چۆن یاریزانێکی دووگۆڵی پێویستی بە ڕاهێنان و تەمرینی جەستەییە پێش چوونە گۆڕەپانی یاری، هەر بەو شێوەیەش ئیمانداران پێویستە پێش ڕەمەزان ڕاهێنان بکەن هەتا لیاقەیان هەبێت بۆ ڕەمەزان. هەروەها ڕەمەزان ڕاهێنان بکەن لەم خوولە یەک مانگییەدا بۆ چوونە گۆڕەپانی ژیان لە ١١ مانگەکەی دوای ڕەمەزانـدا.

خۆ ئەگەر لە ڕەمەزاندا تەمرین بکەین و دوایی نەچینە گۆڕەپانی یاری و ململانێکەوە، ئەوە کارەکەمان وەک ئەو تیپی یارییە وایە کە مانگێ پێش دووگۆڵی ڕاهێنان بکات و دوایی لە ساحە و گۆڕەپاندا یاری نەکات و پاشەکشە بکات کە کارێکی زۆر نەشیاو و نەگونجاوە.

ڕوونە کە ڕاهێنانی جەستە لیاقەی بەدەنی بەهێز دەکات، بەڵام ڕاهێنانی ڕۆحی لە ڕەمەزاندا ــ لیاقەی دڵ بەهێز دەکات، چونکە کاتێ دڵ لە لایەک پـڕ بوو لە خۆشەویستی دنیا و مەشغووڵ بوو بە پارە و پلە و پایە و چاوی بڕیە ماڵ و سامانی خەڵکی تر و لە لایەکی ترەوە تووشی حەسوودی و گومانی خراپبردن و ڕق و کینەو خراپەکاری بوو، ئیتر دڵ جێگەی ئیمان و تەقوا و خۆشەویستی خوا و پێغەمبەر و ئیسلامی تێدا نابێتەوە.

کاتێ کە دڵ ئامادەیی و لیاقەی نەبوو، ڕانەهێنرابوو لەسەر تەقوا و خواناسی و پڕ بوو لە دنیاویستی و هەوا و ئارەزوو، ئیتر جەستە بێزارە لە پابەندی بە عیبادات و پەرستشەکان وەک بێگاری لێدێت و ئەوکاتە مرۆڤی موسوڵمان بێزاره لە ڕەمەزان و ڕۆژوو و تەڕاویح و خەتمی قوڕئان و زیکر و دوعا و وەک بێگاری و لەکۆڵیخۆکردنەوە ئەرکەکان ئەنجام دەدات. هەمیشە لە مزگەوتەکاندا خرتە و بۆڵەی ئەوەیە کە نوێژەکانی تەڕاویح درێژن و خەتمەکە زۆری پێدەچێت و ڕۆژەکانی ڕەمەزان گەرمە و هەرکە ڕەمەزانیش تەواو بوو، زۆرینەمان نوێژی جەماعەت و قوڕئانخوێندن و زیکر و یادی خوا واز لێ دێنین.

هۆکاری سەرەکی بێزاریمان لە پەرستشەکانی ڕەمەزان و لە ساردبوونەوەی دوای ڕەمەزانمان ئەوەیە کە دڵمان ئامادەیی و لیاقەی نییە و باش ڕانەهێنراوە. بۆ ڕاهێنان و لیاقەی دڵ و دەروون پێویستە پێش ڕەمەزان چەند کارێک بکەین لەوانە:

تازەکردنەوەی تەوبە و گەڕانەوە بۆ لای خوا

چاوگێڕانەوە بە کەموکوڕی و هەڵە و تاوانەکانماندا

دراسەکردنی ژیانی پێغەمەران و پیاوچاکان

ژیان لەگەڵ بابەتەکانی تایبەت بە مردن و ڕووداوەکانی

قیامەت و باسی بەهەشت و دۆزەخ

سەردانی نەخۆش و خزمان و سیلەی ڕەحم

گەرموگوڕی لە عیبادات و ژیان لەگەڵ قورئان بە تەدەببوور و خوێندنەوەی بابەتی ئیمانی

دوعا کردن بۆ پاکبوونەوەی دڵ دەروون لە خۆشەویستی دنیا و خۆپەرستی و شوێنکەوتنی هەوا و ئارەزوو.

ئەمانە هەندێ لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی ئەوەی   مرۆڤی ئیماندار دڵ و دەروونی بەجۆرێک ڕابهێنێت کە  لیاقەی قەلبی پەیدا بکات و ئامادەیی دەروونی هەبێت تا پێشوازی لە مانگی ڕەمەزان بکات و چێژ بەرێت لەو مانگە و هێندە دڵی خۆش بێت بە پاداشت و گەورەیی ڕەمەزان، ماندوو بوونی ڕۆژوو و تەڕاویح و خەتم و دوعا و عیبادەتەکە هەست پێ نەکات.

پێویستە لە مانگی ڕەمەزاندا وەک خولێکی ڕاهێنانی  یەک مانگی بەشی یانزە مانگەکەی تر توێشوو پاشەکەوت بکەین و لیاقەی ڕۆحیمان بەهێز بکەینەوە، هەروه‌ک کرێکارێک ئەگەر پێی بڵێن خاوەن کارەکەت ۱۰ قات ئەجرت پێ دەدات، واتە لە باتی 25 هەزار دینار ڕۆژانە 250 هەزارت بۆ حساب دەکات، ئەو کرێکارە لە خۆشیدا هەست بە ماندووبوون ناکات و بە گۆرانیوتن و دڵی خۆشەوە کار ده‌کات.

ئیمانداری تەواویش کاتێ دڵی پڕ لە ئیمانە و دەزانێ لانیکەم پاداشتی چاکە یەک بە دەیە، بــەڵام ڕۆژوو زۆر تایبەت ترە و خوا  پاداشتی ڕۆژووی تایبەت کردووە بە خۆی و دەفەرموێت: «کُلُّ عَمَلِ بَنی آدم لَـەُ ٳلّا الصَّوم ، فَهوَ لي وَ ٲنا ٲجزی بِـهِ» هەموو کردەوەی بەنی ئادەم بۆ خۆیەتی، تەنها ڕۆژوو نەبێت کە بۆ منە و خۆم ئەزانم چۆن پاداشتی ئەدەمەوە. دەبێ ئەم مژدەیە وەک کرێکارەکەمان لێ بکات، بەڵک وو وەک مەولەوی ــ بە دەم حەی کردنەوە ــ پێشوازی لەم میوانە ئازیزە بکەین و هەر یا حەی حەی کەرو...

لە خوای گەورە داواکارم وامان لێ بکات کە بە دڵ و دەروونێکی شادومان و بە گەرم و گوڕییەوە لە خزمەت ڕەمەزاندا بین و خۆمان بدەینە بەر تیشکی نووری ئەم مانگە پیرۆزە و ژەنگ و چڵک و چەپەڵی و تەپوتۆزی کەموکوڕی و هەڵە و تاوان لە خۆمان بتەکێنین و لە خوا بپاڕێینەوە ئەم مانگە بکاتە بەهاری دڵەکانمان و هۆکاری بەرزبوونەی پلە و دەرەجاتمان لەلای خۆی. ئامین