سڵاو و ڕێز بۆ تەواوی خەڵکی ڕۆژاوا و هەموو مرۆڤە ئازادەکانی جیهان.
سپاس و پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو مرۆڤە سەربەستانەی کە لە کاتی تەنگانە و کوشتن و دەربەدەربوونی خەڵکی فەلەستین، پشتگیری ئەوانیان کرد، هەروەها تەواوی ئەوکەسانەی کە لە ڕێگای وتار و لێدوان و خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەوادانانەوە لە مامەڵە لەگەڵ نادادپەروەری ئیسڕائیلەوە بەشدار بوون.
دەمهەوێ باس لە بابەتێکی مرۆیی بکەم کە دڵەکانمان یەکگرتوو کات و ویژدانەکانمان بهەژێنێت. ئەو بابەتە، بابەتی خەڵکی فەلەستینە کە شەو و ڕۆژ خۆیان بۆ مردن ئامادە دەکەن و لە قورسترین ڕەوش و بارودۆخدا لە سێبەری تاڵ و خراپ و نالەباری داگیرکردندا ڕۆژەکانیان دەبەنەسەر و هەموو خەڵکی دونیاش شاهیدن و ئەم دیمەنە دڵتەزێن و نالەبارە دەبینن.
ئەم پەیامە لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٢٠ ڕۆژ لە هێرشە دڕندانەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززەدا دەنووسم.
ڕژێمی زایۆنی لەم هێرشە دڕندانەدا سیاسەتی جینۆسایدی ئامانجدار بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی و بێ بەرگری، ژنان و منداڵان و بەساڵاچووانی گرتۆتە بەر...
کاتێک کە ئیسرائیل ئەم شەڕە نادادپەروەرانەی دەست پێ کرد، بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە پابەندە بە تاوان بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و بە توندی و لە پێوەری فراوانتردا بەم تاوانە درێژە دەدات.
مامەڵە لەگەڵ خەڵکی فەلەستین وەک (ئاژەڵانێک کە خۆیان بە مرۆڤ نیشان دەدەن) هەر وەک وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل "یواو گاڵانت" دەڵێ و هەڕەشەی بێبەشکردنی ئەوان لە سەرەکی ترین مافەکانی ژیان وەک خواردن و خواردنەوە و دەرمان و خەوتنیان لێ دەکا، نموونەی ڕەگەزپەرستی و سادیزمی (چێژوەرگرتن لە ئازاری خەڵکی) قیزەونێکە کە لە مێشک و ڕەفتار و کردەوەی داگیرکەراندا بنجی داکوتاوە.
من ئەم نامە کراوەیە بۆ خەڵکی ڕۆژاوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا، ئۆسترالیا، نیوزیلاند، ئەفریقای باشوور، ئەمریکای باشوور و خەڵکی ئازاد و سەربەستی هەموو جیهان بە شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا و ڕاستەوخۆ دەنێرم.
وەک موسوڵمانێکی شوێنکەوتووی قورئان؛ سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو کە خودای گەورە مێژووی مرۆڤایەتی و ژیاننامەی پێشەوایانی شارستانییەتی مرۆڤی لە یەکەمین مرۆڤەوە، حەزرەتی ئادەم - سەلامی خوای لەسەر بێت - تا دوایین کەس لەوان، کۆتای پێغەمبەران و نێردراوان، موحەممەد(د.خ) لە ئەودا هێناویەتی.
پەیامی من نزیکبوونەوە لە خۆنەویستی و مرۆڤ دۆستییە و لە ئاڕمان و مەبەست و بەها ڕۆحی و ئەخلاقی و ڕەوشتە جوانەکانەوە وەرگیراوە کە بنکە و بنچینەی ئەو فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە و فڕێدانی ستەم و بەدیهاتنی دادپەروەری و ئاشتی و یەکسانی و ئینساف و فرسەند لە نێوان هەموو خەڵکی دایە.
١. دووانەیی و دووهۆیی ترسناک:
چەمکە بەرزە مرۆڤ دۆستانەکەی خەڵکی ڕۆژاوا و پشتگیری حکومەتەکانیان لە جینۆساید لە غەززە و فەلەستین...
ئەی خەڵکی ڕۆژاوا!
ئەی هەموو سەربەست و ئازادەکانی جیهان!
ئەمریکا و هەندێ لە حکومەتە ڕۆژاواییەکان بە تەواوی ئامێر و کەرەسە سەربازی و ئەمنی و ڕیکلام و بە دابینکردنی تێچووی ماڵی و دارایی، لە کوشتنی کوشتارە دڕندانەکەی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل لە فەلەستیندا، بەشدارن.
