كورته
ئه‌وین له دیدی خواناسانه‌وه، واتایێكی زۆر قووڵ و به‌ربڵاوی هه‌یه و ده‌كرێ بڵێین كه زۆرێك له بناخه‌كانی بیر و هزریان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌وین بنیات نه‌راوه. هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی ئه‌ده‌بیاتی لێوان‌لێو له گڕوتین و دۆخی عیڕفانیش، سه‌رنج دراوه بۆ ئه‌وین و ڕۆڵی ئه‌ساسی ئه‌و له ژیانێكی به‌رزی مرۆڤانه. «سه‌نایی» پێشڕه‌ی ئه‌و ڕوانگه‌یه له ئه‌ده‌بیاتی عیڕفانی بوو و پاشان مه‌ولانا به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یاند. له ڕوانگه‌ی عیرفانی مه‌ولانا و هاوفكرانی، ئه‌وینی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه كه ئه‌ویندار به‌ره‌و ئه‌وینی خۆشه‌ویستی خوا ببات، ئه‌و ئه‌وینه جه‌وهه‌ر و هه‌وێنی هه‌ستییه و له سه‌رووی ته‌واوی دیارده‌كانی جیهانه. هه‌نگاونانه‌وه له‌و سهرزهوییهش ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه و به‌ره‌و كامڵبوونی ڕوحی مرۆڤ. له‌و ڕوویه‌وه گه‌یشتن به كه‌ماڵی ڕوحی ده‌بێته هۆی ئامانجداریی و واتابه‌خشی به ژیان. نووسراوه‌ی به‌رده‌ستیش به ڕوانگه‌یه‌كی وه‌سفی و شیكاریی و به به‌ڵگه له‌سه‌ر هۆنراوه‌كانی مه‌ولانا، ڕۆڵی ئه‌وین له واتاداری ژیان ده‌خاته ڕوو.
پێشه‌كی
ئه‌وین، ئه‌ساسی ژیان و هه‌رمان و بوونێتی عاله‌مه؛ چونكه ته‌واوی جموجۆڵ و بێدهنگومهنگی و جۆشوخرۆشی جیهانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وین، سۆز و خۆشه‌ویستییه. ئه‌وین له واتای وشه‌ییدا، به مانای سۆز و دڵبه‌سته‌یی فراوانه و له گیایێك به نێوی ئه‌وین وه‌رگیراوه، ئه‌و گیایه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر گیایێكی تر یا دارێك بڕوێت، وشكی ده‌كا و خۆی هیچ ناگۆڕدرێ (دێهخۆدا، ١٣٧٥، ژێر وشه). به‌ڵام له ڕوانگه‌ی خواناسانه‌وه، ئه‌وین ڕاستییه‌كی سه‌ره‌كییه كه ناكرێ به‌ساكاری ڕاڤه و شی بكرێته‌وه.
غه‌زالی سه‌باره‌ت به واتای ئه‌وین ده‌ڵێ: «هه‌ركات سۆز و خۆشه‌ویستی له مرۆڤ یا ئاژه‌ڵ به‌هێز و به‌رز بۆوه، پێی ده‌وترێ ئه‌وین.» (گێڕدراوه‌ته‌وه له: حه‌له‌بی ١٣٩٤:٢٠٧).
له ڕوانگه‌ی سۆفییه‌كان و خواناسانیش به‌و شێوه گێڕدراوه‌ته‌وه: «سۆفییه‌كان و خواناسان ئه‌وین، پێناسه‌ی حه‌ق و له‌تیفه‌ی مرۆڤایه‌تی و ڕاده‌ی سڵامه‌تی ئاوه‌ز و هه‌ستێك بۆ پاڵاوتنی ئاكار و ڕازاندنه‌وه‌ی دروون هه‌ژمار ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر هێندێ جار به شێتی باسی لێ ده‌كه‌ن، مه‌به‌ستیان جیایی و دووری له دۆخی ڕواڵه‌تی و دووره‌په‌رێزی له خه‌ڵكان و سه‌رنجدان به خه‌ڵك بووه.» (هه‌ر ئه‌و:٢٠٨)
نه‌سه‌فی ده‌ڵێ: «بوونی گه‌ردوون و جوڵه‌ی ئه‌وان به‌هۆی سۆز و ئه‌وینه. سوڵتانی ئه‌وین ویستی له بیابانا خێوه‌ت هه‌ڵدا، گوێ بۆ گه‌ڵاڕێزان بگرێت، خه‌زێنه‌ی ئه‌وینی له جیهاندا بڵاو كرده‌وه، ده‌نا جیهان به بوون و نه‌بوونی خۆیه‌وه خه‌وتبوو و له خه‌ڵوه‌تگای شهوودا ئاسووده بوو، ...» (نه‌سه‌فی، ١٣٧٧:١٦١).
