دەقی پەیامەكە:
"من لەناوجەرگەی زانیاریدا لەدایك بووم، كە تیایدا هۆش و دڵ كۆبوونەتەوە و یەكیان گرتووە. من لەناوجەرگەی فیقهـ و پەروەردەدا هاتوومەتە دونیا.. لەنێو مەیدانی چاكسازی و نوێگەرییەوە پەیدا بووم.
ڕێگای فێربوونی من، تەنها ڕۆمانێكی وشك و بێ گیانی فیقهـ نەبووە، هەروەك چۆن دابڕانی نێو تەلارەكان نەبووە، بەڵكو ڕێگایەكی پەیوەست بووە بە ژیانەوە، كە بە كانیاوەكانی زانست و ئاوی ئەزموون ئاو دەدرا.
كاتێك ساڵی 1970 مۆڵەتی فەتوا دەركردنم پێ بەخشرا، دەمزانی كە:
فیقهـ تەنها لەبەر كردنی دەقەكان و فەتوای تاكە كەسی نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتییەكە كە جیهان دەبەستێتەوە بە ژیانی مرۆڤەكانەوە، فەتوا دەبەستێت بە واقیعەوە. هەروەها لەڕێی سەركردایەتی كردنی هۆشیاری و ڕۆحیی گەلەوە؛ زانا دەكاتە جێنشینی پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر).
لەلای من فەتوا دەركردن هەرگیز سەرمایەیەكی مەعریفی نەبووە، بۆ یەك ساتیش ئەوەم لەبیر نەكردووە كە "موفتی یان لە بەهەشتە یانیش لەناو دۆزەخ". هەربۆیە هەگیز حەزم لە دەركردنی فەتوای سەرپێی نەبووە، بەڵام لەكاتی پێویستیدا، بەپێی ڕەزامەندی خودا وەڵامم دەدایەوە، نەوەك بەپێی ڕەزامەندی سیاسەتمەداران و گرۆ و كۆمەڵەكان.
كاتێكیش پەتای جیهانیی كۆرۆنا بڵاو بووەوە، شێوان و شپرزەیی فەتواناكانم لەنێوان دوو بەرەدا بینی، توندڕەوییەك كە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی پەك دەخست، لەگەڵ شلگیرییەك كە مەترسیی بۆسەر ژیانیان دروست دەكرد.
دەبوو تەرازوویەكی ورد هەبێت، تەرازوویەك كە بەلای مەیلی خەڵكیدا نەكەوێت، بەڵكو بەلای مەبەستەكانی شەرعدا بكەوێت. هەربۆیە دەستپێشخەرییە فیقهییەكانم هەوڵێك بوو بۆ جڵەوگیركردنی ئەم تەرازووە و بەستنی شەریعەت بە زانستەوە، ئەمەش ڕێیەك بوو كە ساڵانێك بوو لە پرسەكانی ئابووری و سیاسەت و پزیشكیدا؛ پیایدا گوزەرم دەكرد.
بە نیسبەت سیاسەتەوە، ڕۆژێك لە ڕۆژان حەزم لێی نەبووە، بەڵكو تەنها لەڕێی ئەو تەرازووە فیقهییەمەوە لێم دەڕوانی، كە كردارەكانی دەكێشا؛ نەوەك كەسایەتییەكان.
هیچ ڕۆژێك من پشتیوان و پاڵپشتیكاری گرۆیەك یان بەرەیەك نەبووم، بەڵكو هەمیشە خۆم داوەتە پاڵ حەق، لە هەر شوێنێك بووبێت. بۆیە، كاتێك كودەتاكەی میصر ڕوویدا، هەڵوێستم لە بنەماكانەوە بوو، نەوەك بۆ پشتیوانی ئیخوان، بەڵكو بۆ پشتیوانی كردنی ڕەوایەتی. كاتێكیش كودەتاكەی یەمەن ڕوویدا، هەمان هەڵوێستم هەبوو. چونكە بنەما بەش بەش ناكرێت و كێشانی دوو تەرازوو قبووڵ ناكات.
لای من هەرگیز سیاسەت دابڕاو نەبووە لە ئایین، چونكە ئیسلام تەنها چەند ڕێوڕەسمێكی ئایینی دابڕاو لە ژیان نییە. بەڵكو پەیڕەوێكی گشتگیرە، هەروەك شافیعی دەفەرموێت: "هیچ كارێك نییە كە خودا حوكمێكی تیایدا نەبێت"، هەربۆیە، هەرگیز دژایەتیم لەنێوان فیقهـ و هزردا نەبینیوە، دژایەتیم لەنێوان چاكسازی و سیاسەتدا نەبینیوە، دژایەتیم لەنێوان فەتوا و ئابووریدا نەبینیوە. هەموو ئەم لقانە لەناو هۆشمدا، لەیەك سەرچاوەوە ڕێیان گرتبوو، ئەویش: ئایین ژیانە و ئەو فیقهزانەی نایەتە ناو واقیعەوە، كۆتی كتێبەكان دەبێت.
