دكتۆر جه‌لال جه‌لالیزاده ده‌ڵێ: ئه‌خلاق په‌یوه‌ندیى نێوان مرۆڤه‌كانه و عیرفانیش په‌یوه‌ندیى تاكه‌كه‌سیى هه‌ر مرۆڤێكه له‌گه‌ڵ خۆى و خواى خۆیدا. دكتۆر جه‌لال جه‌لالیزاده، مامۆستاى زانكۆى تاران، ساڵى 1960 زایینى له سنه له دایك بووه. هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆرایه له ئیلاهییات- زانكۆى تاران. خاوه‌نى (15) كتێبى چاپكراوه، كه نووسین و وه‌رگێڕانن. ماڵپه‌ڕی ئاژانس سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌خلاق و عیڕفان دیمانه‌یێكی له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان پێك پێناوه.
پرسیار: په‌یوه‌ندى ئه‌خلاق و عیرفان چییه؟
د. جه‌لال جه‌لالیزاده: ئه‌گه‌ر تێڕوانینمان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ناوه‌ڕۆكه‌كانی ئایین به گشتی بێ، ده‌بینین كه ئایین به گشتی سێ به‌شه، ئه‌وانیش: بنچینه‌كانی بیروبڕوا، فیقهـ و شه‌ریعه‌ت، یان ئه‌حكامی كردارى و ئه‌خلاق و ڕه‌وشت كه له‌م دابه‌شكردنه‌دا ناوێك له عیرفان نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر عیرفان به مانای خواناسی و یان ته‌زكیه و پاككردنی دڵ و ده‌روون له ئاكاری پیس و هه‌وای نه‌فس و گوناح بزانین، ئه‌وا له قوڕئان‌دا زۆر جه‌خت له‌سه‌ر ته‌زكیه و خاوێنكردنی دڵ و ده‌روون كراوه. هه‌روه‌ها كه ده‌زانین هه‌موو كرده‌وه‌كانی مروڤ له ڕوانگه‌ی ئایینه‌وه له‌سه‌ر نیه‌ت و قه‌سد دامه‌زراوه و خودا‌ش به دڵی مرۆڤ ده‌ڕوانی، چونكه ڕواڵه‌تى مرۆڤ هه‌ندێجار فێڵى لێ ده‌كا و زۆر ئینسانی مونافیق و دووڕوو ده‌توانن به فێڵ و خۆنواندن خۆیان به ئینسانێكی به‌دین و به ئه‌خلاق نیشان بده‌ن. ئه‌گه‌ر ته‌زكیه به مانا قوڕئانییهكهی وه‌ربگرین، هه‌ر دوو مهقولهكه ده‌گرێته‌وه، یانی ئه‌خلاق و عیرفان. ئه‌گه‌ر به مانای ته‌زكیه و خاوێنكردنی دڵ و ده‌روون له غه‌یری خوا بزانین و كاركردن له‌گه‌ڵ دڵ و قه‌لب بێ، ئه‌وا هه‌ر یه‌كێكن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر عیرفان ته‌نها له خواناسی و به‌هادان به‌و شێوهكارانه و عیبادهت و جیابوونه‌وه له خه‌ڵك بزانین، ئه‌خلاق به‌و ڕوانینه‌وه گرنگیدان به دڵ و ده‌روون و ئه‌و ڕه‌وشته جوانانه كه ده‌بن به مه‌لیكه له‌ناو دڵی ئینسان و مرۆڤ به‌ره‌و ئیعتدال و ڕێگای ڕاستی دوور له لار و چه‌وتی ده‌بن و مرۆڤ به‌وه‌ی ڕازایه‌وه و ئه‌و سیفه‌تانه‌ى وه‌رگرت، به مانه جێگای متمانه‌ی خه‌ڵكی ده‌بێ و هه‌موو كاره‌كانی ڕاست و دروسته و له ئاكار و ڕه‌وشت و دووره له زۆر و زوڵم و بێعه‌داله‌تی و… هتد، ده‌توانین بڵێین ئه‌نجامى ئه‌خلاق زۆرتر خۆی له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و كومهڵگه نیشان ده‌دات و ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌ریش(د.خ) فه‌رموویه‌تى، من هاتووم ئه‌خلاق ته‌واو كه‌م، لێره‌دا ناوێكی له عیرفان نه‌بردووه، چونكه عیرفان ئه‌گه‌ر به مانای خواناسین بێ، كه‌م یان زۆر له‌ناو خه‌ڵكدا باو بووه، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه كه خۆت له خه‌ڵكی دوور بكه‌یت تا زۆرتر به خوداوه نزیك بیته‌وه، ئه‌وا له ناو موسوڵماناندا باو نه‌بووه. به‌ڵام له لایه‌كى تریشه‌وه ئه‌خلاق ده‌توانێ پێشه‌كی بێت بۆ عیرفان، چونكه عاریف پێویسته كه قۆناغه‌كانى ״ته‌خلیه، تحلیه، تجلیه״ تێپه‌ڕێنێ. هه‌م خۆی له ئه‌خلاقی پیس، پاكه بكاته‌وه، هه‌میش خۆی به ئه‌خلاقه جوانه‌كان بڕازێنێته‌وه، واته عاریف هه‌میشه له ڕێگای ئه‌خلاقه‌وه عبوور ده‌كا، به‌ڵام پێویست نییه كه‌سێكی ئه‌خلاقی عاریف بێ، هه‌ڵبه‌ت به‌م مانایه كه ئیمڕۆ له ئه‌خلاق و عیرفان ده‌كرێ و به ته‌عبیری مه‌نتیقییه‌كان ده‌توانێ عمووم و خسوس ״من وجه״ بن.
