راستگۆ محەمەد بەختەوەری ئەو حاڵەتە دەرونیەیە كە بەدرێژایی مێژوو مرۆڤەكان لە هەموو سەردەم و جوگرافیا جیاوازەكاندا هەڵوەدای بوون، و هەریەكە بەجۆرێك هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین بڕ و ڕێژە لە بەختەوەری داوە و هەموو كۆشش و تەقالا و ماندوبونێكیان بۆ ئەوە بووە بگەن بە خۆشبەختی، چونكە دەتوانین بڵێین لەبنەڕەتدا عیبرەت لە ژیان خۆشبەختی و ئاسودەیی و ئارامی ڕۆحی و سكونەتی دڵە. دیارە پێناسەكان بۆ بەختەوەری لە مرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی دی و لە كلتور و ئایدیا و فەرهەنگێكەوە بۆ یەكێكی دی دەگۆڕێت، هەروەك لە جوگرافیا و شوێنێكی دیاریكراوەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاوازە، ئەوەتا هەنێك لایان وایە بەختەوەری ڕاستەقینە ئەوەیە كە بە هەموو حەز و ویست و ئارەزووەكانی دنیا بگەیت لە پارە و ماڵ و سامان و هاوسەر و بڕوانامە و هتد....، هەنێكی دیكە پێیان وایە یارمەتیدانی خەڵكی و دەستگیرۆیی هەژاران و دڵنەوایی بێ نەواكان وكاری خۆبەخشی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵكی مایەی گەیشتنە بە بەختەوەری،هەنێكیش پابەندبوون بە ڕێنمایی و تقوسە ئاینیەكان و باوەڕبوون بە میتافیزیكا و ژیانی پڕ لە خۆشی و شادی دوای دونیا بە هەرە فاكتەری بەختەوەری مرۆڤەكان دەناسێنن.. لەهەموو حاڵەتەكاندا دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین كە بەختەوەری شتێكی هەمیشەیی و جێگیر نیە و كەم و زیاد دەكات و دەگونجێت كەسێكی بەختەوەر لە كات و شوێنێكی دیاریكراودا بەتەواوی تووشی بەدبەختی و نیگەرانی و بێ هیوایی ببێت و بە پێچەوانەشەوە، بەتایبەت لەم چەرخی پەرەسەندنی تەكنۆلۆژیا و شاڵاوی عەولەمەدا كە وەك دەوترێت دنیایان كردوە بە گوندێكی بچوك، دەبینین لە هەر گۆشەیەكی ئەم دنیایەدا ڤایرۆسێك یان نەخۆشیەك یان تیرۆرێك سەرهەڵبدات خێرا هەموو ڕادەچڵەكێن و دەكەونە خەمی ئەوەی چۆن خۆیان لە كاریگەرییە خراپەكانی ئەو شەپۆلی نەخۆشی یا تیرۆرە بپارێزن و چۆن ئامادەكاری بۆ بكەن كە بێگومان لە دۆخی ئاوادا باسكردن لە بەختەوەری شتێكی بێ بایەخە و جۆرێك دەبێت لە كات بەفیڕۆدان.! ئێمەی مرۆڤ زۆرجار لە شوێنی هەڵەدا بەدوای بەختەوەریدا دەگەڕێین و لە دەرەوەی ناخی خۆماندا سەرگەرمی خولانەوەین بەدوایدا، بۆیە زیاتر وێڵ دەبین و دور دەكەوینەوە لە ئامانج و مەبەستەكە، لەكاتێكدا زۆرینەی زانایان و فەیلەسوفانی ئەو بوارە پێیان وایە بەختەوەری ڕاستەقینە ئەوەیە كە لە ناخەوە هەست بە