كارگه‌یه‌كی پێوه‌ندیی كاریگه‌ر، بۆ به‌رپرسانی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٩ی به‌فرانباری ١٤٠٠ له‌ مه‌هاباد به‌ڕێوه‌ چوو.

دكتۆر ئازاد مونسی، فێركاریی لێهاتووییه‌كانی ژیان، به‌ڕێوبه‌ری ئه‌و خوله‌ سه‌ره‌تا به‌ خستنه‌ڕووی چه‌ند پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ری كارگه‌، وانه‌ی خۆی ده‌ست پێ كرد.

ئه‌و به‌ ماوه‌ی ٦ كاتژمێر له‌ سێ به‌شدا بابه‌تی «به‌شه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێوه‌ندی، كه‌سایه‌تی مرۆڤ له‌ پێوه‌ندیدا، ئه‌و به‌رگریمانانه‌ی كه كاریگه‌ری ئه‌رێنییان له‌سه‌ر پێوه‌ندی هه‌یه‌، دونیای شیاوی مرۆڤ، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی په‌یامی كاریگه‌ر و سه‌رچاوه‌كانی پێوه‌ندی كاریگه‌ر»ی تاوتوێ كرد.

ئه‌و دوای شیكاریی گرینگایه‌تی پێوه‌ندیی كاریگه‌ر و ناساندنی ته‌واوی بواره‌كانیی، باسی له‌ جۆره‌كانی ڕوانگه‌ی مرۆڤه‌كانی بۆ ئه‌و گوتاره‌ كرد و دڵنیای كردنه‌وه‌ كه بۆ پێوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر پێویسته هه‌موو پاژه‌كانی پێوه‌ندی بناسین.

وانه‌بێژ لێزانییه‌كانی ژیانی بۆ پاژه‌ی یه‌كه‌می پێوه‌ندی «نێره‌ر» له‌ چوار تایبه‌تمه‌ندی بایه‌خداری، كاریگه‌ربوون، دڵۆڤانبوون و سه‌قامگیری كه‌سایه‌تی نێو برد.

مونێسی سه‌با‌ره‌ت به‌ بایه‌خداری، ئاماژه‌ی به‌ تیۆری «ئێریك برن» سه‌باره‌ت به‌ نه‌فسبه‌رزی كرد و پێوه‌ره‌كانی مرۆڤی خاوه‌ن ته‌ندرووستی ده‌روونی ڕوون كرده‌وه‌.

ئه‌و بۆ بابه‌تی كاریگه‌ربوون ئاماژه‌ی به‌ سێ‌گۆشه‌ی «كارپمه‌ن» كرد و دوای شیكردنه‌وه‌ی ٣ ڕۆڵ له‌و سێ‌گۆشه‌یه‌دا وتی: بۆ پێوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر نابێ له‌ هیچ یه‌ك له‌ ڕۆڵه‌كانی ئازارده‌ر، قوربانی و ڕزگاركه‌ردا بمێنینه‌وه‌ و پێویسته خۆمان بگێنینه ئاستی هه‌ست به‌ به‌رپرسیاره‌تیكردن.

مامۆستای زانكۆی په‌یامی نووری مه‌هاباد سه‌باره‌ت به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وه‌رگر ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند به‌رگریمانه‌ كرد كه بۆ پێوه‌ندی كاریگه‌ر پێویسته ڕه‌چاویان بكه‌ین.

ئه‌و تیۆری هه‌ڵبژاردنی شی كرده‌وه‌ و پێناسه‌ی دونیای شیاوی مرۆڤی كرد كه هه‌ر له‌ كاتی له‌دایكبوونییه‌وه‌ له‌ زه‌ینیدا تۆمار ده‌كرێ و به‌ ئاڕمانه‌ به‌رزه‌كانی‌ ساز ده‌بێ، دونیایه‌ك كه له‌ودا مرۆڤه‌كان، شته‌كان، شوێن و باوه‌ڕه‌كان و كه‌سه‌كه‌ شوێنێك و بوونێكیان هه‌یه‌ و ده‌بنه هۆی شادومانی و ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و.

مونێسی دانی به‌وه‌ دانا كه بۆ پێوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر پێویسته هه‌وڵ بده‌ین دونیای شیاوی به‌رده‌نگمان بناسین و به‌جێی قسه‌ و كرداری وێرانكه‌ر و لاوازكه‌ری پێوه‌ندی، له‌ قسه‌ و كرداری باش كه‌ڵك وه‌رگرین.

مامۆستای كارگه‌ ئاماژه‌ی به‌ وته‌كانی جان گاتمه‌ن سه‌باره‌ت به‌ حیسابی هه‌ستیاری مرۆڤ كرد. حیسابێك كه به‌ سڵاوێك ده‌كرێته‌وه‌ و ورده‌ورده‌ به‌ تێپه‌ڕینی كات به‌ هه‌ست و سۆز و خۆشه‌ویستی پڕ ده‌بێ و به‌ كرداری نابه‌جێ و ناپه‌سه‌ند لێی كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

كۆتایی كارگه‌كه‌، تاوتوێكردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی په‌یامی كاریگه‌ر بوو.

جێی ئاماژه‌یه‌ كه ئه‌و كارگه‌یه‌ به‌ هه‌وڵی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا به‌ڕێوه‌ چوو.