هه‌روه‌ها مه‌حیه‌ددین ئیبنی عه‌ڕه‌بی له واتای خواناسی ئه‌ویندا ده‌ڵێ: «هه‌وا (ویست) له ڕوانگه‌ی ئێمه بریتییه له كهوتنهبهردڵی خۆشه‌ویست له‌سه‌ره‌تای كار، نه‌ك شتێكی تر. كه‌واته ئه‌گه‌ر شتێك جیا له خۆشه‌ویستی له‌ودا نه‌بێ و ئه‌و ویسته، پاك و خاوێن بكرێته‌وه، ئه‌وه «خۆشه‌ویستی»ی پێ ده‌ڵێن و ئه‌گه‌ر له دڵدا سه‌قامگیر بوو، «سۆز»ی پێ ده‌ڵێن و ئه‌گه‌ر ته‌واوی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی له خۆ گرت و جیا له هۆگری دڵ، شتێكی تێدا نه‌ما، ئه‌وده‌م «ئه‌وین»ی پێ ده‌وترێ.» (ئیبنی عه‌ڕه‌بی-١٣٩٢:١٤)
به‌ڵام سه‌باره‌ت به چه‌شن و سیڕڕ و ڕاده‌ی ئه‌وین، ڕا و بۆچوونی زۆر هه‌یه. هێندێك وتوویانه: مه‌به‌ست ئه‌وینی مه‌عنه‌وییه، واته زۆر خۆشویستنی بابه‌ته مه‌عنه‌وییه‌كانی وه‌ك: به‌ده‌ستهێنانی زانست، له‌خۆبوورده‌یی، گیانفیدایی و له پله‌كانی به‌رزتر، ئه‌وینی خوا و پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكان و مێرخاسان. تاقمێكی تر ئه‌وین ته‌نیا تایبه‌ت به مه‌عنه‌وییات نازانن و تایبه‌ت به شتانێكی هه‌ست پێكراوی ده‌زانن و له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه ئه‌وینداری جوانییه‌كانی وه‌ك سروشت و ته‌ناته‌ت ڕوخساری جوان، وه‌ك پردێكن بۆ گه‌یشتن به ئه‌وینی مه‌عنه‌وی.
ئه‌وین و واتاداری ژیان له ڕوانگه‌ی مه‌ولانا
به‌پێی پێناسه و ڕوانگه‌كانی عیرفانی كه سه‌باره‌ت به ئه‌وین ئاماژه‌ی پێ كرا، ئه‌گه‌ر ئه‌وین له چوارچێوه‌ی دڵڕاكێشی كه‌ماڵ و جه‌ماڵی بێ‌سنووردا بێ، ئه‌و جۆره دڵداری و دڵڕاكێشی ئه‌وینه، ڕاسته‌قینه‌یه. ئه‌گه‌ریش جگه له‌وه بێ و دڵداری له ڕاستای گیرۆده‌یی به دیمه‌ن و ڕواڵه‌ته‌كانی هه‌ستی بێ، ئه‌وینی مه‌یلی ده‌روونی و ههواوههوهسه و هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به خۆشه‌وسیت و كوژانه‌وه‌ی هه‌وای نه‌فسانی، له‌ناو ده‌چی.
