کاتێک منداڵێک، وشەیەکی ناشیاو بەکار دەهێنێت کە لە ئاست ڕێزی کەسێکی گەورەدا نیە، دەبێت ئەوەی کەوا گەورەترە، دەست بەجێ شێوازێکی پەروەردەیی تەندرووست بەکار بهێنێت، بۆ ئەوەی منداڵەکە فێر ببێت کە ئەوەی وتویەتی هەڵەیە و دووبارەی نەکاتەوە، بەداخەوە زۆرێک لە گەورەکان بێ ئاگان لەم شێوازە پەروەردەییانە و بێ ئاگایانە بەشدار دەبن لە لاوازکردنی کەسێتی منداڵەکەیاندا.
هەوڵ دەدەم شێوازی دروست و نادروست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا ڕوون بکەمەوە.
شێوازی نادروست:
۱- منداڵ وشەیەکی ناشیاو بۆ یەکەمجار و بەبێ ئاگایی بەکاردەهێنێت.
کەسی گەورەتر لەخۆی؛
ا. ئەمە لە کێوە فێربووی؟
هەڵەکە: دوورخستنەوەی تەرکیزی منداڵ لەسەر خودی هەڵەکەو تاوانبارکردنی کەسانی دی.
ب.چاو سوور کردنەوەو وەستان بۆ چەن ساتێک.
هەڵەکە: ترساندنی منداڵ، لەم کاتەدا منداڵ ئەوەندەی هەوڵەدات لە سەرچاوەی ترسەکە خۆی دەرباز بکات ئەوەندە ئامادە نیە بۆتێگەشتن لەخودی هەڵەکە.
ج. هەوڵدان بۆ پێ دووبارە کردنەوەی وشە هەڵەکە، بەمەبەستی تێگەیاندنی لەوەی کە قسەکەی هەڵە بووە.
هەڵەکە: سوکایەتی کردن و کەم کردنەوەی کەسایەتی منداڵەکە.
د. گوێ شل نەکردن بۆ ئەو وردە پرتە و وشانەی کە منداڵەکە لەو ساتەدا دەیانڵێت.
هەڵەکە: منداڵ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وشەی ببورە، یان هەڵەم کرد، یان دووبارە نابێتەوە…هتد
لەبەرخۆیەوە دەڵێت، بەڵام کەسی گەورە دەشێت لەبەر شڵەژان و تووڕەیی گوێ بیست نەبێت، بۆیە ئەمەش هەستی ڕق لای مناڵ درووست دەکات، چونکە پێی وایە داوای لێ بوردنەکەی قبوڵ نەکراوە.
۲ـ شێوازی دروست:
ا. هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی خود و توڕە نەبوون.
ب. ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی ئەو ووشەیە هەڵەیە.
ج. بەڕێزەوە داواکردن لە منداڵەکە تا جارێکیتر دووبارەی نەکاتەوە.
د. بە ووردی گوێ شلکردن بۆ ورتەو پرتەکانی مناڵەکە و دەستبەجێ تەرکیز خستنە سەر داوای لێ بوردنەکە، درێژەدان بە قسەی هاو شێوەی، (ئافەرین کە داوای لێبوردنت کرد، داوای لێ بوردن وا ئەکات لە بەرچاوی ئەوانیتر گەورەبیت، داوای لێبوردن ڕەوشتێکی زۆر جوانەو تۆش خاوەنی ئەو ڕەوشتە جوانەی بۆیە خۆشەویست دەبیت لای هەموان هتد…)
بەم شێوەیە، منداڵ تەرکیزی لەسەر ووشە هەڵەکە هەر نامێنێ و تەرکیز ئەخاتە سەر ئەوەی لەسەر ئەم سیفەتە باشە بەردەوام بێت، تاخۆشەویستر و ویستراو بێت لای گەورەکان.
بۆچوونهکان