ئەم کارە بە بەڵگاندن بەپێی بنەما و بەها و چارتەرەکان و لە سەر بنەمای ئەولەویەتە سیاسی و بەرژەوەندییەکانەوە لە ڕووی لۆژیک و مەنتیقەوە پەسەند ناکرێ.
هەڵوێستە دووانە و گەڕان بە دوای بەرژەوەندی حکومەتە ڕۆژاواییەکان، دەبێتە هۆی بێ بایەخی و نادروستی ئەوان.
سیاسەتی دووانەیی هەندێ لە حکومەتە ڕۆژاواییەکان لە مامەڵە و کارلێک و جیاکاری لە هەڵسەنگاندن و مافی مرۆڤ، بەڕاستی جێگەی داخە.
ئایا (بکات) خوێنی کەسێکی ئیسرائیلی یان ئوکرانی، پیرۆزتر و پاک تر و ڕەنگین ترە لە خوێنی کەسێکی فەلەستینی؟!هێرشکردن و لاقەکردنی سەر نەتەوەیەک و لەبەینبردنی ئەوان بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نیە.
هەر لەبەر ئەمە خەڵک لە پشتگیری و سەرکردایەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی لە دەستدرێژکارانی سەر غەززە تووشی شۆک و سەرسووڕمان بوون.
ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی لە هەڵوێست و لێدوان و مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە چارەنووس سازە مرۆییە، ڕاستی و لۆژیکی ڕەوشتیان پێشێل کردووە.
لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژاوا شاراوە نیە کە زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی ڕەسەن لە غەززەدا دەژین کە بیست ساڵە لەژێر باری گەمارۆکانی خنکێنەر و نامرۆڤانە و نایاساییدا ژیان دەبەنە سەر.
سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی ڕاست و توندی تەل ئەبیب لە هێرشکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا هاوکار بوو، تەنانەت لە جیاکردنەوەی کاتی نوێژەکان لە مزگەوتی ئەقساش دەستێوەردانی دەکرد و بە چڕترکردنی هێرشی نیشتەجێبووەکان (شارەک نشینەکان) لەسەر فەلەستینییەکان و تاڵانکردنی سامانی ئەوان لە کەناری ڕۆژاوا (کەرانەی باختەری) و نیازی حکومەتی ئەوان بۆ لکاندنی بەشانێک لەوێ بە خاکی خۆیان، بە وێرانکردنی فراوان و بەربڵاوی ماڵەکانی فەلەستینیەکان و ترساندنی هاوڵاتیانی بێ بەرگری و بێ دیفاعی فەلەستینی و شارەک دروست کردنی لە ڕادەبەدەری ئەوان، ئەم قەیرانەی قووڵتر کردەوە.
لە بازنەکانی زایۆنییەکان و هاوپەیمانانی ئەوان، گفتوگۆی سەرەکی ئەمەیە کە لە هەنگاوی یەکەمدا عەڕەبەکانی فەلەستین بکەنە دەرەوە و ئینجا حکومەتی خوازراوی خۆیان لە ڕووباری فۆرات تا ڕووباری نیل پێک بهێنن.
ئەی خەڵکی ڕۆژاوا!
ئەی هەموو سەربەست و ئازادەکانی جیهان!
بەردەوامی و خۆڕاگری خەڵکی فەلەستین بەرامبەر داگیرکەرێکی توندوتیژ و ڕژێمی دۆمی، شەڕێکی ئازادیخوازانەیە و ڕەوایە کە لە بڕوا و ئیمانی ئەم خەڵکە بە خوای گەورە و وانەکانی قوڕئانی پیرۆز سەرچاوەی گرتووە.
لە ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆزدا بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە ئاماژە کراوە کە:
ئەو کەسانەی (اللە)یان وەک خودا و پەروەردەگار، ئیسلامیان وەک ئایین و موحەممەدیان(د.خ) وەک پێغەمبەر هەڵبژاردووە، مردن لە ڕێگەی خودا و لە ڕێگەی بەرهەڵستبوونی دەستدرێژکاران و هێرشبەرە ستەمکارەکان، بە یەکێک لە فاکتەرەکانی نزیکبوونەوە لە خودا دەزانن و ئەم کەسانە لە پێناوی خودادا لە لۆمەی کەس ناترسن:
{وَلَيَنصُرَنَّ اللَّهُ مَن يَنصُرُهُ ۗ إِنَّ اللَّهَ لَقَوِيٌّ عَزِيزٌ (٤٠) الَّذِينَ إِن مَّكَّنَّاهُمْ فِي الْأَرْضِ أَقَامُوا الصَّلَاةَ وَآتَوُا الزَّكَاةَ وَأَمَرُوا بِالْمَعْرُوفِ وَنَهَوْا عَنِ الْمُنكَرِ ۗ وَلِلَّهِ عَاقِبَةُ الْأُمُورِ (٤١)}
[ سووڕەتی:٤٠و٤١]
بێگومان خوا ئەو کەسە سەر دەخات کە پشتگیری ئایین و بەرنامەکەی دەکات و هەواڵی سەرخستنی دەدات، بەڕاستی خوا زۆر بەهێز و باڵادەستە. (٤٠)
ئەوانەی کە ئەگەر پایەدارمان کردن لە زەویدا نوێژ و دروشمەکانی بە چاکی ڕادەگرن، زەکاتیش بە تەواوی دەدەن و فەرمان بە چاکە دەکەن و قەدەغە لە خراپە دەکەن، سەرئەنجامی هەموو کارێکیش هەر بۆلای خوا دەگەڕێتەوە (٤١)
٢. چوونە ژوورەوە و ڕۆچوونی لۆبی و ڕێکخراوە شەیتانی زایۆنقیەکان لە شارستانییەتی ڕۆژاوا ...
