شێواندنی ناوەڕۆکی چەمکی بیدعە و پەیوەندی بە چەقبەستوویی فیکری و گوێڕایەڵی سیاسییەوە

بیدعە، ئەگەر نەچینە وردەکارییەکانی جۆری بەکارهێنانی و تەنها بە کورتی ئاماژەیەکی پێ بکەین، مەبەست لێی زیاد و کەمکردنە لە ئایین، بە تایبەتیش زیادکردنی هەندێ شت کە دەقی لەسەر نەهاتووە؛ یان وەک لای هەندێک دەوترێت، لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) و هاوەڵان و پێشینە چاکەکاندا نەبووە.

ئەم چەمکە یەکێکە لەو چەمکانەی عەقڵی ئیسلامی لە مێژوودا زۆر ئازار و شەتەک داوە. بۆ نموونە، بە هەمان ناو و تێڕوانینەوە، بەشێک لە زانایان لە کاتی خۆیدا دژی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ئامێرە نوێکان بوون و بۆ دەیان ساڵ ڕێگرییان لەوە کرد چاپخانە بێتە ناو سەڵتەنەتی عوسمانییەوە. شێخ‌ولئیسلام و هاوبیرانی دواییش بەو مەرجە ڕێگەیان دا کە قورئانی پێ چاپ نەکرێت! ئەمە تەنها وەک نموونەیەک باس دەکەم.

مەترسیی ئەم چەمکەش کاتێک گەورەتر بوو کە بازنەی عەقیدە و پەرستش و دروشمەکانی تێپەڕاند و، وەک پێوەرێکی ڕەسەن‌سازی (تأصیل) و دیاریکردنی ڕەوایی و ناڕەوایی شتەکان، تێکەڵ بە مەسەلە سیاسی و ژیارییەکان بوو.

بەم شێوەیە، لە جیاتی ئەوەی ببێتە چەترێک بۆ پارێزگاریکردن لە ڕۆح و بنەماکانی ئیسلام، بوو بە چوارچێوەیەکی زەینی و فقهی بۆ لەقاڵبدانی پەیام و بەهاکانی و چەقبەستوویی فیکری.

گەورەبوونی ئەم چەمکە و فراوانکردنی بەو جۆرە ناسروشتییە، بێ مەڵامەت نەبوو؛ بەڵکو پەیوەندییەکی پتەو و ئۆرگانیکی بەو لادانەوە هەبوو کە هەر زوو مۆدێلی حوکمڕانیی ڕاشیدین دووچاری هات. چونکە لادانەکە تەنها لە کایە سیاسییەکەدا قەتیس نەما، بەڵکو سێبەری بەسەر کایەی دینداری و بەرهەمهێنانی «فقه» و سروشتی پەیوەندیی نێوان موسوڵمانان و ئایین و دەسەڵاتدا بەجێهێشت.

بە تێپەڕینی ڕۆژگار و لەبارچوونی هەموو ئەو هەوڵانەی ئامانجیان ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی بوو، زۆرتر کاریگەریی نموونەی ئیمپراتۆرییە فارسییە حوکمڕانەکە دەرکەوت. دۆخێک هاتە کایەوە کە نموونەی ڕاشیدین بگوازرێتەوە بۆ ناو ویژدانی ئیسلامی و ببێتە بابەتی ئامۆژگاریی ئەخلاقی و دووبارە شانسی گەڕانەوەی نەبێت. ئەوەش وای کرد ئەوەی بە لادان لە بەها دەستوورییە ئیسلامییەکان لە قەڵەم درابوو، ببێتە بنەڕەت و بنەڕەتیش ببێتە بیدعەت و داوایەکی نامۆ.

لە ئێستای واقعی کۆمەڵگەی ئێمە و دنیای ئیسلامیشدا، «بیدعە» بووەتە یەکێک لەو چەمکە ناوەندی و بنەڕەتییانەی ڕەوتی سەلەفی، بە ئاراستە جیاوازەکانییەوە، بە تایبەتیش سەلەفی مەدخەلی، بە دەوریدا دەخولێتەوە و ناسنامەی خۆی و ئەوانی تری پێ دیاری دەکات.

