پیرانشار
پێوەندیم گرت بە جەنابی مامۆستا مەلا ئەحمەدی شێخە، بەڕێوەبەری ناوخۆی فێرگەیی ئایینی(حوجرە) سەلاحەددینی ئەییووبی، کوتم: ئەگەر وانەبێژی توانا و لێهاتوو (مامۆستا مەلا ئەمیر بایەزیدی) لەوێ بێ دێینە خزمەتی، فەرمووی بەڵێ تەشریفی لێرەیە.
فێرگەی ئاینیی سەلاحەددین ئەییووبی: لەم کاتەدا پێوەندیمان گرت بە (کاک مراد یوسفی) و بەڕێزیان تەشریفی هێنا، کاتژمێر 10و 57 خولەک گەیشتینێ و ڕاست چووینە مزگەوتی (خانقاه)، خەڵکێکی زۆر لە دەوری مزگەوت بوون، دیار بوو سەرەخۆشییە، مامۆستا ئەحمەد شێخە لەگەڵ چەند فەقێیان لە حەساری مزگەوت هاتە پێشوازی ئێمە و بە گەرمی ڕێنوێیان کردین بۆ دیوی سەرێ کە جێی وانەوتنەوەی خوالێخۆشبوو حاجی "مامۆستا مەلا موحەممەد بداغی"بووە، ڕووبەڕووی مزگەوت. بینایەکی سێ نهۆم و تایبەت بە فەقێیانە. لە پلیکانان وەسەر کەوتین و دەرگا کراوە، مامۆستا مەلا ئەمیر لەسەر سەندەڵی دانیشتبوو، میزێکی لەپێش و دوو فەقێ لەسەر سەندەڵی ڕووبەڕوو دانیشتبوون و گوێ بیستی وانەی "الوجیز فی اصول الفقه"ی عەبدوولکەریم زەیدان بوون.
فەقێکان هەستان و شوێنیان بۆ ئێمە چۆل کرد، هەر چەند پێمان کوتن دانیشن. دیارە ئەو حوجرەیە، دنیایەکی پڕ لەبیرەوەرییە، گەلێ فەقێ کە ئێستا وانەبێژی فێرگەکانی کوردستانن لەم حوجرە چۆکیان داداوە و گوێبیستی وانەکانی حاجی مامۆستا بداغی بوون. بەڕێوەبەرانی فێرگە ئاڵووگۆڕیان لەو حوجرە کە تایبەتی حاجی مامۆستا بداغی بووە پێکنەهێناوە. وەک خۆی ماوەتەوە. دوو پەنجەرەی خەرپووشتە لەوسەر و ئەم سەری حوجرەکە دابوو هەرمابوونەوە و دیوارەکە هەر وەک خۆی ڕەنگی سواغی زیاتر پێوەدیار بوو.
چایی دانرا و عەرزی جەنابی مەلا ئەمیرم کرد، کاتی خۆی زۆرتان زەحمەت لەگەڵ (مەلا موبین)ی کوڕم کێشاوە و جارێکی تر دەستخۆشیتان عەرز دەکەم، بە تایبەتی ئەو کاتەی جیا لە وانەی سەرف و نەحو و زانستەکانی قوڕئان، کتێبی "بدایة الحكمة"ـی عەللامە حوسێن تەباتەبایتان پێ کوتووە. تاریفی لە موبین کرد؛ دوایی باسەکە بوو بە باسی زانستی کۆن و نوێی فەلسەفە و کەلام لە نێوان مامۆستا ئەمیر و دوکتۆر ئەحمەدیان؛ باسیان لە چەند کەسایەتیی بواری فەلسەفە و کەلام کرد و ڕایان گۆڕێوە و پێکەوە و دووقۆڵی گەلێک مژار و بابەتی سەر بە زانستەکانی فەلسەفەی ئیسلامی و کەلامی نوێ و فەلسەفەی دینـیان هێنایەگۆڕێ و تاوتوێیان کرد.
دوایی بە مامۆستا مەلا ئەمیر بایەزیدیمان گوت بەجێتان دێڵین و دەستخۆشی و ماندووبوونەبوونیتان عەرز دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان لە خوای میری مەزن بۆ دەخوازین. بەڕێزیان فەرموویان: منیش خۆشحاڵ بووم و زۆر بە ئاواتی دیتنی ئەو بەڕێزانەم بووم.
بەداخەوە! ئەم باسەی حوجرەکەی مامۆستا مەلا ئەمیر، تێکەڵاو بە وتاری مامۆستا مەلا «جەعفەری پەروین» بوو لە پرسەی خانەقای تەنیشت حوجرە و، هەروەها قوڕئان خوێندن لە لایان "مەلا عەبدوڕڕەحیمی کەڵانتەری"؛ کە لە لایەک پێمخۆش بوو لە مزگەوت وتار و قوڕئان دەخوێندرا و لە لایەک نەماندەتوانی، بەهۆی ئەمانەوە، جوانتر بیروڕاکان بگۆڕینەوە. لە مەهاباد لە پرسە و سەرەخۆشی، وتار دان نییە، جگە لە وتاری خەتمی جەلەسە، مەگەر بە هەڵکەوت، ئەویش بۆ پرسەی کەسایەتییەکان. بەڵام لە پیرانشار ئەو ڕێوشوێنە هەرماوە و زۆریش بەکەڵکە.
