بانگەوازەکەی ئۆجالان بۆ چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاردانەوەی نێوخۆیی کوردیی و هەرێمایەتی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە باشووری کوردستانیش جگە لە هەڵوێستە سیاسییە فەرمیی و حیزبییەکان، کە بە گشتی پشتیوانیکردن بوون لە ناوەندە فیکرییەکەدا، بۆچوونی جیاواز دەبینران، هەموو بانگەوازەکەی لەگەڵ ڕووخانی کۆماری مهاباد و نسکۆی شۆڕشی ئەیلولدا بەراورد کردبوو! بەشێ لەوانەی گومانیان لە بانگەوازەکەش بوو، داوای درێژەدان بە شەڕیان دەکرد، پاساوی بۆچوونەکەشیان بەوە دەدایەوە کە ئەوەی دەگوزەرێت فێڵی دەوڵەتی تورکە بۆ ڕێگریکردن لە گەورەبوونی دەستکەوتەکانی کورد لە میانەی ئەو گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە گەورانەی ناوچەکە چاوەڕوانییەتی؟
ڕووماڵی بەشێ لە شاشە پلە یەکەکانیش لەژێر ئەو ناونیشانەبوو، کەداخۆ ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا؟ بەگشتیش زمانی قسەکردنی باشوور ئەگەر نەڵێم لە کاتی قسەکردن لەسەر بابەتەکە سیخناخە بە ناسیۆنالیزم، ئەوا بە قورسی بارگاوییە بە زمانەکەی. چوونکە لە زەین و پاشخانی خەڵکەکەدا پەکەکە باڵێکی ناسیۆنالیزمی کوردییە و بەهەمان لۆژیکی پارتەکانی باشوور و رۆژهەڵات پێوەر و چارەسەرە ناسیۆنالیستییەکان، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کوردایە، لە کاتێکدا پەکەکە دەمێکە خۆی بەم جۆرە پێناسە ناکات، بەتایبەتیش دوای دامەزراندنی کەجەکە لە (٢٠٠٣)دا و ئەو ئاڵوگۆڕە فیکرییەی بەسەر بیرکردنەوەی ئۆجالاندا هاتووە کە پێوەر و گووتەزا ناسیۆنالیستییە تەقلیدییەکانی تێپەراندووە.
هەربۆیە پەکەکە بایەخ بە کێشەی کورد دەدات بەڵام لە خانەی پارتە نەتەوەییە کوردییە نەریتییەکاندا ڕیزبەند ناکرێت.
تێگەیشتنیشی بۆ چارەسەرکرن هەروەك دواتر ئاماژەی پێ دەکەین لە زۆر ڕووەوە لەوان جیاوازە. لە کێشەی کوردییەوە بۆ کێشەی کوورد لە ڕوانگەی ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، بانگەوازەکە لە دوور و نزیکەوە ئاماژە بەشتێك ناکات بەناوی کێشەی کوردییەوە، بەڵکوو قسە لەسەر کێشەی کوردبوون لە سایەی کۆماری تورکیا و کەمالیزمدا دەکات. بانگەوازەکە و پێشتریش نووسینەکانی ئۆجالان لە زینداندا کێشەکە لە داننەنان بە کێشەی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی و ناوی کوردستان دیاریکردنی سنوور و جووگرافیا و پیادەکردنی مافی چارەنووسدا نابینێتەوە، با لە فۆرمی فیدراڵیشدا بێت، چوونکە هەموو ئەو شتانە وەك چەمك و پێوەر و داواکاری و دەستەبەری و چارەسەر دەمانبەنەوە بۆ ناو چوارچێوە و خەیاڵدان و قاڵبە زهنییەکانی ناسیۆنالیزم. بەلای ئۆجالانیشەوە ناسیۆنالیزم نەك هەر چارەسەر نییە، بەڵکوو لە خوودی خۆیدا کێشە خووڵقێنە؟
چارەسەری جێگرەوەی ئۆجالان بۆ چارەسەرە ناسیۆنالیستییەکان نەتەوە و کۆمەڵگەی دیموکراتە، کە دیدێکی چەپانەی پاش چەپی تەقلیدییە، چارەسەرییش لەم چوارچێوەدا زۆر بە کورتی یەکسانە بە، دەستوورێکی دیموکراتی، هاوبەشی لە دەسەڵات و هاوڵاتێتی یەکسان و کۆتایی هێنان بە سەرکوت و جیاکاری.
لەو ڕوانگەشەوە کاتی خۆی پەکەکە ناچار بووە چەك هەڵبگرێت، چوونکە نکوولی لە کورد دەکرا، زمانی کوردی ڕەت دەکرایەوە و ئازادی کاری سیاسی و ڕا دەربرینیش نەبوو.