لە پەیوەندیم لەگەڵ شێخ یوسف قەرضاوی، من شوێنكەوتە نەبووم، بەڵكو هاوكار و هاوڕێ بووم. چۆن سوودم لە شێخ غەزالی و شێخ شەعراوی و شێخ نەدەوی بینیوە، ئاواش لەو سوودمەند بووم، پەیوەندیم بەوانیشەوە شوێنكەوتەیی نەبووە، بەڵكو پەیوەندیی زانست و ڕێز بووە. هەندێك كەس پرسیاری كاریگەریی قەرضاوییان دەكرد لەسەرم، منیش هەردەم وەڵامم داوەتەوە كە هەموو كارتێكەرێك كاری لێ دەكرێـت، بەڵام سەربەخۆیی هزر و هۆشی؛ بناغەی زانای ڕاستەقینەیە.
لە پرسە گەورەكانی گەلدا، هەرگیز شوێنكەوتەی بەرەیەك یان دەوڵەتێك نەبووم. كاتێك وتیان لایەنگری توركیایە، پرسیم: مەگەر وەستان لەگەڵ كەسێك كە وڵاتەكەی هەڵبستێنێتەوە لایەنگرییە؟ كاتێك وتیان پرسی كوردی پشتگوێ خستووە، پرسیم: ئایا پشتیوانی كردنی ستەمدیدەكانی كوردستان لە هەشتاكانەوە، پشتگوێخستنە؟
من هەمیشە وام بینیوە كە زانست سپاردەیە، ئەوەشی ئەو سپاردەیە هەڵبگرێت؛ نابێت لایەنگریی هیچ شتێك بكات جگە لە دادپەروەری.
لە ئابووریدا، قبووڵم نەبووە بڵێن "ئابووریی ئیسلامی درۆیە"، چونكە ئەو گەلەی 1300 ساڵ جیهانی بەڕێوە دەبرد، ناكرێت خاوەنی ڕێكخستەیەكی ئابووری نەبووبێت. هەربۆیە، ئابووریی ئیسلامیم تەنها وەك فیقهی مامەڵە نەبینیوە، بەڵكو وەك ڕێكخستەیەكی تەواو دەمبینی كە پێویستی بە ڕیشەكێشی و نوێسازی هەیە.
كاتێك یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان دامەزرا، ئامانج ئەوە بوو ببێتە دامەزراوەیەكی زانستیی گشتگیر، نەوەك ببێتە ڕكابەری ئەزهەر و جێگرەوەیەك بۆی. ئەمڕۆ، سەرەڕای هەڵمەتەكان لەدژی و گومانەكان، هێشتا یەكێتیی جیهانیی زانایان بەپێوە ڕاوەستاوە، هێشتا ڕۆڵی كاریگەری هەیە، سەرەڕای كشانەوەی هەندێ لە تاكەكانی لەژێر فشاردا!
داهاتووی خۆشم هەر لەناو زانستدا دەبینم. ڕۆژێك لەڕۆژان زانستم وەك خوێندن یان پیشە نەبینیوە، بەڵكو وەك ورە و جووڵەیەكی نەوەستاو لێم ڕوانیوە. كاتێك هەندێك لێم دەپرسن: "ئایا تۆ فیقهزانی یان ئابووریناس یان بیرمەند؟" دەڵێم من خوێندكارێكی زانستم كە بە قوتابخانە كۆنەكانەوە نەوەستاوە، هەروەك چۆن ڕۆنەچۆتە ناو نوێگەریی دابڕاو لە بنچینەكانی ڕابردوو؛ بەڵكو هەوڵیداوە ئەو دوانە بەیەكەوە كۆبكاتەوە. فیقهـ و هزر، پەروەردە و چاكسازی، ڕابردوو و داهاتوو بەیەكەوە كۆبكاتەوە، ئەویش بەپێی فیقهی میزان.
ئەمڕۆ، كاتێك لە واقیعی ئیسلام دەڕوانم، وەك هەندێ كەس شتەكان بە پاشەكشە نابینم. بەڵكو گەلێك دەبینم كە هەڵدەستێتەوە و بەئاگا دێت.
دەیەیەك لەمەوبەر، ئیسلام وەك ئێستا بڵاو نەدەبووەوە، ئەمڕۆ ئیسلام لە هەموو جێگایەك هەیە. وەستانەوە لە دژی دوژمنان بەڵگەی لاوازی نییە، بەڵكو واتای هێز دەگەیەنێت. هەتا هەڵمەت و هەوڵەكانی دوژمنان بەهێزتر بن، زیاتر بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئیسلام هێشتا لەناو دڵ و دەروونەكان و هزر و هۆشكاندا ماوە.
ژیانی من بەم جۆرە بووە، هەر ئاواش دەبم، شتەكان بەپێی تەرازوو و میزانێكی فیقھ دەپێوم، لەڕێی تەرازووی هزرەوە، بەدوای چاكسازیدا دەگەڕێم، زانستیش بە تەرازووی پەروەردە هەڵدەگرم".
لە ئەرشیفەوە، كاتێك خەڵات بەخشرایە ڕۆژنامەوان وائیل دەحدوح.
بۆچوونهکان