خوالێخۆشبوو فەقیه‍ و زانای ناودار، عەللامه مامۆستا عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز هەرتەلی، لە ساڵی ۱۳۳۴ی کۆچی هەتاوی لە ئاوایی «هەرتەل»ی سەر بە شاری ڕانیە و سەر بە پارێزگای «سولەیمانییە» لە دایک بووە. خۆی لە بنەماڵەی «خۆشناو» بووە. لە هەولێر لە لای ئەم مامۆستایانە کە هەریەک عالمێکی پایەبەرز بوون، وانەکانی حوجرەی خوێندووە: مامۆستا مەلا خدر شێخ، مامۆستا سەید عومەر پیرداودی، مامۆستا بەهائه‌ددین خه‌تی.

مامۆستا ساڵی ۱۳۵۶ی کۆچی هەتاوی، لەژێر چاوەدێری عه‌للامە مامۆستا مەلا عه‌بدولکەریم مودرریس ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. مامۆستا لە ساڵی ۱۹۷۷ زایینی دەستی کرد بە نووسین. زیاد لە بیست کتێبی نووسیوە کە بەرچاوترینیان ڕاڤە و وەرگێڕانی کتێبی «منهاج الطالبین» بە نێوی کوردی «ڕووناکی ڕه‌ببه‌لعاله‌مین»ه‌.

نووسراوەکانی مامۆستا:

بەرھەمەکانی مامۆستا عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز هه‌رته‌لی(ر.ح) بریتین لە:

۱ـ «الأربعین النووية» چل حه‌دیسه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای له‌سه‌ر بێت).
۲ـ چۆنیه‌تی حه‌ج و عومڕه‌ وه‌ك له‌ پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لە‌سە‌ر بێت) وه‌رگیراوه‌.
۳ـ هۆنراوه‌ی ئیمان و ئیسلام.
۴ـ چه‌ند گوڵێك له‌ گوڵزاری ئیسلام پێشكه‌شه‌ به‌ گه‌نجی نه‌ونه‌مام.
۵ـ «خورشید تابان»، شڕۆڤه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی فه‌تحولقه‌ریب، «متن فتح القریب» له‌
شرۆڤه‌ و لێکۆڵینەوەی: عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز هه‌رته‌لی وه‌رگێڕانی: محه‌ممه‌د مێهدی چووری. ئه‌و کتێبه‌، وەرگێڕانی کتێبی «ڕۆژی پڕشنگدار»، ڕوونکردنه‌وه‌ی «غایه‌ الاختصار» ناسراو به‌ «متن‌ فتح‌ القریب‌»ه‌ که خۆی شرۆڤەی «التقریب» نووسینی ئه‌حمه‌د کوڕی حوسێین ئه‌بوو شوجاع ئیسفه‌هانییه‌.
۶ـ مانگی شه‌وی چوارده، دە ‌ڕوونکردنه‌وه‌ی «قصیدة البردة» ئیمام بووسیریدا.
٧ـ ڕۆژی پڕشنگدار، ڕوونکردنه‌وه‌ی «غایة الأختصار» ناسراو به‌ «متن فتح القریب». له‌ تێگه‌یشتنی بڕیاره‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام له‌سه‌ر ڕاڕه‌وی ئیمامی شافیعی(ڕه‌حمه‌تی خوای له‌سه‌ر بێت)
۸ـ ڕووناكی ڕه‌ببه‌لعاله‌مین، ڕوون‌كردنه‌وه‌ی «منهاج الطالبین»ی ئیمام نەوەوی. له‌ تیگه‌یشتنی بڕیاره‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام له‌سه‌ر ڕاڕه‌وی ئیمامی شافیعی(ڕه‌حمه‌تی خوای له‌سه‌ر بێت)
۹ـ به‌شكردنی میرات، ڕوونكردنه‌وه‌ی «قطر العرض فی علم الفرائض، للشیخ معروف النودهی» له‌م هۆنراوه‌دا «فرائض المنهج» به‌ تێروته‌سه‌لی ڕوون كراوه‌ته‌وه.‌
۱۰ـ عه‌قیده‌ی ئیسلامی له‌سه‌ر ڕاڕه‌وی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت.
۱۱ـ ڕوونكردنه‌وه‌ی «العقیدة الطحاویة» له‌سه‌ر ڕاڕه‌وی ئەهلی سوننەت و جەماعەت.
۱۲ـ مێرگ گوڵزاری بەهار بۆ گەشتیارانی ژیانی پێغەمبەری ڕێزدار(دروودی خوای لە‌سە‌ر بێت).
١٣- وانەگوتنەوەکان «درس گفتار»ی مامۆستا.

