛ له سه‌ر ئاستیی فیکرییه نه‌ک بیر‌و باوه‌ڕ، له‌به‌ر ئه‌و راستیه که، ئه‌گه‌ر ره‌قابه‌ت ڕواڵه‌تێکی عه‌قیده‌تی به خۆوه بگرێ، باسی کوفر‌و ئیمان دێته گۆڕێ‌و کوفر‌و ئیمانیش له که‌وشه‌نێک دا هه‌رگیز ناتوانن به یه‌که‌وه به ئاشتی بژین. - باوڕیان وایه که نابێ به عه‌قڵانیه‌تی موحاسه‌به‌کردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، مامه‌ڵه بکهنو به‌ڵکوو به ئه‌قڵیه‌تێکی خزمه‌تکردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و له ناو خه‌ڵك دا بن، چوونکه دابه‌شکردنی خه‌ڵک له‌سه‌ر بنه‌مای باوه‌ڕو عه‌قیده، ته‌کفیر به‌رهه‌م دێنێ‌و ده‌ره‌نجامی ته‌کفیرو به کافرزانینی خه‌ڵکیش، ده‌بێته تیرۆر‌و ڕه‌شه‌کووژی. - .باوڕی قووڵیان به پلۆڕالیزمی سیاسی وه‌کوو بنه‌مایه‌کی بنه‌ره‌تی دێمۆکڕاسی هه‌یه‌و به ته‌کفیری هیچ لایه‌نێک ئیش ناکه‌ن به‌ڵکوو به پڕۆژه‌ی چاکسازی له ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌کاندا ره‌قابه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌کانیان دا ده‌که‌ن. - له کوردستاندا بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری په‌ڕاوێز خستنی لایه‌نی ئیسلامی شوناسی کورد‌و به‌دیهێنانی شه‌خسیه‌تێکی پاردۆکسیکاڵ له ژێر کاریگه‌ری جووڵانه‌وه‌ی چه‌پ، تێده‌کۆشن هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی که‌سێتی کوردی وه‌کوو «کوردبوون«و «ئیسلامیی بوون» که له ژێر زه‌ختی ئیدئۆلۆژیای چه‌پدا به ته‌واوه‌تی له چاڵ خرا بوو، له پڕۆژه‌یه‌کی ژیاری ئیسلامی سه‌رده‌میانه‌ی خزمه‌تگوزار دا، چالاک که‌نه‌وه. - بۆ گۆڕین‌و چاکسازی له ئاسته جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا وه‌کوو ئامرازێک له په‌ندو ئامۆژگاری‌و دهرسووتنهوه و به گشتی له «موعظه حسنه»' که‌ڵک وه‌رده‌گرن. دیاره لابردنی هه‌موو نالهباریهکانو چه‌وتییه‌کانی کۆمه‌ڵگه ته‌نیا به په‌ندو ئامۆژگاری چاره‌سه‌ر نابن، به‌ڵکوو فره‌یه‌ک له ره‌وشته نابارهکان هۆکاری ئابووری‌و سیاسیان هه‌یه‌و په‌یوه‌ندیان به چاکسازی له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی‌و ئابووریه‌وه هه‌یه، هه‌ر بۆیه ئه‌م جه‌ماعه‌ته هه‌وڵ ده‌دا له پرۆسه‌ی سیاسی دا به‌شداری ههبێو بینای له‌سه‌ر به‌شداری سیاسیی ئاگایانه(مشارکت سیاسی) و له بوواری کۆمه‌ڵایه‌تیش دا له ڕێگه‌ی ڕێخراوه ناحوکومیهکان وه‌کوو ئه‌نجوومه‌نه خێرخوازیه‌کان، مناڵانی بێسه‌رپه‌رشت، پێشگیری له ئێعتیاد، پاراستنی ژینگه، یانه وهرزیشیهکان، ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ده‌بیه‌کان، ئه‌نجوومه‌نی قورئان‌و کۆمه‌ڵناسی و ... به‌شداری چالاکانه‌یان هه‌یه. له بواری ئابووریش دا له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ن که به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی خه‌ڵکیی، تێدا هه‌یه. - وه‌لانانی شێوازی زۆره‌ملی له داسه‌پاندنی عه‌قیده و مۆدێلێکی تایبه‌تی له خوێندنه‌وه‌ی ئینسانی بۆ ئیسلام‌و سه‌لماندنی ئه‌و راستییه که ئه‌وان هه‌ڵگری فیکر، مه‌عریفه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیاریکراو له ئیسلامن نه‌ک