ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی 6ی خەزەوڵەوری 1402ی هەتاوی،بەرامبەر بە، 28ی ئۆکتۆبری 2023ی زایینی و لە کاتی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە ڕێگای واتساپ پێوەندیم بە کەسایەتی ناسراوای کوردستان، مامۆستا “ئەبووبەکر کاروانی” گرت و ئەم پرسیارەم ئاراستەی بەڕێزیان کرد. سڵاو وڕێز مامۆستا کاروانی! وێڕای سپاس بۆ وردەکارێکٚانتان سەبارەت بە کێشەکانی ناوخۆ و دەرەوە، تکایە سەبارەت بەم پرسیارە کە دەکوترێ: جوولەکە لە سەردەمانی پێشوو لە فەلەستینێ بوونە، ئیسلام کە هات ئەوانی دەرکرد و هەر کام چوونە ناوچەیەک، ئێستا ئەوان داوای مڵکی خۆیان دەکەنەوە، بەڵام موسوڵمانان ناهێڵن، ئەگەر ڕوونکردنەوەیەکەتا هەبێ سپاستان دەکەم.
سڵاوی خوات لێ بێ جەنابی مامۆستا(سەیید موحەممەدئەمین واژی) نکوولی لەوە ناکرێ کە لە ڕووی مێژوییەوە، جولەکەکان لە فەلەستین ژیاون و لەمێژوویەکی دوورداخاکی بنەرەتیان بووە. ئەوەی کە یەکەمجاریش جوولەکەکانی زۆر پەرشو بڵاو کردووە “بوخت‌ونەسر” بووە لە دەوڵەتی “بابل”ـەوە، یانی ماوەیەکی زۆر پێش ئیسلام جولەکەکان پەرش وبڵاو بوو بوونەوە. مێژوو دەڵێت دوای سەرهەڵدانی مەسیحییەت، لەگەڵ مەسیحییەکان کەوتنە کێشەوە، مەسیحێکان جولەکەکانیان بەوە تاوانبار دەکرد کە “عیسا”یان کوشتووە. بۆیە تاکوو ئێستاش ئەو کێشەیە بەجۆرێ لە جۆرەکان دوای ئەوەی کە پاپای “واتیکان“  لەو تاوانە بێبەریشی کردن بەڵام هێشتا ئاسەواری هەر ماوە. لێرەوە کاتێ ئیسلام هات، جوولەکەکان هیچ دەوڵەت ودەسەڵاتێکیان نەبووە لەو ناوچەیە “قوودس” و خاکی فەلەستینی ئێستا و شام. بەشێک بوون لە ئیمپڕاتۆری “ڕۆمانی” واتە بەوئەندازەی جوولەکە لەوناوچەدا ژیابن لە ژێر دەستی مەسیحێکان‌دا بوون، واتە دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی و عەسکەری لەژێر دەسەڵاتی ڕۆم و مەسیحێکاندا بووە نەک جوولەکەکان، جوولەکەکان  بەگشتی لەزۆربەی مێژووی خۆیاندا پەرەوازەو ژێردەست بوون. هەربۆیە کاتێك ئیسلام هات؛ بە پلەی یەکەم ڕووبەڕووی مەسیحیەت بۆتەوە نەک جوولەکەکان، جوولەکەکان جگە لە مەدینە هێز نەبوون  تا ڕووبەڕوویان ببێتەوە، لە دوای ئەوە لەشکری موسوڵمانان کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان کرد، بە پێچەوانەوە جوولکەکان، لەوهەڕەشەی لە لایان مەسیحێکانەوە لەسەریان بوو ڕزگاریان بوو. بۆیە کاتێک کە لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستی قەڕنی پانزە، جوولەکەکان لەئیسپانیا کۆمەڵگوژی دەکرێن، پەنا دێننە بەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و لێرە پەنا دەدرێن.
