بڵێن بە شاری مەهاباد، قازی محەممەد بۆ هێنرا و دادگایی سەربازی کرا و حوکم درا....
پێموایە کەم کەس هەیە لە بۆنە ئایینییهکاندا گۆیی لەم هۆنراوە نەبوو بێ.
سێشهممە (۴ی ڕەزبەری ۱۴۰۲ی هەتاوی)، دوای نۆێژی نیوەڕۆ کە لە مزگەوتڕا هاتمەوە، کاتژمێر خۆی ئەمبازی یەک و نیو دەکرد، گوشی زەنگی خوارد، مامۆستا “مەلا عومەری ڕەشیدی” بانەی بوو، فەرمووی: قوربان ئەگەر لە ماڵێ بی لەگەڵ دو مامۆستا دێین سەردانتان دهكهین، بەڵام ئێستا لە خواردنگهی مەلا جامین و دوایی دێین، گوتم قوربان دەبوو بۆ جەمی نیوەڕۆ تەشرفتان هێنابا. کاتژمێر ۲، هاوڕێی بنەماڵە تەشریفیان هێنا. جیا لە مامۆستا مەلا عومەر، مامۆستا مەلا غەریب پێنجوێنی و مامۆستا مەلا زاهیر هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەی بوون، دوای ڕاموسان و بخێرهاتن، فەرمویان دەبێ بگەڕێنەوە بانە، حەیف ئەوان بە پەلە بوون و توانیمان نزیکی چل خولەک لە خزمەتیان دابین. دوای چاک و خۆشی و نوێژکردن، هەندەک باس لە کەشوهەوای ئەم دیو ئەو دیوی کوردوستان کرا، باسمان لە (مامۆستا مەلا شێخ لەتیف بەرزەنجی = واژی) کرد فەرموویان کتێبی مامۆستا شێخ لەتیف لە زانستە بنەماکانی فیقهـی، لە زانکۆکان کراوەتە مەنهەجی وانە. باسمان لە مامۆستا “حەسەن پێنجوینی” کرد ـ کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ خوشکم و زاوکەم لە وڵاتی ئوستوڕالیا دراوسێی یەک بوون ـ فەرموویان ئێستا گەڕاوەتەوە سولەیمانییە. باسی هەندەک لە کتێبەکانی مامۆستا کرا وەک ”سەربازێکی ون” مامۆستا پێنجوێنی، لە دەیەی هەشتای زایینی کتێبی زۆر نووسین و زۆریش کاریگەر بوون. باس لە “عەللامە عەبدوڕڕەحمان پێنجوێنی” واتە: عەبدوڕڕەحمانی گەورە کرا کە پەراوێزی زۆرە لەسەر کتێبە زانستەکانی حوجرە، فەرمووی: ئێستا گۆڕەکەی لە ناو مزگەوتەکەیا لە پێنجوێن. مەلا موبین باسی لە مامۆستا موحەممەد گەیلانی کرد کە ئێستا چۆنە؟ کە پارەکە زۆری یارمەتی داوم بۆ ئاوایی “کانی میران” کە مەلا ڕەمەزانی بووم لەوێ. سەرەت نەیەشێنم، باسمان لە مامۆستا مەلا “ئەحمەدی شافعی” کرد کە کاتی خۆی لە “شۆی”یەی بانە مەلا بوو؛ من ئەوکات لە خانقای پاوەی لای مامۆستا مەلا مەحموودی وەیسی و مامۆستا مەلا سەیید قادر عەزیزی دەرسی فەقێیایەتیم دەخوێند.
لە درێژەدا، باس لە قسەی خۆش کرا، کە من ئەم ڕستەیە، لە مامە نورەم(حاجی مامۆستا سەیید نورەددینی واژی) فێر بوومە کە کاتێ میوان تەشریف دێنن؛ دەیفەرموو: یاڕەببی بە خێر بێن، گوتم لە بانە دەڵێن ڕەببی بەخێرێن، مامۆستا مەلا غەریب فەرمووی لە ناوچی شارباژێر دەڵێن: خوایە بەخێرێی. لە دواییدا داوامان لە مامۆستا مەلا غەریب کرد هەندێ لە دیوانی خۆیمان بۆ بخوێنێتەوە.
بەڕێزیان ئەم سێ بابەتەی بۆ خوێندینەوە، کە من لە هەر کامیان چەند ڕستەیەکی بۆ نمونە دێنمەوە؛
سڵاوات بێت لە دیدارت [بۆ یادی مەولوودی سەروەر]
ئەی وەنەوشەی ژێر دارە گوێزەکەی حەڕڕا کە لە بەهاری هیوادا لە دایک بووی... هاتی گریەت کردە خەندەو، دوڕەندەت کردە پەروانە، لە باخی پەیامەکەدا خار بوو بە گوڵ...ئەی کەسێ کە خەڵاتەکەی نوح و هودت وەرگرتبوو... لەبن قەدی درەختەکەی ئیبڕاهیمدا تۆ ڕەگەژۆت دەرکردبوو.