ته‌نیا قسه‌ی ئهوانو تێگه‌یشتنی ئه‌وان بۆ ئیسلام، ئیسلام بێ‌و به‌س. - خۆ قووتار کردن له پاشکۆیه‌تی موتڵه‌قی فیکری بۆ ئیخوان‌و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو له بڕیاردان، هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی په‌یوه‌ندێکی تووندوتۆڵ له‌گه‌ڵ بزاڤه دۆسته میانه‌ره‌وه‌کانی ئیسلامی جیهان. - خۆ قووتار کردن له بازنه‌یه‌کی ته‌نگیی ئیدئۆلۆژیکی که له ژێر کاریگه‌ری خوێندنه‌وه‌ی شۆرشگێڕانه بۆ ده‌قی قورئان کرابووو هه‌وڵدان بۆ کرانه‌وه‌ی زیاتر و گۆڕێنی ئیدئۆلۆژی دینی به مه‌عریفه‌یه‌کی ئایینی سه‌رده‌میانه. - قاڵ بوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانیان له ئیش‌و کاری کۆیی کۆمهڵایهتیو ئایینی به‌شێوه‌یه‌کی ڕێک‌و پێکتر له جاران‌و هه‌ست به نایاسایی نهکردنو یاساغنهبوونی ئیشوکاریان و ئه‌وه که به پێی یاسایی بنه‌ره‌تی ئێران خه‌ریکن کاری فه‌رهه‌نگی ده‌که‌ن و خۆیان به خاوه‌نی ماف بزانن نه‌ک وه‌ک تاوانبارێک سه‌یری خۆیان بکهنو خۆیان به به‌شێک له مشوورخۆرانی خه‌ڵک بزانن‌و خه‌ڵکیش متمانه‌یان پێبکهنو له خۆیانیان بزانن. - به‌شداری چالاکانه له کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ئیقلیمییه‌کان؛ بۆ نموونه به‌شداری کاریگه‌ر له پێکهێنانی یه‌کێتی ڕێخراوه ناحوکومیهکانی جیهانی ئیسلام له ئاستی ده‌سته‌ی بنیاتنه‌ری ئه‌م سه‌ندیکا جیهانیه‌و به ئه‌ندام بوونی فه‌رمیی ئه‌مینداری گشتی له یه‌کێتی زانایان جیهانی ئیسلام به سه‌رۆکایه‌تی د. قه‌ره‌زاوی. - پاراستنی مۆرک‌و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌رده‌میی جیهانگیریدا، که ئیسلام‌و فیکری ئیسلامی ده‌توانێ تا ڕادیه‌کی زۆر له قاڵبوونه‌وه‌و تووانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان به‌رگری بکا. - هه‌وڵ ده‌ده‌ن به زه‌مانی ئایین که زمانێکی زگماکی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو چه‌شنه چهوتیو لاریه‌ک به‌ربه‌ره‌کانی مه‌ده‌نیانه بکه‌ن. له کۆتاییدا پێویسته ئه‌وه بڵێم مه‌رج نییه کۆی ئه‌م باسانه ڕاست بن. نووسەر هیواداره بەم باسە توانیبێتی وەک دەسپێکێک بیرۆکەی ئەوە دروست بکا که لێکۆڵەران و قۆتابیانی زانکۆ وەک بابەتی لێکۆڵینەوە و تێڕامان سەیری ئەم سەرجەم جووڵانەوە ئیسلامییە ڕەسەنەکان بدەن و جێگە و پێگەی ئەوان بە توژینەوەی زانستی لە کۆمەڵگادا دیاری بکەن. هەرچەند جێگەی خۆشحاڵییە و تا ئەو جێیەی من ئاگادار بم، تاکوو ئێستا دوو تێزی ماستەر لەسەر جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و تێزێکی دوکتۆرا لەسەر مەکتەب قورئان نووسراون. دیارە ئێستا ڕەوتی سەلەفی بە هەموو ڕێچکەکانییەوە لە کوردستاندا جم و جوڵ‌ی بەرچاویان هەیە و جێی خۆیەتی ئاوڕێک لەوانیش بدرێتەوە و هەروەها زۆر بەداخەوە گروپی تیرۆریستی داعش‌یش لە کوردستاندا تا ڕادەیەکی بەرچاو ڕێڕەو و لایەنگری لەناو ئەو جەماعەتە سەلەفییەکانەدا هەیە و نکۆڵی لێ ناکرێ. دیارە جەماعەتی سۆفی و تەریقەتیش که مێژوویەکی دوور و درێژیان لە کوردستاندا هەیە و جێی خۆیەتی ئەوانیش وەک هێزێکی ئیسلامی لێکۆڵینەوەی جیددیان لەسەر بکرێ.
بۆچوونه‌کان