پرسیار: ئایا عیرفانى مۆدێرنه هه‌روه‌ك سه‌رده‌مه‌كانى پێشوو ده‌توانێت ئومید و شادیى ڕۆحى و چێژ و چه‌شتنى ده‌روونى بێت و دونیاى ناوه‌كى و ڕۆحى مرۆڤه‌كان ئاوه‌دان بكاته‌وه؟
د. جه‌لال جه‌لالیزاده: هه‌رچه‌ند عیرفان و ته‌سه‌ووف له مێژه تێكوشاوه تاكوو بۆشایی ده‌روونی مرۆڤه‌كان پڕ بكاته‌وه و توانیویه‌تى له‌سه‌ر تاقمێكی كه‌م كاریگه‌رى هه‌بێت و زۆرێک له ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه به‌هره‌یان لێ بردووه و كه‌ڵك و قازانجیان لێ وه‌رگرتووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مرۆڤ ناتوانێ له ژیاندا ته‌نیا لایه‌نێك به نرخ و به‌هادار بزانێ و لایه‌نه‌كانی تر فه‌رامۆش بكات، ئه‌وه‌یه كه عیرفانی مۆدێڕن یانی عیرفانی ساخته‌گی و دروستكراو نه‌ك ته‌نها ناتوانێ خوشبهختی مرۆڤ به‌دی بهێنێت، به‌ڵكوو ده‌بێته هۆی فێڵ و كڵاوخستنهسهر چینی ساده و ساویلكه به‌تایبه‌ت چینی لاوان و گه‌نجان. ئه‌و كه‌سانه كه ده‌یانه‌وێ له قه‌یرانه جۆراجۆره‌كانی دونیای مۆدێڕن ڕزگاریان ببێ، هه‌رچه‌ند ڕووكردنه مه‌عنه‌وییه‌ت و عیرفان ده‌توانێ به‌رگری بكات له زۆرێک لە نهخوشییهكان و گیروگرفته ده‌روونییه‌كان و زۆر له چه‌رمه‌سه‌رییه‌كان لابه‌رێت، به‌ڵام عیرفانێک له سه‌رچاوه‌ى دینه‌وه ههڵنهقوڵابێ، ناتوانێ ئینسان به ته‌واوی ڕازی بكات. هه‌رچه‌ند عیرفانی دینی هه‌م ده‌توانێ عه‌مه‌لی بێت و هه‌م نه‌زه‌ری و تیۆرى و كاریگه‌ریی هه‌بێت، به‌ڵام من پێم وایه عیرفان چ له ڕابردوو و یان مۆدێڕن بێ پشتیوانی ئایین ناتوانێ پرۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه بێت، یانی پێویستی به كه‌ڵكوه‌رگرتن له وانه‌كانی ئایین هه‌یه، چونكه دینیش ته‌نها بۆ سه‌رنجدان له دونیا یان دواڕوژ نییه، یان كاریگه‌ریه‌تی و قازانجی له‌وه‌دا نییه كه ته‌نها لایه‌نێك له ڕوگهكانی مرۆڤ بخاته به‌رچاو و یان داخوازییه‌كانی به‌دی بهێنێت. هه‌ر چه‌ند له دونیای ئه‌مڕۆشدا به‌هۆى قه‌یرانی ئه‌خلاقی مرۆڤ نیازی زۆرتری به گه‌ڕاندنه‌وه بۆ لای ئایین و ئه‌خلاق هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر عیرفان و ڕه‌وشت و ئه‌خلاق ناتوانن مرۆڤ له هه‌موو ئه‌و داوانه و ئه‌و هه‌موو به‌دبه‌ختی و بێچاره‌ییه ڕزگار بكات. ده‌توانین بڵێین كه عیرفان به مانای خواناسی و پاكی ده‌روون له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا هه‌ر ئەو كاریگه‌رییه‌ى هه‌یه و ده‌توانێ به‌رگری بكات له نه‌خوشییه ده‌رونییه‌كان.