دوایە هەستاین چەند وێنەی یادگاریمان کێشا، کاتژمێر 11 و 17 خولەک بەرەو ماڵە ڕێزدار د. موراد یوسفی کەوتینە ڕێ.
لە حەساری مزگەوتێ چەند مامۆستای ناسیاو، چاک و خۆشیان لەگەڵ کردین و دووراودوور ناوی کاک موحەممەد و کاک ئەحمەدیان بیستبوو، پێمدەناساندن و داکۆکیان دەکرد بۆ نەهار یان شام میوانیان بین. بەهەڵکەوت د. موحەممەد فرووهەندە لەگەڵ مامۆستا مەلا ئەحمەدی شێخە بە دۆست دەرچوون. دوای ئەوە نزیک کاتژمێر یازدە و نیو لە مزگەوت وەدەر کەوتین و یادێکمان لە خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد بداغی کرد کە بنیاتنەری ئەم فێرگەیە بووە و ئێستا نزیکەی حەفتا فەقێی لێیە.
د. موراد یوسفی: بە لای کۆنەخانێ دا چوینە ماڵە بەڕێز د. موراد یوسفی. خانوویەکی دوو نهۆم بوو. تەبەقەیەک بۆ خۆی تێیدابوو تەبەقەیەکیش باوک و دایکی بەڕێزیان کە پێکەوە دەژیان. چووینە ژوورێ، کتێبخانەکەی لە گۆشەی وەتاغەکەی و سەندەڵی و دووربینی وتووێژ لەسەر میز دانرابوو؛ ئەم کتێبەی لەسەر میزەکە بوو "دین شناسی تطبیقی" لە نوسینی: (کدارنات تیواری)، وەرگێر بە فارسی، مەرزیە(لوئیز) شنکائی، چاپەمەنی «سمت» بوو.
د. ئەحمەدیان بۆی گرینگ بوو بەڕێز کاک موراد لە کوێی لە دایک بوو و هەروەها ڕادەی زانستی ئاکادیمی ئەو بەڕێزە تا کوێیە. بۆیە لە کاک موراد یوسفی ئەو پرسیارانەی پرسی و بەڕێزیان بەو چەشنە وڵامی داوە: “ساڵی 1369ی هەتاوی چاوم بە دنیا هەڵێناوە و لەبنەڕەتدا بنەماڵەمان خەڵکی ناوچەی مەنگوڕایەتی بەری نەڵێن بوون، بەڵام من لە پیرانشار لە دایک بووم، ئێستاش خوێندکاری پلەی دوکتۆرا لە بەشی "فەلسەفەی دین"ـم” لە زانستگای پەیامی نووری تاران. کاک موحەممەد ئەحمەدیان کوتی: دووراودوو لەگەڵ بەرهەمەکانی بەڕێزتان ئاشناین بە تایبەت کتێبی (الحاد نوین) کە پێنج بەرگە. دەستخۆشیتان پێ دەڵەیین و کارەکەتان بەرز دەنرخێنین.
د. ئەحمەدیان پرسی دەبێ کاری بەڕێزتان جۆرێک ڕەوشەنفکریی دینی بێ؟ د. یوسفی کوتی: “کاری من زیاتر “نەوئەندیشیدینییە؛ دیارە جیازاوای هەیە لە نێوان ڕەوشەنفکریدینی و نەوئەندیشی دینی. ڕەوشەنفکری دینی بە پێی خوێندنەوەی خۆم، دێت مۆدێڕنیتە وەک دیوێک وێنا دەکا، کە دین لەو دیوە جێ بکاتەوە، جا ئەگەر شتێکیش تێپەڕی بە پەنجەرەکەیدا، دەیقرتێنێت بۆوەی کە ڕەسەنایەتی و ئەساڵەتی داوە بە مۆدێڕنیتە. هەوڵدەدا دین لەگەڵ مۆدێڕنیتە تەتبیق بکات، بەڵام نەوئەندیشی دینی، ئەو دیوە لە لای وی (دینە) هەوڵدەدا مۆدێڕنیتە بێنێتە نێو ئەو دیوە لەوێدا جێی بکاتەوە. ئیدی ئەگەر شتێک لە مۆدێڕنیتە تێپەڕی، لەگەڵ دین تێکی ناکاتەوە. نەوئەندیشی دینی هەوڵدەدا بە شێوە و شێوازەێکی کەلامی بەرگری و دیفاعی عەقڵانی لە دین بکا؛ بە حیفز و پاراستنی چوارچێوەکانی نەگۆڕ و سەوابیتی دین، هەوڵدەدا تەفسیرێکی نوێ و ڕێکوپێک بخاتەڕوو لە چوارچێوە و حەوزەی بگۆڕ و موتەغەییڕاتدا، هەم بنەمای دین دەهێڵێتەوە هەم مۆدێڕنیتە وەپاش ناکەوێ. من هۆگریم بە نەوئەندیشیی دینی زیاتر هەیە”.