ئەی خەڵکی ڕۆژاوا!
شارستانیەتی ڕۆژاوا لە ڕاستیدا لەژێر ڕۆچوونی لۆبی و ڕێکخراوە زایۆنییەکان دایە کە لە بابەتە فیکری و ڕۆشنبیری و ڕیکلامی ئایینیدا شارەزان...
ئەوان زۆرێک لە ڕاستییە مێژووییەکانیان سەبارەت بە بابەتی (ئەو خاکەی بەڵێنی پێ دراوە - خاکی مەوعوود و بەڵێن پێدراو -) و (پەرستگای سلێمان)، شێواندووە و بە پشتگیری ڕۆژاوا لە شێواندنی سیستەمی ڕەوشتی و یاسایی ڕۆژاوادا سەرکەوتوو بوون.
ئەم بیرکردنەوانە لە سەر لەبەین بردنی بەها و ئارمانە مرۆییەکان کە لە گەڵ سروشتی بێ گەرد و خاوێنی مرۆڤەکاندا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، کاریگەری هەیە و بووتە هۆی ئەوە کەزۆرێک لە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا بە هەڵوێستی جیاوازەوە کە بە زیانی بەهاکانی نەتەوەکانی خۆیانە و دەستوور و دروشمە مرۆیانەکان و شارستانیەتیە کۆنەکەی خۆیان لە زەلکاوی نادادپەروەری و لووتبەرزی و تواندا نوقم بکەن.
لەم پەیامەدا پێویستە دەست خۆشی بکەم لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانی ئیرلەندا، ئیسپانیا، بەلجیک، ئەفریقای باشوور کە هەڵوێستی حکومەتەکانیان و بۆچوونی دەسەڵاتدارەکانیان لە گەڵ بۆچوونی حکومەتەکانی دیکەی ڕۆژاوا، جیاواز بووە.
ڕای گشتی ئەو وڵاتانەی کە ناوبران لە خۆپیشاندانی فراوان بە شەو و ڕۆژدا بە باشترین شێوە دەرکەوتن.
جیهان هەڵویێستی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا و بەلجیک لە بیر ناکات کە لە پێش ڕێڕەوی ڕەفەحدا بۆ گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان بە غەززە وەستان و مانیان گرت و بە ڕێکخستنی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەر لەوێدا، داوای کۆتایی هێنان بە لاقەکردن و چوونەژوورەوەی یارمەتیەکانیان کرد.
خەڵکی سەربەست و ئازادی جیهان سکاڵای یاسایی وڵاتی ئەفریقای باشوور لە دادگا بۆ وەستانی شەڕی غەززە و کۆتایی پێهاتنی هێرشە تێکدەرانەکەی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی، لە بیر ناکات.
هەروەها جیهان هەڵوێستی مرۆڤ دۆستانەی پاشایەتی بەلجیک کە یارمەتیەکانی خۆی بۆ ئانروای ( UNRWA ) زیاد کرد، پاش ئەوەی کە حکوومەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، یارمەتییەکانی ئانروا لە غەززەیان وەستان.
٣. بەها دەستوورییەکان و بەها مرۆییەکانی ڕۆژاوا لەژێر تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدان...
ئەی خەڵکی ڕۆژئاوا!
کتێبی (چاوپێکەوتنێک لە گەڵ جۆرج واشنتۆن) سەبارەت بە چۆنیەتی ڕاکێشانی واشنتۆن بۆ شەڕ لە پێناوی سەربەخۆیی وڵاتەکەی قسە دەکات.
ئەم کتێبە خوێنەرانی بەرەو گەشت و سەفەر لە تێڕوانینی شۆڕشگێڕانەی واشنتۆن دەبات.
جۆرج پاڵەوانێکی بەناوبانگی جەنگی بوو کە ناسناوی (باوکی وڵات)ی بە خۆی تایبەت کرد.