هەروەها مامۆستا زیاتر لە ١٠٠٠ ئاڵقەی وانەگوتنەوە و وتاردانی هەیە. بەشی زۆری وانەکانی حوجرەی بە دەرس گوتوونەتەوە. هەروەها بە دەنگیش شەرحی مینهاجی ئیمامی نەوەوی کردووە. بەڕاستی پیاو هەتا گوێی لێ نەگرێ، نازانی چه‌نده‌ جوان ئەم پیاوە شورووحی مینهاج و بەڵگەکانی لە ئایات و ئەحادیس بە گشتی ڕەوان کردووە. شەرحی مامۆستا لەسەر مینهاج، ٢٧٧ دەرس لە ١٨٥ کاتژمێر دایە.


شێوازی وەرگێڕاوەکانی مامۆستا

مامۆستا لە وەرگێڕاندا زۆر بەتوانا بووە. زۆر وەستایانە کتێبەکانی بۆ زبانی شیرینی کوردی وەرگێڕاوە و ناوی کوردیشی بۆ داناون. هەرچەند مامۆستا لە وەڕگێڕاوەکانیدا دەقە عەڕەبییەکەشی هێناوە. بەڵام ئەگەر تەنیا وەڕگێڕانەکە بخوێنییەوە، دەتوانی لە دەقە عەڕەبییەکەی بێنیاز بی. مامۆستا بۆ دەستەواژە و چەمک‌ و وشە عەڕەبییه‌کان هەتا بۆی کرابێ، لە وشە و دەستەواژەی کوردی کەڵکی وەرگرتووە. باوەڕتان بێ ئەوەندە وەستایانە وەری گێڕاوە، بە قەولێک کورداندوویەتی. ڕەنگە مامۆستا نەیتوانیبێ یا نەیویستبێ زمانێکی ستانداری کوردی بەکار بێنێ و زۆرتر نووسراوەکانی لەسەر زاراوەی کورمانجی ناوەڕاست «هەولێر»ی نوسیبێ. ئەوەی کە باوە دەڵێن هەمووشی بۆ خۆی تایپ کردووە. جیا لەمەش لە کتێبە فیقهییه‌کان، فیقهێکی ئیستیدلالی‌ هەیە، چونکه هەموو بەڵگەکانی لە قوڕئان و فەرمووده بۆ هێناوەتەوە.

مامۆستا زۆر وەستایانە توانیویەتی وشەکان لەپەنایەک دابنێ و هەتا بۆی کرابێ لە وشەی بێگانە خۆی پاراستووە. کاتێ ڕستەیەکی دەخوێنییەوە، زوو مەبەستەکەت دەداتە دەستی. تەنانەت کەسێک زانستی عەڕەبی نەبێ و لە حوجرە نەیخوێندبێ، زۆر ئاسان دەتوانێ بابەتەکە وەرگرێ.