داوامان کرد کاک مراد بەرهەکانی خۆیمان بۆ بناسێنێ: دیارە زیاتر بە بەرهەمی "الحاد نوین، باتلاق رنگین" دەناسرێ.
فەرموویان: “بەرهەمەکانم بریتین لە: 1. “الحاد نوین، باتلاق رنگین”(5 بەرگی لێ چاپ کراوا)؛
2 ـ قرآن و علم تضاد یا تطابق؛
3 ـ منزه است کلام خدا؛
4 ـ سیری در دنیای رد الحاد؛
5 ـ ریشه در باد؛
6 ـ جامهای بر قامت دل.
ئەوانە هەموو چاپ بوون، جگە لە بەرگی دوایی.
فەرمووی جیا لەم بەرهەمانە کاناڵێکی تێلگڕامیم هەیە بە ناوی "شبهە از شما، پاسخ از ما". نزیکی 22هەزار ئەندامی هەیە”.
دیارە مامۆستا د. موراد یوسفی، هەموو ڕەوتە ئیسلامییەکان خۆشیان دەوێ و لەبەرهەمەکانی کەڵک وەردەگرن.
وێڕای دەستخۆشی لە مامۆستای ماندوویینەناس بۆ چالاکی و بەرهەمەکانی، داومان لێکرد هاوڕێیەتیمان کات. وێڕای کێشانی چەند وێنە لە تەنیشت کتێبخانەکەی، کاتژمێر 12و چلخولەک، بەرەو ئاوایی "ئاوخواردە" کەوتینە ڕێ.
لەو مەودایەدا هەندێک باسی کوردایەتی و ئیسلامەتی هاتە گۆڕێ، هەر یەک جۆرێ بۆچوونی خۆی دەربڕی؛ کاک مراد یوسفی کوتی: “کەسێک بە من دەڵێ: ئەتۆ کوردی موسوڵمانی یا موسوڵمانی کوردی؟ خەریکە لە جۆرێک هەڵەوێژی(مغلطه) کەڵک وەردەگرێ، چۆن دەبێ دوو دانە بابەتی لێکچوو(مشابه) هەڵسەنگێندرێ و مقایسه بکرێ؛ نە دوو شتی لێکنەچوو! بۆ وێنە من دەتوانم بڵێم ئەم فەرمانە باشترە یا ئەم فەرمانە، بەڵام ناتوانم بڵەم ئەم فەرمانە باشترە یا ئەم دەندەیە. ئەم فەرمانە کاری خۆی دەکا و ئەم دەندەیەش کاری خۆی دەکا. کەسێک کە کورد و ئیسلام پێکەوە هەڵدەسەنگێنێ، خەریکە هەڵەوێژی دەکات. کورد دەبێ لەگەڵ فارس و تورک و عەڕەب و... .هەڵبسەنگێندرێ و ئیسلامیش لەگەڵ مەسیحیەت و یهودیت و زەردەشتی و ... . هەڵبسەنگێندرێ. دەی کەوایە کەسێک دوو بابەتی جیاواز وەک کورد یا ئیسلام بۆ من دادەنێ، لە هەڵەوێژییەک کەڵک وەردەگرێ، کە پێی دەگوتری: هەڵەوێژی ڕەش و سپی؛ یان دووگانە سازی. ئەمە هەڵەوێژییە. بڕیار نییە ئەمن لەم دووانە یەکیان هەڵبژێرم، من هەر دووکیان هەڵدەبژێرم. وەک ڕەگەز کوردم و وەک دینیش موسوڵمانم.