ئەم کتێبە بە جۆرێکە کە خوێنەران لە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ئیلهام لە مانا و واتاهایێکی گەورە وەردەگرن کە ئەمریکا پاش ڕزگار بوون لە خراپەکانی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی، بە هۆی ئەو مانا و واتانەوە، بوو بە باشترین شوێن و وڵاتی جیهان.
کاتێک کە ویلسۆن سەرۆکی ئەمریکا لە دوای کۆتایی پێهاتنی شەڕی جیهانی یەکەم ، بڕگە چواردەییەکانی خۆی ڕاگەیاند ، گرنگترینی ئەو بڕگانە (مافی خەڵکی لە دیاری کردنی چارەنووس)دا بوو، لەو کاتەدا ئومەی ئیسلامی ئەو قسانەی بە هەڵوێستێکی ڕەوا و دادگەرانە دژی بزووتنەوەی کۆلۆنیالی ئەوروپا کە بە سەر ئەمریکادا زاڵ بوو، ناو برد و وەسفی کرد.
بەڵێ! بەم جۆرە بوو کە موسوڵمانەکان لە دەنگی نەتەوە ئەمریکی و ئەوروپیەکان و هەستانەوە و دەرکەوتنی دەسەڵاتە دژە ستەم و دژە جیاکاریەکان لە نێوان نەتەوەکاندا، دڵخۆش بوون، بەڵام زۆری پێنەچوو کە متمانە کردن بە ئەمریکا و پڕۆژەی مافی مرۆڤی ئەو تووشی لەرزین بوو و داڕما و ڕووخا، هۆی ئەم بێ متمانەییەش کردەوەکانی ئەمریکا بوو کە ئەو کردارانە بەڵگە بوون لە سەر نەبوونی ویستی باش و نیاز پاکی ئەو وڵاتە.
سەرەڕای تەواوی تاوانەکانی زایۆنیە داگیرکەرەکان لە فەلەستین و لە دوای دەیان جار سووکایەتی کردنیان بە مزگەوتی ئەقسا، پشتگیری و هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا لە گەڵ ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل بەردەوام بوو ، وە بوونە هۆی لادانی زیاتری ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان لە ڕێڕەوی بەهاکان و بەڵێنە فەرمیە مێژوویەکانی ئاشتی و دیمۆکڕاسی، هەروەها بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەم حکومەتانە و دۆخی نێودەوڵەتی ئەوان بکەوێتە ژێر تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە و پێوانەی نەتەوەکان.
٤. نادادپەروەری و ستەم ، هەواڵ لە داڕمانی وڵاتەکان و شارستانیەتەکان دەدات...
ئەی خەڵکی ڕۆژئاوا!
ئەی هەموو سەربەست و ئازادەکانی جیهان!
قسەی نەرم و ئامۆژگاری لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بەهایەکی زۆری هەیە و لە سەر موسوڵمان و ناموسوڵمان پێویستە.
دونیا کەشتیەکە و هەر شتێ لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا ڕوو بدات، لە هەموو مۆدەکان و شوێنەکاندا ڕەنگدانەوەی دەبێت.
لە ئیستەدا ئومەی ئیسلامی لە گەڵ دەستدرێژی و تیرۆردا ڕووبەڕووە؛ هەر بەو جۆرەی کە حەزرەتی عیسا - سەلامی خوای لە سەر بێت - لە لایەنی ڕۆمیەکانەوە تاوان و دەستدرێژی بەرامبەری کرا.
ڕۆمیەکان حەزرەتی عیسایان خستە ژێر ئازار و ئەشکەنجە، ئەو ڕۆمەی کە لەو کاتەدا خۆی بە هێمای بەهاکانی شارستانیەت و یەکەمین دەسەڵاتی جیهان و میراتگری شارستانیەتی یۆنان دەزانی و خاوەنی ئەنجومەنی پیران و دیمۆکراسی بە واتای ئەو سەردەمە بوو.
هاوڵاتی ڕۆمانی لە بۆچوون و ڕەفتاری کەسی خۆیدا ئازاد بوو و هەر ئەمەش ببوە هۆکاری ئەوە کە ڕۆم باشتر بێت لە ئیمپراتۆریەتە ستەمکار و بێ بەزەییەکانی ئەو سەردەمە.
بەڵام مێژووی مرۆڤ بە باشی باسی ئەو وڵاتە ناکات و هۆی ئەمەش ئەو تاوانە ناشرینەی بوو کە بەرامبەر بە گاورەکان (مەسیحییەکان) کردیان، ئەو دەسەڵاتە بەهێزە ئەو کاتەی کە دەستەیەکی بڕواداری لاواز کرد، تەواوی هەڵسەنگاندنە بەهادارەکانی لە دەست دا و لێی ون بوو.