به‌رچاوترین ئه‌وینێك كه مه‌ولانا له هۆنراوه‌كانیدا ئاماژه‌ی پێ ده‌كا و داویه‌تییه به‌ر سه‌رنج، ئه‌وینی مرۆڤ بۆ خوای گه‌وره‌یه. ئه‌وینێكی ڕاسته‌قینه و ڕوحی كه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ مرۆڤ و حه‌قیقه‌تی مرۆڤه، چونكه له ڕوانگه‌ی ئه‌و مرۆڤ، ئه‌ویندار و دڵداری خوای گه‌وره‌یه و به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه دایه كه هاوڕێی وی بێ. گڕوتین و دڵهكوتهكانی كه له غه‌زه‌لیاتی شهمس و مه‌سنه‌ویدا هاتووه، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. مه‌وله‌وی له ئه‌ده‌بیاتی ژێره‌وه نیشانی ده‌دا كه جه‌وهه‌ری ئه‌سڵی بوون، ئه‌وینه و هه‌فتا و دوو نه‌ته‌وه له ڕێگای جیاوازه‌وه، له دڵه‌كوته و گڕوتینی ئه‌وینی خوایی دان.
با دو علم عشق را بیگانگی است و اندر آن هفتاد و دو دیوانگی ست
سخت پنهان است و پیدا حیرتش جان سلطانان جان در حسرتش
پس چه باشد عشق؟ دریایی عدم در شکسته عقل را آن‌جا قدم
ندگی و سلطنت معلوم شد زین دو پرده عاشقی مکتوب شد
(ده‌فته‌ری سێهه‌م:٢٢٦٠-٢٢٦٣)
هه‌وڵی مه‌ولانا له هۆنراوه ئهویندارهكانیدا ئه‌وه‌یه كه سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ خوای میهره‌بان و مرۆڤه‌كانی تر و سروشت قووڵتر و پته‌وتر نیشان بدا و په‌ره‌ی پێ بدا و به‌ره‌و ژیانێكی ئه‌ویندارانه ڕێنمایی بكا كه هه‌ڵبه‌ت له كۆتاییدا ته‌نیا ئه‌وین بۆ خوای گه‌وره هه‌ڵده‌بژێری. له ڕوانگه‌ی ئه‌و، ئه‌وینی مه‌جازیش كاتێك په‌سه‌ند و واتاداره كه ڕێگایێك بێ بۆ گه‌یشتن به ئه‌وینی خوایی. له ڕاستیدا ئه‌وینی خوا و یادكردنی دڵسۆزانه‌ی ئه‌و، مرۆڤ له سرشتی خوایی خۆی نزیك ده‌كاته‌وه و له سزای گیرۆده‌یی و دڵبه‌سته‌یی به دونیا ڕزگاری ده‌كا. گه‌یشتن به ئاسووده‌یی و هێمنایه‌تی قه‌لبی له ژیاندا، به‌رهه‌می ئه‌و ڕوانگه‌یه. سه‌رنجدان به ژیانی كه‌سانی خواناس كه دڵیان مه‌كۆی ئه‌وینی ئیلاهی و خوای گه‌وره بڕیار داوه، له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه گه‌وایه، ئاسووده‌یی و چێژێك كه ئه‌وان به‌هۆی ئه‌وینی خواوه به‌ده‌ستیان هێناوه، كه‌سانێك كه خوازیاری ژیانی دنیایی بوون، هیچ كات پێی نه‌گه‌یشتوون. ئه‌وه‌ی كه ته‌نیا ده‌بێ خوای میهره‌بان په‌رستش بكرێ و به‌س ئه‌و خۆش بویسترێ، به‌م چه‌شنه له كه‌لامی مه‌ولانادا خۆی ده‌نوێنێ:
عشق آن زنده گزین، کو باقی است از شراب جان فزایت سافی است
عشق آن بگزین که جمله انبیاء یافتند از عشق او کار و کیا
همین رها کن عشق های صورتی عشق بر صورت نه بر روی ستی
بر امید زنده ای کن اجتهاد کو نگردد بعد روزی دو جماد
عشق از اوصاف خدای بی نیاز عاشقی بر غیر او باشد مجاز
(ده‌فته‌ری یه‌كه‌م:١٢٩-١٣٣)
مه‌ولانا بڕوای وابوو كه مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی هاتووه تاكوو له‌ژێر تیشكی ژیانا به به‌خته‌وه‌ری بگا. به‌خته‌وه‌ریش له ڕوانگای خواناسانه‌وه واته گه‌یشتن به خوای گه‌وره. له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه ژیان بۆ هه‌ر مرۆڤێك واتای هه‌یه و ئه‌گه‌ر وانه‌بێ، مرۆڤیش واتای نابێ، بۆ مرۆڤی خواناسیش ئامانج گه‌یشتن به ئه‌وینی ڕاسته‌قینه‌یه.
ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه كه خۆشویستنی ماڵی دونیا و شتانێكی جگه له خوا له ڕوانگه‌ی خواناسان چۆنه؟ له وه‌ڵامدا ده‌بێ ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه له ڕوانگه‌ی مه‌وله‌وی، جیهانی هه‌ستی هه‌مان پێوه‌ندی و هۆگری به په‌روه‌رێنه‌ر و ئه‌وینی ڕاسته‌قینه‌یه، سروشتییه كه ئاسه‌وار و به‌دیهێنراوه‌كانی ویشی خۆش ده‌وێ. به‌ڵام كه‌سانێك كه له بواری هه‌وا و ویستی به‌دیهێنراوان ڕۆچوون و له په‌روه‌ردگاریان خافڵن، ئاگادار ده‌كاته‌وه كه نه‌كا خۆشه‌ویستی ماڵی دونیا ببێته به‌رپرچ بۆ گه‌یشتن به خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه خۆشویستنی «جیا له خوا» ئێزنپێدراو بێ و هه‌روه‌ها پردێك بێ بۆ گه‌یشتن له ئه‌وینداری خوا.
عاشق صنع خدا بافر بود عاشق مصنوع او كافر بود
(ده‌فته‌ری سێهه‌م:٤٩١)
به پێی حیكایه‌ته‌كانی مه‌سنه‌وی و غه‌زه‌ڵه‌كانی شهمس، ڕوون ده‌بێته‌وه كه ئه‌وین یه‌كێ له پێناسه‌كانی خوای گه‌وره‌یه و سه‌ره‌تا و كۆتاییه‌كه‌شی خوای میهره‌بانه. له‌و ڕووه‌وه هه‌ر هۆگرییهك كه ئه‌وینی تێدا بێ، له ئاكامدا به خوای گه‌وره ده‌گا، هه‌رچه‌ند به‌ڕواڵه‌ت ئه‌ینداری ڕوخسارێك بێ و به ڕای مه‌ولانا ئه‌گه‌ر له ڕوخساریشهوه ده‌ست پێ ده‌كا، به‌و هۆكاره‌یه كه حه‌ق ده‌یهه‌وێ كه گیانی ئه‌ویندار، قۆناغی مناڵی تێپه‌ڕێنیت و به شمشێری دارینه‌ی خۆی، لێهاتوو بێ و ئه‌و جار پێ بنێته نیشتمانی ئه‌ینداری ڕاسته‌قینه. كه‌واته له ڕوانگه‌ی مه‌ولانا خۆشه‌ویستییه مه‌جازییه‌كان ده‌توانن پردێك بن بۆ گه‌یشتن به ئه‌وینی ڕاسته‌قینه، به‌و مه‌رجه‌ی كه سێ تایبه‌تمه‌ندیان تێدا بێ؛ یه‌كه‌م ئه‌وه‌یكه له لایه‌ن خواوه بێ و دووهه‌م ئه‌وه‌یكه ڕاسته‌قینه بێ و ئه‌وه‌یش ڕاكردن له داوی جیهانی هه‌ستییه و سێهه‌م ئه‌وه‌یكه له توخمی ته‌ماع و هه‌وا و ویستی نه‌فسانی به‌دوور بێ و ئاویته‌ی نووری خوایی بێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه له ئهوینهكان و دڵدارییهكاندا بوونی نه‌بێ، به‌ڕای مه‌ولانا هه‌رچی بێ، ته‌نیا گیان كێشانه.
