چاکەکاری -العمل الصالح-

بەشی دووهەم

پێشتر ووتمان چاکەکاریی چەمکێکی گشتگیر و فرەڕەهەندە، لەکایە و بوار و سێکتەرێکی دەسنیشانکراوی ژیاندا کورتناکرێتەوە.
هەموو ئەوکار و کردەوە مادی و مەعنەویانە دەگرێتەوە، بەمەبەستی گەیاندنی سود و چاکەی گشتی لە کەسێک یان کۆمەڵە و گروپێک دەکەوێتەوە، تاکەکانی کۆمەڵگە لێی بەهرەمەند دەبن.
چاکەکاری و نیەت
چاکەکاریی لەمەنزومەی قورئانی پیرۆزدا کە (٢٥) جار دوپاتبووەتەوە، پەیوەندی بەقودسیەتی خودا و ئیمانی بکەری چاکەکارییەوە هەیە، چونکە ئامانج لەکار و چالاکی چاکەکاریی بەزەرورەت گەشتنە خاڵی دیاریکراو تایبەتە بە هێنانەدی بەرژەوەندیەکی موعتەبەر و جێگەی متمانە، بەدەلالەتی نیەتی بکەر کە گەرەنتی بوونی پاداشتی چاکەکارییەکەیە، ڕەنگە لەسەر ئاستی تاکەکەس، هەستان بەکار وکردەیەک کەدەچێتە بازنەی چاکەکاریی لەگەڵ ئارەزوو و حەزی کەسەکەدا هاوڕێک نەبێت، بەڵام ئارەزوی چاکە هاندەری لەئەستۆگرتن و تەحەمولکردنی بێت..
*چاکەکاریی و بەجتەوەری
بەختەوەریی یەکێکە لەپرسە هەرەگرنگ و ئاڵۆزەکانی ژیان، بەڕای زۆرێک لە پسپۆڕ و فەیلەسوفانی ئەمبوارە،لەوانەش«کارڵ هێڵتی» ڕای وایە یەکێک لە دەروازەکانی گەشتنە بەختەوەری لە ویژدانی چاکەخواز- خَيّر- و کار و چاکەکاردایە.[السعادة،٩١].
*چەمکی کار و ئایدیۆلۆجیا
چەمکی«کار» وەک سەرچاوەی چاکەکاریی بەهەموو لێکەوتەکانیەوە لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگە، لەکۆتایی سەدەی هەژدە و نۆزدەی پاش شۆرشی پیشەسازی و ئەوگۆڕانکاریە ئابوری کۆمەڵایەتیەی و سیاسیانەی بەشوێنخۆیدا هێنای، ئەم چەمکە بوویە سەرچاوەی چەندەها مشتومڕی فیکریی فەیلەسوف و بیرمەندانی ڕۆژئاوایی بەگشتی و ئەوروپایی بەتایبەت، شارەکانی لەندەن و پاریس بوونە ناوەندی ئەم کێشمە کێشە لەنێوان ئەوانەی بانگەشەی بیر و ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیستی و سۆسیالیست و لیبرالیزم و سۆسیال دیموکرات، لەسۆنگەی ڕوانینیان بۆ بەها و ڕۆڵی کار لەسەر بەرهەم و داهات و ژیانی ملیۆنەها کرێکار و دواتر لەسەر ژیانی کۆمەڵگە و پەرەسەندن و پێشکەوتنی.
دوو تێبینی پێویست لە پرسی چاکەکاریدا بۆبەشی داهاتوو

٢٨/٣/٢٠٢٤