رۆژی عاشورا هیوای سەركەوتن دەگێڕێتەوە بۆ مسوڵمانان، بەشێكە لە بزوتنەوەیەكی مێژوویی كە عیبادەتەكان پەیوەست دەكاتەوە بەكاروانی گەورەی پێغەمبەران و پیاوچاكان (إن هذه أمتكم أمة واحدة)

ئوممەتی ئێمە ئوممەتی پێغەمبەران و شەهیدەكان و پیاوچاكانە ئەو ئوممەتەیە كە رێگە نیشاندەر بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بۆ ئەوەی رێنمایان بكات بۆ زانست و پێشكەوتن، ئێمە لەم رۆژەدا بەڕۆژو دەبین، بۆ ئەوەی سوپاسی خوای گەورە بكەین، چونكە سەركەوتنی گەلانی پێشوو سەركەوتنی ئێمەیە، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا دەبینین كۆمەڵێك دەسەڵات و بزاڤی دژ دیموكراتی كە هەڵگری ئامانجی زایۆنیزمیان هەیە، لەهەوڵی ئەوەدان شكست بەهەموو پڕۆژەیەكی ئیسلامی بدەن، ئەی كەواتە چۆن دڵخۆش دەبن بەسەركەوتنی ئیسلام و مسوڵمانان، گرنگترین خاڵێك كە دوژمنان پشتی بێ دەبەستن بریتیە لەوەی كە رەشبینی لە نێوان مسوڵماناندا برەو پێ بدەن بەوەی كە تازە هیچ پڕۆژەیەكی ئیسلامی سەرناكەوێت و رێگەنادەن كە سەركەتووبێت.

سەیری جولەكە بكەن كە چۆن خۆشەویستانی قودس و فەڵەستینیەكان بەهەموو شێوازێك شەهید دەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی تروسكایی ئیمان هەر دەدرەوشێتەوە، لەبەرئەوە نابێت رەشبین بین، چونكە ئەم ئوممەتە هێزی لە ئیمان و ئیسلامدایە، كەواتە دوژمنان ناتوانن زاڵبن بەسەرماندا.

لەبەرئەوە لەبەربوونی ئەم ئیمانە لەدەرونماندا، ڕۆژ بەڕۆژ هیوامان بەسەركەوتنی خودا زیاتر دەبێت، لەبەرئەوە رۆژێك دێت مەرگی ئەم ستەمكارانەش دەبینین وەك چۆن مەرگی لە ناو چوونی عادو فیرعەونیشتان بینی، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دەبێت دەست بەهۆكارو سوننەتەكانەوە بگرین، بۆ ئەوەی زەوی ئاوەدەن بكەینەوەو سەركەوتنی خوات بۆ بێت و ئەو موعجیزە شاراوانە ببینرێت كە ئێمە نایزانین.

ئەگەر سەرنج لە ئایەتەكانی قورئان بدەین و لەگەڵیدا بژین دەگەینە ئەو ئامانجەی كە خوای گەورە لەكاتێكدا كە باس لەگەلانی پێشوو دەكات، دەیەوێت لە رێگەی عەقڵەوە لەم نمونانە تێبگەین، كە تیایدا شتەكان دابەش دەكات بۆ دوو ئاڕاستە كە ئەویش رێگەی راست و كاری چاكە و رزگاریە، دووەم رێگەی شەڕو ستەمكاریی و دوژمنكاریە، خوای گەورە كە باس لەم رووداوانە دەكات بە ڕۆشنی دەیخاتە بەردەم مرۆڤەكان، هەروەك زانستی مێژووی كۆمەڵناسی باسیان دەكات، بەرچاو ڕۆشنت دەكات بۆ هەردوو رێگاكەو پاشان هەڵبژاردنی رێگاكانیش دەخاتەوە بەردەست بۆ هەڵبژاردنی رێگایەك.

بەڵام ئەوەشمان بۆ روون دەكاتەوە كە خوای گەورە لەگەڵ راستیدایەو سەركەوتن بۆ راستیەو لە رابردووشدا هەروا بووە، لەبەرئەوە خوای گەورە لەگەڵ راستی و دادپەروەری و ئازادیدایە، دژی ئەوانەشە كە گومڕان و چەواشەكارو ستەمكارن و دەیانەوێت خەڵك لە رێگەی راستی لابدەن.

دەربارەی بەڕۆژوو بوونی رۆژی عاشوورا، لە فەرموودەی صەحیحدا هاتووە دەربارەی ئەم ڕۆژە فەرمویەتی (دەبێتە هۆی شتنەوەی تاوانی ساڵێك) بەڵام مەبەست لێرەدا بۆ شتنەوەی تاوانی بچوكە، ئەمە مافی بەندەكان ناگرێتەوە، چونكە مافەكان دەبێت لە دنیادا بدرێتەوە نەك لە قیامەتدا، بۆ ئەم مەبەستەش ئیمامی نەوەوی كە دەڵێت : (هەموو تاوانەكان دەشواتەوە لە تاوانی بچوك، بەڵام توانای سڕینەوەی تاوانە گەورەكانی نیە) .

دەربارەی هەندێك هەڵسوكەوت لەم رۆژەدا وتی رۆژی عاشوورا رۆژی شەهیدبوونی خۆشەویستێكی پێغەمبەربوو، دەبێت زامەكانی ئەو ڕۆژە ناخۆشە بە نزا و پاڕانەوە بڕوات، نەك بەكۆمەڵێك بیدعە نە لە قورئان و نە لە سوننەدا نیە، ئێمە ئەهلی سوننە دوعا دەكەین و سڵاوات لەسەر پێغەمبەر لێ دەدەین و رێزی گەورەی هەموو هاوەڵان دەگرین بەبێ جیاوازی، ئەمەش بریتیە لە عەقیدەی ئێمە، نەك كارێكی سیاسی بێت.

 

اللَّهُمَّ صَلِّ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ وَعَلَى آلِ إِبْرَاهِيمَ إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيد ، اللَّهُمَّ بَارِكْ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آل مُحَمَّدٍ كَمَا بَارَكْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ وَعَلَى آلِ إِبْرَاهِيمَ إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيد.

 

نوسینى: پ.د. عەلى قەرەداغى

ئەمیندارى گشتى یەکێـتى جیهانى زانایانى مسوڵمان و سەرۆکى رێکخراوى رابیتەى مرۆیى