مەعنای ژیان چییه؟ خوا بۆچی ئێمەی خوڵقاندووە؟ ئامانج له ژیان چییه؟ ئایا ڕۆژێک بیرت کردۆتەوە که یاد و ناوی تۆ پاش ماڵاوایی له ژیان لهنێو خەڵک و کۆمەڵگەدا چۆنه؟ ئایا پێت وایه مردن یانی کۆتایی ژیان به یهکجاری؟! ئاسەوار و شوێنه دەستێک که بەر له کۆچ بە جێی دێڵی کامەیه؟
به دڵنیاییەوە تۆ دەتوانی هەر ئێستا و کاتێک هێشتا له ژیان دایت، وەڵامی ئەم پرسیارانه بدەیتەوە. ئەگەر لهدوای مردنت خەڵک بڵێن فڵانی مرۆڤێکی باش و بێوێنه بوو، ڕێزی لهخۆی دەگرت و کاری باشی دەکرد و کاریگەری جوانی هەبوو له کۆمەڵگادا، باش بزانه ئەمە جوانترین شته که ئینسان بۆی هەیه شانازی پێوە بکات که لهنێو خەڵکدا نەناس و نادیار نەبی، بەڵکوو کاری جوان و ئەرێنیت له گۆڕەپانی ژیاندا بهجێ هێشتبێ.
وەکوو پێشوەخته ژیان بهسەر مەبه، کەسێکی بێکەڵک و نەرێنی مەبە، جێ پەنجەی خۆت جێ بهێڵە، به ئەوپەڕی جوانی و شکۆ و ئافراندن ژیان بکه. بە شێوەیەک کە خوای پەروەردگار دەیەوێ و بۆی دابین کردووی بژی، بەڵام نیشانهی خۆت دانێ.
ئەو جێپهنجهی کەوا دەتوانی له چواردەور و کۆمەڵگای خۆتدا به جێی بهێڵی زۆر زۆرە و ناژمێردرێ. جیا لەوەش هەردەم پەیامی خۆشی و ئاشتی و ئەرێنیت هەبێ بۆ هاوڕێ و خزم و کەس و کارت، دایمه به دەنگی بەرز و نزم سپاسی خودا بکه بۆ ئەوەی له ژیان دای و دەتوانی بهیارمەتی فەقیر و هەتیوەکان و هاندانی عەوداڵانی سەرکەوتن و پیرۆزی مانایەکی نوێ به شوکری خوا بدەیت.
سەرەڕای هەموو شکستەکانت هەست به سەرکەوتن بکه، وەکوو کێوێکی بڵیند و پتهو ڕاوەستاو بە، نرخی ژیان بزانه، هەوڵ بدە زەردەخەنە بخەیتە سەر لێوی دۆست و خۆشەویستەکانت، هەمیشه یادی ئەو کەسانه بکه که لە کاتی کۆسپەکانی ژیان تۆیان له بیر نەدەکرد، دڵنیا به نەسیمی بەهار پەیامی بەدیهاتنی ئاوات و ئارەزووەکانی پێیه بۆت، چاک بزانه بۆ چێژبردن و بیستنی نەوای دڵ و دەروونت هونەر و جوانی و نەغمەی بلاوێن به تۆ بهخشراوە.
لێبوورده به و مرۆڤەکان ببەخشه، گرنگ نییه چییان کردبێ و له کوێ بن، بزانه که وێڕای هەر کێشە و گرفتێک تۆ ئینسانێکی بەنرخی که دەتوانی هەمیشه پڕ له هیوا و گەشبین بی و وەکوو زەریایەکی قوڵ و بەرین میهرەبان و بەخشەندە بی، هەموو کەسێک پێی وایه خۆی له سهر حەقه، ئەمە درژی و دژایەتی ناوێ و ئارام به، بەبێ داد و هاوار زیرەکانه بیر و ڕای خۆت بڵێ، چه نیازە به زۆر و زەحمەت بیسەلمێنی کە تۆ مرۆڤێکی باش و تێگەیشتووی!؟ تەنیا ڕەوشتی خۆت بەسه بۆ سەلماندنت.
چاوەڕوان مەبه تەواوی خەڵک خۆشییان بوێی، چونکه مەحاڵه هەرچەن زۆر باشیش بی، گوێڕایەڵێکی باش به، ئیجازە بدە ئەوانی تر بیر و ڕا و خەون و هەستەکانیان بهبێ ترس و دڵەراوکێ باس بکەن بۆت. جیهانێکی کامڵ و بێ عەیب دەست ناکەوێ، بزانه که تەنیا خوای مەزن بەری له نوقسانی و کەم و کوڕییه، سپاسی هەموو ئەو کەسانه بکه که ڕێز له کارەکانت دەگرن و دەستخۆشیت لێ دەکەن، بڕێ له کاتت تەرخان بکه بۆ دیتن و بیستنی جوانییەکانی چوار دەورت. بە ئەوپەڕی ڕێکوپێکی و جوانییەوە ژیان بەره سەر و کاریگەر به و شوێنه دەستت دیار بێ، ژیانی ڕاستەقینه واته ئاسەواری ئەرێنی و چاکسازی له ژینگە.
ئەو نرخه بەرزەی که شایانی ئەوەیه بۆی بژیت و هەوڵ بدەی ئەوە نییه تەنیا وەکوو کەسانی باش و بەڕێز هەڵسوکەوت بکەیت، بەڵکوو پێویسته خەڵک به بوونی تۆ و بەشداربوونت له چاکسازی و پێشکەوتنی کۆمەڵگادا شانازی بکەن و کاتێکیش له دەستت بدەن، هەست به خەسارێکی گەورە بکەن و به داخ بن بۆت، چونکه به ڕەوشتبەرزی و کاری چاکه و ئیخلاس و هەوڵدانت ئاسەوارێکی جوانت بهجێ هێشتووە. بێگومان تەنیا زانین بەختەوەرت ناکا، سهرکەوتن فێرت ناکا هەمیشه میهرەبان و به سۆز بی، تەنگ دەستی و نەداری له سەردەمی مادیات ناتکاتە مرۆڤێکی پسپۆڕ و حەکیم.
دەوڵەمەندیش زۆر جار دەبێته سەرچاوەی کێشەکان و وات لێ دەکات هەست به پوچی بکەیت. ئەزموون و تەجرەبهیش هەمیشه نابێته هۆی زۆری هۆش و زەکاوەتت، بەڵام کاتێک شوێنە دەستێکی کاریگەرت له کۆمەڵگادا جێ هێشت، مەحاڵه نەبیته سەرچاوەی ڕێز و حورمەت و خۆشەویستی خەڵک. باش بزانه ڕێز و خۆشەویستی له لوتکە دایە و بانتر له هەموو سەرکەوتن و پارە و سەرمایه و پسپۆڕبوون و زانستێکه، خۆشەویستبوونت لهنێو دڵی مرۆڤەکان هەموو شتێکت پێ دەبەخشێ و فێری هەموو شتێکت دەکا.
نووسهر: مههدی عامێری
وهرگێڕ: شههلا ئهحمهدی
بۆچوونهکان