ئارامی و هێمنی بكەیت كە بە ئاشتی ناوەكی (سلام الداخلی) ناوی دەبەن، كەواتە بەختەوەری لە ناخی مرۆڤەكاندایە و هەڵەیە لە دەرەوە بۆی بگەڕێین، و پێمانوابێت وردەواڵە و شتە مادییەكانی دەوروبەرمان ئاسودەیی و بەختەوەری و سەكینەتمان پێدەبەخشن ، زۆرجار چێژی بەخشینی بڕێك پارە یان پەرداخێك ئاو بەكەسێك كە پێویستیەتی زۆر زیاترە لە خەرجكردنی ئەو پارەیە یان خواردنەوەی ئاوەكە لەلایەن خودی كەسەكە خۆیەوە.! ئەوەی كە لەباربەری بەختەوەری ئێمەیە ئەوەیە كە لە ژیانی ڕۆژانەماندا نامانەوێت وەك خۆمان بژین بەڵكو دەمانەوێت وەك ئەو كەسانە بژین كە پێیان سەرسامین لە كەشخەیی و قۆزی و دەوڵەمەندی و سەروەت و بڕوانامە و هتد ...، لەكاتێكدا ئاسودەیی كاتێك دێت كە بە سادەیی و وەك خودی خۆمان و دور لە نواندن بژین، چۆنین وەها خۆ بنوێنین و وەهاش مامەڵە بكەین و دور بین لە تەسەنوع. یەكێكی دیكە لەو هەستانەی كە لێ ناگەڕێت بەختەوەر بین مەسەلەی هەژاری و نەدارییە، ئەمەش بەوە چارەسەر دەبێت هەمیشە لە بابەتی گوزەران و ژیاندا بۆ خەڵكانی خوار خۆمان بڕوانین، و واقیعبین بین و بزانین كە هەژاری و نەداری وەك (سورێژە یان دڕكەمێكوتە) وەهایە كە هەردەبێت لە لاوێتی یان لەیەكێك لە قۆناغەكانی ژیانتدا بەسەرت بێت، بەڵام بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەژاری و كۆنترۆڵكردنی لە ڕووی دەرونیەوە بۆئەوەی ئاسار و جێكەوتی خراپ جێنەهێڵێت و لەبەینمان نەبا، دەبێت هەموو بە ڤاكسینی (قەناعەت) خۆمان بكوتین.!! پێویستە بزانین بەختەوەری و ئاسودەیی و ژیانی پڕ لە كامەرانی قەناعەتی دەوێت نەك پارە و سامان، دەبێت بڕوامان وابێت كە خۆشبەختی شێوازی بیركردنەوەیە نەك شتێك بێت بتەوێت بیكەیتە موڵكی خۆت، ئەوەتا ئەگونجێت و ڕویداوە و ڕودەدات كە شوانێك لە لاكوخێكدا، ڕووی گەشتر و سینەی صافتر و دڵی ئاواتر و داڵغە و خەیاڵاتی كەمتر و خەوی خۆشتر و دەرونی ئارامتر و دواجار ژیانی ئاسودەتر بێت لە زۆرێك لە پارەدار و سەروەتمەند و دەسەڵاتداری ناو كۆشكەكان، چونكە بەختەوەری حاڵەتێكی ڕۆحیە و بە پارە و سامان و شتە مادیەكان دەستەبەر ناكرێت.! لە كۆتاییدا گرنگە ئەو ڕاستیە بزانین كە ڕێگەیەك نیە بۆ بەختەوەری، بەڵكو بەختەوەری خۆی ڕێگایە، هەڵەیە بۆ گەیشتن بە كامەرانی و بەختەوەری بمانەوێت شارەزای ڕێگاكانی بین و كتێبی لەسەر بخوێنینەوە، چونكە بەختەوەری (وەك ووتمان) لە قوڵایی و ناخی مرۆڤەكاندایە و پێویستە بدرۆزێتەوە نەك ئەوەی پێویستی بە بڕینی ڕێیەك بێت بۆئەوەی پێی بگەیت.!
بۆچوونهکان