ئەو خوایەی کە هێزی تەواو و عێزەتی و قەدری تەواو و دادپەروەری تەواوە، سزادانەکانی قورسە و دەرفەت بە مرۆڤی بێ بەزەیی و ستەمکار دەدات ، بەڵام لە کۆتاییدا تۆڵەی لێ دەکاتەوە، لە بەر ئەوە خوای گەورە دەستەیەک لە هۆزەکانی باکووری قەوقازی (جێرمان) بە سەر ڕۆمیەکاندا زاڵ کرد ؛ ئەوان لە کۆتایی سەدەی پێنجەمی زایینی (٤٧٦ / زایینی) هێرشیان کردەسەر ڕۆم و شوێنەوارە کولتووریەکانی ڕۆمیان سووتاند و شانازی ڕۆمیان سڕیەوە و لە ناوبرد.
پاش دوو سەدە خوای گەورە ئەو خاکە پیرۆزەی کە حەزرەتی عیسا - سەلامی خوای لە سەر بێت - لەوێدا ئەژیا، کردی بە نەسیبی شوێنکەوتووانی دوایینی پێغەمبەران و نێردراوان، حەزرەتی موحەممەد(د.خ) وە ئەمە دەستکەوت و بردنەوەیەکی گەورە بوو بۆ مەسیح گ.
ئومەی ئیسلامی کە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهانی گرتەدەست و لە ئەستەم و نادادپەروەری ڕزگاری کردن و ئەو ناوچانەی پڕ کرد لە سۆز و میهرەبانی و دادپەروەری، شکۆ و ڕاستی و گەورەیی پەیامەکەی حەزرەتی مەسیحیان بە خەڵکی پیشان دا.
لە قورئانی پیرۆزدا لە هاوەڵان و ئەو کەسانەی کە شوێنکەوتووی حەزرەتی عیسا بوون، بە وردی باس کراوە؛ ئومەی ئیسلامی خۆی بە دوائەڵقە لە هەمان زەنجیرە درێژەی شوێنکەوتووانی پێغەمبەران دەزانێ، کە ئەو زەنجیرەیە لە حەزرەتی ئیبراهیمەوە - سەلامی خوای لە سەر بێت - دەستی پێکردووە و بە تێپەڕبوون لە حەزرەتی موسا و عیسا - سەلامی خوایان لە سەر بێت - بەوان گەیشتووە.
ئومەی ئیسلامی بە تەواوی خەڵکی جیهانی نیشان دا کە دوژمنەکانی عیسا، هەر ئەوانەن کە دوژمنی ئازادی و مرۆڤایەتی و کەسانێکن کە درۆیان بۆ عیسا هەڵبەست و ڕۆمیەکانیان بەرامبەر بە حەزرەتی عیسا هان دا، یان کەسانێکن وەک پاوڵ ( پولس ) و شوێنکەوتووانی کە بە درۆ خۆیان بە حەزرەتی عیساوە هەڵواسی بوو و ئەرک و ڕیسالەتی ئەویان شێواند.
ئەی خەڵکی ڕۆژئاوا!
ئەی خەڵکی ئازادی جیهان!
زۆر بەداخم بۆ ئەو وڵاتانەی وەک ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە لە کۆچبەرە هەڵاتووەکان لە ستەم و نادادپەروەری دامەزراون و پێکهاتوون، کە لە جێگای ستەمکارە دڕندەکان دانیشتوون و خەریکی ئازار و ئەزیەت و ئەشکەنجە کردنن و سواری سەری نەتەوەکان بوون.
ئەم بارودۆخە هەواڵ لە ئەنجامێکی خراپ و سزای خوایی دەدات کە دێر یان زوو گ یەخەی لایەنگرانی ستەم و نادادپەروەری دەگرێت.
خوای گەورە دەفەرموێت:
{۞ أَوَلَمْ يَسِيرُوا فِي الْأَرْضِ فَيَنظُرُوا كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الَّذِينَ كَانُوا مِن قَبْلِهِمْ ۚ كَانُوا هُمْ أَشَدَّ مِنْهُمْ قُوَّةً وَآثَارًا فِي الْأَرْضِ فَأَخَذَهُمُ اللَّهُ بِذُنُوبِهِمْ وَمَا كَانَ لَهُم مِّنَ اللَّهِ مِن وَاقٍ}
[سورة غافر:٢١]
ئایا ئەوە بەسەر زەویدا ڕۆشتوون، تا تەماشە بکەن و سەرنج بدەن، سەرئەنجامی ئەوانەی پێش ئەمان چۆن بوون؛ چیان بەسەر هات؟! ئەوانە لەمان زۆر بە هێزتر بوون و جێ دەست و شوێنەواریان زیاتر لە زەویدا ئاشکرا بوو، جا ئەوە بوو خوا بە هۆی گوناهەکانیانەوە لە ناوی بردن، کەس نەیتوانی لە سزای خوا بیانپارێزێت و پەنایان بدات و ڕزگاریان بکات.
