سه‌ید سه‌عید حوسێینی، خوێندكاری دكتۆڕای مێژوو و شارستانییه‌تی نه‌ته‌وه ئیسلامییه‌كان له زانكۆ تاران
له‌و كۆتاییانه‌دا به‌ڕێز دكتۆر ئیسماعیل شهمس، به‌ڕێوبه‌ری به‌ڕێزی به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌ی كوردی له ناوه‌ندی زانیارستانی گه‌وره‌ی ئیسلامی، نووسراوه‌یه‌كی له كاناڵی كوردستان نامه بڵاو كرده‌وه كه وێڕای «تاوتوێكردنی به‌راوردكاری شوێنه‌واره‌كانی به‌ربڵاوی ئایینزاكانی شافعی و حه‌نه‌فی له‌سه‌ر زمانه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌ته‌كانی حه‌سه‌نه‌وییه و سامانی له سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی مانگی» له گریمانه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆی، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یان داوه‌ته‌وه كه: «بۆچی زمانی كوردی، نه‌بوو به زمانی ئایینی و حكوومی له حكوومه‌ته‌كانی كوردیی سه‌ده‌كانی سه‌ره‌تایی؟» گریمانه‌ی سه‌ره‌كی دكتۆر شهمس ئه‌وه‌یه كه: «یه‌كێك له گرینگ‌ترین هۆكاره‌كانی فه‌رمیبوونی ئه‌و زمانه له باره‌گای سامانی (واته فارسی ده‌ری)، ده‌سه‌ڵاتداری مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی و فهرمینهبوونی نموونه‌ی كوردی له باره‌گای حه‌سه‌نه‌وییه و حكوومه‌ته كوردییه‌كانی دیكه‌ی سه‌ده‌ی چواره‌م و ده‌سه‌ڵاتدرای مه‌زهه‌بی شافعی بووه.
پێش ئه‌وه‌ی باس له ڕه‌خنه‌ی خۆم له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی دكتۆر شهمس بكه‌م، پێناسه‌یه‌ك له‌خۆم بۆ ئه‌و دۆستانه‌ی كه له نزیكه‌وه من ناناسن ده‌خه‌مه ڕوو. من خوێندكاری به‌شی سیسته‌مه‌كانی كۆنتڕۆڵ له به‌شی ئه‌ندازیاری كاره‌بایی له زانكۆ سه‌نعه‌تی نه‌وتم كه به‌هۆی هێندێ هۆكار و حه‌ز و تامه‌زرۆییم، به‌شی زانستیی مرۆییم بۆ خوێندن درێژه پێ دا و بۆ گه‌یشتن به هێندێ پرسیاری له‌مێژینه له بواری مێژوو و شارستانییه‌تی نه‌ته‌وه ئیسلامییه‌كان، ده‌ستم به خوێندن له زانكۆی شه‌هید بێهێشتیی تاران كرد. له‌و ماوه‌یه‌دا دوو جار به خزمه‌تی دكتۆر شهمس گه‌یشتووم و ئه‌و به مامۆستای خۆم و له هاوڕێیانی توێژه‌ری مێژوویی كورد ده‌زانم. بۆیه ڕه‌خنه‌ی من له بۆچوونی به‌ڕێزیان له‌ڕووی بێڕێزی نییه، به‌ڵكوو به مه‌به‌ستی ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕوانگه‌ی تایبه‌تی خۆم له‌و بواره‌وه‌یه. چونكه منیش وه‌ك دكتۆر شهمس هۆگری مێژووی ئایینزاكان و كاركردیان له قۆناغه‌كانی جۆراوجۆری مێژووییم. به‌و جیاوازییه كه من له سه‌ره‌تای ڕێگایه‌كی دوورودرێژم و به‌ڕێزیان لانیكه‌م پازده ساڵه وانه‌ی فیقهـ و فه‌قیهانی له به‌شی فیقهی شافعی له زانكۆ تاران وتووه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه ئه‌و نووسراوه‌ی من ڕه‌خنه‌ییه و له ڕهخنهگرتنیشدا ده‌كرێ هێندێ ڕه‌چاوكردنی هاوڕێیانه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی وه‌لانرێ، ناتوانم بۆچوون و ڕوانگه و گریمانه‌ی ئوستاد شهمس، تاوتوێكردنێكی ساویلكانه نه‌زانم.