عاشقی گر زین سر و گر زان سر است عاقبت ما را بدان شه رهبرست
هركه را جامه ز عشقی چاك شد او زحرص و عیب كلی پاك شد
چند بازی عشق با نقش سبو بگذار از نقش سبو و اب جو
بر صورهای قدح بگذر مایست باده در جام است لیكن جام نیست
ای بسا كس را كه صورت راه زد قصد صورت كرد و بر الله زد
عشق او پیداست و معشوقش نهان یار بیرون فتنه او در جهان
شاد باش ای عشق خوش سودای ما ای طبیب جمله علت های ما
ای دوان نخت و ناموس ما ای تو افلاطون و جالینوس ما
(ده‌فته‌ری یه‌كه‌م:٩٩-١٠٦)
دیاره كه له دێڕه‌كانی سه‌ره‌وه، هه‌موو چه‌شنه‌كانی عیشق و ئه‌وین و خۆشه‌ویستی، په‌سند و كاریگه‌ر و به‌نرخ زانراون و ئهوینهكانی ئه‌و جیهانه و ڕواڵه‌تیش وه‌ك پرد ئاماژه‌یان پێ كراوه، هه‌ڵبه‌ت به‌و مه‌رجه‌ی كه هه‌ر له ڕاده‌ی ئه‌وینی ڕواڵه‌تیدا نه‌مێننه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر وابێ و هه‌ر له ئه‌وینی ڕواڵه‌تیدا بمێننه‌وه، ده‌بنه هۆی سه‌رشۆڕی و ڕیسوایی، چونكه به ئاوابوونی تایبه‌تمه‌ندی یا ئاسه‌واری ڕواڵه‌تی خۆشه‌ویسته‌كه، خۆشه‌ویستیش كۆتایی پێ دێ، هه‌ر وه‌ك مه‌ولانا ده‌فه‌رموێ:
عشق هایی كز پی رنگی بود عشق نبود عاقبت ننگی بود
(ده‌فته‌ری یه‌كه‌م:١٢١)
ئێستا له بابه‌تی واتای ژیان ده‌بێ ببیین مه‌به‌ست و ئامانجی هه‌ر كه‌س چییه؟ وه‌ڵامی كه‌سه‌كان به‌و پرسیاره جیاواز و به‌ستراوه به كه‌سایه‌تی ده‌روونی و جۆری په‌روه‌رده و ڕاهێنانی هه‌ر كه‌سه‌یه. گه‌وره‌كان و خواناسان بڕوایان وایه هه‌ر كه‌س ده‌توانێ بۆ ژیان به‌پێی بههادانانهكانیان واتا به ژیانیان ببه‌خشن. مه‌وله‌وی له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه كه هێندێك له‌و شتانه‌ی كه ئێمه به نرخیان ده‌زانین و به‌خاتری ئه‌و ژیان ده‌كه‌ین، ناپایه‌دارن و له‌ناو ده‌چن، كه‌واته باشتره به‌دووی ئه‌و به‌هایانه‌دا بین كه پایه‌دارترن تاكوو بتوانیم هه‌میشه پشتیان پێ ببه‌ستین. دروسته كه بابه‌ته ماددی و ماڵ و سه‌روه‌ت و پله و مه‌قام بۆ هێندێك كه‌س واتا و دڵگه‌رمی و به‌هان، به‌ڵام له‌ئاكامدا وه‌ك تهڕاویلكهیێك له‌ناو ده‌چن. مه‌ولانا له‌و بواره‌وه ده‌ڵێ: «عشق هایی كز پی رنگی بود / عشق نبود عاقبت ننگی بود» جۆری ڕوانینی مرۆڤه‌كان بۆ ژیان ڕوونی ده‌كاته‌وه كه كام یه‌ك له‌و به‌هایانه وه‌ك واتا بۆ ژیانیان هه‌ڵده‌بژێرن. له ڕوانینێكی گشتی بۆ شێعره‌كانی مه‌ولانا به ته‌وه‌ری ئه‌وین، ده‌بینین كه مرۆڤه‌كانی ئه‌ویندار بۆ گه‌یشتن به ئامانج و دڵخوازه‌كانیان له ڕه‌نج و ئازار دان. واته هه‌ر كام له‌وانه ده‌رگیری شتێكن به‌نێوی «واتا». له كۆنه‌وه هه‌میشه ئه‌و پرسیاره هه‌بووه كه بۆچی ئه‌وینداران، به‌رگه‌ی ئازاره‌كانی ئه‌وینداری ده‌گرن و خۆڕاگری ده‌كه‌ن؟ له وه‌ڵامدا ده‌بێ بڵێین كه ئه‌و كه‌سانه میهره‌بانی و دڵنه‌وایی و ژیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیان پێ خۆشه و به‌های ژیان له «خۆشه‌ویستی كه‌سانی دی» ده‌زانن. ئاكامی خۆشه‌ویستی كه‌سانی دی له ڕوانگه‌ی مه‌ولانا، واتای ئه‌سڵی ژیانه و نرخ و واتای ژیان ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ بوون له‌گه‌ڵ خوا ئه‌زموون بكا و دۆستایه‌تی بكا و به‌جۆرێك ببێته هاونیشینی خوا.