ب) پێغەمبەری هەموو مانی[مەولوود ماف و ئازداری هێنا]
پێغەمبەری هەموو مانی، میوانەکەی تەختی دڵم... تەرزی ناسکی سەرچڵم... باخی پڕ لە دارو گوڵم... ئەی پیرۆزەی ئاوو گڵم... سڵاو لە تۆ... سڵاو لە تۆ، کە تۆ هاتی... پێچاتەوە چەند خوایەتی... بەڵێت کرد بۆ یەک خوایەتی... وتت نا بۆ ئاغایەتی و چینایەتی... ئەی قەڵا چۆی کۆیلایەتی... تۆی هەوێنی برایەتی... (محمدرسول الله) خوا خۆی بۆی دای شایەتی... لە شاری ئیبڕاهیم بابانەوە بەخێر هاتی... بەخێر هاتی...
... . بڵێن بە شاری مەهاباد، قازی محەممەد بۆ هێنراو دادگایی سەربازی کراو و حوکم درا....
ج)ـ لە ژێر پەرچەمی کۆماردا [پێش کێش بە گیانی پاکی قازی محەممەد، لە حەفتاهەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنیا]
لە نکەنکی گەلێگی ژێر پرێس و پەستانەوە... لەپەلەقاژە و تەکانی دارە دارەو هەستانەوە... لە یەکەمین کۆماری کوردوستانەوە... خانەدانێک، دەستێک لەسەر دەستانەوە... خوێن بەر بوونی جوغرافیای نیشتیمانێکی وەستانەوە.
لەناو حوجرە و فەقێیانا پەروەردە بوو... کەپێگەیی و بەرەندە بوو... ئەوەندە داناو کردە بوو...
ئەوە ئێوەو ئەوە ئەم مامۆستا بەڕێزانە. مامۆستا مەلا زاهیر لەگەڵ مامۆستا غەریب پێنجوێنی پێکەوە لە ساڵی ۱۹۹۵ی لای مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمانی هۆڕێنی ئیجازەی مەلایەتیان وەرگرتووە. باسم کرد کە کاتی خۆی مامۆستا و فەقێ کەم بوون، ئەوکات ئەم دو مامۆستا بەڕێزە و چەند کەسی تر لە خوێندنی زانستگا دەس دەکێشنەوە و دێنە حوجرەی فەقێیان.
ناساندنی مامۆستا
الف)ـ ناوی غەریب، کوڕی موستەفا، ناسراو بە مەلا غەریب پێنجوێنی، لە بەهاری ۱۹۶۹زایینی لە گوندی “ئەحمەدکەلوان”ی سەر بە قەزای پێنجوێن لە دایک دەبێ. دوایی خۆ یەکلایی کردنەوە بۆ خوێندنی حوجرەو وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی لە زستانی ۱۹۹۳ی زایینی دەبێتە پێشنۆێژ وتارخوێنی مزگەوتی “بنگرد” لە پێنجوێن، یەکەم جار کە هاتۆتە ئەم مزگەوتە نەچۆتە هیچ شوێنی تر. سی(۳۰)ساڵە لەوێ مەلایە.
لەگەڵ مامۆستا زاهیر پێکەوە ئیجازەی مەلایەتیان وەرگرتووە. مامۆستا لە هەڵبژادنی پارلەمانی (۲۰۱۳)دا بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، دەبێتە ئەندامی پارلەمان.
مامۆستا هۆگری زۆرە بە شێعری شاعیران، بەتایبەتی هەر دوو شاعیری چەوساوەکان، مامۆستا قانع و موفتی پێنجوێنی.
تاکو ئێستا پێنج بەرهەمی بە چاپ گەیاندووە بە ناوەکانی “تریفەی مانگ”، “فرمێسکی گوڵ”، “هەنسک و هیوا”، “دیوانی مەلا غەریب پێنجوێنی”،”ئەحمەدکلوان گوندێکی دێرین و مێژوویەکی زێڕین”. لەم دواییەدا کۆی بەرهەمەکانی لەم دیوانەدا (دیوانی مەلا غەریب پێنجوێنی) ساڵی (۲۰۱۹) بەچاپ گەیاندووە.
لە لاپەڕەی هەوەڵی دیوانەکە نووسراوە: پێشکێشە بە گیانی پاکی شەهید قازی موحەممەدی ڕەحمەتی.
