مامۆستا سه‌لاح محەمەد بەھادین، لە خولی دووھەمی ھەڵبژاردنی حەوتەمین کۆنگره‌ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە ئەمینداری گشتی ئەم حیزبە ئیسلامییە، ھەڵبژێردرا. بە پێی راپۆرتی ھەواڵنێری ئیسلاح وێب، حەوتەمین کۆنگره‌ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستا لە شاری ھەولێر پێتەختی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد. لەم کۆنگرەدا، مامۆستا محەمەد فەرەج، ئەمینداری پێشوو، محەمەد رەئوف، سەلاح محەمەد بەھادین و ئەبوبەکر عەلی بۆ ئەمینداری گشتی خۆیان بەربژێر کرد. محەمەد فەرەج، ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی، بە بەرژەوەندی سەلاح محەمەد بەھادین، چووە لاوە و لە بەربژێری لاچوو. لەم ھەڵبژاردنەدا، لە خولی یەکەم دا مامۆستا سەلاح محەمەد بەھادین 678 دەنگ، ئەبوبەکر کاروانی 221 دەنگ و محەمەد رەئوف 194 دەنگیان بە دەست ھێنا. محەمەد ڕەئوف لە خولی یەکەم دەرنەچوو. لەم خولەدا، چونکی ھیچکامیان نەیانتوانی 1 لە سێ دەنگەکان بە دەسبێنن، ھەڵبژاردنەکە چووە خولی دووھەم. لە خولی دووھەمی ھەڵبژاردنی ئەمینداری گشتیدا، مامۆستا سەلاح 801 دەنگی بەدست ھێنا و بوو بە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و ئەبوبەکر عەلی بە 268 دەنگ بوو بە کەسی دووھەم. پێگه‌ی ھەواڵنێری ئیسلاح، وێڕای ھیوای سەرکەوتن بۆ حەوتەمین کۆنگرەی یەکگرتوو، پیرۆزبایی ھەڵبژاردنی مامۆستا سەلاح بەھادین لە خۆیان، ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حیزبە لە ھەرێمی کوردستان دەکات و لە خوای میری مەزن یارمه‌تی زیاتریان بۆ ده‌خوازێ.