خواوەندی میهرەبان لە کتێبە بە نرخەکەیدا لە شارستانیەتی هۆزی عاد و ئەو کەسانەی کە خۆبەزلزان بوون لە زەویدا هەواڵ دەدات؛ ئەو کاتەی کە بە پێغەمبەرەکەیان، هوود - سەلامی خوای لە سەر بێت - گوتیان:
{فَأَمَّا عَادٌ فَاسْتَكْبَرُوا فِي الْأَرْضِ بِغَيْرِ الْحَقِّ وَقَالُوا مَنْ أَشَدُّ مِنَّا قُوَّةً ۖ أَوَلَمْ يَرَوْا أَنَّ اللَّهَ الَّذِي خَلَقَهُمْ هُوَ أَشَدُّ مِنْهُمْ قُوَّةً ۖ وَكَانُوا بِآيَاتِنَا يَجْحَدُونَ (١٥) فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا صَرْصَرًا فِي أَيَّامٍ نَّحِسَاتٍ لِّنُذِيقَهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ۖ وَلَعَذَابُ الْآخِرَةِ أَخْزَىٰ ۖ وَهُمْ لَا يُنصَرُونَ (١٦)}
[ سورة فصلت: ١٥تا١٦]
ئەوسا هۆزی عاد بە ناحەق خۆیان بە زل و گەورە زانی لە زەویدا و گوتیان: کێ هەیە بە ئەندازەی ئێمە هێز و دەسەڵاتی هەبێت؟! باشە ئایا ئەوە نەیانزانی بە ڕاستی ئەو خوایەی کە دروستی کردوون، ئەو لەوان هێزی زۆرترە - بەڵکوو هەر بەراوەرد ناکرێت - و ئەوانە هەر ئێنکاری ئایەت و موعجیزەکانی ئێمەیان دەکرد (١٥)
ئەوسا ئیتر ئێمە بایەکی توند و زۆر ساردمان هەڵکردە سەریان لە چەند ڕۆژێکی شومدا، تا هەر لە ژیانی دونیادا بە سزای سەرشۆڕیان بگەیەنین و تاڵاو بکەین بە گەروویاندا، بێگومان سزای دواڕۆژ زیاتر سەرشۆرکەر و تاڵترە و ئەوانە سەرفراز و ڕزگار نابن و یارمەتی نادرێن (١٦)
ئەی خەڵکی ڕۆژئاوا!
ئەی سەربەست و ئازادەکانی جیهان!
ئەم چیرۆکە وانەهایێکی بۆ شارستانیەتیەکان و پاشایەتیەکان و حکومەتەکان، لە خۆ گرتووە ، ئەوانەی کە لە سەر بنچینەی لووتبەرزی و ستەم و نادادپەروەری دامەزراون و بە ماف و گیانی مرۆڤەکان چ ژنان، چ منداڵان، چ بەساڵاچووان گرنگی نادەن و زمانی ڕواڵەتیان دەڵێ: کێ هەیە لە ئێمە بەهێزتر بێت؟!
نەریتی خوای گەورە سەبارەت بەم جۆرە خەڵکە ڕوو دەدات و کاتی ئەوەش لە دەستی بەدیهێنەری مەزن و لە ڕێڕەوی سووڕانەوە و گۆڕانکاری شارستانیەتیەکاندایە گ.
خوای گەورە دەفەرموێت:
{وَتِلْكَ الْأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيْنَ النَّاسِ وَلِيَعْلَمَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَيَتَّخِذَ مِنكُمْ شُهَدَاءَ ۗ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ الظَّالِمِينَ}
[سورة آل عمران:١٤٠]
ئێمە ئەو ڕۆژگارانە دەستا و دەست پێ دەکەین لە ناو خەڵکیدا - تا لە جیهانی واقعیشدا - ئەوانەی باوەڕیان هێناوە خوا دەریان بخات و هەندێکتان بکات بە شایەت و بە پلەی شەهیدی بگەن، بێگومان خوا ستەمکارانی خۆش ناوێت.
٥. پەیامی موسوڵمانان لە هەموو شوێنێکدا ئاشتی و دادپەروەری و خۆشەویستیە...
ئەی خەڵکی ڕۆژئاوا!
ئەی هەموو سەربەست و ئازادەکانی جیهان!
موسوڵمانان ئومە و تاقمێکی دادخواز، ئاشتی خواز و خێرخواز و چاکەکارن و لە هەمان کاتدا ڕەوشتی ئەوان قبووڵ ناکات کە مرۆڤی چەوسێنراو لۆمە بکەن.