درێژەمان بە باسەکەدا و کوتمان: ئەی کاک موراد بۆ وڵامی ئەم پرسیارە دەڵێی چی، ئەتۆ کوردی موسوڵمانی یا موسوڵمانی کوردی؟ کاک موراد کوتی: ئەو پرسیارە بەجێیە! دەڵێم: لەباری مێژووییەوە کورد هەزاران ساڵە هەیە، بەڵام ئیسلام بەم ناوە هەزار و چوارسەد و چل و شەش ساڵە هەیە. دەنا پێشتریش هەبووە هەموو دینەکان هەر ئیسلام بوونە. ئەگەر وەک مێژوو چاوی لێبکەین بەڵێ! کورد هەزاران ساڵە هەیە. بەڵام ئیسلام بەم نێوە ئەو دینەی کە لە عەڕەبستان ڕا سەری هەڵداوە، وەک ئاخرین دین کە خوداوەند ناردویەتی 14 سەدەیە هەیە وەک مێژوو، بەڵام وەک بڕیارێکی پتەو ئەمە داوەرێکی هەڵەیە ئێمە ناتوانین بە ئاسانی لەبارەی ئەم مژارە قسە بدوێین. کاک موحەممەد و کاک ئەحمەد! ئەمە لایەکی کێشەکەیە، لایەکی تری کێشەکە ئەمەیە، دەبێ ئێمە جیاوازی بخەینە نێوان نەگۆڕەکان(ثوابت) و بگۆڕەکان(متغیرات). ڕەگەز شتێکی نەگۆڕە. ئەوە ئەمن کوڕە کوردێکم، شتێکی نەگۆڕە، چ بچمە ئوڕووپا، چ بچمە وڵاتێکی تر، چ بچمە کورەی مریخ. ئەمن هەر کوردم، تازە لە کوردایەتی ناشۆرێمەوە، بەڵام ئیسلام بابەتێکی بگۆڕە، باوەڕ و عەقیدەیە. ئەمن دەتوانم ببمە مەسیحی، دەتوانم ببمە بووودایی هەر جۆرە بیروباوەڕێک هەڵبژێرم جگە لە جوو بوون نەبێ، چون ئەوەیان ڕەگەزییە. ئەمانە هەموو بگۆڕن، بەڵام ڕەگەز نەگۆڕە. خاڵی گرینگ لێرەدا ئەمەیە، ئێمە ئەگەر لەگەڵ کەسێک لەسەر ئەم بیروڕایە قسە دەکەین، ئەمن نەگۆڕم هەیە ئەویش نەگۆڕی هەیە، ئەمن کوردم ئەویش کوردە، بەڵام خەریکە بگۆڕەکەی خۆی کە زەردەشتیگەریە بە بەهانەی نەگۆڕ کە ئەمیش هەمە وەک ئەو، خەریکە بەسەرمدا دەسەپێنێ، لە حاڵێکدا ئەمە هەڵەوێژییە، ئەتۆ دەبێ بێی ـ نەگۆڕەکەم هەیە ـ بگۆڕەکان پێکەوە هەڵبسەنگێنین و لە تای تەرازووی دابنێن، بزانین ئەری کامەیان قوورسترە؛ ئیسلام قوورسترە یا زەدەشت؟ یانی کوردێکی موسوڵمان و کوردێکی زەردەشتی هەر دووک کوردن جیاوازەکەیان لە موسوڵمان بوون و زەردەشتییەتیدایە. ئەگەر بڕیار بێ پێکەوە بدوێین دەبێ لەسەر ئەحکام و قەوانینی زەردەشت و بەراوردیان لەگەڵ ئەحکام و قەوانینی ئیسلام بدوێین، نە ئەوە ئەتۆ بە بەهانەی کوردایەتی، بێنی ئایینی زەردەشت بەسەر من دا بسەپێنی، ئەمە هەڵەوێژییە، ئەمە خاڵێکی زۆر گرینگە کە دەبێ سەرنجی بدەینێ کە دەیانهەوێ بە بەهانەی کوردایەتی ئیسلام لەمە بستێنن، لە حاڵێکدا وەک کورد ئەمن کوردم وەک تۆ. هەموو کوردەکان؛ چ کوردێکی سەلەفی، چ کوردێکی ئیخوانی، چ کوردێکی نەتەوەخواز، چ کوردێکی سێکۆلار، و .... هەر کوردە، بەڵام تێڕامان و بیروڕاکان پێکەوە فەرق دەکەن، ئێمە دەبێ ئەم بیر و ڕایانە پێکەوە هەڵسەنگێنین. دەبێ بە مەنتیق قسە بکەین. ئەمە مەنتیق نییە تۆ بێی لای نەگۆڕەکەم لێ بگری، لە حاڵێکدا منیش هەمە، بتهەوێ بگۆڕەکەم بەسەردا بسەپێنی. ئێمە بمانهەوێ لە نێوان سێکۆلاریزم و ئەحکامی قوڕئاندا قسە بکەین، دەبی بێین یاساکانی مافیمڕۆڤ لەگەڵ ئەحکامی قوڕئان، واتە مافی مڕۆڤی ئیسلامی لەگەڵ مافی مڕۆڤی ڕۆژئاوا هەڵسەنگێنین، نە ئەوە ئەتۆ بێنی کوردێکی موسوڵمان و کوردێکی سێکۆلار، بە بەهانەی کوردایەتی، سێۆلاریسم بەسەرمندا بسەپێنی. خاڵێکی زۆر گرینگی دیکە، ئەگەر مامۆستایان ئیجازە بدەن، ئاماژەی پێبکەم، جیاوازی نێوان نیشتماندۆستی و نیشتمانپەرەستییە، ئێمە هەموومان نیشتمان دۆستین، ئاو و خاک و نیشتمان فەرهەنگ و کلتووری خۆمان خۆش دەوێ، بەڵام لە هەمان کاتدا کە دەمانهەوێ نیشتمان ئاوەدان کەینەوە دەمانهەوێ قیامەتیشن ئاوەدان کەینەوە. ئەمە باسێکە بەڵام ئەوە ئەتۆ بێنی بڵێی خوداشم ناوێ و قوڕئانیشم ناوێ و پێغەمبەریشم ناوێ، بە هۆی ئەوەوە کە ئی عەڕەبانە!!، ئیدی ئەمە نابێ؛ ئەوە دەبێتە نیشتمانپەرەستی؛ دەی کەوایە ئێمە نیشتماندۆستین، سۆزیشمان هەیە، بەڵام “نیشتمانپەرەست نین”. دوایە باسی ناسیۆنالیستی خۆشخیم و بەدخیم هاتە گۆڕێ... . دوای باسەکە دەستخۆشی عەرزی بەڕێز د. مراد یوسفی کرا.