لە ڕێی ئەوەوە، ڕەوتەکە خۆی لە موسوڵمانانی تر جیا دەکاتەوە، لەو سۆنگەیەوە کە بە ئاستی جیاواز، لە بیدعە و گومڕایی گلاون و بەوەش بێگەردیی ئایندارییان لێڵ بووە و بە باوەڕداری ڕاستەقینە دانانرێن، لەبەر ئەوەی کێشەیان لە عەقیدە و تێگەیشتنی دینییاندا هەیە.

ئەم چەمکە، لە بەکارهێنانی نامەنهەجییە سەلەفییەکەی لە ئێستادا، بە دەوری هەندێ پرسی عەقیدەیی و کەلامی و پەرستش و عیبادەت و ڕێوڕەسمی کۆمەڵایەتیدا دەسووڕێتەوە. بەو ئەندازەی ڕژێمە هاوپەیمانەکان و کردارە سیاسییەکانیش پێویستییان بە ڕەوایەتیی دینی و ڕەوایەتی‌ستاندنەوە لە دژبەرەکانیان هەبێت، چەمکەکە بۆ ناو کایەی سیاسیش بانگ دەکرێت و ئەرکدار دەکرێت.

بۆ نموونە، سەلەفییەکان لە چەندین کات و وڵاتدا، دیموکراسی و هەڵبژاردن، فرەیی و ئازادیی سیاسی، خۆپیشاندان وەک فۆرمێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواکاریی گۆڕانکاری بەرامبەر دەسەڵات، هەروەها ڕەخنەگرتنی ئاشکرا لە دەسەڵاتداران و هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتیان و ماوەی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، بە بیدعە و داهێنراو و ناشەرعی زانیوە!

بەستنەوەی گوێڕایەڵیی سیاسی بە هەر پێشمەرجێکەوە، لەوانەش شەرعییەت و دادپەروەریی سیاسی، جگە لە کوفری ڕوون، واتە هەڵگەڕانەوەی حوکمڕان لە ئیسلام، دیسان بە بیدعە و ناشەرعی دەزانن؛ بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی تا چەند ئیسلام و شەریعەت، بە ناوی خۆیان و خوداوە، دەکرێنە ئامرازی پاساودانی دۆخی ستەمکارانە.

بەحوکمی ئەوەی مافی پیادەکردنی دەسەڵات نابەستنەوە بە سەرچاوەگرتن لە نەتەوە یان گەلەوە، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە شتێک بە ناوی «گەل» و «نەتەوە» بە ناوەڕۆکە مۆدێرنەکەیان نییە؛ هەروەها ناشیبەستنەوە بە ڕەفتاری سیاسیی فەرمانڕەوا و نوخبەی حوکمڕانەوە، لە ڕووی بوون و نەبوونی ڕەوایەتیی سیاسی و دادپەروەرییەوە؛ بەڵکو پەیوەستی دەکەن بە عەقیدەی «وەلی ئەمر» و «کوفری بەواح»ەوە.

بەوەش، ئیسلام و شەریعەتەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆڵی کڵێسای مەسیحی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەگێڕن و دەبنە پاساودەری ڕەفتاری سیاسیی حوکمڕانان لە دۆخ و فۆرمە جیاوازەکاندا، با ستەمکارێکی وەک بەشار یان «سەدام حوسێن»یش بێت!

هەرچی پەیوەندی بە سەلەفیی جیهـادییەوە هەیە، هەمان کێشەی هەیە، بەڵام بە جۆرێکی تر و جیاواز.
 بەحوکمی ئەوەی لە جەوهەردا مەنزوومەی کۆی سەلەفییەکان لە یەک مەرجەعەوە سەرچاوە دەگرێت و هاوشێوەیە، ئەوەی لە یەکتریان جیا دەکاتەوە هەڵوێستیانە بەرامبەر دەسەڵات، بە تایبەتیش ئەو دەسەڵات و سیستەمە سیاسییانەی بە عەلمانی و نائیسلامی لە قەڵەم دەدرێن.