پرسیار: به هۆى ئه‌و ڕووكهشگهراییهى كه باڵى كێشاوه به‌سه‌ر بیركردنه‌وه و ڕوانینى مرۆڤه‌كان، ״فه‌یله‌سووفێك״ گوته‌نى: (مۆدێڕنه ئێمه‌ى مرۆڤى نوێى هێناوه‌ته‌وه ڕووكه‌ش)، ئه‌مه‌ش زیاتر له حه‌قیقه‌تمان دوور ده‌خاته‌وه، چۆن ده‌توانین له ڕووكهشگهراییهوه به‌ره‌و ناخنشینى و قوڵایى بڕۆین؟
د. جه‌لال جه‌لالیزاده: هه‌روه‌ها كه ده‌زانین عیلم و زانست، زۆر شتی بۆ ئێمه ڕوون كردۆته‌وه و زۆر له‌و نهێنییانه كه مرۆڤ پێشتر نه‌یده‌زانین و یان لێی ده‌ترسان وه‌ك جادوو و ڕاز وا بوون، زۆربه‌یان ئاشكرا بوون و یان توێكڵ و ڕاستییه‌كانیان ڕوون بۆته‌وه و مرۆڤی ئیمڕۆش واده‌زانێ كه هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌كان هه‌روا بێ سهرووبنن و وه‌كوو سۆفیستهتائییهكان بیر ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردی له‌م باره‌وه بكۆڵینه‌وه ده‌زانین كه نیازی زه‌رووری مرۆڤی ئه‌مڕۆ به شاره‌زایی باشتر له دین، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ى كه ژیان له چاوێكی تره‌وه سه‌یر بكات و بایه‌خێكی تری پێ بدات. من پێم وایه ئه‌وانه كه زۆرتر ڕووده‌كه‌نه ڕواڵه‌ت و پوچگه‌رایى ״نهیلیزم״ و یا بێ بایه‌خبوونی ژیان و بێكهڵكبوونى، چونكه بیركردنه‌وه‌یان زۆر كه‌م بووه له‌م ڕووه، دووه‌میش ئه‌گه‌ر به باشی بیر بكه‌نه‌وه، باشتر ڕوو ده‌كه‌نه ناوئاخنی بیر و بۆچوونه‌كان و باشتر حه‌قیقه‌تییان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ.
پرسیار: سه‌رده‌مى پاڵه‌وان و مرۆڤه مه‌زنه‌كان به‌سه‌ر چووه، (پۆل ڕیكۆر) گوته‌نى: (سه‌رده‌مى حیكایه‌ته گه‌وره‌كان كۆتایى هاتووه)، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئێمه‌ى نیشته‌جێبووانى سه‌رده‌مى نوێ چۆن ڕۆحێكى ئاوه‌دان و دهركێكى جوانبینیمان به بێ بوونى ئه‌و پاڵه‌وان و مه‌زن و ڕۆح گه‌ورانه، هه‌بێت؟
د. جه‌لال جه‌لالیزاده: هه‌رچه‌ند شێوه‌ی ژیانی ئه‌مڕۆ وای له مرۆڤ و كومه‌ڵگا كردووه كه وه‌كو ڕابردوو له هه‌ر بوارێك له ژیاندا پێویستی به قاره‌مان و كهڵهپیاوان نه‌بێ تا ڕێگای خۆشبه‌ختی و ژیانێكی پڕ له ئاسووده‌یی و یان به‌هه‌شتێكی پان و به‌رینی بۆ فه‌راهه‌م كه‌ن، هه‌ر چه‌ند ئه‌مه چه‌ند هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌یه كه سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنى مرۆڤ له بواره جۆراوجۆره‌كانی ژیان و تێپه‌ڕكردنی ژیانی پڕ له سه‌رقاڵى و سه‌ختی و یان خه‌باتی دوورودرێژ بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵگه جۆرواجۆرهكان بووه، به‌ڵام چۆنیه‌تی ژیانی ئیمڕۆ هه‌موو كه‌سێكی هێناوه‌ته ناو مه‌یدانی خه‌بات و به‌شداری كردووه له كێبڕكێى گیروگرفته‌كانی ژیاندا. به‌ڵام ده‌بێ له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكدا تاكه كه‌س یان گروپێك هه‌بن كه جێگای هیوا و ئومێد بن بۆ به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵ و چینه جۆرواجۆره‌كانی كۆمه‌ڵ كه شاره‌زایی و زانینیان كه‌متره و یان لایه‌نی لێپرسراوی و یان تهعههوودیان كه‌متره، پێم وایه له‌هه‌ر ده‌ور و زه‌مانێكدا كۆمه‌ڵ پێویستی به بوونی كه‌سایه‌تییه‌كان له بوارگه‌لی جۆرواجۆردا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى چاویان لێ بكات و ژیانی خۆی بباته سه‌ر.
