بۆ یه‌که‌مجار، شرۆڤه‌ی بۆستانی سه‌عدی، له‌ دانانی شاعیر و نووسه‌ری سه‌رده‌شی پێشکه‌شی کتێبخانه‌کانی کوردستان کرا. شرۆڤه‌ی کوردی بۆستانی سه‌عدی له‌ دانانی نووسه‌ر و شاعیری سه‌رده‌شتی مامۆستا محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌مینیان له‌ لایه‌ن ده‌زگای چاپه‌مه‌نی کوردستان ـ سنه‌ له‌ دوو بەرگ و 1300 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاو کرایەوە. مامۆستا ئه‌مینیان له‌ وتووێژێکی تەلەفوونیدا که‌ له‌گەڵ ئیسلاح‌وێب‌دا بووی، ڕایگه‌یاند : ماوەی یەکساڵی تەواو خه‌ریکی شرۆڤه‌ی ئەم کتێبه‌ بووم. سەرباره‌ت بە گرینگی و ھۆی به‌رھه‌م ھێنانی ئەم ئاسەوارە ئەدەبییە، وتی : له‌ ڕابردوودا، له‌ حوجره‌ی زانسته‌ ئایینیەکانی کوردستانی ئێران و عێراق، بۆ به‌ھێزترکردنی زمان و ئه‌ده‌بیاتی فارسی فه‌قێکان، دوو کتێبی «گوڵستان» و «بۆستان»ی سه‌عدی ئه‌وترایەوە و ھەندێ جاریش لەبەر دەکرا. ئەمینیان ڕایگه‌یاند: بۆ ئەکەمجارە که‌ بۆستانی سه‌عدی بە زمانی کوردی ـ زاراوەی سۆرانی ـ ڕاڤە و بڵاو کراوەتەوە. ئەمینیان ڕایگه‌یاند: له‌ سەرچاوه‌ فارسییه‌کانی دیکە وەکوو شەرحی «غلامحسین یوسفی» و «خلیل خطيب رهبر» لەسەر بۆستان کەڵکم وەرگرتووە و ھەندێ جاریش پەند و مەتەڵی کوردیم ھێناوەتەوە. جێگای باسە، کە ماوەیەک لەمەو پێش، وەرگێڕانی بۆستانی سه‌عدی بە زمانی کوردی و بە شێعر لەژێر ناوی «مێرگوڵانی ژین» لە لایەن شاعیری سەقزی، مامۆستا عومەری ساڵحی ساحیب وەرگێڕدراوە و چاپەمەنی زانکۆ کوردستان چاپی کردووە.