لەم قسانە دابوین کە زەویوزاری “بادینئاواێ”ی پیرانامان لێ وەدەرکەوت و “چیانە و سۆغانلوێ”مان ڕەدکرد کە هەمووی بۆتە بەراو و بەنداوی لێدراوە؛ عەرزم کردن کاتی خۆی واتە دەیەی حەفتا، تا ئاوایی “قەبریوسێن” ئەمبەر و ئەوبەر هەمووی دێمەکار بوو.
باس لە دیاریدانی کتێب لە لایان نووسەران کرا، کاک موحەممەد ئەحمەدیان، فەرمووی: کەم واهەبوو بابم(حاجی مامۆستا مەلا عەبدووڵڵا ئەحمەدیان) کتێبی خۆی بە دیاری بدا بەکەس، دەیفەرموو: کتێبەکە بێ نرخ دەبێ و کابرا نایخوێنێتەوە، بەڵام ئەگەر پووڵی پێبدا هەوڵی خوێندنەوەی بۆ دەدا.
خوێنەری هێژا! ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم ڕێخراوی “ناسا” ڕایگەیاند: گۆلی ورمێ دوای 13 هەزار ساڵ بە تەواوی وشک بووە! ئاخێکم هەڵکێشا و، لە درێژەی سەفەرەکەی دا گەیشتینە پردی “بادیناوێ”ی مەنگووڕان. د. موحەممەد فرووهەندە، فەرمووی: لە پردی کارخانەی قەند تا ئەم پردە، پیرانە، لێرەش ڕا دەبێتە مەنگوڕایەتی. دیارە ناوچەی پیرانشار ئەم چەند بەشەیە، لاجان(مامەش، بەربنە)و پیران و مەنگوڕایەتی؛ کە مەنگوڕایەتی دووبەشە، بەری مێرگان و بەری نەڵێن. لەو کاتەدا، مامۆستا مەلا “لوقمان ئاباریانپوور” پێوەندی گرت، فەرمووی: نەگەیشتنێ؟ عەرزمان کرد نزیک بووینەوە. لە ئاواییەکانی "گردڕەحمەت" و "کانیئەشکەوت" و "بێکۆس" و "گردباساک" ڕەد بووین کە هەر هەموو لەبەرقەدی شاخی پاڵیان داوەتەوە و دەڕواننە زێ و چۆمی بادیناوێ و لاوێن، تێکەڵاودەبنەوە و چۆمی “کەڵوێ” پێکدێنن. ئەوجار بەرەو ئاوایی "ئاوخواردە" لاماندا، کاتژمێر 1 و حەوت خولەکی نیوەڕۆ بوو. دوای چاک و خۆشییەکی گەرم لەگەڵ مامۆستا دەستنوێژمان هەڵگرت و چووینە مزگەوتی تازەساز کرا و نوێژەکەمان بە جەماعەت کرد.
ئاوخواردە
ئاوخواردە، گوندێکە هەمووەکەی چل ماڵە و لە باشووری پیرانشار و پازدە 15 کیلۆمیتری ئەو شارە هەڵکەوتووە. لەبەر سروشتی جوان و شوێنی تایبەتیی ئەو گوندە، بۆتە شوێنێکی گەشتیاری و ساڵانە خەڵکێکی زۆر بۆ کات بەسەربردن ڕووی تێدەکەن. بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا خەڵکێکی زۆر بۆ پەیداکردنی گیا و گۆڵی بەهاری دێن بۆ کوێستانەکانی ئەو شوێنە. دیارە ئاوخواردەی کۆن لە ناو دۆڵەکە دابووە کە سێڵاوی چەند ساڵ لەمەوبەر، خەڵکەکەی والێکرد ڕاگوێزرێتە سەرتر و ئەم شوێنەی ئێستاکە. ئەوجار چووینە ماڵی مامۆستا مەلا لوقمان، حەوش و حەسارێکی پڕ گوڵ و لە لایەک کۆخ و لیسی مریشکی خۆماڵی و لە لایەک مێشەنگوین و هەندێ زەڕعات و دارەمێو، ئەوەندەی تر ئەو حەسارەی ڕەنگینتر کردبوو؛ فەرمووی کردین، سفرە و خوان ڕاخرابوو.