بە شێوەیەکی گشتیش جوولەکەکان بەشێک بوون لە پێکهاتەی شارستانیەتی ئیسلامی ناوچەکە. کاتێک کە شەڕی “خاچ‌پەرستەکان”یش ڕوودەدات، بۆ ماوەیەکی زۆر “بەیتوولموقەددەس” لە ژێردەستی “خاچ‌پەرەست”ـەکان دا دەبێ و “سەڵاحەدین ئەیووبی”ـی کوردی خۆمان ڕزگاری دەکات. یەکێ لەو شتانەی سەلاحەدین کردویەتی، ئەو جوولەکانەی لە قوودس دەرکرابوون گەڕاندویەتەوە لەسەر ماڵ‌وحاڵی خۆیان.
پزیشکە تایبەتەکەی خۆشی جوولەکە بوو. لە کوردستانی خۆشمان دا کاتی خۆی ژمارەیەکی بەرچاویان لەناوچە جیاوازەکانی هەبوون. بەگشتیش تا سەرهەڵدانی بزووتنەوەی “زایۆنیزم” جولەکایەتی ئاین بووە، نەک نەتەوە. دوای ئەوەی “بزوتنەوە زاینوست” سەر هەڵدەدات هەوڵدەدات سیمای نەتەوەیەکی جیاوازیان پێ ببەخشێت وزمانی نیمچە مردووی عیبریش ببوژێنێتەوە، بۆئەوەی لەسەر ئەو بناغە داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان بۆ بکات. لە دوای ئەوەی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم سەرەتای سەدەی بیستم بزوتنەوەی “زایوون”ـی درووست دەبێ وەک بزوتنەوەیەکی “عەلمانی/سکۆلار” بۆوەی نیشتیمانێک بۆ جوولەکەکان درووست بکات. یەکەم جار بیریان ناچێ بۆ لای فەلەستین، بەڵکو بیریان بۆ لای هەندێ شوێنیترچوو  لەوانەش هەندێ شوێن لە ئەفریقیاو رووسیا، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بەدوای نیشتیمانێکدا گەراون بۆ گەلێکی بێ نیشتیمان. ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بوو جوولەکەکان نیشتیمانێ‌یان هەبێ لەهەر کوێیەکی دنیا بێت کە فەلەستین بوو بەبژاردەی ئەوان و بەریتانیاش لەسۆنگەی بەرژەوەندی کۆڵۆنیالیستی خۆی یارمەتیدەریان بوو، مەسەلەی فەلەستین، تەنها لەبەر ئەوە نەبووە کە لە ڕووی مێژویەوە هەندێک لە پێغەمبەران(د.خ)ـی جوولەکە لەێ بوون، بەڵکو هۆکاری تریش زۆر بوو. دەنا جوولەکەکان لەمێژ بوو کەمینەیەکی سەرزەمینی فەلەستینی مێژوویی بوون، بەجۆرێك لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا، تەنها لە سەدا پازدە یا بیستی دانیشتووانی “قوودس” و فەلەستین جوولەکە بوون. بەشەکەیتر هەموو موسوڵمان و مەسیحی بوون، واتە کەمینەیەک بوون وەک کەمینەش ڕێزیان لێگیراوە.
ئەگەر ئەوەش بکرێت بە پێوەر کە لەسۆنگەی ئەوەی دووهەزار ساڵ لەمەوپێش گروپێکی دینی و ئیتنیکی لەسەر زەمینێكی دیاریکراو دانیشتوون و لەسەر ئەو بناغە داوای بکەنەوە؛ دەبێت زۆرێك لەدەوڵەتانی ئەمرۆ هەڵبووەشێنەوە بۆنموونە، دەبێت تورکیا دەستبەرداری ئەستەنبووڵ ببێت.
ئاشوورێکان ئیدیعا بکەن عێراق نیشتیمانی بنەرەتی ئەوانەو دەبێت عەرەبەکان چۆڵی بکەن وهەروەها. 
بەڵام جیهان بەو پێوەرە مامەڵە ناکات. بەڵام لەولاشەوە ئەوەش واقیعی نییە لەئێستادا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئیسرائیل و دەرکردنی جوولەکەکان بکرێت چونکە بەگوێرەی یاسای گشتی نێو دەوڵەتی بەشێ لەفەلەستین واتە جگە لەو خاکانەی دوای ساڵی 1967ـی زاینی داگیری کردوون بۆتە نیشتیمانی یاسایی جوولەکەکان و ئیسرائیل دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی وئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە.