دەستەیەک لە نوێنەرانی فڕاکسیۆنی «ئەھلی سوننەت»ی پاڕلەمانی ئێران، قسەکانی پێش لە نوێژی ھەینی نوێنەری شاری «مەشھەد»یان بە قسەگەلێکی «ئاژاوەگێڕانە» و «ھۆکاری جیاوازی» زانی و خوازیاری بەرگیری لەم نوێنەرە بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسلاح‌وێب بە گێڕانەوە لە پێگەی ھەواڵنێری زریان، دەستەیەک لە نوێنەرانی فراکسیۆنی ئەھلی سوننەتی پارلەمانی ئێران رۆژی شەممە (14ی ڕەشەمە) لە نامەیەکدا کە بۆ سەرۆکی پاڕلەمان نووسیبوویان، سەبارەت بە قسەکانی پێش لە نوێژی ھەینی «جەواد کەریمی قوددوسی» نوێنەری شاری مەشھەد، گلەیی و گازنده‌ی خۆیان دەربڕی.

ئەم نوێنەرانە ڕایان گەیاند کە «قدووسی» لە قسەکانی خۆیدا «خراپترین جنێو و قسەی بە گەورەکانی ئایین، جێگرانی پێغەمبەر و موقەدەساتی ئەھلی سوننه‌ت وتووە» و ئەم قسانەش دەبێتە ھۆی دووبەرەکی و جیاوازی.

نوێنەرانی فڕاکسیۆنی ئەھلی سوننەت لە درێژەی نامەکەی خۆیان، لە سەرۆکی پاڕلەمان داوایان کرد کە «بە زووترین کات لە ڕێگەی ناوەندی چاودێریکردن بەسەر کردەوەی نوێنەران، پێ و شوێنی ئەم ئیشە بگرن و بەر بەم ئیشە ناپەسەندە بگیردرێت.

دەقی نامەی فراکسیۆنی ئەھلی سوننەت بۆ سەرۆکی پاڕڵەمان (لاریجانی) دەربارەی قسەکانی نوێنەری مەشھەد بەم جۆرەیە:

ڕایدەگەیێنین کە ڕۆژی ھەینی (13 ڕەشەمە) جەواد کەریمی قوددوسی نوێنەری خەڵکی مەشھەد لە وتارێکدا کە پێش لە بەڕێوەچوونی نوێژی ھەینی بڵاوی کردەوە، خراپترین جوێن و ناونیتکەی بە گەورەکانی ئایین، جێگرانی بەڕێزی پێغەمبەر (د.خ) و کەسایەتییە پیرۆزەکانی ئەھلی سوننەت گوتووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەرۆکی بەڕێزی وڵات، بانگەشەی ھەموو لایەنەکانی بەرەو یەکگرتوویی کردووە و فەرموویانە ھەر دەنگێک کە باس لە جودایی نێوان شیعە و سوننە بکات، ئەوە دەنگی شەیتانە! ئیتر جێگای ئەوە نییە کە بڵێین: نوێنەرێک کە خۆی بە وەلایەتمەدار و شوێنکەوتووی ڕێبەر دەزانێ چوون قسەگەلێک دەکا کە دەبێتە ھۆی جیاوازی و لێکپچڕانی کۆمه‌ڵگایێک کە بەرھەمی خوێنی ھەزاران شەھیدە؟

 

بۆیە بەڕێزتان وەک پارێزەری پلە و پایەی پاڕلەمان و وەک سەرۆکی ئەم شوێنە، داواتان لێ دەکرێ بە ڕچاوکردنی ئەم خاڵە کە وتاری ناوبراو لە دەرەوەی ئیشی نوێنەرایەتییان بووە و ڕێخۆشکه‌ری ناڕەزاتی، جیاوازی و تەنانەت رێخستنی ئاژاوەی کۆمەڵایەتییه‌، ده‌بێ بە زووترین کات لە ڕێگای لێژنەی چاودیری بەسەر ئیش و کردەی نوێنەران، ئەم کردەوەیان بەرپرچ بدرێ و ئێمە و خەڵکی بەشەرەفی ئێران لە چۆنیەتی بەدوداچوون و شێوازی تەمێکردنی ناوبراو ئاگا بکەنەوە.