مەلاخەلیلگۆڕۆمەری:
دوای نان خواردن، باسی ناوچەی مەنگوڕایەتی هاتە گۆڕێ. لێکۆڵەر، کاک موحەممەد ئەحمەدیان باسی کەسایەتیی ناسراوی کورد، واتە، مەلا خەلیل گۆڕۆمەری کرد و فەرمووی: زۆر بەدوای ئەم دەقەدا بووم کە مەلا خەلیل گۆڕۆمەری بە نێوی فتوا لەسەر دژایەتی لەگەڵ یاسای جلوبەرگی هاوفۆڕم و کڵاوی پەهلەوی دابووی، لە ساڵی 1307ی هەتاوی کە ئەو فتوایەی مەلا خەلیل کاردانەوەیەکی باشی هەبوو و دەسەڵاتی ناوەندی بە چۆک داهێنا و ڕەزاخان لە یاسای جلوبەرگی هاوفۆڕم، ناچار پاشگەز بۆوە. کاک موحەممەد کوتی: بەداخەوە ئەم فتوایە لەبەر دەستان نەبوو. کەس ئاگاداری دەقی ئەم فتوایە نەبوو. زۆر بەدوای ئەم فتوایە دا گەڕام، بەختەوەرانە ئەم فتوا گرینگ و مێژووییە لە لایان نەوەی "مەلا خەلیل" خڕا بەر دەستم. ئەندازیار سپێهرەدین ئەم فتوایەی لە خوالێخۆشبوو "مامۆستا مەلا عەبدووڕەحمان سیسێری ـ ڕەحمانی" وەرگرتبوو. لە دواییدا ئەم دەقە بە هاوکاری مامۆستای لێزان و بەڕێز مامۆستا ئەبووبەکر سپێهرەدین، نەوەی تری خوالێخۆشبوو مەلا خەلیل و بە هاوکاری بەڕێز موحەممەد عەبدوولی بە وردی خوێندراوە و ساغ کرایەوە. لە دواییدا، لێکدانەوە و شیکاری بەو پەراوێزەی فتواکە لکێندرا، ئەم بەڵگەنامە گرینگ و مێژووییە بۆ یەکەمجار لە کتێب و نووسراوەی خۆم واتە "مێژووی زانایانی ئایینی موکریان" [ل.379] خرایە بەر دیدی خوێنەران و لێکۆڵەران.”
کاک موحەممەد ئەحمەدیان لە درێژەدا ئاماژەی کرد: “ڕۆژنامەی کوردستان لە خاکەلێوەی 1325ی هەتاویدا سەبارەت بە مەلا خەلیل لە ژێر سەردێڕی "هاتن" نووسیویە: "ڕۆژی 13 ـ 1 ـ 1325 حوججەتولئیسلام مەلا خەلیل دەگەڵ ئەوەی لەمێژە دەگەڵ حەزرەتی پێشەوای کوردستان موکاتەبەی هەیە، عەهد و پەیمانی بە حوزووری پێشەوا ڕاگەیاندووە. دیسان بۆ بەیعەتی حوزووری واریدی مەهاباد بووە". (ڕۆژنامەی کوردستان ـ بڵاوکراوەی مەهاباد، ژمارە 32، 17ی خاکەلێوەی 1325، ل 4).
ئەوجار سەبارەت بە ئیسلام و سێکۆلاریزم زۆر بابەتی جیاواز ئاڵوگۆر کرا، با قسەی خۆش ون نەبێ؛ کاک موحەممەد ئەحمەدیان کوتی: “جارێکی گوێم هەڵخستبوو بۆ بەرنامەی پەنجەمۆر لە شەبەکەی ڕووداو، پێشکەشکار “کاوە ئەمین” لەگەڵ عومەر شێخمووس (ئەندامی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)وتووێژی دەکرد، شێخمووس، هەندێ بیرەوەری خۆی گێڕاوە، کوتی: لە لەندەن خوێندکار بووم، ساڵێکی جەلال تاڵەبانی و کۆمەڵێ تر لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانی کە دە دوازدە کەس دەبوون، هاتنە ئینگلیس و لە لەندەن میوانی من بوون، دوایە لە گەڵیان چوومە سەرگۆڕی مارکس، کاتێ گەیشتینە سەر گۆڕی مارکس، مام جەلال بێ یەک و دوو، کوتی: الفاتحە. سەیر بوو! هەندێکیان فاتیحایان خوێند و دەستیان بەرز کردەوە، دوایە یەکێکیان بە مام جەلالی کوت ئەوە چ بوو! بۆ فاتیحات دادا؟ مام جەلال کوتی: خۆم بۆ ڕانەگیرا و فاتیحام دادا و تەواو. [ دیارە، مارکس. لە 17ی ئازاری 1883، خێزان و هاوڕێکانی لە لەندەن تەرمی ئەویان لە گۆڕستانی هایگەیت (بەشی ڕۆژهەڵات) بە خاک سپاردووە].
دوای ئەوە یەکێ لە ئامادەبووان فەرمووی: “نازانم تا کوێ لەگەڵ هۆنراوەکانی مامۆستا "کۆسار" ئاشنان کە وەک دەڵێن: شاعیرێکی ئایینی و نیشتیمانی بووە دژی دەسەڵاتی بەعس و سەددام بووە ؟ مامۆستا "خدر کۆساری" هەر لە تەمەنی گەنجی ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.