پرسیار: قه‌یرانى ئه‌خلاقى یه‌كێكه له‌و قه‌یرانانه‌ى ڕووبه‌ڕووى مرۆڤایه‌تى بۆته‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌شێ به گه‌وره‌ترینى قه‌یرانه‌كان ناوزه‌دى بكه‌ین، چۆن بابه‌ته ئه‌خلاقییه‌كان و هاوكاریمان ده‌كه‌ن و هه‌م تاكه‌كان بتوانن ئه‌خلاقییانه مامه‌ڵه بكه‌ن و كۆمه‌ڵگاش ببێته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ئه‌خلاقى؟
د. جه‌لال جه‌لالیزاده: ئه‌وه كه ئه‌وڕۆ بووەته هۆی به‌دیهێنانی ئه‌م قه‌یرانه نه‌بوونی سیسته‌مێكی ئه‌خلاقی ڕێك‌وپێك له‌ناو چینی گه‌نجان دایه، كه بیكه‌نه نموونه بۆ خۆیان و چاوی لێ ببڕن، به‌م بۆنه‌وه له دونیای ئه‌مڕۆ به هۆی نه‌بوونی عه‌داڵه‌ت و زوڵم و زۆر و پێشێلكردنی مافه‌كان و لاچوونی سیسته‌می ئه‌خلاقی سوننه‌تی و هه‌روه‌ها نه‌بوونی ڕاستی و متمانه له نێوان ئه‌ندامانی كومهڵگه، هه‌روه‌ها له نێوبهرانى خه‌ڵكى ئاسایى و هاونیشتیمانى و یان ته‌نانه‌ت حكوومه‌ت و هاووڵاتیان، قه‌یرانێك دروست بووه كه ئاكامی لاوازبوونی مه‌عنه‌وییه‌ت و باوه‌ڕ به خوا له ژیانی مرۆڤ دایه، ئیمڕۆ ئه‌و پێوه‌رانه‌ى كه بۆ ئه‌خلاقیبوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ها و ئه‌رزشیان هه‌یه، ده‌بێ جیا له پێوه‌ره‌كانی پێشوو به‌راورد بكرێن و ده‌بێ له‌گه‌ڵ چینی ئه‌مڕۆ به زمانی خۆیان قسه بكه‌ین، بزانین نیاز و پێویستی چییه؟ ئامانج و مه‌قسه‌دی به‌ره‌و كوێیه؟ چۆن له‌باره‌ی خوا و بوونه‌وه‌ر و مرۆڤ بیر ده‌كاته‌وه؟ پێم وایه ئه‌گه‌ر به پێی واقعیه‌تی ئه‌م عه‌سره جموجوڵمان نه‌بێ و ده‌رده‌كان نه‌ناسین، ناتوانین ده‌رمانیان بكه‌ین. بۆیه‌ش گه‌ڕانه‌وه و سوودوه‌رگرتن له میراتى مه‌عنه‌وى و ئایین زۆر پێویست و گرنگه.
