ئهوه مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە. بێگومان فەلسەفە و بەهرە و قازانجی سەرەکی ئەم مانگە چاک بوون، تازەیی، نوێبوونەوە و گۆڕانکاریی دەروونییە و بە گوێرەی قوڕئان گەیشتن بە پلەیێکی بەرز لە: خۆپارێزی و نوێکردنەوە و هێز بۆ پاراستنی خۆت لە زیانباری و هەڵە و تاوانەکانە.
لە درێژەی ساڵدا، لەژێر کاریگەری کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر و سەرقاڵی و گنخاندن و بەتاڵاندان و بەفیڕۆدانی کات ئاخۆ بەجێ بێت یاخود نابەجێ کە زۆرە و لەوانەیە پێوەندی ئێمە لەگەڵ خودا و لەگەڵ خۆمانیش کز و لاواز کات. لە وەها ڕەوتێکدا کە سەرنجمان زیاتر لەسەر ژینگەی دەرەکییە و چڕبوونەوە لەسەر هەبوونەکان و بەجێهێنانی داویستەکان، پێویستی و پێگەی ئایینداری، مەعنەوییەت و تەندروستی دڵ و دەروون لەبیر بکرێ و سەرنجمان بەم لایەنە گرنگەی ژیان کاڵ کاتەوە. تا ئەو دەم کە شارەزایی پێویست لە خۆبەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵی خۆمان وەدەست نەهێنین و بزوێنەر و پێوەری ژیانمان، هەوەس و حەز و دەورووبەریان بن ناگەینە خۆپارێزی. کەواتە دەبێ دەرفەتێکمان هەبێ کە تۆزێ بەخۆمان ڕابگەیین و دڵ و ناخمان بە جوانییە مەعنەوییەکان بڕازێنینەوە.
شایستەیی و ڕەنگینی لە چەشنی خۆپارێزی.
ئەگەر خواپەرەستی پلەبەندی لەخۆ بگرێت، بێگومان دەتوانرێ لەگەڵ ڕەوشتبەرزی و هەڵسوکەوتی باش هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. کۆمەڵێک کرداری بەنرخ و گرینگی وەک: ڕاستگۆیی، نزا، شۆکرانەبژێری، خاکەڕایی و ڕازمەندی لە بەرامبەر خودا، سۆز و هاوخەمی مرۆڤایەتی، ڕاستی و دڵپاکی، بەجێهێنانی پەیمان و بەڵێنەکان، تاقەت و پشوودرێژی، زاڵبوون بەسەر خۆدا، خاکەڕایی، ڕاوێژ، دادپەروەری، ئازادی و دادگەری، گومانی باش، حورمەت، ڕێز، لێبووردەیی، خێر و بەخشین، خێرخوازی، زمانخۆشی، وەختناس، قەبووڵکردنی کەسانی تر و سازان لەگەڵ هەمووان و... بەڕاستی ئێمە تا چ ڕادەیێک ئەم ئاکارە باشانەمان لە ناخماندا پەروەردە کردووە؟ ئایا جگە لەوە کە کردار و هەڵسوکەوتی مرۆڤی باوەڕدار و ئیماندار و خۆپارێزی و داوێنپاکی ئێمە بەم ئاکارە چاکانە هەڵدەسەنگرندرێ، دەکرێ شتێکی تر بێت!؟ واتا ڕۆژوو تەنیا خۆبەدوورگرتن لە خواردن و خواردنەوە نییە. ئەگەر چی ئەم بابەتە زۆر گرینگ و هەستیارە، بەڵام ئەگەر ئامانج خۆپارێزی و بەندایەتییە، نموونە و بابەتگەلێکی پڕبایەخی تر هەیە کە ناکرێ لەبیر بکرێن. نموونە و وێنەی ئەم بابەتەی کە لەنێو کۆمەڵگەدا شوێنی خاڵی بە ڕوونی لە تاک و کۆمەڵدا هەست پێ دەکرێ.
ژیان لە دوو دەیەی دواییدا بەخێرایی و سەرقاڵی زۆرەوە بەستراوە و قەیرانی سەرلێشێواوی و نەبوونی واتا و ئامانج لە ژیاندا پەرەی سەندووە، لەم بارودۆخەدا، دەبێ زیاتر لە دەرفەتەکان وەک: مانگی ڕەمەزان کەڵک وەرگرین و بە خوێندنەوەی قۆڕئان سەبارەت بە دیارخەرانی مەعنەوییهت وئایینداری تۆزێ زیاتر بیر بکەینەوە، دەبێ کەمێ لە ڕواڵەت، قسە و دروشم دووری بگرین و لە پێناوی جێگرکردنی ئاکار و ئەخلاقی باش لە خۆمان و لە جێبەجێکردنی چەمکی خۆپارێزی هەوڵ بدرێت.
بۆچوونهکان