دیوی دووەمی ئەم قسەش ئەوەیە لە کاتێکدا لە ئێستادا نکوولی لە کورد ناکرێت (ڕاگەیاندنی ئەم ڕاستییەش لەسەر زاری باخچەلییەوە بۆ ئەوە بوو، کە ئەمە وەك جاران تەنها بۆچوونی تەوژمی لیبراڵ مەشرەب ئیسلامی بەرجەستە لە ئەکەپەدا نییە، بەڵکو بۆتە قەناعەتی دەوڵەت و کەمالیزم لە هەڵقە هەرە توندرەوەکەیدا کە مەهەپە نوێنەرایەتی دەکات) زمانی کوردیش گەرچی بەفەرمی نەبووە، قەدەغەی لەسەر هەڵگیراوە و بۆتە زمانی وەشاندن، کورد خاوەنی حیزب و ڕێکخستنی سیاسی خۆیەتی (دیارە لەگەڵ هاوبیرە تورکەکانی) و دەتوانێ سیاسەت بکات و وەکو جاران حیزبەکان لە بەردەم هەرەشەی هەڵوەشاندنەوەدا نین، سووپاش ڕۆڵی جارانی لە ژیانی سیاسیدا نەماوەو ملکەچی دەسەڵاتی مەدەنی کراوە.
ئەوەی ماوەو دەبێت لەم چوار چێوەدا ئەنجام بدرێت تەواو کردنی ناتەواوییەکانی ئەم واقیعە نوێیەی تورکیایە کە ئاماژەیە بۆ دووبارە بینا کردنەوەی کۆمار لەرێی هەمووار کردنەوەی چەند ماددەیەکی دەستوور و داننان بە توورکیای فرە کەلتوورو گۆڕینی بناغەی هاووڵاتێتی لە توورکەوە بۆ توورکیا، یاخوود هەر لە بنەرەتەوە گۆرینی ناوی وڵاتەکە، بۆئەوەی کورد بەناوی خۆیەوە لەخۆ بگرێت، بە ڕەزامەندی خۆی ببێت بە هاوبەشی دەسەڵات و دەوڵەت بەهی خۆی بزانێت، بەوەش مێژووی پێکەوە ژیان و هاوبەشی هەزار ساڵەی تورك و کورد لە جەنگ و بەرگری و دەسەڵات و پێکەوە ژیان و هاوپەیمانێتی دەستپێبکاتەوە، کە کۆمارو نکوولی کردن لە کوردو ناسنامەکەی پچرانێکی یەک سەدەیی ڕەبەقی تێدا تێدا درووستکرد.
بەم جۆرە چەپی کوردی بەرجەستە لە پەکەکە و تەوژمی لیبراڵ مەشرەب ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی تورکی دەگەن بە سازشێکی مێژوویی، کەئەویش پارێزگاری کردنە لە پرۆژەی دەوڵەتی نوێی تورکیا بەهەندێ ڕیفۆرمکردن تیایدا و کاڵکرنەوەی ناسنامە ناسیۆنالیستە تورکییە توندرەوەکە و جێکردنەوە و داننان بە کورد وەك ئەتنیکێکی جیاواز نەك نەتەوەیەکی خاوەن ناسیۆنالیزم، کە لە جەوهەردا خوواستێکی پاشخان ئیسلامییەکانیشە، چوونکە ئەگەر بەشێوەیەکی تەکتیکیش سوود لە گوتارێکی لەو جۆرە بەرن لەجەوهەردا بە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیانی دەزانن.
لێرەشەوە پەکەکە دەتوانێت بڵێت ئێمە سەرکەوتوو بووین نەمانهێشت کورد بتووێتەوەو سیاسەتی کۆمارو کەمالیزممان شکست پێهێنا، پاشماوەی کەمالییەکانیش دەتوانن خۆیان بەسەرکەوتوو بزانن کە توورکیایان لە پارچەپارچەبوون پاراست، پارێزگاریان لە پرۆژەی دەوڵەت کردو دانیان بە کێشەو ناسیۆنالیزمی کوردیدا نەنا، ئەکەپەش جەوهەری سەرکەوتنەکە بۆخۆی بگێڕێتەوە، کە جگە لەوەی لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا روودەدات، ریفۆرمەکانی ئەو نەبوونایە، هەرگیز زەمینەی هەنگاوێکی لەم جۆرە نەدەهاتە کایەوە، ئەوە ئەوان بوون لە پێگەی دەوڵەتەوە دیدی سێهەمیان تەرحکردو بوونە نێوبژیوانی کەمالییەکان و چەپە کوردەکان، هەڵبەت دووای ئەوەی کوردەکان شکستیان خوارد لەوەی لە (٢٠١٥) دا ببن بە هاوپەیمان دژ بە کەمالییەکان.
