بۆ ئەوەی هاوسۆزی میللەت و خەڵکانێکی لێقەوماو و ستەم لێچووبین، کە بە دڕندانەترین شێوە پەلامار دەدرێن، بەو جۆرەی لە ئێستای غەززەو کۆی سەرزەمینە داگیرکراوەکانی فەلەستیندا دەیبینین، هێندە بەسە مرۆڤ بین، چ جای هاوبەشی دینی و مێژوویی و کەلتووریشمان لەنێواندا بێت.
لێرەشەوە هاوسۆزی لەگەڵ غەززەییەکان و فەلەستینییەکان، واتە هەستکردن بە ئازارەکانیان. نەفرین دەربڕین لەو ستەمەی دەرهەقیان ڕەوا دەبینرێت و نزاکردن و ئاوات خواستن بۆ ڕزگاربوونیان لەو دۆخە ناهەمووار و ژێر دەستەیەی تیایدا دەژین، دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی و دینی و ئینسانی.
بەڵام کاتێک وەک هێزی سیاسی مەسەلەکە دێتە سەر هەڵوێستگرتنی سیاسی و دیاریکردنی شوێنی خۆت لە هاوکێشەو بەرەبەندییەکاندا، دەبێت پێش هەر شتێک، بەرژەوەندی گەل و نیشتمان ئەو خەڵکەی لەناویاندا دەژیت و کاردەکەیت، لەبەرچاو بگریت و پێوەری دیاریکردنی هەڵوێستەکەت بێت. بەتایبەتیش بۆ نەتەوەیەکی بندەستی وەکو کورد، کە لەڕووی مێژووییەوە جەزرەبەی لە فەلەستینییەکان زۆرتر چەشتووە، لە دۆخێکی جیۆسیاسی هەستیار و قۆناغێکی ناسکی خۆیدا دەژیت. چونکە لەڕووی شەرعی و یاسایی و ئەخلاقی و سیاسییەوە پەیمانت وەك هێزێکی کوردستانی، هەر پاشخانێکی فیکری و ئایدۆلۆژیت هەبێت، لەگەڵ ئەواندا بەستووە، بەوەش ڕاستەوخۆ بەرامبەریان لێپرسراویت و ئەرکتە کار بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانیان و بەرگری لە مافەکانیان بکەیت. بەم جۆرەش هەروەك د.عەلی قەرەداغی لە پەیامێکیدا جەختی لێدەکاتەوە، گەر دەتەوێت کۆمەکی لێقەوماو و یارمەتی ڕزگارکردنی ژێردەستێکی دوور بدەیت و ناتوانی، دەستەوسان دامەنیشە، بەڵکو لەجیاتی ئەوە کار لەپێناو ڕزگاری و کەمکردنەوەی ڕەنج و ئازاری نزیکەکان بکە. واتە گەل و خەڵکەکەی خۆت.
بەگوێرەی ئەمە، بۆئەوەی هەستی دژەستەممان دژ بە ستەمی ئیسرایل بەرامبەر فەلەستینییەکان تێر بکەین و بیشیکەین بە کردار، با بە جددیتر و لەئاستێکی فراوانتردا تواناکانمان بخەینە خزمەت ڕزگاری نەتەوەو گەلی خۆمان، کە مەسەلەکەی ئەمیش، لەگەڵ ئەوەی نەتەوەییە، لە جەوهەردا بە پلەی نایاب ئیسلامییە، چونکە مەسەلەی هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی ستەم و بێبەشبوونی نەتەوەیەکی گەورەی زۆرینە موسوڵمان لە مافە خوا پێداوەکانی و لەوانەش مافی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان، هەروەها مەسەلەی چەسپاندنی سەرەتاکانی وەك یەکی و دادپەروەرییە کە لە مەبەستە هەرەباڵاکانی ئیسلامە.
هەر لەم چوارچێوەشدا دەتوانین زۆر بەجوانی لە ڕاستی و دروستیی دروشمی (هاوسۆزی و پشتیوانی مەعنەوی لە خوشك و برا موسوڵمانە ستەم لێچووەکانمان لە فەلەستین و جیهاد و تێکۆشان بۆ ڕزگاری کوردستان و گەلەکەی) تێبگەین.
بۆ ئەوەی ئەمەش بێتەدی، هەر ئەوەندە بەس نییە، خۆت وەکو سەرکردەو هێزی سیاسی پێت وابێت ئەوەی دەیکەی دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەل و وڵاتەکەت نییە، یاخود بەکردەوە دژ نەبێت، بەڵکو گرنگ و پێویستیشە قەناعەت بە ڕای گشتی و زۆرینەی کۆمەڵگەش بکەیت، کە ئەوەی تۆ دەیکەی لە بەرژەوەندی ئێستا و ئاییندەی ئەوان و وڵاتەکەیاندایە. بە حوکمی ئەوەی کاری سیاسی دەکەیت، واتە جگە لەوەی ئەمە ڕەنگدانەوەی بەسەر ئاییندەی خۆتەوە وەك هێزڤو تەوژمی سیاسی دەبێت و وریا نەبیت وەك هێزێکی نامۆ بە گیان و چاوەروانییە سیاسی و نیشتیمانیەکانی جەماوەر دەردەکەویت، دەشێت، بەخراپەش بەسەر کۆمەڵگەدا بشکێتەوە، لەو سۆنگەوە کە بەرامبەرەکان خراپ سوودی لێ وەربگرن، زیان بە یەکێتیی ناوخۆیی کۆمەڵگە بگەیەنێت و ناکۆکییەکان پەرە پێبدات.
لێرەشەوە زمان و جۆری دەربڕین و خستنە چوارچێوەی هەڵویست و بەستنەوەی بەهەستە چەپێنراوەکانی کۆمەڵگای جەزرەبە چەشتووی ئێمەوە، بایەخێکی گەورەتر لە خودی هەڵوێستگرتنەکە پەیدا دەکات. وانەیەك کە هێشتا بەشێ لە هێزەکانی ئێمە بەجوانی تێینەگەیشتوون و توانای پەی پێبردن بەکارهێنانیان بەگوێرەی پێویست نییە. ئەمەش بۆ هەموو هێزەکان ڕاستەو بۆ ئیسلامییەکان ڕاستر.
بۆچوونهکان