مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکان مێژوویەکی کۆنی نییە، بەڵکوو مێژوویەکی نوێی هەیە، بێگومان بەهاتنی ئەم جۆرە یارییانە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ڕەفتار و گوفتاری منداڵ بەجۆرێکی بەرچاو دروست کردووە، هەندێ جار دەکرێ بڵێین :ئەم یاریانە بۆ مەبەستی فێربوونی زمان و فێربوونی ژمارە و جیاوازییەکان بەکار دێت. ئەوەی زۆر گرنگ بێ لێرەدا بەهۆی خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانی بەکاربەرە ئەلیکترۆنییەکانه‌، بەجۆرێک ئالودەی کردوون، لە زۆربەی ڕەهەندەکانی ژیانی منداڵ و گەنجان و هەندێ جار گەوران کاریگەری نەرێنییان بەشێوەیەکی بەرچاو دروست کردووە. ڕێکخراوی (WHO) لە ساڵی ۲۰۱٥ زیانەکانی ئەم یارییەی بەڕەسمی ناساند. جۆن دیوی دەڵێ: ئامانج لە پەروەردە کەڵەکە و پێدانی زۆری کەرەستە و زانیاری نییە، بەڵکوو ئامانج لە پەروەردەی دروست لە گرنگیدان و شکۆفەدان دەردەکەوێ. هۆکارەکانی ئالودەبوونی یارییە ئەلیکترۆنییەکان؟ ۱. نەبوونی هۆشیاری دروستی دایک و باوک. ۲. خراپی باری ئابووری و نەبوونی هەلی کار. ۳. لاوازی پەیوەندی دایک و باوک، بوونی کێشە و کێشمەکێشی دایک و باوک. ٤. لاوازی و بۆشایی سۆزداری نێوان خودی منداڵ و دایک و باوک. ٥. ئاسانی و سادەیی و زۆری ئەو ئامێرانەی کە ئەم جۆرە یارییانەی پێ ئەنجام دەدرێ، وەک (مۆبایل ـ تابلێت ـ ئایپاد ـ لاپتۆپ ـ کۆمپیوتەر....) ٦. بوونی چاولێکەری لەنێوان خودی دایک و باوک و منداڵ، بە منداڵانی هاوتەمەن و هاوڕێ و هاوسێ و خزم کەس و کاری ... ۷. نەمان و سوک تەماشاکردنی یارییە کۆنەکانی وەک هەڵماقۆ و پەت پەتێن و تۆپ قاڕێن و چاو شارکێ و ... ٨. پێشەنگبوونی دایک و باوک لە بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن خودی دایک و باوکانەوە، بووەتە هۆکاری لاسایی کردنەوەی منداڵان. ۹. بەهۆی زۆر جووڵەی منداڵ، دایک و باوک وەک چەکێک بۆ کپکردنەوە و لەجوڵەخستنی منداڵ، ڕێگەخۆش کەرن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ناچار بکەن ئامێر و یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەکار بهنێنن. کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان: ۱. گۆشەگیری و لاوازی یان نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ۲. تووڕەیی بەهۆی ئەوەی زۆرینەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان توندوتیژی تێدایە، بۆیە ئەم حاڵەتە دەگوازرێتەوە بۆ بەکارهێنەر لەڕێگەی پڕۆسەی کارلێک و کارتێکردنی لەڕووەکانی (کوشتن ـ ئازارـ دەنگی بەرز و ناسروشتی ـ جوێن ـ وێرانی ...) ۳. تێکەڵبوونی دونیای واقع بە دونیای فەنتازی و خەیاڵ ٤. پەکخستن و تەمبەڵکردنی پڕۆسەی خوێندن، چونکە منداڵ هێندە چێژ لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبینێ، نیو هێندە حەزی بۆ دەرس و کۆششکردن نابێت. ٥. نەخەوتن، کاریگەری لەسەر هۆڕمۆنی دۆپامین دەبێ کە دۆپامین لە سێ بەشی یەکەمی شەو دەڕژێ، کاریگەر دەبێ بۆ گەشەی مێشک و جەستە. ٦. قەڵەوی، بەهۆی نەمان و