به بڕوای من وەرگێڕانی مامۆستا وەها وەستایانە بووە، نە دقی فیدای وەرگێڕان و نە وەڕگێڕانی فیدای وشە کردووە. کاتێ دەیخوێنییەوە، جوان بۆت ڕوون دەبێتەوە کە هەم باری مانایی دەقەکەی پاراستووە، هەم لە دەقەکەش لای نەداوه. لەلایەکی تریش خۆی جیا لە وەڕگێڕانەکە بە پەراوێز و کۆبەند، ئەوەندەی‌ تر کتێبەکەی خۆی نەخشاندووە، کاری مامۆستا هاوکات هەم وەرگێڕانە و هەم ڕاڤەکردنی دەقەکانە. جیا له‌مانەش بە «ئاگاداری» و «پاشکۆ» ئەوەندەی تری بابەتەکەی ڕازاندۆتەوە. بۆ هەموو فەسڵەکان نێوی کوردی هەڵبژاردووە. دێرەدا مەجال نییە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کتێبەکانی‌ تر بدوێین.

لە کتێبی مێڕگ و گۆڵزاری ژیانی خۆشەویستدا، کە دەیهەوێ باسی گۆشەیەک لە ژیانی خۆشەویست بکا، بە پێشکێشکردنی پێشەکی و دوایە بە کورتی، باس لەم بەشەی دەکا و لە کۆتاییدا بەشە فیقهی و پەیامەکانی ئەم ڕووداوە باس دەکا.

هیوادارم لێکۆڵەڕان بتوانن بەشەکانی تری کەسایەتی مامۆستا شی بکەنەوە.

۲ـ وانه‌بێژی مامۆستا: بەشێکی زۆری لە کتێبەکانی حوجرەی بە وانە گوتۆتەوە، کاتێ گوێی دەدەیەی، هەست بە حافیزەیەکی عەجیبی مامۆستا دەکرێ. چۆن لەسەر دەرس ئەم هەموو ئایە و فەرموودە و وتەی زانایانی بەر لە خۆی بەژومارەی ئایە و ژومارەی فەرموودە و کێ گێڕاویەتەوە، یان فەرموودەی زانایان لە کام کتێب و کام بەش، دەهێنێتەوە.
۳ـ مامۆستا عارفێکی دڵ ئاوەڵا بووە. ڕێزی بۆ هەموو بیروبۆچوونەکان دادەنا. لە عەینی ئەوە داکۆکی دەکرد لەسەر فیقهی ئیمامی شافیعی. ڕێزی بۆ هەموو بیروبۆچوونەکانی تریش دادەنا. بەڕاستی مامۆستا، شافیعییەکی زەمانەی خۆی بوو.
۴ـ مامۆستا ئەمەی کە وەڕگێڕاوەکانی بەزمانی شیرینی کوردی بووە لە جێی خۆیدا پەرەدانێکی گرینگە بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی. دەبێ ئەوە بڵێم کوردی زمانی شێعر و زمانی ڕۆمان و پەخشانە و لەم بەشەدا زۆر سەرکەوتووە. بەڵام بەڕاستی زمانی فەلسەفە، زمانی مەنتیق، زانستی کەلام، بیرکاری و زمانی زۆر بابەتی دی نییە. لەوەدا فارسەکان زۆر سەرکەوتووترن. ئەوان زوو زمانی عەڕەبییان قۆزتەوە و زوو توانیان خۆیان بکەنە خاوەن زمانێکی تایبەت. وای لێ هات له‌ زمانی فەلسەفە و عیڕفاندا وەپێش عەڕەبەکان کەون. من ئەم گلەیەم هەیە لە مامۆستاکانی ئایینی کە نەیانویست فەلسەفە و ڕیازی و زۆر بابەتی دی وەرگێڕن. تەنیا خۆیان بە پەراوێز و کۆبەندی کتێبەکان خەریک کرد، ئەمە لە حاڵێک دایە لە زۆرێک لە نووسەره‌کان بە تواناتر بوونە.

