به‌رپرسانی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ناوه‌ندی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح چاوپێكه‌وتن و تووێژی له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كرماشان كرد.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ كه ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٤ی جۆزه‌ردانی ١٤٠١ به‌ڕێوه‌ چوو، ئه‌مانوڵڵا فه‌ره‌جی به‌رپرسی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كرماشان وێڕای به‌خێرهاتنكردن، به‌رنامه‌كانی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ دیداره‌ی خسته ڕوو.

له‌و دانیشتنه‌دا جه‌ماڵ ئیسماعیلی به‌رپرسی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ناوه‌ندی جه‌ماعه‌ت، عوسمان عه‌بباسی به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی ناوه‌ندی، سه‌لاح قاسمیانی به‌رپرسی بنكه‌ی هه‌ڵبژاردنی ناوه‌ندی، سه‌ید ئه‌حمه‌د هاشمی، دكتۆر موحه‌ممه‌دڕه‌سووڵ ئه‌بولموحه‌ممه‌دی و جه‌هاندار ئه‌مینی له‌ نووسینگه‌ی ناوه‌ندی جه‌ماعه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ دوو كه‌س له‌ ئه‌ندامانی شوڕای ناوه‌ندی دانیشتووی كرماشان (جه‌لیل به‌هرامی‌‌نیا و فه‌تحوڵڵا حه‌ققانی) ئه‌ندامانی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پارێزگا و چه‌ند كه‌س له‌ به‌رپرسانی جه‌ماعه‌ت له‌ لقه‌كانی كرماشان چاوپێكه‌وتن و وتووێژیان كرد.

له‌ به‌شێك له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا دكتۆر ئه‌بولموحه‌ممه‌دی له‌ زانایانی ئایینی جه‌ماعه‌ت له‌ پارێزگای كوردستان، وێڕای گوێكرتن بۆ وته‌كانی ئه‌ندامانی كۆڕه‌كه‌ له‌ بواری كاروباری زانایان و داڕشتنی به‌رنامه‌ی نوێ، ڕا و بۆچوونی خۆی له‌و بواره‌وه‌ ئاراسته‌ كرد.

جێی ئاماژه‌یه‌ به‌رپرسانی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ناوه‌ندی جه‌ماعه‌ت دیداریان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌هلی سوننه‌ت و نووسه‌رانی ئه‌و پارێزگایه‌ش كرد.