نێلسۆن ماندێلا، سه‌رۆک کۆماری پێشووی ئافریقای باشوور و قاره‌مانی به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵکوژری، شه‌وی ڕابردوو پێنج شه‌ممه 5ی دێسامبر، له ته‌مه‌نی 95 ساڵی دا کۆچی دوایی کرد. ماندێلا که له چه‌ند ساڵ پێشه‌وه له به‌ده‌س نه‌خۆشینه بهژانهکانهوه گرفتار بوو، له‌م دواخریانه‌دا به‌شێوه‌ی ھه‌میشه‌یی له نه‌خۆشخانه‌دا به‌سه‌ری ده‌برد و له‌ژێر چاودێری تایبه‌تی دوکتۆره‌کاندا بوو.
نێلسۆن ماندێلا چه‌ن کاتژمێر له‌مه‌و پێش و به‌ھۆی زۆربوونی باری زه‌ختی نه‌خۆشی له نه‌خۆشخانه‌دا کۆچی کرد. له‌م دواخریانه‌دا به ده‌س نه‌خۆشی »چڵکی سی«ه‌کانی گرفتار بوو.
»بی بی سی« ڕایگه‌یاند که »جاکوب زۆم«سه‌رۆک کۆماری ئافریقای باشوور له ڕاگه‌یاندنێکی ته‌له‌فزیۆنیدا ئه‌م ھه‌واڵه‌ی ڕاگه‌یاند و وتی : «ماندێلا ئێستا ئێمه‌ی به‌جێ ھێشتووه [و کۆچی کردووه]» ماندێلا له نه‌خۆشخانه‌ی شاری «پرتوریا» له ئه‌فریقای باشوور کۆچی دوایی کرد.
ماندێلا یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری ڕه‌ش پێستی ئافریقای باشووره که له ساڵی 1994 به ماوه‌ی 5 ساڵ ئه‌م ئه‌رکه‌ی له‌سه‌ر شان بوو و زۆرێک به‌ناوی »باوکی ئافریقای باشوور« ده‌ی ناسن. ڕێبه‌ری پێشووی ئافریقای باشوور دژی کۆمه‌ڵکوژی (ئاپاڕتاید یا حکوومه‌تی که‌مینه‌ی سپی پێست به‌سه‌ر وڵات‌دا) وه‌ستا و له ساڵی 1993 خه‌ڵاتی سوڵحی نۆبێلی وه‌رگرت.
نێلسۆن ماندێلا، که ماوه‌ی 27 ساڵ زیندانی بوو، ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له دامه‌زرانی سوڵح و کێشه‌کاندا له ئه‌ستۆ گرتبوو. ماندێلا له‌م مانگه دوایانه‌دا چه‌ن جار به‌ھۆی گرفتی له‌شیه‌وه له نه‌خۆشخانه‌دا ڕاگیرا. له ساڵه‌کانی ھه‌شتادا کاتێ که زیندانی بوو، تووشی نه‌خۆشی »سیل« ببو.
نێلسۆن ماندێلا له‌گه‌ڵ زیندانی بوونێکی دوور و درێژدا، دوژمنه‌کانی خۆی به‌خشی و به‌ناوی سه‌رۆک کۆماری ئه‌و سه‌رده‌مه له ته‌واوی ڕه‌گه‌زه‌کانی خواست تا له پڕۆژه‌ی ئاشتی نه‌ته‌وه‌یی دا ھاوکاری بکه‌ن.
به پێی ڕاپۆرتی ھه‌واڵنێری سی . ان ان جاکوب زوما، سه‌رۆک کۆماری ئه‌فریقای باشوور له په‌یامێکی ته‌له‌فزیۆنی وێڕای ڕاگه‌یاندنی کۆچی ماندێلا و سه‌ره‌خۆشی کردن له خه‌ڵکی ئه‌فریقای باشوور باسی قاره‌مانیه‌کانی ئه‌م قاره‌مانه‌ی دژ به ئاپارتاید کرد.
