خوای گەورە بە فەزڵی خۆی هەندێك کات و کرداری داناوە کە دەبێتە مایەی بەرەکەت و زیادبوونی چاکەکانمان، جا لەو کاتە موبارەکانە (دە ڕۆژی یەکەمی مانگی حاجیانە (ذي الحجة). بەڵگە لەسەر فەزڵ و گەورەیی ئەم دە ڕۆژە: 1ـ خوای گەورە لە قورئاندا سوێندی پێ خواردووە: (والفجر، ولیالٍ عشر) الفجر:١-٢ ابن کثیر (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) فەرموویەتی: مەبەست لەو دە ڕۆژەی مانگی ذي الحجةیە. 2ـ هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی: (وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ) الحج:٢٨ واتە: بۆی یادی خوا بکەن لە ڕۆژانێکی دیاریکراودا (کە دە ڕۆی مانگی حاجیانە) 3ـ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) فەرموویەتی: «هیچ ڕۆژێك نییە کردەوەی چاکە تیایدا خۆشەویستتر بێت لای خوا وەکو ئەم دە ڕۆژەی مانگی حاجیان، وتیان: تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوا؟ فەرمووی: تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوا، مەگەر پیاوێك بە خۆی و ماڵ و سامانییەوە دەربچێت بۆ جیهادو هیچیش لەوانە نەگەڕێتەوە» رواه البخاري. ئیمامی ابن حجر (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) وتوویەتی: ئەوەی ڕوون بێت لە هۆکاری تایبەتمەندێتی ئەم دە ڕۆژە ئەوەیە کە لە گەورەترین پەرستشەکانی تیا کۆبۆتەوە، ئەوانیش (نوێژ و ڕۆژوو و صەدەقەو حەج) کە ئەمانەش لە هیچ کاتێکی تردا کۆنابنەوە.. پرسیار کرا لە شیخ الاسلام ابن تیمیة، ئایا دە ڕۆژی یەکەمی ذي الحجة باشترە یان دە ڕۆژەکەی کۆتایی مانگی ڕەمەزان؟ ئەویش فەرمووی: دە ڕۆژی یەکەمی مانگی ذي الحجة باشترە لە دە ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزان بە هۆی ڕۆژی عەرەفەوە، وە دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان چاکترە لە دە شەوی سەرەتای مانگی ذي الحجة بەهۆی شەوی (لیلة القدر)ەوە. ئەو کردارانەی سوننەتن لەم ڕۆژانە ئەنجام بدرێن: ١ـ زۆر ئەنجام دانی کردەوە چاکەکان بە گشتی: قورئان خوێندن و زیکر و خێرکردن...هتد. ٢ـ نوێژکردن: کردنی نوێژە فەرزەکان لە کاتی خۆیدا، نوێژی سوننەتی پێش و پاش نوێژە فەرزەکان، سوننەتی چێشتەنگاو، شەونوێژ، سوننەتی دەستنوێژ... 3ـ ڕۆژوو گرتن: ئەمەش لە کردەوە گەورە و چاکەکانە، سوننەتە ڕۆژووگرتنی نۆ ڕۆژی سەرەتای ذي الحجة، لە هەندێك لە خێزانەکانی پێغەمبەرەوە صلی الله علیه وسلم: «كان النبي صلى الله عليه وسلم يصوم تسع ذي الحجة، ويوم عاشوراء، وثلاثة أيّام من كل شهر». [رواه أحمد وأبو داود والنسائي وغيرهم] واتە: پێغەمبەر (د.خ) نۆ ڕۆژی ذي الحجة و ڕۆژی عاشورا و سێ ڕۆژ لە هەر مانگێك بەڕۆژوو دەبوو.. ٤ـ ڕۆژووی عەرەفە: بۆ ئەو کەسانەی کە لە ماڵەوەن و لە حەج نین سوننەتە ڕۆژی عەرەفە (٩ی ذي الحجة) بەڕۆژوو بن، پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم فەرموویەتی: ڕۆژووی عەرەفە چاوەڕوانم خوا بیکاتە مایەی سڕینەوەو کەفارەتی تاوانی ساڵێك لە پێشیەوە و ساڵێكیش لە دوایەوە.. رواه مسلم ٥ـ تکبیر و وتنی الله اکبر: سوننەتە لە هەموو کاتەکانی ئەم دە ڕۆژە زیکری (الله اکبر..) بکرێت بەم شێوەیە: الله اکبر.. الله اکبر.. لا اله الا الله .. والله اکبر.. الله اکبر، ولله الحمد.. ٦ـ قوربانی کردن لە ڕۆژی جەژندا.