ئێمه‌ی مرۆڤ زۆرتر بایه‌خ به له‌شساغی و ته‌ندروستیی جه‌سته‌یی و تاكی خۆمان ده‌ده‌ین و كه‌متر به بیری ته‌ندروستیی كۆمه‌ڵایه‌تین. له‌وانه‌یه زۆر جار به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می و ڕه‌چاونه‌كردنی چاوه‌دێری و ڕاسپارده‌كانی پێویستی شاره‌زایانی مه‌ده‌نی، تووشی لاوازی و نه‌خۆشی كۆمه‌ڵایه‌تی بین. به‌تایبه‌ت كاتێك كه پێوه‌ندییه‌كی ناشایستمان له‌گه‌ڵ ده‌ورووبه‌ر هه‌بێ و دیاره گرینگ‌ترین ئامرازی پێوه‌ندیش زمانه؛ جا به ئاخاوتن بێ یا نووسین و نامیلكه و...
زمان زۆرترین ڕۆڵی له پێوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان هه‌یه و ئه‌گه‌ر به جوانی بجوڵێ، ئاسه‌واری زۆر جوان له‌خۆی به‌جێ دێڵی و له‌وانه‌یه دڵی زۆر ده‌رده‌دار خۆش بكا و فرمێسكی خه‌مبار بسڕێت و بێهیوایان، ئومێده‌وار بكات و بزه و پێكه‌نین بخاته سه‌ر لێوان. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر به خراپی بجوڵێ؛ ئه‌وه ئاسه‌وارێكی پێچه‌وانه‌شی ده‌بێ. ئاسه‌وارێك كه زۆر جار ده‌بنه نه‌خۆشی و ده‌رد و ئازارێكی زۆر به مرۆڤه‌كان ده‌گێنیت.
بۆیه زۆرجار بێ ئه‌وه‌ی بیر له پاشه‌رۆكی قسه‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه، خێراخێرا هه‌رچی به‌مێشكماندا هات، به‌سه‌ر زمانی دێنین و خافڵ له‌وه‌یكه له‌وانه‌یه دڵی به‌رامبه‌رمان بهێشێنین و یا كه‌سایه‌تی كه‌سێك بڕوشێنین.
بێگومان هه‌رشتێك زێده‌ڕۆیی تێدا بكرێ، ئاسه‌واری باشی نابێ. جا زێده‌ڕۆیی له خواردن و خواردنه‌وه‌دا بێ یا خه‌وتن و یا خۆشویستنی كه‌سێك و یا هۆگریی ماڵی دونیا و مه‌قام و...
قسه‌كردنیش به‌هه‌مان شێوه؛ زۆر وتن ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌یكه له‌كۆتاییدا قسه‌ی ناجوان و ناپه‌سه‌ند بكه‌ین و یا لانیكه‌م قسه‌یه‌ك بكه‌ین كه هیچ سوودێكی نه‌بێ. هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌یكه له‌جێی خۆیدا قسه نه‌كرێ و به‌و زمانه ببینه هۆی ئازاری كه‌سانێك.
زۆر وتن مرۆڤ بێزار ده‌كا، به تانه و ته‌شه‌ر دڵی مرۆڤ ده‌شكێنی و به سووكایه‌تیكردن، كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌ڕوشێنێت و گه‌ر هه‌روا په‌ره‌ی پێ بدرێ، ده‌بێته توودهیهكی شێرپه‌نجه‌یی له‌نێو كۆمه‌ڵگادا و پێوه‌ندییه‌كان لێك دهترازێنیت و ده‌بێته نه‌خۆشییه‌ك كه گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێ، ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر په‌ره‌ی ده‌ستێنێ و لێك ده‌هاڵێ و ده‌بێته گرفت بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی.
به‌ڵام گه‌ر سه‌رێك له ده‌واخانه‌ی خۆشه‌ویست بده‌ین، ده‌رمانێكی زۆر به‌نرخی بۆ داناوین و ئه‌ویش فه‌رمووده پیرۆزه‌كه‌یه‌تی كه هه‌ركام له فه‌رمووده‌كانی وه‌ك دهوایهكن بۆ نه‌خۆشییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگا، وه‌ك ده‌فه‌رموێ: «مَن کَانَ یُؤمِنُ بِاللهِ وَالیَومِ الآخِرِ فَلیَقُل خَیرًا أَو لِیَصمُت» واته هه‌ر كه‌س بڕوای به خوا و به دواڕۆژ هه‌یه با قسه‌ی چاك بكات و یا بێده‌نگ بێت.
