هه‌ستم ده‌كرد ئه‌و عیباده‌تانه‌ی كه پێویستییان به‌ تێكۆشانی جه‌سته‌یی و ماددی نییه و ساده‌ و ساكارن‌، ته‌نیا زیكركردنه‌. به‌ڵام ئه‌وڕو دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی شێخ محه‌ممه‌د له‌بیب (خوا بیپارێزیت) بۆم ده‌ركه‌وت كه شتانێكی دیشمان هه‌یه‌ كه ئاماژه‌ به‌ به‌شێكیان ده‌كه‌ین:

ئه‌و عیباده‌تانه‌ی كه زۆر ساده‌ و ساكارن و پێویستیان به‌ تێكۆشانی ماددی و جه‌سته‌یی زۆر نییه، وه‌ك:

١- هه‌ست به‌ ڕه‌زامه‌ندی كردن: ڕازیبوون به‌و شتانه‌ی كه خوای گه‌وره‌ به‌قسمه‌تی كردووین، چونكه بێگومان ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ پێی داوین، گونجاوترین و شیاوترین قسمه‌ت بۆ ته‌واوی دۆخه‌كانی ژیانمان بووه‌.

٢- لاواندنه‌وه‌: ئه‌و عیباده‌ته‌ش زۆر ئاسانه و ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ دوو وشه‌ی جوان كه دڵی كه‌سانی دڵبرینداری پێ بلاوێنینه‌وه‌.

٣- دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك: ئه‌وه‌ش بۆ زۆربه‌ی ئێمه‌ دێته‌ پێش، كاتێك كه كه‌سێك پێویستی پێ ده‌بین و گه‌یشتن به‌ ئامانجێكی دیاریكراو یا دابینكردنی پێداویستییه‌ك داوای یارمه‌تیمان لێ ده‌كا، یارمه‌تی بده‌یین.

٤- قسه‌ی جوان و به‌كه‌ڵك و ڕاستگۆیانه: وتنی قسه‌ی جوان به‌ زمان، له‌ ڕۆژی دواییدا شایه‌تیمان بۆ ده‌دا.

٥- گومانی باش به‌ خوا (جوان بیركردنه‌وه‌ و گومانی باش): واز له‌ گومانه‌كان و ئیره‌ییه‌كان بێنین‌، چونكه په‌روه‌ردگارمان هه‌ر ئه‌و زاته‌یه‌ كه له‌ هه‌موو خراپه و ئازارێك ده‌مانپارێزیت.

٦- زه‌كاتی عیلم و زانست: و ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌یه‌ كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك سه‌باره‌ت به‌ زانستێك، پرسیاری لێ كردین، به‌ ته‌واو و كه‌ماڵ وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه‌ (هه‌روه‌ك كه خوای گه‌وره‌ یارمه‌تی داوین ئه‌و زانسته‌ فێر بین) و زانسته‌كه‌مان به‌ هه‌موو خه‌ڵكی بگێنین و یارمه‌تی خه‌ڵكی پێ بده‌ین.

٧- گه‌شبینی و هیوا به‌ خوای گه‌وره‌: هیواداربوون به‌ خوای گه‌وره‌ و گه‌شبینی عیباده‌ته‌.

٨- وازهێنان له‌و شته‌ی به‌چاوی خۆمان نه‌ماندیتووه‌: شتێكی كه به‌ چاوی خۆمان نه‌ماندیتووه‌، وازی لێ بێنین و ده‌ست له‌ شتێكی كه پێوه‌ندی به‌ ئێمه‌ نییه، وه‌رنه‌ده‌ین و خۆمان له‌و ئه‌گه‌ر و شیمانانه‌ی كه ده‌بنه‌ هۆی گومانی خراپ و بێمتمانه‌یی، بپارێزین. «ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بڕواتان هێناوه‌، (له‌ پێغه‌مبه‌ر) سه‌باره‌ت به‌ شتانێك (جیا له‌ ئه‌ركه‌كان) پرسیار مه‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆتان ده‌ركه‌وت، ئازارتان ده‌دا».

٩- چاوپۆشی له‌ ئاست عه‌یبی خه‌ڵك: ئه‌وه‌یكه له‌ عه‌یب و عاری خه‌ڵك ورد نه‌بینه‌وه‌، چونكه هه‌ركه‌س عه‌یبگر بێ، عه‌یبگری لێ ده‌كرێ. (هه‌ركه‌س عه‌یبی خه‌ڵك داپۆشێ، خوای گه‌وره‌ عه‌یبی ئه‌و داده‌پۆشێ)

١٠- ئاسانگیری له‌ به‌خشین و پشوودرێژی: بێگومان ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و داوای لێبووردن بده‌ین به‌ كه‌سێك كه هه‌ڵه‌ی به‌رامبه‌ر كردووین و پشوودرێژ بین، ئه‌وه‌ له‌سه‌ر خێر یارمه‌تیمان داوه‌.

١١- وه‌ستاندنی بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ لای خۆت: ئه‌وه‌ عیباده‌تێكی زۆر گرینگه، كاتێك قسه‌یێكی ناپه‌سه‌ند و ناجوانمان سه‌باره‌ت به‌ كه‌سێك بیست، ئه‌و قسه‌یه‌ لای خۆمان ڕاگرین و بڵاوی نه‌كه‌ینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ریش سه‌باره‌ت به‌و لێیان پرسین، ئه‌وه‌ بڵێین: من ئاگام لێ نییه.

١٢- زه‌رده‌خه‌نه‌ و ڕووخۆشی: زه‌رده‌خه‌نه‌ له‌ڕووی براكه‌ت، سه‌ده‌قه‌یه‌.

١٣- دڵخۆشكردن و شادمانكردنی دڵی بڕوادار: به‌ هه‌ڵسوكه‌وت یا تۆقه‌كردن و پێكه‌نینێك و موژده‌پێدان و یا پێشكه‌شكردنی دیارییه‌ك و یا یارمه‌تیدان و پێدانی خوارده‌مه‌نی و... دڵی كه‌سانێك خۆش كه‌ین.

دڵنیا بن ساده‌تر له‌و عیباداته‌ نادۆزینه‌وه‌ كه پاداشێكی زۆرمان پێ ببه‌خشێت، بێ ئه‌وه‌یكه هه‌وڵ و تێكۆشانێكی زۆری بوێت. كه‌واته‌ به‌خۆماندا بێینه‌وه‌ و له‌سه‌ر كاری چاكه به‌رده‌وام بین كه هه‌ركات كارێكی باش و خێر بكه‌ین، ئه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو كاره‌كانی تریش داده‌نێ. به‌و هیوایه‌ كه ببنه هۆی ڕزگاریمان.

 

نووسه‌ر: محه‌ممه‌د سه‌غیر

وه‌رگێڕان بۆ فارسی: سروه‌ مه‌ولان نژاد

وه‌رگێڕان بۆ كوردی: به‌شی كوردی ئیسلاحوێب