بەحوکمی ئەوەی، لە کاتێکدا سەلەفی مەدخەلی داوای گوێڕایەڵیی بێمەرجی «وەلی ئەمر» دەکات، بەحوکمی وەلی ئەمربوون و دەسەڵات لە دەستدا بوونی، بەدەر لە دادپەروەری و ستەمکاریی سیستەمی حوکمڕان؛ سەلەفییەتی جیهـادیش دیسانەوە، بێ گوێدانە ئەو پێوەرە بەهایی و شەرعییە ئیسلامی و ئینسانییانە، تەکفیری سیستەم و نوخبەی دەسەڵاتدار دەکات لە سۆنگەی نائیسلامی‌بوونییەوە ـ هەڵبەت بەگوێرەی تێگەیشتن و پێوەرەکانی خۆی ـ و داوای ڕووخاندنی دەکات.

لەو پێناوەشدا، جیهـادی چەکداری لە دژی بەرپا دەکات، بێ گوێدانە ئەوەی لەم پێناو و چوارچێوەدا چی ڕوودەدات و چەند خوێنی بە ناحەق و بێتاوان دەڕژێت و موسوڵمانان و هاوڵاتیان دووچاری چ مەینەتی و نامورادییەکی گەورە دەبن. چونکە ئامراز و شێوازەکان حوکمی ئامانجەکان وەردەگرن؛ واتە مادام بەلای خۆیانەوە ئامانجەکە شەرعی و ڕەوایە، هەموو ئامرازێک لەو پێناوەدا ڕەوایە!

لە ڕوویەکی تریشەوە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین دەسەڵات دەگرنە دەست، هەموو ئەوەی سەلەفی مەدخەلی لە ڕووی سیاسییەوە بە بیدعەی دەزانن، ئەوانیش بەرامبەر بە خۆیان هەمان دیدیان هەیە. تەنها بە دیاریکردنی هەڵوێستی شەرعیش واز ناهێنن، بەڵکو دەست دەکەن بە سەرکوتکردن و پاکتاوکردنی هەموو ئەوانەی پێداگری لەسەر ئەو دروشم و داواکارییانە دەکەن. حوکمڕانیی داعشیش لەو چەند ساڵەی دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو، لەم ڕووەوە بە ڕوونترین نموونە دادەنرێت.

ئەگەر لێرەشەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەقەی وەک فەرموودە دراوەتە پاڵ پێغەمبەر (د.خ)، کە لە بابەتی بیدعەناسیدا وێردی سەر زاری سەلەفییەکان و هاوبیرەکانیانە، هەروەها لە سیاقە زمانی و بەهایی و شەرعییەکەی خۆیدا بیخوێنینەوە، بە ئاسانی لەوە تێدەگەین کە لە چ ئاستێکی سەرسووڕهێنەردا مێژوو، واقعی سیاسیی مێژوویی، ستراتیژ و گەمەکانی دەسەڵات کاریگەرییان لەسەر ناوەڕۆکی ئەم چەمکە داناوە و دەقیان ملکەچی واقع کردووە. هەروەها چەندە پێویستە دووبارە بە ناوەڕۆکە ئیسلامییە ڕەسەن و بەهاییەکەیەوە، لە هۆشیاری و بیرکردنەوەی موسوڵماناندا، بینا بکرێتەوە.

لە دەقی فەرموودەکەدا هاتووە: «دەست بە ڕێباز و سوننەتی من و خەلیفە ڕاشدینەکانم بگرن و نەهێڵن لە دەستان دەرچێت؛ ئاگادار و وریابن لە کارە داهێنراوەکان، چونکە هەموو کارێکی تازە و داهێنراو بیدعەیە و بیدعەش گومڕاییە».

بە وردبوونەوە لە دەقەکە و خوێندنەوەی لە سێبەری مەنزوومەی بەها دەستوورییە ئیسلامییەکاندا، دەگەینە ئەو باوەڕەی کە، ئەگەر دەقەکە وەک خۆی وەربگرین، بە گشتی و بە پلەی یەکەم دەچێتە چوارچێوەی کایەی سیاسەت و بەها دەستوورییە ئیسلامییەکان و حوکمڕانییەوە.

لەبەر ئەوەی وشەی «ئەمر» لە قورئاندا، هەروەک قورئان‌ناسان دەڵێن، یەکێکە لەو وشانەی بۆ گوزارشتدانەوە لە فەرمانکردن و کاروبارە سیاسییەکان بەکاردەهێنرێت؛ هەروەک لە ئایەتی «وَأَمْرُهُمْ شُورَىٰ بَيْنَهُمْ»دا دەبینین.

لە ڕووی دینی و ئیسلامناسیشەوە، خەلیفەکانی ڕاشدین مەعسوم و پێغەمبەر نین و شوێنکەوتنیان ئەمرێکی دینی نییە. ڕاستە، لە پێشەنگانی ئوممەتی ئیسلامن و پێگەیەکی تایبەتیان لە دڵی موسوڵماناندا هەیە، بەڵام ڕەفتار و ڕێبازیان بۆ ئێمە، بە واتای وشە، دوای کۆتایی‌هاتنی وەحی و کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ)، نابێتە دین. واتە ئێمە لە ڕووی دینییەوە ئەرکمان نییە لە هەموو وردەکارییەکانی ژیانیاندا شوێنیان بکەوین.

لەوێوە، سوننەت و ڕێباز و سەرمەشقیی ئەوان، بە شێوەیەکی گشتی، دەچێتە بوار و چوارچێوەی نموونەی حوکمڕانییەوە؛ چەمکی «بیدعە»ش لەم چوارچێوەیەدا قابیلی تێگەیشتنە.

ئەزموونی حوکمڕانیی ڕاشیدین بە نزیکترین نموونە لە ئەزموونی پێغەمبەر و ڕۆحی ئیسلام لە قەڵەم دەدرێت. ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی، بە شێوەیەکی گشتی، بەوە ناسراوە تا ڕاددەیەکی زۆر پارێزگاری لە بەها دەستوورییە ئیسلامییەکان کردووە:

• حوکمڕانی لە ڕێگەی شووراوە بووە، نەک بە بەجێمان بە میرات و پشتاوپشت و بە زەبری هێز خۆسەپاندن؛ واتە ڕەوایەتیی سیاسی، بە ڕێ و شوێنە سادەکانی ئەو سەردەمە، لە ئوممەتەوە وەرگیراوە.
• دادپەروەری لە پیادەکردنی دەسەڵاتدا.
• خاکی‌بوونی دەسەڵاتدار و نەبوونی بەربەست لە نێوان ئەو و خەڵکی ئاساییدا، لەگەڵ سادەیی دامەزراوە و دەزگاکانی حوکمڕانی.
• بە ئەمانەت سەیرکردنی دارایی گشتی و خەرجکردنی بە شێوەیەکی شەرعی و بۆ بەرژەوەندیی موسوڵمانان.
• ئیجتیهادکردن لە پێناو حوکمڕانیی دادپەروەرانە و کارکردن بە ڕۆحی دەق، لەگەڵ سوودوەرگرتنی تەکنیکی لە ئەزموونی ئەوانی دی.

بەم جۆرە و بە شێوەیەکی گشتی، سەرمەشقیی ئەوان بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە مۆدێل و جۆری حوکمڕانییەکەیانەوە بەستراوەتەوە.
 ئەوان وەک زانا و سەرمەزهەب و عاریف و سۆفییەکی نادەسەڵاتدار تەنها لە مێژوو، ویژدان و بیرکردنەوەی ئیسلامییدا مەترەح نین؛ بەڵکو لە کایەی حوکمڕانی و سیاسەتدا نموونەن و بە نموونەش دەهێنرێنەوە. ماوەی حوکمڕانییەکەشیان وەک پێوەر بۆ حوکمدان بەسەر دوای خۆیاندا بەکارهاتووە. هەر بۆیە بیدعە لەم چوارچێوەیەدا دەبێتە کورتومت یەکسان بە لادان لە ڕۆحی ئەم نموونەی حوکمڕانییە.