ئا) ڕه‌خنه‌ی سه‌ره‌كی من له‌و جۆره نووسراوه و تاوتوێكردنانه، لاوازبوونی شێوازی تاوتێكردنی مێژوویییه. هه‌رچه‌ند یه‌كێك له كاركرده سه‌ره‌كییه‌كانی مێژوو ئه‌وه‌یه كه ئێمه داڵغه و دۆزییهكانی سه‌رده‌می خۆمان له مێژوودا ببینینه‌وه، نه‌ك ڕاڤه‌ی ئه‌وڕۆ له ڕابردوودا! كێشه‌ی هێندێ له توێژینه‌وه‌كان و تاوتوێكردنهكانی توێژه‌ران له‌وه دایه كه به ڕوانگه‌ی ئه‌وڕۆیی خۆیان چاو له ڕابردوو ده‌كه‌ن و به‌دوای ئه‌وه دان كه داڵغه‌كانی ئه‌وڕۆی خۆیان له دوێنێدا بدۆزنه‌وه. له‌كاتێكدا له‌وانه‌یه له ڕابردوودا ئه‌و بیرپهرێشییه هه‌ر نه‌بووبێ. ئه‌و بابه‌ته‌ش نووسراوه و تاوتوێی دكتۆر شه‌مسیش ده‌گرێته‌وه. نووسین به زمانی كوردی به‌هۆی هێندێ هۆكار و ململانێی شوناسی كوردان له‌گه‌ڵ دهورووبهریانیان، ئه‌ویش به‌تایبه‌ت له سه‌ده‌كانی كۆتایی، له بیرپهرێشییهكانی ئه‌وڕۆی ئێمه‌یه و نابێ ئه‌وه به زیاتر له هه‌زارساڵ پێش، پێوه‌ندی بده‌ینه‌وه كه دۆخی ئه‌وده‌م ته‌واو جیاواز بوو. ئه‌وه له كاتێك دایه كه –هه‌روه‌ك له درێژه‌ی بابه‌تدا ده‌ڵێم- ئه‌و بیرپهرێشییه له هه‌زار ساڵ له‌وه پێش له‌نێو كورداندا بوونی نه‌بووه، كه‌وایه چۆن ده‌توانین بۆ شتێكی كه بوونی نه‌بووه، هۆكار بێنینه‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه خۆمان هۆكاری بۆ ساز بكه‌ین.
ب) منیش له بیرپهرۆشی دكتۆر شهمس و وێنه‌ی ئه‌و تێده‌گه‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش داواكارم كه به‌سه‌رهاته‌كانی مێژوویی كه زۆربه‌یان به‌هۆی دۆخ و هۆكاری جۆراوجۆر پێك هاتوون، ته‌نیا به یه‌ك هۆكار و فاكته‌ر پێوه‌ندی نه‌ده‌ینه‌وه، هه‌رچه‌ند دكتۆر شهمس له كورته باسه‌كه‌ی و وتاره‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان به «یه‌كێك له گرینگ‌ترین هۆكاره‌كان» كردووه، به‌ڵام له كرده‌وه‌دا جۆرێكیان وهبهرناوه كه ته‌نیا هۆكاری ئه‌و بابه‌ته، مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی بووه. له‌كاتێكدا من –لانیكه‌م ئێستا- له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م كه نه‌ك ئه‌و ڕوانگه‌یه هه‌ر دروست نییه، به‌ڵكوو مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی شوناسی كولتووری كوردی، له ده‌ركه‌وته‌كانی سه‌ره‌كه‌ی ئیسلامیی كوردی و له به‌رچاوترین هۆكاره‌كانی جووڵێنه‌ری كورده‌كان له به‌رامبه‌ر ده‌ركه‌وته‌كانی هێرشه‌كانی بیانی بووه كه له درێژه‌دا باسی لێ ده‌كه‌م.