لێرەوە دەتوانین هۆکارەکانی پشت بانگەوازەکەو هەوڵە نوێکانی ئاشتی بەم جۆرەی خوارەوە دیاری بکەین:
* ئاڵوگۆڕی فیکریی ئۆجالان.
* ئاڵوگۆرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە دوای ٧ ی ئۆکتۆبەرەوە.
* بەبنبەست گەیشتنی پرۆژەی چەکداریی پەکەکە.
* ئاڵوگۆرەکانی ناوخۆی تورکیا لە قۆناغی رابردووداو دەرهاویشتەکانی و کاریگەرییان لەسەر دووارۆژی بەرەبەندی و هێزەکان.
هەنگاوەکانیش لە مانگی (۲)ی پارەوە بە نهێنی دەستیان پێکراوەو بناغەی بۆ شێلراوە.
دەستپێکردن لە چەکدانانی پەکەکەشەوە، بۆ دووبارە نەکردنەوەی هەڵەی پێواژۆی ئاشتی ساڵانی رابردوو دەرهێنانی کارتە لە دەست هەموو ئەو هێزو دەوڵەتانەی ناوچەکە دەخوازن لە ڕێی فشار کردنەوە چەکی پەکەکە بکەن بە ئامرازی دووبارە شکست پێهێنانەوەی هەوڵەکان، هەروەها دڵنیابوونی ئۆجالان و هاوکارانی کەچەکە کەلە ئەرکە مێژووییەکانی دابراوەو بۆتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنی قۆناغێکی مێژوویی نوێ و خۆ نوێکردنەوەدا، بەو واتایەی دانانی پێش ئەوەی مەرجێکی دەوڵەت بێت پێویستیەکی خوودی پەکەکە و بزاڤە چەپە کوردییەکەیە.
بانگەوازەکە لە شوێنی خۆیدایەو پشتیوانی لێدەکەینهەندێ دەنگ لێرەو لەوێ دژ بە بانگەوازەکەی ئۆجالان بوون. هەنگاوەکە بە هەڵە دەزانن، هەشبوو بەراوردی کردبوو بەرووخانی کۆماری مهابادو نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، هەروەك ئاماژەمان پێکرد کە زیاد لە ڕوویەکەوە ئەو جۆرە بەراوردکردنە هەڵەن. پشتیوانیشمان لە بانگەوازەکە لە سۆنگەی ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
*بوونی دەرفەتی کارو خەباتی سیاسی لە تورکیا.
*چڕکردنەوەی توواناکان لە خەباتە سیاسیە یاساییەکەدا، کردنەوەی ئاسۆ لە بەردەمیداو رۆیشتن لەگەڵ لۆژیکەکەیدا تا ئەوسەر، کۆتایی هێنان بە بیانووی دەوڵەت کە چەکی پەکەکەی کردۆتە کۆتووبەند بەسەر خەبات و کارە سیاسییەکەدا و خستوویەتییە بازنەیەکی نیمچە داخراوەوە و سەرەنجام ڕزگاربوون لە دۆخی نیمچە شۆرشی چەکداری و نیمچە کاری سیاسی بە حوکمی ئەوەی نە چەکەکە ئەوەندە بەهێزە مەرج بسەپێنێت و نەدەشهێڵێت کارە سیاسییەکە سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و ئازاد بێت و لەژێر هەژموون و کارو کاردانەوەکەی ئەو بێتە دەرەوە.
ئەو ئامانجانەی بەرێز ئۆجالان و پەکەکە لە دووای قۆناغی کەجەکە و تێزی نەتەوەیی دیموکراتەوە بەدواوەین، پێویستی بەخوێن و فرمێسکی زیاتر نییەو دەتوانرێت بەرێگەی خەباتی سیاسی هەوڵی دەستەبەری و فراوانکردنیان بدرێت.
*مانەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدا، ترسی ئەوەی گۆڕانە جیۆسیاسییە چاوەروانکراوەکان مەترسی بخەنە سەر مانەوەی لە ئایندەدا، وەك هێزێك و چارەنووسی نەبەسترێتەوە بە هەندێ بەرەبەندی ناوچەکەوە، ئەوەی بەسەر پڵنگەکانی تامیلدا هات بەسەر ئەمانیشدا نەیەت.
*هەنگاوەکە دەتووانێت سەبارەت بە پارچەکانی تر یارمەتیدەر بێت، گرنگ دەبێت دەوڵەتێکی گەورەی وەك تورکیا ئەو هەستەی لا درووست بێت چەکی کوردی بەرامبەری بەکار ناهێنرێت، بەمەش هەستیاری بەرامبەر پارچەکانی تر بە تایبەتیش باشوورو رۆژهەڵات کەمتر بێتەوە.
بۆچوونهکان