هەر ئەمەش وای لە زانایەکی وەک «ئیبن تەیمیە» کردووە مەسەلەکە بەو جۆرە تێبگات و لێکی بداتەوە. ئەویش کاتێک پرسیارێکی لەم چوارچێوەدا بەم جۆرە لێ کراوە کە: ئایا تێکەڵکردنی پاشایەتی و خەلافەت دروستە؟ هەروەها، ئایا خەلافەت و شوێنکەوتنی خەلیفە ڕاشیدینەکان تەنها موستەحەبە؟

ئەو بەو جۆرە وەڵامی دەداتەوە کە: تێکەڵکردنی پاشایەتی و خەلافەت لە شەریعەتی ئیسلامیدا دروست نییە و خەلافەتیکردن بەگوێرەی ڕێبازی پێغەمبەر و ژیاننامەی خەلیفە ڕاشیدینەکان، و تێکەڵنەکردنی بە هیچ ڕواڵەتێکی پاشایەتی، بێ هیچ گومان و دوودڵییەک واجبە. کۆی پادشایەتی، یان بەشێک لە ڕواڵەتەکانی، لە دیندا بە بیدعە لە قەڵەم دەدرێت. ئەو فەرموودەش کە پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، وەک بەڵگەی شەرعی بۆ قسەکانی دەهێنێتەوە.

بەم جۆرە، ئیبن تەیمیە لە ڕیزی ئەو زانایانەدا بووە کە نەیویستووە پاساو بۆ دۆخی نەخوازراوی حوکمڕانیی ئیسلامیی باو لە مێژووی دوای خەلافەتی ڕاشیدیندا بێنێتەوە. دەرکی بەو بۆشاییە گەورەش کردووە کە لە نێوان دەق و واقعی مێژووییدا لە ئارادا بووە. (محمد المختار الشنقيطي، الأزمة الدستورية في الحضارة الإسلامية، ص. ٣١٥–٣١٧).

لێرەوە، هەموو فۆرمێکی حوکمڕانی کە ڕەنگدانەوەی ڕەزامەندی و گرێبەستی نێوان نەتەوە یان گەل و دەسەڵاتدار نەبێت، زۆردار و ستەمکار و خۆسەپێنەر بێت، با بە ڕواڵەت ئیسلامیش بێت و شەریعەت یاسای دادگاکانی پێکبهێنێت، بیدعەیە؛ دەق و ویژدانی ئیسلامیش ڕەتی دەکاتەوە و ڕەوایەتیی ئایینی و ئەخلاقی لێ دەستێننەوە.

بەم جۆرە و لە ڕوانگەی بە پێوەرکردنی ڕێبازی پێغەمبەر و مۆدێلی حوکمڕانیی ڕاشیدین، فۆرمە جیاوازەکانی حوکمڕانی لە مێژووی سیاسیی موسوڵماناندا، هەر لە ئەمەوییەوە بگرە تا کۆتایی عوسمانی، لەگەڵ هەموو ئەو کەلەپوور و شرۆڤە و فەتوا دینییانەی بۆ پاساودان و هەڵکردن لەگەڵیان بەرهەم هاتووە ـ کە بەشێکی دەرەنجامی دۆخی ناچاری و نائومێدیی زانا و پێشەنگان بووە لە بەدیهێنانی گۆڕانکاری و دووبارە گێڕانەوەی حوکمڕانیی ڕاشیدین ـ دەچنە خانەی «بیدعە» و شتە نەخوازراو و داهێنراوەکانەوە؛ بەحوکمی ئەوەی تەنها بە ناو خەلافەت بوون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پادشایەتی بوون؛ هەر بەو جۆرەی ئیبن تەیمیە لە شوێنێکی تردا لە هەمان سیاق‌دا ئاماژەی پێ کردووە.

ئەمەش شتێکی نامۆ نییە، لەبەر ئەوەی پێوەر بۆ دیاریکردنی حوکمڕانیی شەرعی، بوون و نەبوونی ڕەوایەتیی سیاسی و گرێبەستی ئازادانەی نێوان دەسەڵاتدار و گەل، یان خەڵک، و پیادەکردنێکی دادپەروەرانەی دەسەڵاتە، نەک پیادەکردنێکی ڕواڵەتیی شەریعەت.