لاوازی جوڵە و مانەوە لەماڵدا منداڵ گرفتی کێش زیادی بۆ دروست دەبێ. ۷. تێکچوونی سیستەمی خواردن بەهۆی درەنگ خەوتنەوە منداڵ درەنگ دەخەوێ، بۆیە وەک قەرەبوویەک بۆ ماوەی ئەو خەوە،درەنگ هه‌ڵده‌ستێ، بەوهۆیە ژەمی خواردنی بەیانی کە ژمێکی سەرەکییە لەدەست دەچێ. ٨. زیانی جەستەی (لاوازی چاو ـ ئازاری مل و خێرایی لێدانەکانی دڵ). ۹. خەمۆکی، بەهۆی زۆرمانەوە و زۆر بەکارهێنانی ئەم یارییانە خەم و پەژارە و دڵەڕاوکێ و بێ تاقەتی و دڵتەنگی ڕوودەکاتە منداڵ یان گەنجی بەکاربەر. ١٠. نەمانی تەرکیز، بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئەم یارییانە منداڵ ئاگایی لە چواردەوری خۆی نامێنێ. ۱۱. گەشەی مێشک لاواز دەکا، لەبەر ئەوەی گەشەی منداڵ بەخێرایی تێ دەپەڕێ، بۆیە ئامۆژگاری دەکرێ بەهیچ جۆرێک منداڵانی خوار تەمەنی ۲ساڵ نابێ بەهیچ جۆرێک سەیری هیچ جۆرە شاشەیەک بکەن. ۱۲. گەشەی زمان دوا دەخا، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە بەشێک لە دواکەوتنی زمان و قسەکردن هۆکارێکی سەرەکی یارییە ئەلیکترۆنییەکانە. ۱۳. باوەڕبەخۆبوونی منداڵ لاواز دەکا و توانای پشتبەخۆبەستن کەم دەکاتەوە، منداڵێکی شەرمن و لاواز دەروست دەکا. ۱٤. گێچەڵی سێکسی، بەهۆی ئەوەی لەکاتی یارییە ئەلیکترۆنییەکان ڕیکلامی سێکسی دێتە سەر شاشەکە، منداڵ ناهوشیارانە کلیک لەسەر ئەو ڕیکلامە دەکا و بەو جۆرە دوچاری لادانی سێکسی دەبێ. ۱٥. لەئایندەدا کەسی ئالودە بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان ناتوانێ هیچ کارێک بکات و سەرکەوتوو نابێ، چونکە ئارامی و خۆڕاگری لەسەر هیچ کارێکی بۆ دروست نابێ، کارەکە زوو جێ دەهێڵێ. چارەسەر چیە؟ ۱. سنورداركردن و كۆنترۆڵكردنی( ئای پی) ماڵ یان مۆبایل ۲. چاوه‌دێریكردن، تا بزانرێ منداڵ بە چ یارییەكەوە سەرقاڵە! ۳. نەدانی هەل و چانسی چێژی ئەو یارییانە، سەرقاڵكردنیان بە شتی بەسوودی تر. ٤. پرسیاری لێ بكە لە ناوەڕۆكی یارییەكە. ٥. هەوڵ بدرێ یاری "بارز " پێچەوانەی شاشەكان بكڕێ بۆیان. ٦. هاندان و پاداشت لە مەڕكردنی یاری تر تا له‌ یارییە ئەلیكترۆنییەكان دوور بكەوێتەوە. ۷. بەشداری پێكردن بەكاری تر كە گونجاو بێ لەگەڵ تەمەنی و گەشتكردن و بردنیان بۆ شاری یاری و پارك و جێگا وەرزشییەكان. ٨. بۆ منداڵ ڕوون بكرێتەوە كە ئینتەڕنێت تەنها بۆ یاریكردن نییە، بەڵکوو بۆ گواستنەوەی زانیاری و ئاسانكردنی پەیوەندییەكانە. ۹. فێر بكرێ یاری دەبێ لەگەڵ منداڵ بگونجێ نەك مۆدە. ۱۰. منداڵ نابێ حەزی لەهەرچی بوو، ئێمەی دایك و باوك بۆیان جێبەجێ بكەین، بەڵكوو فەلسەفەی ژیانی خێزان لەخودی پەروەردەیە، نەك تەنها بەخێوكردن. ۱۱. پتەوكردن و بەهێزی خۆشەویستی نێوان دایك و باوك. ۱۲. ببە بە هاوڕێی منداڵەكەت، گرنگی و هاوبەشیان پێ بكەن تا بۆشایی سۆزداریان بۆ دروست نەبێ، لەو ڕێگایەوە وەك بەدیلێك یارییە ئەلیكترۆنییەكان هەڵبژێرێت. ۱۳. هان بدرێن لەگەڵ منداڵانی تر تێكەڵ بكرێن، تا بۆشایی حەز بۆ ئەو جۆرە یاریانە دروست نەكات. نووسه‌ر: ️ئیدریس نووری - ماستەر لە پەروەردەی دەرونناسی تایبەت