هیوادارن لە هەموو ڕەوشەکاندا، بازنە ڕۆژئاواییەکان و دەسەڵاتدارانی ئەوان بە سەرکردایەتی ئەمریکا، بە سیاسەتەکانی خۆیاندا پیاچوونەوە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ دادپەروەری و ئینساف و فرسەند؛ هەندێ لە سەرکردەکانی ئەوان پێشتر لەم بابەتەدا ڕۆڵیان بووە، بڕوانن و بزانن موسوڵمانان بەرامبەر بە ڕۆژئاوا چ هەڵوێست و کاردانەوەیەکیان پیشان داوە:
موسوڵمانانی ڕۆژئاوا بەتایبەت وڵاتانی ئەمریکا ، بەریتانیا و کەنەدا، بە چاودێری یاسا، بەشداری ئازادانە لە هەڵبژاردن، دیمۆکڕاسی، پێشبڕکیێ دادپەروەرانە، پێکەوە ژیان و خۆ ڕێ خستن لە گەڵ کولتوورەکان و بانگەواز بۆ خێر و چاکە، جوانترین وێنەی ڕەوشتیان کێشاوە.
موسوڵمانان قایل بەوەن کە خەڵکی ڕۆژاوا لە سەرووی هەموویانەوە خەڵکی ئەمریکا خاوەنی تایبەتمەندیانێکی باش و مرۆیانەی زۆرن و خڵکێکن کە زۆربەیان بڕوایان بە بوونی خوا هەیە و زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە بۆ کاروباری خێرخوازانە تێچوون دەکەن، زۆرتر لە هەموو خەڵکی دیکەی جیهان ئایینی ئیسلام قبووڵ دەکەن و ئیسلام لەو وڵاتەدا زیاترین گەشەی هەیە.
هەرچەند ئیسلام لە ئەوروپای ڕۆژئاواشدا بڵاو بووەتەوە و پێشوازیەکی شایانی لێ کراوە.
سپاس بۆ خوا، لە بەراورد لە گەڵ چەند دە ساڵی ڕابردوو، هۆشیاری خەڵکی ڕۆژئاوا زیاتر بووە لە فەرمانڕەواکانیان؛ ئەم خەڵکە بە هزر و ژیری و تێڕوانین، ئاگایان لە درۆکانی حکومەتەکانیان هەیە و شێوازێکی دژایەتی و شۆڕش بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی و میدیاییان گرتۆتە خۆ، سیستەمێک کە ڕاستیەکانی شێواندووە و میدیاکانی کۆنترۆڵ کردووە.
ئەو خەڵکە تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ سەرکەوتنی بەها پەیوەندیدارەکان لە گەڵ مافی مرۆڤەکان و ئاشتی لە هەر شوێنێکی جیهاندا خستۆتە کار.
هەمووی ئێمە لە ڕوانگەی مرۆڤ دۆستی و بەهاییەوە، شانازی دەکەین بە زۆری خۆپیشاندان لە پاتەختە گەورەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دژایەتی لەگەڵ ستەم و نادادپەروەری بەرامبەر بە خەڵکی فەلەستین و هەروەها هاوڕێ بوون هاوکای سەرکردە ڕۆژئاواییەکان لە گەڵ داگیرکەرانی ئیسرائیلیدا.
ئەم خۆپیشاندان و دژایەتیە لە لایەن خەڵکی ڕۆژئاواوە بووتە هۆی ئەوە کە زۆرێک لە هەڵوێستە فەرمیەکانی ڕۆژئاوا تا ڕادەیەک بگۆڕدرێ یان لە ژێر فشاریان خات، یان بە هۆی ترسان لە داهاتووی سیاسی نێو وڵاتەکەیان هەڵوێستی ئەوان بێ لایەنانە بێت.
ئەمە هەر ئەو شتەیە کە بۆتە هۆی ئەوە کە ئێمە هەست بە خێرخوازی و چاکە و چەمکە مرۆییەکان لە نێوان ئێوەدا بکەین ، تەنانەت زۆرێک لە جوولەکە ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکان لە گەڵ سیاسەتی زایۆنیەکان و ڕەفتاری تاوانکارانە و دڕندانەی ئەوان بەرامبەر بە خەڵکی بێ تاوان، دژایەتی دەکەن.
ئەم دۆخە وێنەیەکی ڕووناکە کە موژدەی ئەوە دەدات کە لەوانەیە بە هۆی ئەم هەڵوێستە مرۆییانەوە بێت و لە بە دەست هاتنی ئاشتی و جێگری و دادپەروەری و ئازادی بۆ هەموو خەڵکی چەوسێنراوی ئەم جیهانە، ڕەنگدانەوەی ببێت.