ته‌نانه‌ت زۆر جار له شۆخی و گاڵتهوگهمهی زیادی و بێجێدا، دڵی مرۆڤه‌كان ده‌ڕه‌نجێنین و خافڵ له‌وه‌یكه له‌وانه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئێمه شۆخی پێ ده‌كه‌ین، لای خوای گه‌وره زۆر خۆشه‌ویستتر بێ و به‌و كاره‌مان خوا له‌خۆمان بڕه‌نجێنین. له‌كاتێكدا خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «یَاأَیُّهَاالَّذِینَ ءَامَنُوا لَا یَسخَر قَومٌ مِن قَومٍ عَسَی أَن یَکُنونُوا خَیرًا مِّنهُم و...» واته ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه! هیچ كه‌س و هیچ هۆزێك گاڵته به كه‌س و هۆزێكی تر نه‌كا، چونكه له‌وانه‌یه ئه‌وان چاكتر بن له‌مان و...
چ ده‌بێ كه زمانمان به‌شیرینی و شۆخی به‌كار بێنین و له‌گه‌ڵ ده‌ورووبه‌ریمان شۆخیان بكه‌ین و شۆخیان پێ نه‌كه‌ین. واته شۆخی و گاڵته‌ی به‌جێ و ڕه‌وا كه دڵه‌كان بخاته پێكه‌نین نه‌ك خۆمان قاقا بكێشین و له‌ولاوه كه‌سانێك بگریێنین و سوكیان بكه‌ین.
یه‌كێكی تر له شێوازه‌كان زۆر وتن، خۆتێوه‌ردان له هه‌موو شتێكه و له شتانێكی كه پێوه‌ندییه‌كی به ئێمه‌وه نێێه و ئه‌وه‌ش به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌یه له‌نێوماندا. خۆمان لهشتانێكدا ههڵدهقوتێنین كه نه پێوه‌ندییه‌كی به ئێمه‌وه هه‌یه و نه زانیارییه‌كیشمان هه‌یه له‌سه‌ری و نه سوودێكی هه‌یه. كهچكه قوڵهیهكمان پێیه و له چێشتی هه‌موو كه‌سی وه‌رده‌ده‌ین. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌یكه دڵی زۆر كه‌س لێك بكه‌ین و یا ئاژاوه‌كان گه‌وره‌تر و به‌ربڵاوتر بكه‌ین و عه‌یب و هه‌ڵه‌یه‌كی چوك و نهێنی كه‌سێك بڵاو و گه‌وره بكه‌ین و ئاڵۆزیی باربێنین.
له‌كاتێكدا له ده‌رمانخانه‌ی خۆشه‌ویست ده‌رمانی ئه‌و ده‌رده‌ش هه‌یه و به به‌لاش و بێ به‌رامبه‌ر و ساكار ده‌ست ده‌كه‌وێ و ئه‌ویش بریتییه له‌و فه‌رمووده پیرۆزه: «مِن حُسنِ الإِسلَامِ المَرءِ تَرکَهُ مَا لَا یَعنِیهِ» واته له نیشانه‌كانی جوانی ئیسلام ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ وازبێنی له شتی بێسوود و پڕوپووچ و شتێك پێوه‌ندیی به ئه‌و نییه.
زۆر جار له بابه‌تێك كه زانیارییه‌كمان له‌سه‌ری نییه، زۆر ده‌مارگرژانه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌یكه شاره‌زای ئه‌و بواره بین و ته‌نانه‌ت حوكم ده‌رده‌بڕین و داوه‌ریش ده‌كه‌ین و چاك و خراپ لێك ده‌ده‌ین. جا یا سه‌باره‌ت به كه‌سانێك یا گه‌ل و هۆزێك قسه ده‌كه‌ین و یا باس له سیاسه‌ت ده‌كه‌ین و نادادپه‌روه‌رانه داوه‌ری ده‌كه‌ین. له‌كاتێكدا له‌وانه‌یه لهوشتانهدا بێده‌نگی زۆر به‌قازانجتر بێ، به‌ڵام ئێمه به قسه‌ی زیادی له‌سه‌ركردنی و داوه‌ریكردنی بێجێیانهمان، نه‌وت به ئاگر داده‌كه‌ین و ناكۆكی و ئاڵۆزی ده‌نێینه‌وه و خه‌ڵكی ساویلكه و بێئاگاش له ڕاستییه‌كان دوور ده‌خه‌ینه‌وه.