جێی دڵخۆشییە کە لەم دواییانەدا مامۆستا مەلا عه‌بدولکه‌ریم موده‌رریس بە نووسینەوەی شەریعەتی ئیسلام، توانی زمانی فیقه‍ بکاتە زمانی کوردی. هەرچەند هەندێ لە مامۆستایان سەرەتا دژی ئەمە بوون و پێیان وابوو زانستە شەرعییه‌کان وای لێ دێ، کابڕا خۆی بە عەڕەبییه‌کەی ماندوو نه‌کات و بە کوردییه‌کەی وه‌ڵام داتەوە. بەڵام لە دواییدا هەر ئەمانە کڕیان و بردیانە ناو کتێبخانەکەیان. بەر لە مامۆستا مودەرریس، کاک ئەحمەدی شێخ ئەم کارەی کردووە. دوایە مامۆستا مەلا عه‌بدولکه‌ریم موده‌رریس بە نووسینی شەریعەتی ئیسلام دەورێکی گرینگیان هەبوو. بەڵام مامۆستا هەرتەلی بە لوتکەی خۆی گەیاند.
۵ـ هەموو لایەنە ئیسلامییه‌کان، مامۆستایان وەک شارەزایەکی گەورەی فیقهی دەناسی، بۆیە ئەگەر دەچوویە ماڵێ هەر مامۆستایەک، بەهەر بیروبۆچوونێک کتێبی ڕووناکی ڕه‌ببه‌لعاله‌مین و ڕۆژی پڕشەنگداری لە ماڵێ بوو.
۶ـ مامۆستا لە نووسینەکانی تریشدا زۆر سەرکەوتووانە بابەتەکان شی دەکاتەوە. بۆ وێنە لە زانستی کەلامدا بە وەرگێڕانی عەقیدەی «ته‌حاوییه‌». له ژیانی خۆشەویستدا بە نووسینی مێرگ و گوڵزار... مامۆستا بۆ هەڵبژادنی نێوی کتێبەکەش لە وشەی جوان و ڕەسەنی کوردی کەڵکی وەرگرتووە. کاتێک باسی ڕووداوێکی دەگێڕێتەوە، وانەکان و بابەتەکانی شەرعی لێ هەڵدێنجێ. بە بڕوای من توانیوێتی وەک مامۆستا شێخ ڕه‌مه‌زان بووتی لە «فقە السّیرە»دا سەرکەوتوو بێ.

زیاتر لەوە کێش بە بابەتەکە نادەم. هیوادارم مامۆستایانێک کە لە نزیکەوە سەریان داوە و زۆرتر لەگەڵ کتێبەکان ئاشنایەتییان هەیە، بابەتی لەسەر بنووسنەوە. لەم جۆرە مامۆستایانە لە کوردوستان زۆر کەمن. بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەروا لە کزی دایە. بەهۆی نەبوونی فەقێ و حوجرە کە لە داهاتوودا جێی مەترسییه‌کی گەورەیە. پێم خۆشە مامۆستایان قۆڵی هیممەت هەڵماڵن و هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی حوجرەکان و مەداریسی علوومی دینی بدەن.


بیروبۆچوونەکانی مامۆستا سەبارەت بە هێندێک بابەت:

۱ـ سەبارەت بە زیارەتی قەبران: لە درێژەی باسەکەدا دەفەرموێ: دەستپێداهێنانی گۆڕ و دیوارەکانی و قەفەسەکەی و باوەش لێوەرهێنانیان و ماچکردنیان و له دەورەسووڕان، گشتی«بیدعە»یەکی ناپەسەند و ناشیرینن. هەروەک لە سەرچاوەکاندا فەرموویانە. «ڕووناکی ڕه‌ببه‌لعاله‌مین. ب۲. ل.۱۵۴».
۲ـ مامۆستا لەگەڵ ئەوەی خۆی زۆر پابەند بە مەزهەبی ئیمامی شافعی داناوە. لەگەڵ ئه‌وەش سەبارەت بە کردنی ڕەمەزان و جێژن کە بەداخەوه‌ هەموو ساڵێ گرفت و کێشەیەکی ناخۆش هەم بۆ مامۆستاکان و هەم بۆ خەڵکەکە دروست دەکا، مامۆستا هەرتەلی بۆ یەکڕیزی کۆمەڵگا و یەکێتی مامۆستایان بۆچوونی تایبه‌تی هه‌یه‌.