مێژوو بەڵگەیە لە سەرتوانای بەرزی خەڵک بۆ گۆڕینی ڕووداوەکان، لە کاتێکدا کە بۆ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی مرۆڤانە و پشتگیری لە چەوساوەکان یەکگرتوو بن.
بۆیە ئێمە لە هەمووی ئێوە داواکارین کە بۆ بەرزکردنەوەی ئاشتی و دادپەروەری پێکەوە یەکگرتوو بن، هەر تاکێک لە ئێمە دەبێ بۆ دروستکردنی دونیایەکی مرۆڤانەتر و بەسۆزتر و جوان تر ڕۆڵی ببێت.
٦. پوختەی ئەوەی وترا:
ڕوو لە خەڵکی ڕۆژئاوا و هەموو سەربەست و ئازادەکانی جیهان...
هەمووی ئێمە لە دەستدرێژی ترسناک و نامرۆڤانەی زایۆنیەکان و بە ئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان لە غەززە و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستیندا، زۆر خەمبارین.
ئەم تاوان و دەستدرێژیە وەک پاککردنەوەیەکی نەژادی و جینۆسایدێکی ئامانجدارە و پیشاندەری بەرەنگاری ڕەوشتیە بۆ هەموو جیهان.
ئێمە داوای بە ئاگابوونی دەستبەجێی مرۆڤایەتی و پێداچوونەوەی ورد لە بنچینەو چەمکە یاساییەکانین ، ئەو بنچینە و چەمکانەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتە ڕۆژئاوایی و نێودەوڵەتیەکان لە سەر ئەوە بونیاد نراون.
ئەوەی ئەمڕۆ لە غەززەدا ڕوو دەدات، بەشێکی ترسناک لە بیرەوەریەکانی سەردەمی داگیرکاری لە جەزائیر، ئەفغانستان، عێراق و ئەفریقا وەبیر ئەهێنێتەوە.
خەڵکی ئەمریکاش لە جامی داگیرکاریان خواردەوە، بە شەڕ هاتن تا بە ئازادی و مافی مرۆیی مافیهاوڵاتیبوون و شکۆمەندی گەیشتن.
ئەی خەڵکی ڕۆژئاوا!
بێن با هەموومان پێکەوە یەکگرتوو بین؛ ئەمریکی، ئەوروپی، فەلەستینی و هەموو خەڵکی جیهان لە بەر ڕزگار کردنی گیان و عێزەت و بەهای مرۆڤەکان، پێکەوە یەکگرتوو بین.
بێن پێکەوە دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی پێکبهێنین و وێنەی داهاتوویێک کە ئاشتی و دادپەروەری لەو حکومەت بکات، بکێشین.
مرۆڤایەتی ئێمە لە یەک نزیک دەکاتەوە و کاری هاوبەش و توانای ئەوەمان پێ دەدات کە بە ئاواتە هاوبەشەکانمان بۆ ژیان لە دونیایەک کە خۆشەویستی و خۆڕاگری لەودا زاڵ بێت، بگەین.
لە کۆتاییدا:
هەمووتان ئامۆژگاری دەکەم و سوێندتان دەدەم بە خوای گەورە، کە لە بەرامبەری ئەم دەستدرێژی و تاوان و نادادپەروەرییەوە بە ئازایەتی و بوێرییەوە و هەروەها بە ژمارەیەکی زۆرەوە، بوەستن و بە دادپەروەری و سۆز و بە ویژدانێکی زیندووەوە لەم بابەتە مرۆیانە و ڕەوشتیانەی غەززە و فەلەستین بڕوانن.
هەر بەو جۆرەی کە قورئانی پیرۆز دەفەرموێ: مرۆڤەکان هەموویان برای یەکترن و لە یەک دایک و باوک بە دونیا هاتوون:
{يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا وَنِسَاءً ۚ وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالْأَرْحَامَ ۚ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا}
[سورة النساء :١]
ئەی خەڵکینە! لە خەشم و ناڕەزایی ئەو پەروەردگارەتان خۆ بپارێزن کە ئێوەی لە تاکە نەفسێک دروست کردووە، هەر لەو نەفسەش هاوسەرەکەی بەدیهێنا و لەو دووانە پیاوان و ژنانی زۆری خستۆتەوە و بڵاو کردەوە، هەروەها لەو خوایە بترسن کە لە یەکتر داوا دەکەن بەناو هێنانی ئەوەوە، هەوڵ بدەن پەیوەندی خزمایەتیش بپارێزن و - پتەوی بکەن - چونکە بە ڕاستی خودا - هەمیشە و بەردەوام - چاودێرە بەسەرتانەوە.
والسلام عليكم و رحمة الله و بركاته
دکتۆر عەلی موحەممەد موحەممەد سەللابی
ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان
بۆچوونهکان