پرسیار: ڕۆڵى ئه‌خلاق له بواره‌كانى سیاسه‌ت و ئابوورى و زانست‌دا چییه و په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كێك له‌م بابه‌تانه چییه؟
د. جه‌لالى جه‌لالیزاده: ئه‌خلاق له هه‌موو بواره‌كانی ژیان چ ڕامیاری یا ئابووری و زانستی ده‌ورێكی گرینگی هه‌یه، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیه‌وێ ژیانێكی ئه‌خلاقی بێ، پێویسته له بوار جۆرواجۆرهكاندا چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و یان بێژین ئه‌خلاقی پیشه‌یی هه‌بێ، له گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت ده‌بێ وه‌زیفه‌ی ده‌سه‌ڵات به ده‌ستان دیار بێ، سنووری قودره‌ت دیاری بكرێ تا ده‌سه‌ڵاتدار و هاووڵاتی هیچ كام له‌و چوارچێوه‌یه ده‌رنه‌چن، یانی له‌گەڵ یه‌كتر درۆ نه‌كه‌ن، مافی یه‌كتر پێشل نه‌كه‌ن و خیانه‌ت به یه‌كتر نه‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له حه‌وزه‌ی ئابووری چۆن سه‌روه‌ت و سامانی گشتی له نێوان خه‌ڵكدا دابه‌ش بكرێ، مافی كه‌س نه‌فه‌وتێ و زۆر شتی تر… سته‌م نه‌كردن له مافی هاووڵاتیان و به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ فاسله‌ی ته‌به‌قاتی و چینی برسی و تێر و ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار. ئێوه ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی هه‌ڵبژاردنه‌كان له بڕێ له وڵاتانی جیهانی سێیه‌م بده‌ن و فڕوفێڵهكان ببینن، ده‌زانن كه چه‌ند ئه‌خلاق له سیاسه‌تدا پێویسته، هه‌روه‌ها له باری زانستییه‌وه چۆن هه‌موو خه‌ڵكی له به‌رهه‌مه‌كانی زانست به‌شدار بن. زانست له ڕێگای ئامانجه مرۆییه‌كاندا به‌كار بهێنرێت، نه‌بێته چه‌كی ده‌ستی زلهێزه‌كان و دهسەڵاتدارهكان.
پرسیار: ئه‌گه‌ر ئه‌خلاق دیوى دووه‌مى هه‌موو بابه‌تێك بێت، بۆ نموونه: گه‌ر پزیشكێك زانست و زانین به‌شى یه‌كه‌مى بێت و ئه‌خلاقییانه مامه‌ڵه‌كردن به‌شى دووه‌مى بێت، ئێمه‌ى چۆن ده‌توانین ئه‌م ده‌رك و تێگه‌یشتنه زیاتر په‌ره پێ بده‌ین و ده‌ركى قووڵمان له‌م ڕووه‌وه بۆ دروست ببێت؟
د. جه‌لال جه‌لالیزاده: من پێم وایه كه هه‌موو ئیشێك له‌ناو كومهڵگهدا ئه‌خلاقی تایبەتی خۆی هه‌یه. (سوبكی) یه‌كێ له زانایانی ئیسلامی حه‌وتسه‌د ساڵ له‌مه‌و پێش له‌م باره‌وه كتێبی نووسیوه كه هه‌ر چینێك له كۆمه‌ڵگا ده‌بێ ڕه‌وشت و كرداریان چۆن بێ، عیلمێك كه ئه‌وڕۆ له زانكۆكاندا به‌شێكیان بۆی داناوه تا هه‌ر چینێك به ئه‌ركی خۆی عه‌مه‌ل بكات، به‌م بۆنه‌وه من پێم وایه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌خلاقی نابێ ئه‌خلاق ڕوویه‌كی دیكه‌ی شوغل و پیشه بێ، به‌ڵكوو لازمه كه هه‌ر چین و لایه‌نێك به جۆرێ ئه‌خڵاقی ڕه‌فتار كه‌ن كه هیچ نه‌قس و زهعفێك ڕوو نه‌كاته كاره‌كه‌یان و له لایەن ئه‌ندامانی كومه‌ڵگا به‌بێ ئه‌خلاقی تاوانبار نه‌كرێن. یانی ئه‌گه‌ر پزیشكێك ئه‌همییه‌تی زۆرتر به كۆكردنەوەی پاره و سه‌روه‌ت بات و ئه‌شخاسی هه‌ژار وه بێپاره موعالیجه نه‌كات، به پزیشكێكی ئه‌خلاقی ناناسرێ و له لایه‌ن كومهڵگهوه ده‌درێته ژێر بارانی تانه و ته‌شه‌ر و به بێ ئه‌خلاقی تاوانبار ده‌كرێ، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ هه‌ر چین و توێژێك به میعیارگهلی خۆی عه‌مه‌ل بكات و بە پێی ئه‌و یاسا و فه‌رمانه ژیان به‌ڕێوه ببات.
سازدانى: موسعه‌ب ئه‌دهه‌م
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی ئاژانس
بۆچوونه‌کان