مامۆستا هەرتەلی لە دوو شوێن‌ کە تۆمار کراوە، لە وانەگوتنەوە بە فەقێکانیدا دەفەرموێ:

لەو شوێنانەی کە مانگ نابینرێ، دروستە مامۆستاکان خەڵکی هان دەن خۆ تەقلیدی فەرموودە بێهێزەکەی ڕێڕەوی ئیمامی شافیعی بکەن. کە ئیعتیبار بە ئیختیلاف و ئهلمه‌تالیع ناکات. جا که خۆیان تەقلید کرد، لەگەڵ هەر وڵاتێک کە کردوویەتی، لەگەڵ وێ بیکەنه‌ جێژن یا ڕه‌مه‌زان. ئەگەر پێیان خۆشە با خۆ تەقلیدی یەکێ لەو سێ مەزهەبانەی «حه‌نه‌فی، مالکی، حه‌نبه‌لی» بکەن کە باوەڕیان بە ئیختیلافولمه‌تالیع نییه.


سەرچاوە:

«وانەبێژی مامۆستا هەرتەلی. کلیپی شه‌ش پەڕتووکی ڕۆژوو، دیتنی مانگی یەکشەوە».

مامۆستا دوای ئەمە ئەوجار دەفەرموێ: جا ئەلێرە تکام لە مامۆستایان ئەمەیە، بۆوەی وەحدەت ڕوو بدا و عیناد نەکەن، ئەگەر هات و باوەڕیان بە جێیەکی هەبوو کە مانگ دیتراوە، بۆخۆیان خەڵکەکەی تەقلیدی فەرموودە بێهێزەکەی ئیمامی شافیعی بکەن. ئەگەر گوتیشیان ئەو فەرموودە بێهێزە، با تەقلید لە یەکێک لەو سێ مەزهەبانەی تر بکەن. ئەوجار بڕیار بدەن خەڵکینە: سپەی ئێمە لەگەڵ ئەو عالمەی بە ڕۆژوو دەبین. جا ئەو تەقلیدە هەم بۆ کردنەکەی و هەم بۆ جێژنەکەی بەکەڵک دێ. سەرچاوە: وانەبێژی ڕووناکی ڕه‌ببه‌لعاله‌مین به‌ دوو کلیپی ٦به‌شی. لە باسی دیتنی مانگی یەکشەوە. لە کاتی ۲۰ تا ۲۵ خولەکدا.


ژیانی تایبەتی مامۆستا

مامۆستا موسلیح سالح زەرار، کە خۆی ماوەیەکی دوورودرێژ لە خزمەت مامۆستا هەرتەلی بووە و فەقێی مامۆستا بووە، لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ «ڕووناکی»، ئاوا باسی ژیانی تایبەتی مامۆستا دەکات:

۱ـ مامۆستا هەموو ڕۆژێ کات ژمێر هه‌شت هاتووە وانەی بە فەقێکان گوتووە.
۲ـ مامۆستا لە ماوەی پازدە ڕۆژی ڕەمەزان ۴۲۲ بەیت شێعری شێخ معڕووفی نۆدەهی لەبەر کردووە.
۳ـ مامۆستا سەبارەت بە منداڵەکانی: بەڕاستی ئەم ئایەتەی عەمەلی کردبوو «قوا انفسکم و اهلیکم نارا»: به‌م چه‌شنه‌ی که:
الفـ هەموو منداڵەکانی وانەی فەقێیایەتی پێ گوتبوون و ته‌نانه‌ت بە کچەکانیشی. مامۆستا موسلیح دەگێڕێتەوە کە مامۆستا گوتی ئەمڕۆ بە کچەکەم بەرگی پێنجی «منهاج»م پێ گوتووە.
بـ مامۆستا قوڕئان و ئه‌ربه‌عینی ئیمامی نەوەوی بە منداڵەکانی لەبەر کردبوو.
جـ کوڕەکانی کاتێ دەهاتنە حوجرەی، چایان نەدەخواردەوە و دەیانگووت ئەمە تایبەتە بە فەقێکان و لە ئێمە حەرامە.
دـ هەرکات مامۆستا بۆ شوێنێک دەعوەت دەکرا، مناڵی لەگەڵ خۆی نەدەبرد و دەیکووت خۆ ئەم مناڵە دەعوت نەکراوه‌ و پێی بێتەقوایی بوو.
ه‍ـ مناڵەکانی بەردەوام لە نوێژی بەکۆمەڵ لە مزگەوت بەشدار بوون. دەنا لە ماڵێ بە کۆمەڵ جه‌ماعه‌تیان دەکرد.

۴ـ مامۆستا حافیزەیەکی عەجیبی هەبوو. زۆربەی قوڕئان و حەدیسی لەبەر بوو. زۆر شوێنی دەقە فیقهییه‌کانی «تحفە» و «نهایە»ی له‌بەر بوو.
۵ـ مامۆستا خۆی بە مڵکی کەس دانەدەنا. مامۆستا سۆفی نەبوو، بەڵام خۆشی دەویستن؛ من بڕوام بە هەموو جۆرە ته‌سه‌ووفێک هەیە بەمەرجێک ڕاست بکەن و ڕێگەی پێغەمبەر بگرن و من بۆ خۆم تا ئێستا نەگەیشتوومەتە یەکێکی وا تەمەسوکی پێ‌ بکەم و گەر بگەمە یەکێکی وا، دەستی ماچ دەکەم. بەڵام موسوڵمان مەرج نییە هەر بە واسیته‌ی موڕشید بە حەقیقەت بگا، ئەکرێ بەبێ موڕشیدیش پێ‌ بگا. بۆ نمونە ئیمامی نەوەوی شێخیشی نەبووە و بە دەرەجەی «قوتب» گەیشتبوو. ئەگەر ئینسان بەهێز بوو و شارەزای زانستی دین بوو، دەتوانێ خوا بە ئاگادار و موڕاقیبی ئەعمالی خۆی بزانی و بۆخۆشی موڕاقیبەی نەفسی خۆی بکا. شێخ و موڕشید بۆ دوو شتە:

یەکەم: ببێت بە موڕاقیبت
دووەم: تەعلیمت بکات.

هەروەها مامۆستا ڕێزی بۆ هەموو بزاڤە ئیسلامییه‌کان دادەنا و بە ناکۆکی ئەوانیش ناڕەحەت بوو.


کەسایەتی مامۆستا:

ماموستا موسلیح، فەقێی مامۆستا دەڵێ: مامۆستا مەلا عوسمانی هەڵەبجەیی ڕێبەری بزووتنەوەی ئیسلامی زۆری ڕێز بۆ مامۆستا دادەنا. من خۆم گوێم لە پرسیاری برادەرێک بوو کە پرسیاری لە مامۆستا کرێکار کرد. مامۆستا کرێکار گوتی: بۆ وه‌ڵام بچۆ لای مامۆستا هەرتەلی کە زۆر شارەزایە. ڕۆژێکی پڕشەنگدارە و پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە حەستەمە.

مامۆستا لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەممه‌ ڕێکەوتی۱۹ خاکەلێوەی ۱۳۹۹ی کۆچی هەتاوی، لە تەمەنی ۶۵ ساڵیدا دڵی لە لێدان کەوت. له‌ خوای گەورە داواکارین کە وەبەر ڕەحمەتی خۆی بخات و ڕێڕەوانی هەر زۆر بن.