ده‌ی چ ده‌بێ ئه‌گه‌ر قسه‌ی چاكمان هه‌بوو بۆ وتن، بیڵێین، ده‌نا بێده‌نگ بین. وه‌ك خۆشه‌ویستمان ده‌فه‌رموێ: «مَن کَانَ یُؤمِنُ بِاللهِ وَالیَومِ الآخِرِ فَلیَقُل خَیرًا أَو لِیَصمُت».
زۆرجار واده‌زانین كه گه‌ر له‌هه‌ر بابه‌تێك قسه‌یه‌كمان بۆ وتن نه‌بێ، ئه‌وه نیشانه‌ی لاوازی و نهزانیمانه، له‌كاتێكدا زانایان زۆرتر بیر ده‌كه‌نه‌وه و كه‌متر قسه ده‌كه‌ن و كه‌سانی مێشكبهتاڵی خۆبه‌زلزان قسه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن و به ده‌نگ به‌رزكردنه‌وه‌یان ڕاوبۆچوونیان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌سه‌پێنن و كه‌مترین بیركردنه‌وه‌یان هه‌یه.
با ئێمه به‌قسه‌ی ئه‌و فه‌رمووده پیرۆزه‌ی خۆشه‌ویست بكه‌ین و وه‌ك ده‌رمانێك چاره‌ی زۆرێك له نه‌خۆشییه‌كانی نێوكۆمه‌ڵگای خۆمانی پێ بكه‌ین.
هه‌ر كات ویستمان قسه‌یه‌ك بكه‌ین، سه‌ره‌تا جوان لهبێژینگی بده‌ین، هه‌رچی ناحه‌زی و ناپه‌سه‌ندی و زیادییه، لێی فڕێ بده‌ین و قسه پڕوپووچهكانی لێ ده‌رهاوێژین و قسه جوان و ڕێكوپێكهكانیش به‌سه‌ر زمان بێنین و بیانكه‌ینه بزه‌ی سه‌ر لێوی بهردهنگانمان و لهخۆتێوهردان له شتانێك كه پێوه‌ندییه‌كی به ئێمه‌وه نییه یا زانیاری پێویستمان له‌سه‌ری نییه، خۆمان بپارێزین.
بێگومان ژیانی به‌م چه‌شنه زۆر جوانتر و ڕازاوه‌تر و خۆشتره و دڵه‌كان زۆر كه‌متر لێك ده‌ترازێن و ئازاره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر كه‌متر ده‌بنه‌وه.
بیرمان بێ تا له شیفاخانهی خۆشه‌ویست و قوڕئانی پیرۆز دوور بین، نه‌خۆشی و ناخۆشی زۆرتر ده‌ورمان ده‌ته‌نن و تاكه ڕێگای چاره‌سه‌ری دهردهكانیشمان هه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌رمانخانه‌ی خۆشه‌ویسته.
كه‌واته تا ده‌توانین ده‌رمانه‌كانی ئه‌و ده‌واخانه پیرۆزه به جوانی و ته‌كووزی به‌كار بهێنین و خۆمان و بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگامان له نه‌خۆشی بوغز و غه‌ره‌ز و ناكۆكی و ئیره‌یی و... بپارێزین و خۆشی و ئاسووده‌یی و خۆشه‌ویستی جێگیر بكه‌ین و ژیانی خۆمان و ده‌رووبه‌رمان به زمانپاكی و قسهپوختی بڕازێنینه‌وه.
چه‌نده جوانه بهروهدام ئه‌و ده‌وا شیفابهخشهی خۆشه‌ویست به‌كار ببه‌ین: «لَا یُؤمِنُ أحَدَکُم حَتَّی یُحِبُّ لِأَخِیهِ مَا یُحِبُّ لِنَفسِهِ» واته ئیمانی هیچتان ته‌واو نییه تاكوو هه‌رشتێكی بۆخۆی پێی خۆشه، بۆ خوشك و برای بڕواداریشی پێی خۆش نه‌بێ.
بۆچوونه‌کان