زۆر كەم زانراوە لەبارەی "خزمەتكردنی میوانانی ماڵی خودا" ئەم بیرۆكەیە "دیدگای شانشینی سعوودی بۆ ساڵی ٢٠٣٠" یەكێكە لەو بیرۆكانەی جێگەی سەرسامی و بایەخپێدانی جیهانە، ئامانجیشی هاویشتنی قەڵەمبازێكی تازەی جۆرییە لە خزمەتگوزارییەكانی حەج و عەمرە. شا سەلمانی پاشای سعوودییە ئەو هەنگاوەی دەست پێ كردووە، لە ماوەی ساڵانی پلانەكەداو بە پلەبەندی كار بەم دیدگایە دەكرێت، ئامانجی لەخۆگرتنی٣٠ ملیون عەمرەكەر و ٥ ملیۆن حاجییە لەجیهاندا، ئەمە ژمارەیەكی زەبەلاحە بە بەراورد بە ٩ ملیۆن حاجی و عەمرەكارانی ئێستا و توانستی خزمەتگوزارییەكانی ئێستای حەج و عەمرە. كاتێك ئەو پڕۆژە تەواو دەبێت، مەككە دەكەوێتە حاڵەتی حەج و عەمرەی نیمچە ڕۆژانەوە بۆ هەموو جیهان، پڕۆژەكە گەورەترین ئاڵینگارییە لە بەردەم پلاندانەران و جێبەجێكارانی سعوودییە کە ٣٥ ملیۆن سەردانی مەككە دەکەن و بەگەورەترین ژمارەی سەردانكەرانی شارێك دادەنرێت لەجیهاندا. ساڵانە ٢٠ ملیۆن كەس سەردانی هۆنگكۆنگ دەكەن كە زۆرینەیان خەڵكی ناو چینن. لەندەن ١٩ ملیۆن كەس، پاریس ١٧ملیۆن كەس، دوبەی ١٥ ملیۆن كەس، نیویۆڕك ١٣ ملیۆن كەس. ئاڵێنگارییەكە بۆ مەككە لە لەخۆگرتنی٣٥ ملیۆن موسوڵمانی سەردانكەرە، ژمارەكە گەورەترە لە شارەكانی دیكەی جیهان، چونكە زۆرینەی سەردانیكەران بەتەمەنداچوون و كەمداهاتن، بە زمانی وڵاتانی خۆیان قسە دەكەن و هەموویان تەدارەكی حەج لە هەمان شوێندا جێبەجێ دەكەن. دەستەیەكی شانشینی بۆ شاری مەككە و شوێنە پیرۆزەكانی پێك هاتووە، كە میرمحەمەد بن سەلمان سەرۆكایەتی دەكات، هەر خۆشی خاوەنی ئەو دیدگایەیە كە گۆڕینی سعوودیەی لەئەستۆی خۆی گرتووە، تاوەكوو بیكاتە یەكێك لە هەرە دەوڵەتە پێشكەوتووەكانی جیهان. دەستە شاهنشاییەكە، ئەم هەفتەیە لە كۆبوونەوەیەكی تازەدا، بڕیاری لەسەر وردەكاری پلانەكە دا، بەمەش وردەكارییە ستراتیژییەكانی ئامادە كران. لەوانەیە پێویست بێت لەسەر پلاندانەرە تازەكان لە لۆژیكی باڵەخانە كۆنەكان دەرچن كە هەموو ناوەڕاستی شارەكەی داگیر كردووە، لەوێ باڵەخانە زەبەلاحەكەی مزگەوتی حەرامی تێدایە كە هەموو مەككەیە! ئەو ناوەڕاستە بۆتە دارستانێك لە چیمەنتۆ و بەنرخترین شوێنی جیهان، بارگرانییەكی زۆریشه لەسەر شانی ئەوانەی دەیانەوێت بەرەوپێشی بەرن، زۆر قەرەباڵغ بووە، بەشێوەیەك ئاسان نییە خزمەتگوزاری تیدا پێشكەش بكەیت و دەستەبەری سەلامەتی ئەوانە بكەیت كە تێێدا لە هاتووچۆدان. چارەسەر ئەوەیە لە دەرەوەی ئەو ناوەندە باڵەخانەكان بنیات بنرێن، سەردانیكەرانیش بە شەمەنەفەری كارەبای بگوازێنەوە. چەند مانگێك لەمەوپێشیش، ئەم تۆڕە كەوتە كار كە دەتوانێت لە ساڵێكدا ٦٠ ملیۆن سەرنشین بگوازێتەوە، لە فڕۆكەخانەی جەدە وە بۆ مەككە بە نیو كاتژمێر، بۆ شاری مەدینەش بە دوو كاتژمێر. تۆڕەكە كارایی خۆی نیشان دا، چاوەڕوانیش دەكرێت فراوانتر بكرێت و شەمەنەفەری میترۆ لە ناو مەككەوە بەرەو دەرەوەی ناوەندی مەككە و بەرە و جەدە و تائیف ڕێ کەوێت. چاوەڕێی ئەوە دەكەین خزمەتگوزارییەكان لە مەككە پەرە بستێنن، تاوەكوو ئەو شارە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی سەردانیكەران ئاسان و بەردەست بێت كە بە درێژایی ساڵ ڕووی تێدەكەن، نەوەك بۆ ماوەی دوو هەفتەی ساڵ هەروەك ئێستا هەیە، تاوەكوو ئەو پڕۆژەیە ببێتە مایە شانازی سعوودیە لە خزمەتكردنی میوانانی ماڵی خودا، بەوەی ٣٥ ملیۆن كەس ساڵانە سەردانی دەكەن. دەبێت چاكسازی لە یاساكانیشدا بكرێت، بە ئاسانی ڤیزاكان وەرگیرێن، گەشت و خزمەتگوزارییەكان ئاسان بەردەست بن، گواستنەوەی خەڵكانیش لە مەكکەوە كە پێشتر شەكەتی و ماندووبوونی زۆری تێدا بوو، تەواو سووك ئاسان بكرێت و شایستە بێت بەو هیوا و ئومێدەی لەسەر پڕۆژە تازەكە هەڵچنراوە. ............................ سەرچاوە: شەرقلئەوسەت وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
بۆچوونهکان