کاک هێمن خوشنوودی لە کاناڵەکەی خۆێدا بە ناوی شێعر ئایینیی کوردی، دەڵێ: شێرکۆ بێکەس، دوو جار ئیعترافی بە شاعیر بوونی مامۆستا کۆسار کردووە.
ئەمەش هۆنراوەیەک لە هۆنراوەکانی مامۆستا خدر کۆسار:
لێتان پرسیوین ئێوە چین؟! ئەوەش وەڵام
لوتکەی قەندیل،
گەوەی ماکۆک،
پێدەشت و بناری حەمرینین،
بڕنەوەکەی شێخ مەحموودو
شمشێری سەڵاحەدینین.
کڵپەی باوەڕ،
گڕی کەرکووک،
ناڵەی پیری بادینانین،
پەنجەی زارۆکی هەڵەبجەو
کفنی ئاڵی شەهیدانین.
دەنگی قوڕئان،
چەکی خەبات،
کێوی کۆڕێ و بالیسانین،
بەرگ و نانی هەژاران و
خاک و خۆڵی کوردستانین.
تینووی ئیسلام،
سایەی دەوڵەت،
سەدای چەوساوەی جیهانین،
نەخشەی یەکگرتنی کورد و
هەر پێنج پارچەی کوردستانین.
دوای گوێڕاگرتن بۆ هۆنراوەی مامۆستا کۆسار، کوتم: جار جار مامۆستا مەلا لوقمان ئاباریانپوور بابەت دەنووسێ وەک بزانم ماوەیەکە خەریکی نووسینەوەی بیرەوەریەکانیەتی، د. ئەحمەدیان داوای لێکرد بابەتێکمان بۆ بخوێنێتەوە:
مامۆستامەلا لوقمان هەڵبەستێکی کلاسیک و عەرووزی لەگەڵ هەڵبەستێکی نوێی خوێندنەوە:
د. ئەحمەدیان کوتی: مامۆستا قەت مەچووە بۆ لای شێعری کلاسیک لێی نازانی و بۆت جێبەجێ نابێ، ئەم ڕەوتەی گرتووتەبەر بۆ شێعری نوێ، درێژەی پێبدە زۆر جوانە؛ وادیارە شێعری شاعیرانی نوێ دەخوێنییەوە، وایە؟ کوتی: بەڵێ ئی عەبدووڵڵا پەشێو زۆر دەخوێنمەوە.
ئەو پارچە هەڵبەستێکی نوێ کە لەسەر غەززە دایناوە:
" هەواڵـێ لە قودسەوە"
هەواڵێکی زۆر بەپەلە ڕەنگە خوێندنەوەی ئاسان نەبێ
سەردێڕی هەواڵ:
یاڕەسولوڵڵا
ئاگر بەربۆتە جەستەی ئیسلام
درێژەی هەواڵ:
یا ڕەســــــــــــــــــوووڵڵا
قیژە و هاوار و نرکە و ناڵینە
لە خۆدانی دایک و باب و
گەورەو بچوک و بەرۆک دادڕینە
دەربەدەری و برسیەتی و
کوڵ و گریان و هەناسە سەردی و ئێش و ژانە
ئازار و مەینەتی و نەهامەتی
بەرۆکی گرتویین و
ژیان و ژیار لێڵ و تاریکستانە
چوار دەورمان تەم وغەمە
ئۆممەت کڕ و کپە
برینەکان پڕخوێن و بەئێشن
وێنەکانی جەستەی ئیسلام ناخ هەژێنن
شەو و ڕۆژ و هەردەم
شەهیدی بێ ناوونیشان و
کۆرپەی بێ سەر دەنێژن
خۆشەویستـــــــــــــــم
لەو مەڵبەندەی ئێمە
لە جێی باران ئاگر و ئاسن و خوێن دەبارێ، مۆسیقامان دەنگی تۆپ و شەستیر و قرمەی بیکەیسی و ئارپێجی و، لە ئاسمان گرمە و لوورەی ئێفشازدەیە و، ماشێنی بەردەرکی ماڵمان مێرکاوایە
ئەو دوژمنی خوێنڕێژ خاوەنماڵە و
ئەمنی ڕەسەن لە زێد و نیشتیمانی خۆم بێگانە و، یان لە سووچی زیندان حەپسم و
یان بۆ هەندەران دەربەدەر و ئاوارەم
ســــــــــالاری من
لە هەرچی شار و دێهات و گەڕەک و کۆڵان و شەقامە
لافاوی خوێن هەستاوە
بار و دۆخ زۆر عەجیب شێواوە
تەواوی چۆم و جۆگەلە و جۆبارم
خاپور و خنکاوە
ئابووریی وڵاتم بە یەکجاری دزراوە
خۆشەویستــــــــــــــم
ئەشکەنجە و لێدان دیاری ڕۆژمانە و
کۆت و زنجیر و کەلەپچە بەشمانە