ج) دكتۆر شهمس له نووسراوه‌كه‌یدا ئاماژه به‌وه‌ی ده‌كا كه «حكوومه‌ته كوردییه‌كان و وێڕای ئه‌و زانایانی كورد به‌رده‌وام له‌ژێر ئاڵای زمانی عه‌ڕه‌بیدا مانه‌وه و بهردهنووسهكانیان به‌و زمانه نووسیوه‌ته‌وه، هه‌ر به‌و زمانه سككهیان مۆر كردووه و كتێبهكهنیان به زمانی عه‌ڕه‌بی نووسیوه» و وای وهبهرناوه وه‌ك ئه‌وه‌یكه سامانییه‌كان و فارسه‌كان جیا له‌وه بوون، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی دكتۆر شهمس ئه‌وه‌بێ، دیاره ئیددیعایه‌كی نادروستیان ورووژاندووه. چونكه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش زۆربه‌ی سككهكانیان به زمانی عه‌ڕه‌بی مۆر كردووه، وتاره‌كانیان به‌نێوی خه‌لیفه‌ی عه‌ڕه‌بی ده‌خوێند و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی كتێبه‌كانیان به زمانی عه‌ڕه‌بی ده‌نووسین. ته‌نانه‌ت هێمای زمانی ئه‌وانیش زۆر زیاتر له كوردان له‌ژێر ئاڵای عه‌ڕه‌بیدا ماون و گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هات. دكتۆر شهمس هه‌ر بۆخۆشیان ئاماژه‌یان پێ كرد كه «له‌و سه‌ده‌یه‌دا (چواره‌می كۆچی) زمانێكی تازه له ڕۆژهه‌ڵاتی ئێرانی ساسانی پێك هات كه وه‌ك زمانی فارسی باستان و په‌هله‌وی، زمانی عه‌ڕه‌بی، زمانی كوردی و زمانه‌كانی دیكه‌ی وڵاتی ساسانییه‌كان له‌پێش هێرشی عه‌ڕه‌به‌كان نه‌بووه، له هه‌مان كاتدا تێكه‌ڵاوییه‌ك له ته‌واوی ئه‌و زمانانه بوو. ئه‌و زمانه نوێیه هه‌ر ئه‌و زمانه بووه كه بوو به زمانی فه‌رمی باره‌گا و حكوومه‌تی سامانی، هه‌ر به‌و هۆیه به زمانی فارسی ده‌ری یا ده‌رباری نێوی نهرا». له‌و ڕووه‌وه ئه‌و قسه‌یه كه ته‌نیا كورده‌كان له‌ژێر ئاڵای عه‌ڕه‌بیدا مانه‌وه، لانیكه‌م له دۆخی گشتاندنیدا ناڕاسته و گومانی من له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌زقه‌زا له بواری زمانی، كورده‌كان هه‌رچه‌ند له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئاسه‌وارێكیان به زمانی كوردی نه‌نووسی، به‌ڵام به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندی كاركردی نه‌ته‌وه‌ییان، زۆر به‌باشی توانیان زمانه‌كه‌یان پالێوراوتر له زمانی فارسی ڕابگرن و لانیكه‌م به چاره‌نووسی زمانی عهڕهبیئاسای جوانكاری وێژه‌رانی فارسی تووش نه‌بێ.
