دکتۆر خالید القدومی، نوێنەری بزاڤی بەرخۆدانی ئیسلامی فەلەستین (حەماس) لە ئێران، ڕۆژی چوار شەممە 15ی سەرماوەزی ئەمساڵ، سەردانی پارێزگای کرماشان و ناوچە لێقەوماوەکانی ئەو پارێزگایەی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵنێری ئیسلاح وێب، دکتۆر خالید القدمی سەرەتا لە فڕۆکەخانەی کرماشان لە لایەن بەرپرسانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لەو پارێزگایە و ھەروەھا بەرپرسی دەزگای خێرخوازی «نیکوکاران احسان» پێشوازی لێکرا. پاشان ھاوڕێ لەگەڵ دەستەیەک لە ئەندامانی جه‌ماعه‌ت سەردانی شاری سەرپێڵی زەھاو و ئەو گوندانەی کرد کە تووشی بومەلەرزە ھاتوون. ھەروەھا دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەی خەسار لێکەوتووان کرد وپاشان سەردانی ئەندامانی جەماعەتی ئەو شارەی کرد.

دکتۆر القدومی، لە قسەکانیدا خەڵکی بەرەو سەبر و خۆڕاگری نەسێحه‌ت کرد و داوای کرد کە بە پشتبەستن بە خودای مێھرەبان، بەرەو ژیانی ئاسایی خۆیان بگەڕێنەوە. خالید القدومی بە ئاماژە بەوەی کە ژینی ناو خێوه‌ت نابێ ببێتە لەمپەرێک لە بەرانبەر سازکردنەوەی ژیانی نوێ و چاکتری ئێوە، ڕایگەیاند: «ساڵانێکی زۆرە کە خوشک و برایانی ئێوە ژیانی ناو خێوەت ئەزموون دەکەن، بەڵام ساتێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی کۆتایی ناکەن و بە پشتبەستن بە خودا، بەرەنگاری له‌گەڵ دوژمنی زایۆنیستی دەکەن».

ھەروەھا وتی: «بە یارمەتی خودا ئێوە دەبێ شار و گوندەکانتان باشتر و مەحکەمتر لە ڕابردوو ساز بکەنەوە».

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: «خەڵکی فەلەستین خۆیان بە ھاوخەم و ھاودەردی ئێوە دەزانن».

 

دکتۆر خالید القدومی، لە کۆتایی سەفەرەکەی خۆیدا، وێڕای چوونە «سەلاسی باوەجانی»، سەردانی ئەو گەڕەکانی کرد کە تووشی خەساری بوومەلەرزە ھاتوون.