بە پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، ڕۆژی پێنشەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، لە لایان بریکاری پەروەردە و ڕاهێنانی شاری کرماشان ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن و سپاسگوزاری لە مامۆستایانی قوناغەکانی "هۆگری" و "پەیوەندیدار" بەڕێوە چوو. 

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، لە لایان بەڕێز "ئیسماعیل دیباچی" دەستی پێ کرد. پاشان ڕاپۆڕتێک سەبارەت بە کار و چالاکییە پەروەردەییەکانی شاری کرماشان ئاراستەی ئامادەبووان کرا.

 لە درێژەدا لە لایان دوکتور "جوامێر موحەممەدی" بابەتێک سەبارەت بە گرینگی دەعوەت و بانگەشە و پێگەی بانگخوازان لە ڕوانگەی قورئان و سوننەتەدا خرایە بەر باس. 

پاشان ڕاهێنەران بیر و بۆچوونەکانیان سەبارەت بە پرسەکانی پەروەردە دەربڕی و ئەژمارێک لەو پرسانەیان خستە بەر باس.  

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا لە لایان دوکتور "سەدیق نەیریزی"، بریکاری پەروەردەی پارێزگا، "مەحموود کەریمی"، بەرپرسی لێژنەی جێبەجێکاری کرماشان و دوکتور "جەهانگیر موحەممەدی"، بەرپرسی کاروباری پەروەردەی ئەو شارە، خەڵات کران و سپاسنامەیان پێ درا.