سه‌رنجی مه‌ولانا بۆ بواره‌كانی جۆراوجۆری مرۆڤ –له قوڕئانیش ئاماژه‌ی پێ كراوه- به‌رده‌وام مه‌به‌ستی ئه‌و بووه. ئه‌و بڕوای وایه كه ئێمه كه‌سانێكی سهرسامكهرین؛ له گڵ ده‌ست پێ ده‌كرێین و تا ئاسمانه‌كان درێژه‌مان هه‌یه و ته‌واوی ئه‌وانه به‌سه‌رێكه‌وه، مرۆڤ پێك دێنن. له پله‌ی سه‌رتر بۆ دابینكردنی نیازه‌كانی ده‌روونی مرۆڤ، ده‌بێ خۆشه‌ویستی و ئه‌وین هه‌مبه‌ر كه‌سانی دێ بنوێنی. به‌رزترین قۆناغی پێداویستییه‌كانیش، پێداویستییه‌كانی دروونین و مرۆڤ پێویستی به په‌ناگا و هێمانه‌یه‌تی هه‌یه. له‌وه‌دا مرۆڤ، خوا وه‌ك پاڵپشت ده‌دۆزێته‌وه. دێڕه‌كانی ژێره‌وه ئه‌و ئیددیعایه ده‌سه‌لمێنن. ئه‌و ئه‌وینی خاكی و مه‌جازی كه یه‌كێك له بواره‌كانی وجوودی مرۆڤه، ده‌خاته به‌ر سه‌رنج و به وردبینی تایبه‌تی خواناسانه، ئه‌و ئه‌وینه وه‌ك پردێك بۆ گه‌یشتن به ئه‌وینی ڕاسته‌قینه ده‌زانێ.
َانكه گه ناقص گه‌ی كامل بود نیست محبوب خلیل افل بود
عشق از اصواف خدا بی نیاز عاشقی بر غیر او باشد مجاز
هین رها كن عشق های صورتی عشق بر صورت نه بر روی ستی
بر كلوخی دل چه بندی ای سلیم و اطلب اصلی كه پیدا و مقیم
(ده‌فته‌ری دووهه‌م:٢٨٠-٢٨٤)
مه‌ولانا سرشت و جه‌وهه‌ری خوایی مرۆڤ و هه‌روه‌ها ئه‌وین و خۆشه‌ویستی ئه‌و مه‌زنتر له‌وه ده‌زانێ كه هۆگری جیهانی بێده‌وام و ڕواڵه‌تی بگۆڕ و وێنه‌كانی بێبناغه و كورتخایه‌ن بێ و به هۆنراوه‌ی تایبه‌تی خۆی ڕوونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌وه‌ی شیاو نه‌بێ، هۆگربوونی نه‌شیاوه. ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه كه ئه‌و ئه‌وینه ڕاسته‌قینه ده‌بێته هۆی خاوێنبوونه‌وه‌ی ڕۆحی مرۆڤ له لێڵی و ژهنگوژاری دونیا و هۆی گه‌یشتن به خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه ده‌بێ:
عشق ان شعله كه چون بر فروخت هرچه جز معشوق باقی جمله سوخت
تیغ لا در قتل غیر حق براند در نگر زان پس كه بعد لا چه ماند
ماند الا الله جمله رفت شاد باش ای عشق شركت سوزو رفت
هر كه را جامه ز عشقی چاك شد او ز حرص و عیب كلی پاك شد
(ده‌فته‌ری چواره‌م:٢٦٦-٢٦٩)
ئه‌وین، له ناوه‌ڕۆكی به‌رچاوی هۆنراوه‌كانی مه‌ولانایه. له‌و ڕوانگه‌یه‌دا، مه‌ولانا ئه‌ویندار و خواناسێكی ڕاسته‌قینه‌یه. ئه‌و خواناسه، ئه‌ویندار و ده‌ربازبوو له هه‌موو به‌ند و داوه‌كانه و جیهانی هه‌ستیش دیاركهوتووی ئه‌وین ده‌زانێ. ته‌واوی تۆفانه‌كانی ڕوحی و ده‌روونی و سێڵاوه سامدارهكانی نێو هۆنراوه‌كانی، هه‌ر له‌و گێرمهكێشهیه سه‌رچاوه ده‌گرێ. شیكاری به‌ژانی كه‌وانی دابه‌زین و شیكاری سۆزبزوێنی كه‌وانی هه‌ڵچوون ڕه‌وتی ته‌واوبوونی مرۆڤ، شیكاری ئه‌و دڵدارییهیه.
ڕوانگه‌ی خواناسیی مه‌ولانا، ڕێنوێنی واتای ژیانه. ئه‌و سه‌رنج ده‌داته به‌ها ههرمانهكان. به‌های ههرمانیش له ڕوانگه‌ی ئه‌و، ئه‌وینداری خوای گه‌وره و گه‌یشتن به خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه‌یه. له ئایینی ئه‌وینی خواناسی ئه‌ودا، ڕێبه‌ر له ئاست خوای گه‌وره، تهركهدونیایه. ئه‌ویندار ده‌بێ به‌دوای ئه‌وینی ڕاسته‌قینه بێ و به‌یارمه‌تی شاباڵی ئه‌وین به‌ره‌و ئه‌وینی ڕاسته‌قینه هه‌ڵفڕێ. ئه‌وین، ئه‌ویندار به خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌گێنیت و چونكه ئه‌وینێكی مه‌زنایه‌تی به‌خشه، ده‌بێته هۆی ته‌واوبوون و كهماڵبوونی مرۆڤ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ خافڵ نابێ، ئه‌و هۆگری به ئه‌وینی خاكی له ڕاستای گه‌یشتن به ئه‌وینی خوایی به‌ڕه‌وا ده‌زانێ. به‌ڵام له كۆتاییدا، توانه‌وه له‌ڕێگای ئه‌وینی ڕاسته‌قینه كه خوای گه‌وره‌یه، به واتای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان ده‌زانێ؛ چونكه ئه‌وینی ڕاسته‌قینه، ڕۆح و ده‌روونی مرۆڤ له هۆگرییه‌كانی ماددی خاوێن ده‌كاته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان: ئیبنی عه‌ڕه‌بی، مه‌حیه‌ددین (١٣٩٢).
وه‌رگێڕانی ئه‌شواق، تاران، جامی حه‌له‌بی، عه‌لی ئه‌سغه‌ر (١٣٩٤).
ناسینی خواناس و خواناسانی ئێرانی، تاران: زوار دێهخۆدا، عه‌لی ئه‌كبه‌ڕ (١٣٧٥)
قامووس، تاران، ئینتیشاراتی زانكۆ تاران مه‌وله‌وی، جه‌لاله‌ددین محه‌ممه‌د به‌لخی (١٣٨٨).
مه‌سنه‌وی، نوسخه‌ی نیكلسوون، تاران: فیرده‌وسی نه‌سه‌فی، عهزیزهددین (١٣٧٧)
مرۆڤی ته‌واو، پێداچوونه‌وه‌ی ماریژان مووله، تاران، تههووری، چاپی دووهه‌م
بۆچوونه‌کان