جاکوب زۆما وتی : نێلسۆن ماندێلای خۆشه‌ویستی ئێمه که باوکی وڵاته دێمۆکراتیکهکهمان بوو، کۆچی کرد.
له درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی : وڵاتی ئێمه باشترین ڕۆڵه‌ی خۆی له ده‌س دا. خه‌ڵکی ئێمه باوکیان مرد. ھه‌رچه‌ن ئێمه ئه‌مان زانی که ئه‌م ڕۆژه دێ به‌ڵام ھێچ شتێک ناتوانێ ھه‌ستی له‌ده‌سدانی ئه‌ومان له‌یاد به‌رێته‌وه.
بان کی مۆن، سه‌رۆکی سازمانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان ماندێلای به »ئه‌ژدیھای عه‌داله‌ت« ناو برد و وتی : له‌سه‌ر ده‌می ئێمه‌دا ھیچ که‌س به قه‌د ئه‌و بۆ بردنه پێشی بایه‌خه‌کان و ئاواته‌کانی سازمانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان ھه‌وڵی نه‌دا. ئه‌و ژیانی خۆی پێشکه‌شی خه‌ڵکه‌که‌ی و مرۆڤایه‌تی کرد و له‌م ڕێگایه‌دا له‌خۆبورده‌یی زۆری بوو. ھه‌ڵوێسته بهجێگاکانی و ھێزی ئه‌خلاقی که ژێربینای ئه‌م ھه‌ڵوێستانه بوو ڕۆڵێکی کاریگه‌ری بۆ له‌ناوبردنی ئاپارتاید ھه‌بوو.
ئۆباماش ڕایگه‌یاند : ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌و زیاتر له‌وه‌ی بوو که له ده‌س مرۆڤێک به‌ربێت. ئێمه یه‌کێ له ئازاترین و چاکترین مرۆڤه‌کانمان له ده‌س دا که به بوونی ئه‌وه‌وه ده‌مانتوانی له‌سه‌ر زه‌ویدا باشتر ژیان تێپه‌ڕێنین. ماندێلا ئیتر ته‌نیا ھی ئێمه نییه به‌ڵکوو ھی ته‌واوی سه‌ده‌کانه.
ئۆباما ڕای گه‌یاند : نێلسۆن ماندێلا به وهقارێکی که‌م وێنه‌و ئیراده‌یێکی پۆڵایین و پێشکه‌شکردنی ئازادی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی دیکه ئازاد بن، ئافریقای باشووری گۆڕی و ھه‌مووی ڕاچڵه‌کاند. سه‌فه‌ری دوور و درێژی ئه‌و له ژیانیدا، له زیندانه‌وه تا گه‌یشتن به سه‌رۆک کۆماری ئه‌م په‌یامه‌ی پێ بوو که مرۆڤه‌کان و وڵاته‌کان ده‌توانن باشتر و چاکتر بن.
ده‌ڤید کامێرۆن، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئینگلیس سه‌باره‌ت به کۆچی ماندێلا وتی : ئه‌مڕۆ چرایێکی گه‌شاوه له جیھان پرشنگی خۆی له‌ده‌س دا.
کوفی عه‌ننان، ئه‌مینداری گشتی پێشوی سازمانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان له به‌یاننامه‌یه‌کدا ڕایگه‌یاند که جیھان ڕێبه‌رێکی گه‌وره‌ی له‌ده‌س دا.
نیکۆلاس مادۆرۆ، سه‌رۆک کۆماری ڤێنێزۆئێلا، دیلما ڕۆسف، سه‌رۆک کۆماری بڕازیل، جان که‌ی سه‌رۆک وه‌زیران نیۆزله‌ند و سه‌پ بلاتێر، سه‌رۆکی فیفا که‌سانێکن که به چاکه باسیان له ماندێلا کرد و ڕێزیان له پله و پایه‌ی به‌رزی گرت.
بۆچوونه‌کان