دەست خۆشی دەکەم لە مامۆستا مەلا غەریب کە نوسخەیەکی لەم دیوانە ناوازە، بە دیاری بۆ هێنابووم
ناساندنی پێنجوێن و چۆن ببوون به فەقێ:
لێم پرسی بۆ پێی دەڵێن پێنجوین؛ فەرمووی: چەند قسە هەیە ۱ـ دەڵێن شارێک هەیە لە ئەفغانستان کە ناوی “بنجنە” بنەماڵەیەک لەوێ بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی ئاوارە بوون و ئێرەیان ئاوەدان کردۆتەوە. ۲ـ بیرو ڕایەکی تر هەیە کە دەڵێ کاتێ خۆر (تاو) هەڵدێ پێنج تابڵۆی هەیە کە دەکەوێتە بەرچاوی مڕۆڤ. ۳ـ هەندەکیش دەڵێن پێنج جوو(جولەکە) هاتوون ئاوەدانیان کردۆتەوە بۆیە پێی دەڵەن پێنجوێن. شارێکە نزیکەی ۱۳هەزار ماڵی تێدایە، لە سنوورە و زۆر نزیکە لە مەریوان.
لێم پرسی چۆن بوو بوونە فەقێ و دوایی بوونە مامۆستای ئایینی؟ ئاوای وڵام دامەوە: ئێمە دەستەی دوووەم بووین ساڵی (۱۹۹۱ی زاینی) لە کوردستانی عێڕاقەوە دەستمان کرد بە خوێندن، هەموو بووینە فەقێ. دەستەی یەکەم (٨٨)زایینی کاتی بۆمبارانی کیمیایی حەڵەبجە بوو. ئەوەی لەبیرم بێ یا ۱۲کەس بوون یا ۱۴کەس کە بوونە فەقێ، مامۆستا تاهیر باموکی لە دەستەی ئەووەڵ دابوو. زۆربەیان ژنیان هەبوو، وەک مامۆستا یادگار، کاک عەزیز، کاک ئەحمە کەلار و....هتد.
ب)ـ مامۆستا زاهیر عەلی ڕەحیم ساڵی (۱۹۶۰) زایینی لە قەزای پێنجوێن لە دایک دەبێ، هەر لە مناڵییهوە لە خزمەت باوکیدا واتە؛ مامۆستا مەلا عەلی، زانستە شەرعییەکانی سەرەتایی دەخوێنێ، پاشان لە قوتابخانەی دەوڵەتیدا پلەی دیپڵۆم وەردەگرێ، دواتر لە خزمەت مامۆستا عەبدولقادر دەربەندی خانی زانستە شەرعییەکان تەواو دەکا، پاشان لە خزمەت مامۆستا مەلا سەید نەجمەددین لە هەڵەبجەی شەهید مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێ. لە ساڵی(۱۹۹۵) لەو کاتەوە لە مزگەوتدا وەک وتاربێژ و پێشنۆژ خزمەت بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەکا. ئێستا لە شاری پێنجوێن لە مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب (ڕەزای خوی لێ بێ) وتاربێژ و پێشنۆژی ئەم مزگەوتەیە.
مامۆستامەلا عومەڕ رەشیدی و بیرەوەری ئەم سەفەرهی بۆ مەهاباد
ج)ـ مامۆستا مەلا عومەری ڕەشیدی: کوڕی مامۆستا مەلا موحەممەد ڕەشیدی ۲۷ساڵە مەلایە. ۵ساڵ لە ئاوایی “جەوشەن” لە سەرشیوی سەقز. ۴ساڵ لە “مەرخوز” نێوان بۆکان سەقز. ۳ساڵ لە ئاوای”سیروێ” لە بانە. ۱۵ساڵە لە مزگەوتی “فەتتاحی”بانە مەلایەتی دەکات.
بۆی گێڕامەوە کە مەبەست لە هاتنی ئەم دوو مامۆستا (مامۆستا غەریب پێنجوێنی و مامۆستا زاهیر) بەڕێزە بۆ مەهاباد، کە من لە خزمەتیان دابووم، تا ئێستا بۆ مەهاباد نەهاتبوون، تامەزڕۆی دیداری مەهاباد بوون، سەرەتا هاتین لە ئەشکەوتی ئاویی سەهۆڵان لامان دا، زۆریان بەلاوە سەیر بوو، بەناو ئەشکەوتەکە گەڕاین و زۆر خۆشحاڵ بوون کە تا ئێستا نەیاندیبوو. دوایی هاتینە سەر قەبری خوالێخۆشبوو پێشەوا (قازی موحەممەد)، مامۆستا غەریب زۆر کەوتە خەم و ژێر کاریگەری. هەردوو مامۆستاکە موتەئەسسیر بوون، کوڵی گریان گرتنی و تا نزیک بیست خولەکێک قسەیان بۆ نەدەکرا، دوایە هەندەک وێنەیان کێشا و ئهوكات مامۆستا غەریب پەخشانەکی سەبارەت بە قازی موحەممەد(ڕەحمەتی خودای لێ بێ) خوێندهوە، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانی بچنە سەر گۆڕەکەی لەبەر ئەوەی داخرابوو هەر لە دوورەوە فیلمبەردارین کرد. دوایە چوینە کافەی دەوری مەلا جامی نەهارەکەمان خوارد و ئیتیر هاتینە لای جەنابت و ئەوان زۆر پێ خۆشحاڵ بوون.
بۆچوونهکان