د) له نووسراوه‌ی دكتۆر شه‌مسدا ئاوا هاتووه كه: «زانایانی زمانی فارسی به هه‌وڵ و تێكۆشانێكی زۆر كه له‌و وتاره‌دا ئاماژه‌ی به هێندێكی كراوه، زمانی فارسییان به‌شێوازێكی وه‌ها پیرۆز كردووه كه وته‌یه‌كی وایان بڵاو كرده‌وه، ته‌واوی پێغه‌مبه‌رانی پێش حه‌زره‌تی ئیسماعیل به زمانی فارسی قسه‌یان كردووه و ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیش به‌و زمانه قسه‌ی كردووه.» ئه‌و گێڕدراوانه -هه‌ڵبه‌ت نه‌ك به‌و توندی و ڕێژه‌یه- له‌نێو كوردانیشدا هه‌بووه. هه‌روه‌ك گێڕاویانه‌ته‌وه كه كه‌سێكی كورد چۆته ماڵی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و به زمانی كوردی قسه‌ی له‌گه‌ڵ خاتوو فاتیمه كردووه! دیاریی جلی كوردی ئه‌و كه‌سه‌ش به‌نێوبانگه و به‌پێی ئه‌و ڕیوایه‌ته، پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌و جله‌ی له‌به‌ر كردووه. یان وتوویانه كه باوكه ئاده‌م به زمانی كوردی هه‌ورامی قسه‌ی كردووه و دوعای تایبه‌تیشی هه‌ر به زمانی كوردی هه‌ورامی بووه (ئه‌و زمانه كاركردی پاڕانه‌وه‌ی زۆر به‌هێزی هه‌یه). كوردبوونی حه‌زره‌تی ئیبڕاهیمیش له‌نێو كوردان به‌نێوبانگتر له‌وه‌یه كه باسی لێوه بكه‌ین. هێندێك كه‌س به‌تایبه‌ت به كوردی هه‌ورامیان زانیوه و به بڕوایان وشه‌ی هه‌ورامی له وشه‌ی ئیبڕاهیمه‌وه هاتووه كه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و شاری ئورامانیشیان به شاری ئه‌و زانیوه. كه‌واته ئه‌وجۆره ڕاڤه‌كاری و لێكدانه‌وانه تایبه‌ت به زمانی فارسی نین و له‌نێو كوردیشدا بوونی هه‌یه.
هـ) ئه‌و وته‌یه‌ی دكتۆر شهمس كه: «زانایانی كورد ته‌واوی وانه‌بێژی و بانگخوازی و نووسراوه‌كانیان به زمانی عه‌ڕه‌بین و له سه‌ده‌كانی دواییدا به زمانی فارسی نووسیویانه». لانیكه‌م باسكردنی به‌و شێوه نادروسته. ڕاگه‌یاندن و بانگخوازی و وانه‌بێژی زانایانی كورد له ناوچه كوردییه‌كان، به زمانی كوردی بووه و ته‌نیا نووسین و ڕاڤه‌ی سه‌رچاوه زانستییه‌كانیان به زمانی عه‌ڕه‌بی بووه، ئه‌ویش بۆ ئه‌و هۆكاره ده‌گه‌ڕێته‌وه كه زمانی عه‌ڕه‌بی، زمانی فه‌رمی و زانستیی جیهانی ئیسلام (تا كاتێك كه واتای جێنشینی و یه‌كینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جێگیر بوو، جیاوازییه‌كی زۆر نێوان نه‌ته‌وه‌كان نه‌بوو و ئێستا واتای تازه‌باوی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌كان نه‌هاتبووه ئاراوه) بوو. ئه‌و بابه‌ته ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می سامانییه‌كان و دوای ئه‌وانیش هه‌بووه و زۆرینه‌ی سه‌رچاوه زانستییه‌كانی ئیسلامی به زمانی عه‌ڕه‌بی ده‌نووسران. ته‌نانه‌ت كه‌سانێك كه كتێبه زانستییه‌كانیان به زمانی فارسی نووسیبوو، ڕه‌خنه‌ی توندیان لێ گیرابوو. بۆ نموونه كاتێك كه سه‌یید ئیسماعیلی جورجانی كتێبی پاشه‌كه‌وتی خارهزمشاهی سه‌باره‌ت به زانستیی پزیشكی به زمانی فارسی نووسی، ئه‌وه‌نده وه‌به‌ر لۆمه و ڕه‌خنه‌ی ئه‌م و ئه‌و كه‌وت، تاكوو ناچار بوو كتێبه‌كه‌ی بۆ زمانی عه‌ڕه‌بی وه‌رگێڕیت و جارێكی تر ته‌واوی پاشه‌كه‌وتی خارهزمشاهی به زمانی عه‌ڕه‌بی نووسییه‌وه.
و) بۆچوونی من سه‌باره‌ت به هۆی ئه‌و بابه‌ته، بۆ ڕاده‌ی هێزی ده‌سه‌ڵاتدارانی شارستانییه‌تی كورده‌كان له‌ئاست ژیاره‌كانی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه. پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام، ئێرانییه‌كان خاوه‌ن شارستانییه‌تێكی گه‌وره و به‌هێز بوون و عهڕهبهكانیان به‌شێوازێك دوور له سه‌مبوولی شارستانی و ئادابه مه‌زنه‌كان ده‌زانی كه ته‌نانه‌ت زه‌حمه‌تی فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌ر شێوهدوڕگهیان –جگه له ناوچه‌كانی شارستانیتر وه‌ك یه‌مه‌ن و حیره- به‌خۆیان نه‌ده‌دا. ئه‌وان پشتیوانی كولتووری، زمانی، ئایینی و شارستانییه‌تێكی زۆر به‌هێزیان هه‌بووه و كاتێك كه عه‌ڕه‌به‌كان له‌ژێر ئاڵای ئیسلام به‌سه‌ریاندا سه‌ركه‌وتن، بۆ ماوه‌یه‌ك له ژێرده‌سته‌یی سه‌ركرده عهڕهبهكاندا مانه‌وه، به‌ڵام له ئاكامدا له بارابوونی ژیاریی ئه‌واندا بوو كه جارێكی تر دره‌وشایه‌وه و به‌جۆرێك پاتۆقدارانی زانای ئیسلامی له‌نێو ئه‌واندا سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه، هه‌روه‌ك كه ئیمام ئه‌بوو حه‌نیفه‌ش بنه‌چه‌یه‌كی ئێرانی هه‌بوو و هه‌روه‌ها زۆرێك له گهورهپیاوانیش.
دووباره دره‌وشانه‌وه‌ی شارستانییه‌تی ئێرانیان له نمای زمانه‌كه‌یانه‌وه، پێوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به ئایینزاوه نییه، به‌شێوه‌یه‌ك كه –هه‌روه‌ك دكتۆر شه‌مسیش وتوویه‌تی- شافعییهكانیش به زمانی فارسییان نووسیوه و ئه‌و بابه‌ته تایبه‌ت به حه‌نه‌فییه‌كان نییه. ئه‌وه له كاتێكه كه ئه‌گه‌ر ده‌مارگیری كوردانه‌ی خۆمان وه‌لا نێیین و نزیك له شێوازی زانستی بینه‌وه، ده‌زانین كه ئێمه‌ی كورد پێش له ئیسلام نێو و نیشانێكی ئهوتووییمان نه‌بوو و ته‌نیا له سه‌رده‌می شارستانییه‌تی ئیسلامی بوو كه توانیمان به به‌هره‌مه‌ندبوون له ده‌فره‌كانی ئه‌و شارستانییه‌ته، له بواری كولتووری و زانستیی بكه‌وینه به‌رچاو و خۆمان به به‌رده‌نگانی موسوڵمانمان –سروشتییه له ڕێی زمانی عه‌ڕه‌بی- بناسێنین. له‌ڕاستیدا ئێمه وه‌ك ئێرانییه‌كان نه‌بوویین كه شارستانییه‌كی زۆر به‌رچاومان هه‌بووبێ و پاشان عه‌ڕه‌به‌كان به‌سه‌رماندا زاڵ بووبین و بمانهه‌وێ بۆ ڕابردووی خۆمان و یا لانیكه‌م بۆ ده‌فره‌كانی شارستانییه‌تی خۆمان بگه‌ڕێینه‌وه. واته ئێمه ڕووبه‌ڕووی عه‌ڕه‌به‌كان نه‌بووینه‌وه و ئه‌و زمانه مه‌ترسییه‌كی له‌سه‌ر زمان و كولتووری ئێمه نه‌بووه. زمانی ئێمه زۆرتر له چوارچێوه‌ی هۆز و گه‌لیدا كاری پێ ده‌كرا و كار به زمانی عه‌ڕه‌بی، كاركردی زمانی كوردی پێشێل نه‌ده‌كرده‌وه، هه‌ربۆیه زانایانی كورد پێویستییه‌كیان ندهدی كه بۆ پاراستنی زمانه‌كه‌یان، به‌رهه‌مه‌كانیان به زمانی كوردی بنووسنه‌وه. چونكه زانایانی كورد بانگه‌شه و وانه‌بێژییان به زمانی كوردی (هه‌ر ئه‌و كاركرده هۆزییه) و نووسینه‌كانیان به زمانی عه‌ڕه‌بی (كاركردی دۆخی فه‌رمی له جیهانی زانستی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا) بوو. له‌و قۆناغانه‌دا ئاسه‌واری هۆزی و ئه‌ده‌بی زاره‌كی و هه‌ڵبه‌سته‌ی ئه‌وان هه‌ر به‌زمانی كوردی و زۆرتر به زمانی گۆرانی و هونه‌ر مایه‌وه.
ئه‌وه‌ی كه له سه‌رده‌مه‌كانی دواییدا كورده‌كان ڕوویان كرده نووسین به زمانی كوردی، له ئاكامی ئه‌و وهخۆهاتنهوهدا بوو كه به واتای «دیتنی خۆیان له مه‌قامی ئه‌وانیدیدا» گه‌یشتن. ئه‌و بابه‌ته نزیك له سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی سه‌فه‌وییه‌كان و سه‌ره‌تای شه‌ڕی عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان په‌ره‌ی ستاند و پێش هه‌ره‌سهێنانی حكوومه‌تی عوسمانی كه له‌ودا سته‌م له كوردان به‌هۆی هێمای نه‌ته‌وه‌ییان زۆرتر بوو، زۆرتر كه‌وته به‌رچاو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا كورده‌كان خۆیان له‌نێو گه‌مه‌ی دوودانه زلهێزدا دیته‌وه و هه‌ر بۆیه به‌و ئاگادارییه گه‌یشتن كه ڕووبه‌ڕووی سه‌فه‌وییه‌كانی فارسی و عوسمانییه‌كانی توركی بنه‌وه و به‌م چه‌شنه ورده ورده گرینیگییان دا به نووسین به زمانی كوردی. ئه‌زقه‌زا له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو كه هێمای مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی بوو به پشتیوانه‌یه‌كی به‌هێز بۆ شوناسی كوردی و كورده‌كان به ده‌سته‌وداوێنی ئه‌و مه‌زهه‌به باشتر توانیان له به‌رامبه‌ر توركه‌كانی حه‌نه‌فی و فارسه‌كانی شیعه خۆیان بنوێنن و شوناسی نه‌ته‌ویی خۆیان بخولقێننهوه.
بۆیه به‌پێچه‌وانه‌ی ڕوانگه‌ی دكتۆر شهمس، بڕوای من وایه كه مه‌زهه‌بی شافعی یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانی شوناسی كوردی له مێژوودا بووه و ئه‌و مه‌زهه‌به میانه‌ڕه‌وییه له‌گه‌ڵ ڕۆحیه‌ی تایبه‌تی كوردان زۆر سازگاره.
بۆچوونه‌کان