ڕۆژنامه‌ی‌ – واشینگتۆن پۆست – ی‌ ئه‌مریكی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ " محمد مورسی " ی‌ سه‌رۆكی‌ دوورخراوه‌ی‌ میسر تاكه‌ كه‌سێكه‌ كه‌توانای‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌ ئاڵۆزه‌كه‌ی‌ ئێستای‌ فه‌له‌ستینی‌ هه‌بێت، چونكه‌ له‌كاتی‌ مـاوه‌ كـه‌مـه‌كـه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تییدا توانیی‌ ئه‌و ڕاستیه‌ بسه‌لمێنێت كه‌له‌توانایدایه‌ كه‌به‌و كاره‌ هه‌ڵسێت، كه‌ته‌واوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ نه‌یتوانی‌ بیكات . ڕاپۆرته‌كه‌ی‌ واشینگتۆن پۆست ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی‌ ته‌نها چه‌ند مانگێكی‌ كه‌می‌ خایاند، مورسی له‌ساڵی‌ – 2012 – دا توانیی‌ به‌لێزانی‌ و دیبلۆماسیی‌ خۆی‌ شـه‌ڕی‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌نی‌ فه‌له‌ستینی‌ و ئیسرائیلی ڕابگرێت و ووڵاته‌كه‌ی‌ – میسر – گه‌وره‌ترین و سه‌ره‌كیترین ڕۆڵ له‌و بواره‌دا بگێڕێت، كه‌نێوه‌ند گیره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ئاستیدا ده‌سته‌وه‌ستان بوون . ڕۆژنامه‌كه‌ تیشكیشی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌ كه‌، ئه‌وه‌ی‌ موباره‌ك نه‌یده‌توانی‌ بیكات و كه‌وتبووه‌ ژێر سایه‌ و فشاره‌كانی‌ جوله‌كه‌ و ئه‌مریكاوه‌، مورسی به‌ به‌هێزیی‌ خۆی‌ و قوتابخانه‌ ئیخـوانیه‌كه‌یه‌وه‌ توانیی‌ لێی‌ ده‌ربچێ و ده‌روازه‌ی‌ ڕه‌فـه‌حـی‌ سنوریی‌ به‌ڕووی‌ فه‌له‌ستینیه‌كاندا كرده‌وه‌ و توانیی‌ به‌ده‌م داماوان و لێقه‌وماوانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌وه‌ بێ و گه‌شتكردنیشی‌ بۆ ئاسان كردن . واشینگتۆن پۆست ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دیكتاتۆریه‌كه‌ی‌ عبدالفتاح سیسیدا قه‌یرانه‌كه‌ی‌ فه‌له‌ستین قوڵتر بووه‌ته‌وه‌ و سیسیش ڕاسته‌وخۆ فه‌رمانه‌كانی‌ جوله‌كه‌كان له‌دژی‌ فه‌له‌ستینیه‌كان جێبه‌جێ‌ ده‌كات و ده‌روازه‌كـانی‌ ووڵاته‌كه‌ی‌ به‌ڕووی‌ هاووڵاتیان و بـریندارانی‌ فه‌له‌ستینیدا داخستووه‌ .