ئیمان لە نێو گڕی ئاگردایە و دەکوڵێ و دەبرژێ و پەسیو و ئەنوا نەماوە
کڵۆڵی و کوێرەوەری بەرۆکی گرتویین و دەستی چەپەڵی نامەردی نامەردان
بارهاتوو لەسەر یاسای دارستان غەمخۆر و لێزانە
ڕابــــــــــــــــــــەری من
ڕۆژ نییە نەڕژێ فرمێسک لە چاوان
سات نییە هەڵنەقرچێ جەرگ لەتاوان
هەردەم دەتکێ خوێن لە هەناوان
یا ڕەســـولوڵڵا
ئەی سەروەری من
غەمخۆری ئێرە و ئەوێ
باش دەزانم دڵی زیندووت
بۆ دەردی ئۆممەت تاوێک ناسرەوێ
ئاوا ئێستاش کاربەدەستانی بێخێرمان سنووری دووڕووییان بەزاندووە و
هەزار دەنگ و ڕەنگن
بۆ سەولەیەک هەزار ڕێگە دەبڕن
بۆ بەنیقوڕەیزە کلکەسووتەیانە و
بۆ کوڕەکەی ئیبنسەبا سەما دەکەن
بەگژ یەکترن دادەکەن
دوژمن چی بوێ وادەکەن
بۆ نەیار بێ سەرن
بۆ ئێمەش بەڵای سەرن
بــــــــەڵام هێشتا. نازداری من!
لە ئاسۆیەکی دوورەوە
لەو دیو دیواری قودسەوە
لەو شوێنەی بوڕاقت بەستەوە
لەو جێیەی بۆ جوملەی پێغەمبەران
بووی بەپێشنوێژ و
ڕێبەریی کاروانی هەموویانت قۆزتەوە
لە غەززەی قاڕەمانەوە
سروودی یان شەهیدی یان سەرکەوتن دەڵێنەوە
شنەی شەماڵی ئیمان دێ
یەکەبەیەکەی سنووری دەستکرد دەبڕێ
هیوا و ئومێد دەخوڵقێنێ
دەستان لەبەر پشتێند دەردێنێ
بۆ دونیایەک لە ژیان و ژیار و ئیمان
نە یەک، به هەزاران زنیرە و خوشکە بەنان
بوونە ئەسمای زەمان
وەک نوسەیبەی شۆڕەسواری مەیدان
پێـــــمان دەڵێن:
سەرهەڵێنن
لە ڕابردووی پاکتان ڕامێنن
کەلەپچەی دیلی و کۆیلایەتی بپسێنن
ئازادی بەدیاری بێنن
هاواردەکەن:
خۆ ئێمە لێرە بێگانە نین
هی ئێرەیین، لێرە ڕواوین
به ئیمان ئاودراوین
پێـــــــمان دەڵێ:
باوەڕ مەکەن بە وەعدە و بەڵێن
مەردی مەیدان بن
بۆ ڕێبازی ئیمان قارەمان بن
نەکەن لەشەڕ هەڵێن
بشکێنن پەیمان و بەڵێن
ئێوە شوێنکەوتووی ئەو سەروەرەن
شایەدیدەری ڕێگای ئەو ڕێبەرەن
نە لێدان نە پێدادان
نە ئازار و نە ئەشکنجە و زیندان
نە سێ ساڵ ئابلۆقەی دۆڵی ئەبوتالب و
نە ڕاونان
نە سەفەری بێپەسیوی تائیف و
نه ئاوارەیی یەسریب و هەندەران
نەیانتوانی هەنگاوی شل کەن
هەل و دەرفەتی لە دڵ دەرکەن
نەکەن تەسلیمی دوژمن بن
بێن بەکەیفی خۆیان تاڵانی کەن
بیبەن، بیسووتێنن و وێرانی کەن
ئێوە گەورەن
شۆڕەسواری مەیدانی سوارچاکی
حەمزە و عوبەیدەن
ڕێبواری ڕێگەی ئەو ڕێبەرەن
پەیامبەدەستی ئەو پەیامبەرەن
ڕاپەڕن شۆڕش بەرپاکەن
بۆ دۆاڕۆژ نێوتۆمارکەن...
لوقمان ئاباریان پوور
خانێ - ئاوخواردە
۱۴۰۴/۱/۱۸
پێویست بڵێین مامۆستا لوقمان ئاباریانپوور، ساڵی 1352ی هەتاوی لە ئاوایی "شێوەمێرە"ی سەردەشت چاوی بە دنیا هەڵێناوە و، ساڵی 1377 لای حاجی مامۆستا مەلا خالید عیسازادە وانەکانی حوجرەی تەواو کردوە و، لای خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا سولەیمان ڕوحانی مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. ئێستاش ماوەی 19 ساڵە لە دێی ئاوخواردەی بەری مێرگان، لە مەنگوڕایەتی ئەرکی مەلایەتی بەڕێوە دەبا.

بۆچوونهکان