گوێڕایەڵیی سیاسیش دەبێت بە هەمان پێودانگ دیاری بکرێت و بەو پێوەرەوە ببەسترێتەوە، نەک بە «کوفری بەواح»، کە لە مێژوودا زۆرجار بۆ ڕەوایەتیدان بە واقعێکی نائیسلامی و ناڕەوا بەکارهێنراوە و مەسەلەی دادپەروەری، وەک دایکی بەها ئیسلامییەکان، لە کایەی حوکمڕانیی ئیسلامیی مێژوویی بە سیفەتی پێوەر کردووەتە دەرەوە.

هەتا وای لێ هاتووە بگوترێت: «هەرکەس هێز و زۆری خۆی سەلماند و دەسەڵاتی کۆنترۆڵ کرد، پێویستە گوێڕایەڵی بۆ نیشان بدرێت، گەرچی خوێنی موسوڵمانانیش بڕێژێت و ماڵیان تاڵان بکات». ئەمە لە دوور و نزیکەوە پەیوەندی بە سوننەت و ڕێبازی پێغەمبەر لە ڕووی حوکمڕانییەوە نییە. بەو جۆرە لە هەندێ دەقدا هاتووە کە بە ناڕەوا دراوەتە پاڵ پێغەمبەر (د.خ)، لە کاتێکدا پێچەوانەی سەریحی قورئانە: «وَالَّذِينَ إِذَا أَصَابَهُمُ الْبَغْيُ هُمْ يَنْتَصِرُونَ».

ئەم پێوەرەی لە پێشەوە ئاماژەمان پێ کرد، تەنها تایبەت نییە بە حوکمڕانیی مێژوویی موسوڵمانان، بەڵکو بۆ ئێستای دنیاش ڕاست و گونجاوە. هەر بۆیە چەمکی «وەلی ئەمر»، بەو ناوەڕۆکەی لە سێبەری فقهی سوڵتانی لە مێژوودا وەریگرتووە و سەلەفییەکان و هەندێک لە تەقلیدییەکانیش بەکاری دەهێنن، بیدعە و ڕەتکراوەیە.

هەموو سیستەمێکی سەرکوتکار و قۆرخکاریی دەسەڵات، بە هەر ناوێکەوە بێت، بیدعەیە.

ئەو جۆرە لە گوێڕایەڵییەش کە سەلەفییەکان بۆ «وەلی ئەمر» بانگەشەی بۆ دەکەن، دیسانەوە بیدعەیە، چونکە لە دەرەوەی پێوەرەکانی حوکمڕانیی ڕاشیدیانەیە. هەروەها ئەو شتانەی بە بیدعەشیان دەزانن، هاوشێوەی هەڵبژاردن، ڕەخنەگرتنی ئاشکرا لە دەسەڵاتدار و وەلی ئەمر، سنووردارکردنی دەسەڵات و دیاریکردنی ماوەی مانەوەی لە دەسەڵاتدا، و بەستنەوەی گوێڕایەڵی بە عەقیدەی ئەوەوە، نەک بە سەرچاوەی دەسەڵاتەکەی و جۆری پیادەکردنی دەسەڵات، دیسان بە تەواوی واتا بیدعەیە.

بە کورتی، تێگەیشتنی سەلەفییانە بۆ بیدعە خۆی بیدعەیەکی گەورەیە.
 بۆیە مافی ئەوەیان نییە ئەوان دەستنیشانی دەرکەوتەکانی بیدعە و، بە تایبەتیش، بیدعەی سیاسی و شارستانی لە دنیای نوێدا بکەن، چونکە ئەهلییەتی فیکری و زانستی و ئەخلاقیی ئەوەیان نییە.

ماوەتەوە بڵێین، بێبەشکردنی نەتەوەی ئێمە لە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی و ئەو هەموو ستەم و چەوساندنەوەی لە سایەی دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا، بە عەلمانی و ئیسلامییەوە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا دووچاری بووە، بە یەکێک لە گەورەترین بیدعە و تاوانەکانی سەردەم دادەنرێت.