"بەناوی خوای مێهرەبان"
مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری
وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری
بەتیشک تێک شکا سوپای کڕێوە
هاواری ڕۆژ گەیشتە خاکەلێوە
"هەژار"
وا ئەوساڵیش نەورۆز بە پاڵپشتی بەهارێکی نوێ ، بەجلوبەرگی سەوزەوە، لەشی دونیای پڕ لە مەینەت و زامداری داپۆشی و بۆ ڕزگاری سروشتی دیل و بەندکراو، ڕاپەڕی. بە هێرشێک بەرگی سپی و سڕی بەفری لێ داماڵی و تیشکی سەوزایی خسته سەر لاشەی بێ گیانی.
نەورۆز، ئەو وشە پڕمانایە و هەست بزوێنەیە کە بۆتە پێشەنگ و پاڵەوانی زستان بەزێن. هەموو ساڵێ لەناو جەرگە و هێزی ڕەشەمەددا، گورزی خۆی دەوەشێنێ و بە هەناسەی پڕ لە ئاوەدانی و ژیانەوە، بڵێسەی شۆڕش هەڵداییسێنێ و بارەگای بەفر و سەرمای داگیرکەر، دەلەرزێنێ.
ئەو شۆڕەسوارە دەبێتە ئاڵاهەڵگری ئازادی و کۆت و زنجیرپسان و تەخت و توناکردنی بەندیخانەکان.
هەربۆیە بۆهەموو گەلانی جیهان، بۆتە هێمای چەخماخەی شۆڕشلێدان و دەربازبوون لە دیلی و کۆیلایەتی.
گەلانی ئازادی خوازی ئێران و جیهان!
ئێستا لەو کات و چاخە ناسکەدا کە بۆن و بەرامی نەورۆز و هەناسە ڕوحبەخشەکەی، بالای وڵات و سرووشتی داگرتووە و لەوپەڕی سەروەریدایە. ئاواتە خوازین کە وەیشوومە و سێبەری نەگبەتی و نەهامەتی و چەوسانەوە و هەژاری و نەداری، لەسەر گشت مرۆڤەکان لاچێ و دونیایەکی ئاوەدان، بەپێکەوە ژیانی ئاشتییانەی هەموو ئایینەکان و گەلان بەهەر جورە فکر و زمان و کەلتوورێکەوە، ڕەنگین و جوان بێت. هەر کات دانیشتوانی گۆی زەوی، بەرگی تەباییان پۆشی و ئاگری فیتنەیان، خنکاند ئەوجار مروڤایەتی دەپشکوێ.
یاسای سروشتی دونیایە کە خۆرەتاوی هەر زۆردارێک، ئاوابوونێکی بەدوادایە، ئەوەی کە چەقەرەدەدا و ڕیشەی نافەوتێ و تووشی مەرگ و نەمان نابێ، پیاوەتی و جوامێری و پێکەوەژیان و تهبایی و ڕێز و حورمەته.
نەورۆز، وانەیەکی پر لە ئەزموون و ئامۆژگارییە. گەر حکوومەتێک و فکرێک و گەلێک، لە سەدەی سەروەری و دێموکڕاسی ویاساسەروەریدا نەتوانێ، ئاڵاهەڵگری دروشمە ڕەنگینەکانیان بێ هزر و بیریان، نەزۆک و بێ بەهارە.
پێوقەدەمی نەورۆز و چاوپشکووتنی ساڵی ۹٨ بە هەموو خەڵکی جیهان بەگشتی و هاونیشتمانانی خۆشەویشت و بەتایبەتی گەلی کورد پێرۆزبایی دەڵێین .
ئاواتەخوازین کە ئەوساڵ بتوانین دەست لە دەست و قەوەت لە خوا، بەباوەڕێکی بەهێزتر و مەچەکێکی پۆڵایین و ورەیەکی بەرزتر، ڕەوڕەوەی ژیان، وەگەڕ خەین.
مەزرا و کێڵگەی مرۆڤایەتی تینووی ئاوی خوشەویستییە. با ئاودێری دڵی سیسبووی یەکتر بین و باقە باقە سۆز و ئەمەگ، پێشکەشی یەکتر بکەین.
هەربژین و سەرکەوتوو بن و خوای ئازیز یاوەر و پاڵپشتی ژیانتان بێ.
ناوەندی پێوەندیە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح ـ ئازەربایجانی رۆژاوا
بۆچوونهکان